یەكەمین دیمانەی شانۆیی كوردی دیاسپۆرا لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت
بەئامانجی درووستكردنی پردی پەیوەندی و تێكەڵبوونی كلتوورەكان و ناساندنی هونەری شانۆی كوردی، یەكەمین دیمانەی شانۆی كوردیی دیاسپۆرا لەژێر دروشمی(بیرەوەری، گێرانەوە، گەڕانەوە بۆ نیشتیمان، بۆشانۆ) لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ڕۆژانی 16، 17، 18ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو بەم ناونیشانە:
Theaterverin Teutschenthal
Maerkertraase 30A
06179Teutschenthal
كاتژمێر 18:00 ئێوارە.
دیمانەكە وەك دەستپێك و هەنگاوی یەكەمە بۆ زیاتر ناساندن و لێكنزیكبوونەوەی كلتوورە جیاوازەكان و چێژ بینین لەهونەری شانۆیی.
ئامادەكردنی/كامەران حاجی ئەلیاس
سەبارەت بەم دیمانەیە بەڕێز (كاروان عەلی مەجول) وەك سەرۆكی دیمانەكە گوتی: «شانۆ ئەو هونەر زیندووەیە كە هەموومان كۆدەكاتەوە، بۆیە ئێمەی گرووپی هونەریی كابارێتی كوردی، یەكەم هەنگاومان بەرەو ڕێكخستنی یەكەمین دیمانەی شانۆیی نا، خۆشحاڵم كە دەبینە مایەی كۆكردنەوەی چەند شانۆكارێكی بە ئەزموون كە سەردەمانێك ئێمەیان فێری خۆشویستنی شانۆ دەكرد، با ئەم بەیەكگەیشتنە بكەینە دیمانەی جوانی و ئازادی و پەیامی مەزنی شانۆ، هیواخوازیشم كەئەم دیمانەیە بكەینە نەریتێكی ساڵانە».
ڕۆژی یەكەم 16ی 6 دەستپێكی دیمانەكە بەم شێوەیە دەبێت:
یەكەم پێشانگەی نیگاركێشی لەلایەن هونەرمەند شیلان ڕەشید و چەند پارچە میوزیكی كوردییش لەلایەن هونەرمەندان (فاروق میرزا سدیق)، پاشان وتەی سەرۆكی دیمانەكە لەلایەن هونەرمەند (كاروانی عەلی مەجۆل)ـەوە پێشكەش كرا، هەروەها وتاری گرووپی كابارێی كوردی كە ڕێكخەری دیمانەكەیە، لەلایەن هونەرمەند ڕزگار مونزیرەوە پێشكەش كران، پاشان دوو بەرهەمی شانۆیی پێشكەش كرا، ئەوانیش بریتین لە :
یەكەم : مۆنۆدرامای (فرمێسك لە چاوی رۆژگاردا)لە نوسینی مەهاباد قەرەداخی و دراماتورگی دەهەب باولۆس، وەرگێڕانی بۆ زمانی ئەڵمانی د.نیگار حەسیب قەرەداغی و ئامادەكردن و نواندنی هونەرمەند فرمێسك مستەفا، هەروەها میوزیكی بەرهەمەكەش لەلایەن هونەرمەند فاروق میرزا سدیقەوە ئامادە كراوە، ئەم نمایشە لە كاتژمیر:19:00ی ئێوارە بەزمانی ئەڵمانی پێشكەش كرا.
نمایشی دووەم : كە بەرهەمی گرووپی كابارێی كوردییە بەناوی (لایكچی)، نوسین و دەرهێنانی هونەرمەند(ڕزگار مونزیر) ونواندنی هەر یەك لە هونەرمەندان (هیوا عەونی و فاروق میرزا سدیق)ـە.ئەم بەرهەمە كارێكی كۆمیدییە و لە كاتژمێر: 20:45ی شەو بەزمانی كوردی نمایش كرا.
ڕۆژی دووەمی دیمانەكە 17ی 6 كە پێكهاتووە لە دوو بەرهەمی شانۆیی بەم شێوەیە:
یەكەم: شانۆی ڕێحانە، لە نوسین و دەرهێنانی هونەرمەند گەزیزە عومەر و نواندنی هەر یەك لە هونەرمەندان (بێگەرد ئەحمەد، بڕیار ڕەشید، فرمێسك مستەفا) ئەم كارەش بەرهەمی تیپی هاوڕێیانی گەزیزەیە و لە كاتژمێر 19:00 بەزمانی كوردی نمایش كرا.
بەرهەمی دووەمی ئەم ئێوارەیە، بەرهەمێكی لابووری شانۆی لالشە لە وڵاتی نەمسا،كە بریتییە لە پیرفۆرمانسێكی فیدیۆی بەناوی (یادەوەری) كۆنسێپت و كامێراو دەنگ و میلۆدی و ئامادەكاری ڤیدیۆی و پیرفۆرمەر هونەرمەند (د.نیگار حەسیب قەرەداخی) یە، كاتژمێر:21:00 شەو پێشكەش كرا.
ڕۆژی سێيەمی دیمانەكە 18ی 6 بەم شێوەیە بوو:
یەكەم: سیمینارێك بۆ نووسەرودەرهێنەر میرزا مەتین، لەژێر ناونیشانی (جووڵە شانۆییەكانی باكووری كوردستان لە نێوان لاسایكردنەوە و گێڕانەوەدا).
ڕێكخەری سیمینارەكە كاتژمێر 14:00ی پاش نیوەڕۆ لەلایەن شانۆ مەتۆوە بەڕێوە چوو، پاشان تیپی نواندنی سلێمانی مۆنۆدرامای (ژنێكی تەنیا) لە نوسینی (فرانكۆڕاماو داریۆفۆ) و وەرگێڕان و دەرهێنانی (فازڵ قەساب) لە نواندنی هونەرمەند (نەشمیل غەریب) لە كاتژمێر 18:00 ی ئێوارە بە زمانی كوردی نمایش كرا.
جێگەباسە لە كاتژمێر 20:00 ی شەو وتاری كۆتایی دیمانەكە لەلایەن كاروان عەلی مەجۆلەوە پێشكەش كرا، لەدوای هەر نمایشێك لە نمایشەكانی ئەم دیمانەیەش گفتوگۆیەكی كراوە لەلایەن هونەرمەند بورهان قەرەاخییەوە بۆ هونەرمەندان و بینەران ڕێك خرا.
دەستەی باڵای ئەم دیمانەیەش لەم هونەرمەندانە پێكهاتوون:
كاروان عەلی مەجۆل: سەرۆكی دیمانە.
ڕزگارمونزیر: بەڕیوبەری هونەری
هیوا عەونی: كارگێڕی
فرمێسك مستەفا: ڕێكخستن و پەیوەندیەكان.
بورهان قەرەداخی: وتەبێژی دیمانەكە، هەربۆیە ئەویش ڕایگەیاند: «جێگەی خۆیەتی كە بڵێین كەسانێكی زۆر لە هونەرمەندان و میدیاكاران و كەسانی خۆبەخش لەپشت دیمانەیەوەن، تا كارەكانی بەسەركەوتویی ئەنجام بدرێن، لەپێناو ئاڵوگۆڕی كلتووریدا».