كورسییەكانی خوێندنی باڵا و هەڵوەستەیەك

كورسییەكانی خوێندنی باڵا و هەڵوەستەیەك

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی جەنگی جیهانی دووەم (ونستون چەرچەل) كە نوسەر و هونەرمەند بوو دەلێ" كەسی ڕەشبین سەختی دەبینێ لە هەموو فورسەتێك، بەڵام كەسی گەشبین فورسەت دەبینێ‌ لە هەموو سەختییەك".
بێگومان لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئەنجامی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) بلاوكرایەوە بە شێوەیەكی گشتي جێگای دەست خۆشییە كەوا فورسەت و هەڵ دەڕەخسێ بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی هەرێم درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن، وێڕای پیرۆزبایم لە سەرجەم وەرگیراوان لە گشت زانكۆكانی كوردستان و بتوانن لە ئاییندە خزمەت بە كوردستان بكەن، لە بەرامبەریشدا ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیانی ئازیز سەڕەڕای دەرچوونیان بە نمرەی زۆر باش لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، بەڵام وەرنەگیران لە بەر كەمی كورسی تەرخان كراو تایبەت بۆ پارالێل، لێرەدا دەمەوێ چەند سەرنج و پێشنیارێك بخەمە ڕوو بۆ بەرێزان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆكایەتی زانكۆكان تا زیاتر دەرفەت بڕەخسێنێ‌ بۆ قوتابیانی دەرچوو لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی كەوا نزیكەی (3)سێ‌ ساڵە و بگرە زیاتریش لە چاوەڕوانی پراكتیزە كردنی ئەو مافە سروشتی یەی خۆیان بوون تایبەت ئەوانەی پارالێل نەتوانراوە لەدام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم دابمەزرێن بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوری و نائاساییەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە سەرهەرێم دا هاتبوو، بۆیە ئەوانەی پارلێل زیاتر بە جۆشتر و گوڕ و تینەوە هیواكانیان هەڵچنی بوو لە سەر وەرگرتنیان بۆ خوێندنی باڵا.
گرنگە تابكرێ هەوڵ بدرێ سەرجەم داواكارانی كورسی پارلێل ئەوانەی لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرچوون وەربگیرێن لە بەر چەند هۆكارێك پێش هەموویان گەر فورسەتیان بۆ ڕەخسا لە زانكۆكانی هەرێم ئینتیما و پابەندبوونیان بۆ خاك ونیشتمان و كوردستان زیاتر دەبێت كە هەست دەكەن مافەكان بەدەست دێنن بە پێچەوانەوە هەر ڕاستە خوا نەخواستە دەرفەت نەڕەخسا ئەوا ئینتیمایان لاواز دەبێت، چونكە ئەوانە زۆربەیان چەندین ساڵە دەرچووی كۆلیژ و زانكۆكان دەرفەتی دامەزراندن نەبووە، هەروەها لەو ماوەیەی كەوا بۆ پەلپ گرتن دانراوە دەكرێ ئەو موژدەیە بدرێتە قوتابیان بە وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵا، چونكە ئەوانیش كۆمەڵێ هۆكاریان هەیە هەر بۆنموونە، دەبوایە نمرەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی پێوەری سەرەكی بێت بۆ وەرگرتن نەك(15)خاڵی بۆ دانراوە، لە بەرامبەردا نمرەی كۆلیژ(40)خاڵی بۆ دانراوە كە جیاوازییەكی زۆر زەقە سەرەڕای بارودۆخی زانكۆكانی(حكومی، ناحكومی) کە کۆمەلی هۆکاری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریگەری هەبووە لەسەر نمرەکانیان نموونە هەر قوتابییەك نمرەی كۆلیژی نزیك(90)و سەرووتر بێت، ئەوا بێ شك وەردەگیرێ جونکە (۳٠) سی خالی بۆ مسۆگەرکرا لەبەرامبەردا كۆكردنەوەی تەواوی خاڵەكانی تر ناگاتە(30)خاڵ كە هەر لە سەرەتاوە مسۆگەری كردووە بی رکابەر
دەكرا خاڵی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی و خاڵی كۆلیژ هاوشان و هاوتەریب وەكو یەك هەژمار بكرایە ئەوكات باشتر تواناكان بەدەردەكەوتن، دەكرێ ئەو موژدەیەش بدرێ كە ساڵانە ئەو دەرفەتە بڕەخسێ بۆ قوتابیانی ئازیز تا نەكەونە پەلە قاژە و غارە غار بۆ ووڵاتانی دەرەوە ئەو پارە و خەرجی و مەسرەفەش بۆ زانكۆكان و وەزارەت و حكومەتی هەرێم دەگەرێتەوە، خێزانەكانیش ئاسودە و دڵنیاتر دەبن مندالەکانیان لای خۆیان و لە ولاتی خۆیان دەیانخویند
هەروەها دەكرا كورسییە تەرخان كراوەكان سەرجەمیان یەك پاكێج بونایە ئەو كات توانستە ڕاستەقینەكان و كێبركێ و دادپەروەری زیاتر دەردەكەوت هەست بەو جیاوازیە زۆرەی خاڵەكان نەدەكرا لە وەرگرتن و وەرنەگرتن لە نێوان كورسییە تەرخان كراوە جیاوازەكان كە لە هەندێ زانكۆ و هەمان بەش دەگاتە نزیكەی (43)خاڵ جیاوازی وەرگرتن و وەرنەگرتن لیرەدا قوتابیان هەست بە ستەم و نادادی و غوبن دەکەن،
دڵنیام وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكانی كوردستان وەكو كەسوكاری قوتابییەكان پەرۆشی پاشەڕۆژیانن ئەو خۆزگە و خەون و هیوایەیان بۆ بەجێ دەگەیەنن كەمافی ئاسایی و سروشتی قوتابیانە، فورسەت برەخسینن بۆ ئەوانەی لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرچوون وەربگیرێن و كورسی تر زیاد بكرێ بۆ پارالێل مامۆستای سەرپەرشتیار و شوێن هەرگیز نەبێتە كۆسپ لە پێش توانست و خواست.
لە كۆتایی وتارەكەم وتەی نوسەر و چالاك كوانی ئەمریكی (هێلین كیلەر) دەهێنمەوە كە دەلێ" گەشبینی ئەو باوەڕەیە كە دەبێتە هۆی بەدەست هینانی دەستكەوت ، وە هیچ شتێك نایەتەدی بەبێ ئەوەی هیوا و متمانەمان نەبێت".
منیش گەشبینم وە هیوا و متمانەم بە دڵسۆزانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆكایەتی زانكۆكان هەیە، كەوا قوتابییە ئازیزە دەرچووەكان نا ئومێد ناكەن و جیگای متمانەن و ماندووبوونەكانیان بۆیان دەکەنە دەستكەوت.

بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top