سێ كوچكەی كوردایەتی و دڵنیایی مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان
خەباتی بێ وچان رێبازی بارزانی و پارتی وەك قوتابخانەی كوردایەتی و هونەری خۆرادەست نەكردن و كۆڵنەدان ئەو فەرهەنگە نەگۆڕەیە كە وایكردووە كە دوژمنان و نەیارانی ئەم گەل و نیشتیمانە بەردەوام تووشی شۆك و سەرسورمان ببنەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژ بە رۆژ متمانەی نەتەوەیی كورد بەم رێبازە پیرۆزە زیاتر بەتایبەت قۆناغی ئێستای حكوومرانی هەرێمی كوردستان باشترین نموونەیە كە چۆن سێ كوچكەی كوردایەتی رووبەڕووی پیلانگێری و پەڵاماردان و فشاری داگیركەران و دوژمنانی ئەم گەل وخاكە بوونەتەوە و هەركامیان بە شێوازی تایبەتی.
ئەگەر ئاماژە، بە مێژو وخەباتی بارزانی و رێبازە پیرۆزەكەی لە زیاتر لە یەك سەدەی رابردوو و ئێستای پێشمەرگەبوون و رابەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی لە قۆناغەكانی خەباتی رزگاریخوازی لە ماوەی نزیكەی هەشت دەیەی رابردوو بكەین، دەبینن كە چۆن لە پێناو ئازادی و سەربڵندی خاك و نەتەوەكەی و مێژووییەكی پڕسەوەری و شانازی نووسیووەتەوە و ناوی بارزانی هەمیشە بەگەورەی دەمێنێتەوە ، ئەویش هەروەها بە ئاسانی نەهاتۆتەدی بەڵكو لە ئەنجامی بەرگریكردن لە دۆزی رەوایی گەلەكەی و پارێزگاریكردن لە خاكەكەی و سەركەوتنی گەورەترین پرۆسەی مێژوویی و شۆڕشی شارستانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كە رۆژی 25ی 9ی 2017 گەلی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بارزانی و متمانەیەكی زۆرەوە مێژووییەكی پرشانازیان تۆمار كرد . لەگەڵ ئەوەشدا بەرامبەر هەموو ئەو هێرش و پیلانگێریانە وەستایەوە كە لە رۆژانی 16ی ئۆكتۆبەر و دواتر رووبەڕووی گەل و نیشتیمان بوونەوە . بۆ قۆناغی ئێستا ، كە دۆزی كورد بە هەلومەرجێكی هەستیار تێدەپەرێت گەلی كورد متمانەیەكی تەواویی بە سەرۆك مسعود بارزانی هەیە و هەرگیز هەست بە دڵەراوكێ و ترس ناكەن ،چونكە دەزانن تا سەرۆك بارزانی هەبێت، دوژمن و بێگانە ناتوانن شكۆ وئیرادەی گەلەمان بشكێنن ، سەرۆك بارزانی ، تا دوایین سات لە لەپێناو خاك و نیشتیمانەكەی رووبەڕووی دوژمنان دەبێتەوە وداكۆكیش لە مافەرەواكانی كورد وكوردستان دەكات.
لەلایەكی دیكەوە,نێچێرڤان بارزانی،سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو سەركردە كارێزماو دیارەی ڕۆڵی كاریگەری لە دەرەوە و ناوەخۆ هەیە، بە پەیوەست بوون بەرێباز و كلتووری بارزانی نەمر، كە هەمیشە لەو ڕێبازە جەخت لەسەر ئاشتەوایی و بەیەكەوەژیان و تەبایی جیاوازییەكان دەكات، نێچیرڤان بارزانی، بەهۆی پێگەی سیاسی و حكومی لەناوەخۆ و لەگەڵ دەرەوە، توانیویەتی پرسی ئاشتیخوازی كوردستان و گەلانی تری دونیا تێكهەڵكێش بكات و دۆستایەتی و متمانە بەرهەم بهێنێ كە لە ئەنجامی ئەو ئاشتیەو دۆستایەتیە گەلانی تری دونیا لەكاتی پێویست داكۆكی لەماف و داهاتووی كوردستان بكەن، لەناوەخۆی كوردستانیش توانیویەتی لەماوەی دەوڵەتداری بەڕادەیەك ئاشتی بەرجەستە بكات، مافە گشتی و تایبەتیەكانی ئازادی تێدا پارێزراوبێت، لایەن و رێكخراو و گروپ بتوانن گوزارشت لە ماف و كار و خواستی خۆیان بكەن، ئەوەش دەبێتە بەڵگەی بەرجەستەبوونی ئاشتی و كەلەكەبوونی دیموكراسی كۆمەڵگە. بۆیە، دەتوانین ددان بەو راستییە دا بنێین كە ، گشت كاروچاڵاكییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ،درێژە پێدەری ئەو خەبات و نەخشەڕێگەیەن كە هێژا سەرۆك مسعود بارزانی و شەهیدی سەركردە ئیدریس بارزانی كە بە ئەندازیاری ئاشتی كوردستانی ناسراوە و كە ئەنجامی كارەكانیان بەرهەمی قەوارەی هەرێم و گشت دەستكەوتەكانی ئێستای كوردستانە كە توانی بە لۆژیكی ئاشتیانە ناكۆكیی و ڕق و كینە بگۆڕێت بۆ ئاشتی و پێكەوەیی، ئێستاش بەهەمان شێوە ئەو ڕێبازە بەردەوامە تا گەیشتن بەیەكدەنگی وتەبایی و كۆكردنەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان، لە ژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم، بەهەمان ڕۆحیەتێكی دیبلۆماسیی، كە ببێتە كلیلی كردنەوەی كۆدی ناكۆكییەكان، شكاندنی بەستەڵەكەكان ، ببێتە ئامڕازی كردنەوەی گرێوگۆڵەكان.
هەروەها مەسوور بارزانی , سەرۆكی حكوومەتی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، هەوڵێكی زۆری خستەگەڕ بۆ ڕێكخستنەوەی هەموو ناڕێكییەكانی هەرێمی كوردستان و بەهەموو توانایەوە كۆشش دەكات تا هاووڵاتییان بە ئارامی و سەقامگیری و دوور لە نیگەرانی ژیان بەڕێ بكەن، هاوكات پەرەی بە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ داوە، لە كاتێكدا عێراق فشارێكی زۆری كرد تا سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە پشكی هەرێم لە بودجە و مووچە و نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵام بە هیچ جۆرێك سەرۆكی حكوومەت رێگەی نەدا زوڵم و ستەم كاری لە گەلی كورد بكرێت، هەموو مافەكانی بۆ خەڵكی هەرێم وەرگرتەوە سەرەڕای ناپاكی و هەوڵدانی لایەنێك بۆ ئەوەی كوردستان لەت بكات، بەڵام بۆیان نەچووە سەر و بەر نەفرەتی مێژوو كەوتن.
مەسروور بارزانی ، سەرۆك وەزیرانی كوردستان ، هەر لە سەرەتایی ئامادەكردنی پڕۆژەی بودجەی سێ ساڵی عێراق، ڕێگەچارەی بۆ سەرجەم گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دۆزییەوە.لەو كاتە هەستیارو سەختەدا، سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێمی كوردستان كە نەوتی كوردستانە، هەناردەكردنی ڕاگیرا، وەك سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز و بە باوەڕێكی پتەو بە پشتبەستن بە ئیرادەی بەهێزی هاووڵاتییانی كوردستان، جارێكی تر ئامادەی سازشكردن لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان نەبوو، تا بە تەواوەتی گرفتەكان بە سەركەوتوویی لەگەڵ بەغدا چارەسەر كرد و كۆتایی بەهەموو كۆسپەكان هێنا و خەڵكی لە دڵەڕاوكێ رزگار كرد.
بەدڵنیاییەوە، بوونی سێ كوچگەی كوردایەتی ، سەرۆك مسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك چیایەكی پۆڵاینن بەرامبەر نەیارانی كورد و كوردستان و لەهەمان كاتیشدا دڵنیایی مانەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانن، لە هەمان كاتدا دڵنیاین بۆ پاراستنی مافە دەستووری و یاسایی و داراییەكانی گەلی كوردستان، هەتا دوا سنوور، شەڕی ماف و شایستە و ژیانێكی سەرفرازانە دەكەن بۆ خەڵكی كوردستان، دەیانەوێ كورد بە خەون و ئاوات و مەبەستی خۆی بگات كە سەربەخۆیی و سەرفرازی و شكۆ و نیشتیمانی خۆیەتی ..