ئۆکرانیا: لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٣٣ هەزار سەربازی ڕووسیا کوژراون

فەرماندەیی هێزی زەمینی ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە سەرەتای جەنگ لەگەڵ ڕووسیا تا ئێستا زیاتر لە ٢٣٣ هەزار سەربازی ڕووسیا کوژراون.
فەرماندەیی هێزی زەمینی ئۆکرانیا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک ڕایگەیاند: کە ئەمڕۆ ٥٠٠هەمین ڕۆژی شەڕە، ئەم ٥٠٠ ڕۆژە بە سەختی تێپەڕیوە، بەڵام هێمای خەباتی هەمیشەیی ئێمەیە بۆ ئازادی و یەکڕیزیمان.
لە درێژەی ئەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە: (لە سەرەتای جەنگەوە) زیاتر لە ٢٣٣ هەزار تاوانبار کوژراون. هەروەها زیاتر لە 4 هەزار تانکی (ڕووسی) و نزیکەی 8 هەزار زرێپۆش و 4 هەزار و 346 سیستەمی تۆپخانە و 315 فڕۆکە و 309 هێلیکۆپتەر و 410 سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوژمن و 3 هەزار و 666 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خرانە خوارەوە. هەروەها هەزار و ٢٧١ مووشەکی کروز و شەش هەزار و ٩١٤ ئۆتۆمبێل و ٦١٩ ئۆتۆمبێلی تایبەت و ١٨ کەشتی لەناوبراون.
هاوکات وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئەو زانیاریانەی پشتڕاست نەکردۆتەوە کە ئۆکرانیا سەبارەت بە زیانی گیانی سەربازەکانی سوپای وڵاتەکەی بڵاویکردۆتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل