ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بۆ گوڵان: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ نۆژەنكردنەوەی ئیفراز 1 و 2 و لێدانی 40 بیر و چەندین پرۆژەی دیكە تەرخان كردووە
لەگەڵ فراوانبوونی شاری هەولێر و زۆربوونی خواست لەسەر ئاوی پاكژ بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، گرفتی كەمئاوی سەرهەڵدەدات، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و وشكبوون و كەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوەكەی و چەند پرسی دیكەی پەیوەندیدار لەم دیدارەی گۆڤاری گوڵاندا ئاراستەی ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر كران، لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* مانگێك پێش ئێستا پارێزگاری هەولێر مەترسیی كەم ئاوی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند، ئێوە وەك لایەنی پەیوەندیداری سەرەكی كەموكووڕییەكان چۆن دەستنیشان دەكەن و كێشەكان تا چەند چارەسەر كراون؟
- بە هۆی وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و گۆڕانكاریی كەش و هەوا، كەم ئاوی بووەتە گرفت و كێشەیەكی جیهانی، لە پارێزگای هەولێریش بارانبارین بەپێی پێویست نەبوو، چونكە ئەو ڕێژە بارانەی كە پێویستە ساڵانە ببارێت دەبێت لە 450 ملم زیاتر بێت، تاوەكو ئاستی ئاوی ژێر زەوی ڕابگیرێت. لەلایەكی دیكەوە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزیوە و شارەزایانی جیولۆجی ئاماژەیان بەم مەترسییە كردووە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە ناوچەكانی (مەلائۆمەر بۆ كەسنەزان و بنەسڵاوە و درێژ دەبێتەوە بۆ قەزای قوشتەپە)، تا دەگاتە سنووری گەڕەكەكانی فەرمانبەران و ڕۆشنبیری. كە دابەزینەكەی ئاو بە شێوەیەكە زۆر بیری ئاو وشكی كردووە، یان ئاستی ئاوەكەی زۆر دابەزیوە، ئەمەش لە مانگی حوزەیراندا هاوكات بوو لەگەڵ كارەكانی چاكسازیی كۆمپانیای دانەغاز و 18 ڕۆژی خایاند و نەتوانرا كارەبای بەردەوام بۆ بیرەكانی گەڕەكەكان دابین بكرێت، كە پشتیان بە ئاوی بیرەكان دەبەست و كاریگەریی زۆری دروست كرد، لە ئێستادا توانیومانە بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر بكەین، كە لەگەڵ باشبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبا گرفتەكە كەمتر بووەتەوە، كارەكانیش لە هەندێك شوێن بۆ زیاتر قووڵكردنی هەندێك بیر دەستی پێ كردووە.
* بەڵام ئایا ئەمە پێویستی بە هەماهەنگیی زیاتر نییە لە ڕێگەی ئەو لێژنەیەی لە نێوان فەرمانگە پەیوەندیدارەكان دانراوە؟ ئەدی پێویست بەوە ناكات بۆڕیی نوێ بۆ گەڕەكەكان دابین بكرێت؟
- بە دڵنیاییەوە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بەردەوام كاری سیانە و قووڵكردنی بیر و ڕاكێشانی بۆڕی نوێ و چاككردنەوەی ماتۆڕەكانی بیرەكان ئەنجام دەدەین، كە هاوكاتە لەگەڵ كارەكانی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی و قەیرانەكان كە ڕاستەوخۆ بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر بەڕێوە دەبرێت و هەموو شارەوانییەكان و ژینگەپارێزی و ئەو فەرمانگەیانەی كە پەیوەندیدارن بەو قەیرانانەوە لەخۆ دەگرێت، لێژنەكە هەستاوە بە دەستنیشانكردنی كێشە و گرفتەكان و چۆنیەتیی چارەسەركردنیان و دیاریكردن و خەمڵاندنی ئەو بودجەیەی كە بۆ چارەسەری گرفتەكان پێویستن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم، كە لە ڕێگای پارێزگاری هەولێر بودجەیەكی باشی بۆ پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە دابین كرد، كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی و كێشە و گرفتەكانی وەرزی هاوین بۆ شاری هەولێر پێویستە، لە ئێستادا بەشێكی زۆر و باشیان ڕەزامەندی و پەسندكردنیان بۆ گەڕاوەتەوە و لە قۆناغی تەمویلكردندایە و ئەم پڕۆژانە لەخۆ دەگرێت:
یەكەم: نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەی ئیفراز یەك كە ڕێژەی 7%ی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر دابین دەكات.
دووەم: نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەی ئیفراز دوو كە ڕێژەی 8%ی ئاوی خواردنەوەە هەولێر دابین دەكات.
سێیەم: لێدانی (40) بیری ئاوی خواردنەوە تازە بۆ ئەو شوێن و گەڕەكانەی كە بیرەكانیان وشكی كردووە.
چوارەم: دابینكردنی پێداویستیی بیرەكان هەر لە ماتۆڕ و غەتتاس.
بۆ هەموو كار و پڕۆژەكان وەك بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە سەرپەرشتیی جەنابی پارێزگار ئامادەباشی و بەرنامەمان بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلان و كارانە دەستنیشان كراوە و پارەیان بۆ تەرخان كراوە، لە بەشێكی زۆری كێشە و گرفتی كەم ئاوی لە شاری هەولێر ڕزگارمان دەبێت و ئەو مەترسییانەی هەبوو لە وشكە ساڵی و بێ ئاوی، ئێستا لە شاری هەولێر نەماوە و لە دۆخێكی باش و جێگیرداین، كە هەموو ئەو كارانە دەگەڕێتەوە بۆ بەهاناوەهاتنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەلایەكی دیكەوە لەو گەڕەك و شوێنانەی كە لەو ماوانەی تووشی گرفتی كەم ئاوی و بێ ئاوی ببوون، لە ڕێگای تانكەرەوە ئاوی خواردنەوەمان بۆ دابین كردوون.
* نزیكەی 20 ساڵ لەمەوبەر پڕۆژەی ئیفراز سێ تەواو بووە، ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گەورە بوو، تا ڕاددەیەكی زۆر باش كێشەی كەمئاوی لە هەولێر چارەسەر كرد، بەڵام لە ئێستادا هەولێر چەند بەرانبەر ژمارەی دانیشتوان و خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی زیادی كردووە و، بڕیار بوو لەگەڵ ئەو بەرفراوانییەی شاری هەولێر ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئاوی ئەو پڕۆژەیە لە شەش هەزار مەتر سێجا بەرز بكرێتەوە بۆ دە هەزار مەتر سێجا، ئایا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ بەرفراوان كراوە و هیچ حەوزێكی گلدانەوەی ئاوی بۆ زیاد كراوە؟
- پڕۆژەی ئیفراز سێ بەرهەمهێنانەكەی بۆ زیاد كراوە كە لە 6،000 هەزار مەتر سێجا بووەتە 10،000 هەزار مەتر سێجا، ئەمەش وای كرد بەشێكی بەرچاو و گەورەی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر دابین بكات، بەڵام هیچ حەوزێكی گلدانەوەی ئاوی لەوەی كە هەیە كە دەكەوێتە پشت وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زیاد نەكراوە، ئێمە داوامان كردووە بەنداوی مەنداوە دروست بكرێت، كە ئەمە زۆر سوودی دەبێت بۆ شاری هەولێر و سنوورەكەی كە سوودەكانیش خۆی لەمانەوە دەبینێتەوە:
یەكەم: ئەو بەنداوە پارێزگاری لە پڕۆژەكانی ئیفراز یەك و دوو و سێ دەكات.
دووەم: ئاوێكی زۆر پاك و باش بۆ پڕۆژەكانی ئاوی ئیفراز یەك و دوو و سێ دابین دەكات.
سێیەم: ئاوی ژێر زەوی جگە لەوەی لەو ئاستەی هەیە، ڕادەگرێت، دەبێتە هۆكارێكیش بۆ زیادبوونی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری هەولێر.
چوارەم: ئەو بەنداوە جگە لەوەی كەش و هەوای سنوورەكە خۆش دەكات، هاوكات دەتوانرێت بۆ كاری كشتوكاڵی و گەشتیارییش سوودی باشی لێ وەربگیرێت.
* بڕیار بوو بۆڕیی پڕۆژەی ئیفراز سێ بگۆڕن، سەرۆكی حكومەتی كوردستانیش بۆ ئەو كارە گرنگە پتر لە (21) ملیار دیناری تەرخان كرد، ئایا ئەو كارو پڕۆژەیە بە چی گەیشتووە؟
- بۆڕیی بەكارهاتوو لە پڕۆژەی ئیفراز 3 لە جۆری فایبەرگلاسە و زۆر سەردەمییانە و گونجاوە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی قەوزە و ژەنگ ناگرێت، بەڵام ناسكترە لە جۆرەكانی دیكە، هەر بۆیە جار جار بەتایبەت بەهۆی بەركەوتن و پاڵەپەستۆی ناوەوە ئەو بۆڕییەی ئاوی ئیفراز 3 دەشكێت، بەڕێز سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕیاری دا ئەو بۆڕییە بگۆڕێت و بڕی زیاتر لە (21) ملیار دیناری بۆ تەرخان كرد، ئەو درێژییەی كە دەبێت بگۆڕدرێت لە بۆڕییەكە (11) كیلۆمەترە، كە لە وێستگەی مارعۆداوە تا دەگاتە ناوچەكانی دەواجن درێژ بووەتەوە، وەك قۆناغی یەكەم لە گۆڕینی بۆڕییەكە هەڵساوین بۆڕی جۆری كاربۆن ستیلمان بەكارهێنا كە لە دروستكراوی وڵاتی توركیایە و بەرگەی زۆر بەهێز دەگرێت و (2750) مەتر تەواو كراوە و ئێستا لەخۆئامادەكردنداین بۆ دەستپێكردن بە گۆڕینی قۆناغی دووەمی بۆڕییەكەی ئیفراز3.
* ئایا بیر لەوە نەكراوەتەوە بەپێی بەرفراوانی و گەشەی شاری هەولێر پڕۆژەی ئیفراز4 جێبەجێ بكرێت كە چەندین ساڵە باسی لێ دەكرێت و، بڕیار بوو كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی جێبەجێی بكات؟ ئایا ئەو پڕۆژەیە ماوە، یان هەر قسەیە؟
- ئەو پڕۆژەیە ماوە و گرێبەست كراوە لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی كە جێبەجێی بكات، چەندین كاری پێشوەختەیان ئەنجام داوە، بەڵام دواتر دەستیان هەڵگرتووە و ئاگاداری ئەو كۆمپانیایەمان كردووە كە پابەندی ئیلتیزاماتەكانی خۆیان بن و دەست بە كارەكانیان بكەنەوە، بە تەئكید بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی وا كە توانای 25 هەزار مەتر سێجایە لە كاتژمێرێكدا كاریگەریی باشی لەسەر كەمبوونەوەی كێشەی بێ ئاوی لە شاری هەولێر دەبێت.
* ئایا بۆ كارئاسانیی هاووڵاتیان چ هەنگاوێكتان ناوە؟ ئایا بەفیڕۆدانی ئاو هەروەك جارانە، یان ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە هەیە و نرخی ئاوی بەكارهاتوو لەلایەن هاووڵاتیانەوە گران كراوە؟
- ئێمە بۆ كارئاسانیی هاووڵاتیان و بەدەنگەوەچوونی خێرا شەش ئۆفیسی ئاو و ئاوەڕۆمان لەناو هەر شەش شارەوانییەكانی سنووری سەنتەری شاری هەولێر داناوە و 24 كاتژمێر لە ئامادەباشیدان بۆ بەدەنگەوەهاتنی كێشە و گرفتی هاووڵاتیان، بەڵام بە هیچ جۆرێك نرخی ئاوی بەكارهاتوو لەلایەن هاووڵاتیانەوە گران نەكراوە، بەڵام هەندێ ڕێنماییمان بۆ هاووڵاتیان داناوە كە لەكاتی دروستكردنی خانوودا دەبێت ئیلتیزام بە دانانی پێوەر و تەوافەی ئاو لەسەر تانكییەكانیان بكەن، ئینجا ڕێگایان پێ دەدرێت. هەروەها پڕۆسەی دانانی پێوەری ئاو لە ماڵان بەردەوامە و ئەو پێوەرە بەشێكی باشی بەفیڕۆدانی ئاو دەگێڕێتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش هاووڵاتیان لەو بارەوە زیاتر هاوكارن، بەگشتی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە هەولێر پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە ستانداردی جیهانی زیاترە، بەڵام بە هۆی سەرپێچی و بەفیڕۆدانی ئاوەوە بڕێكی زۆری ئاو بەفیڕۆ دەدرێت.