پرینتەرێك جوانكاری لەسەر روخسار دەنەخشێنێ
ئافرەتان بۆ جوانكاری و خۆرازاندنەوە بەدەیان جۆر كەرەسەی جوانكاری بەكار دێنن، لەمەولا پێویست ناكات، ئامرازەكانی وەك مەسكارە، ریمێل، قەڵەمی تایبەت و مەقەستی برژانگ و....تاد. بەكاربێنن، بەڵكو پرینتەری جۆری Brow Magic بەكار بێنن كە نەخشەكانی جوانكاری لەسەر روخسار دەنەخشێنێ.
لە پێشانگای ساڵانەی CES 2023 كۆمپانیای L’Oreal پرینتەرێكی نوێی خستەڕوو كە توانای كێشانەوەی برۆی هەیە و لەرێگای تەكنەلۆژی واقیعی- مەجازی دەریدەخات چ برۆیەك بۆ روخساری بەكارهێنەرەكەی گونجاوە.
پرینتەری كۆمپانیای ئاماژە بۆكراو رێگا بۆ ئەوە خۆش دەكات لەداهاتوویەكی نزیكدا تەواوی روخساری مرۆڤ بە پرینتەر جوانكاری بكرێت. بەر لە كۆمپانیای ناوبراو، كۆمپانیای prinker پرینتەرێكی بچووكی بەرهەم هێنابوو كە بە خێراییەكی زۆر تاتۆی لەسەر پێست دەنەخشاند.
پرینتەری ناوبراو دەتوانێت 2400 جۆری برۆ چاپ بكات. لە رێگای ئاپێكەوە دەكرێت ستایلی تایبەت بە برۆ دیاری بكەی.