سەربەست ئامێدی سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ گوڵان:   پێویستە بە زووترین كات هەوڵ بدرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت تاكو دەسەڵاتی یاسادانان بگەڕێتەوە

سەربەست ئامێدی  سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ گوڵان:     پێویستە بە زووترین كات  هەوڵ بدرێت هەڵبژاردن  ئەنجام بدرێت تاكو دەسەڵاتی  یاسادانان بگەڕێتەوە

 

 

پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مشتومڕێكی سیاسیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بڕیاری ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵیش لە بارەی پرسی نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ئەو یاسایانەی لەو ماوەیەدا دەرچوون، پێشهاتێك بوو كە بووە هۆی ئەوەی بیر لە ڕێگاچارە و هەڵگرتنی هەنگاوی دیكە بكرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ سەربەست ئامێدی سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام دا.

 

 

* دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بەوەی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان دەستووری نییە، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، لە دوای ئەم بڕیارە چۆن مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان دەكرێت؟ ئایا پەرلەمان دەتوانێت كۆبوونەوەیەك بكات، بۆ ئەوەی خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە؟

- ئاشكرایە كە دوای بڕیاڕەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی نادەستووریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوا هەر بڕیارێكیش لە دوای 6/11/2022 لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو بێت، دەستووری و یاسایی نییە، لێرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە كاربەڕێكەر، چونكە هەر هەرێم و وڵاتێك لەسەر سێ دەسەڵات، یان ستوون رادەوەستێت كە ئەوانیش یەكەم: وڵات، یان هەرێمەكەیە، دووەم: سنووری جوگرافیای ئەو وڵات و هەرێمەیە كە خەڵكەكەی تێدا دەژین، سێیەم: دەسەڵاتە (حكومەت) و نابێت ئەو وڵاتە، یان هەرێمەكە بێ دەسەڵات بمێنێت، بۆیە لەو حاڵەتەدا حكومەتەكە بەردەوام دەبێت، بەڵام پێی دەگوترێت «كاربەڕێكەر». لەلایەكی دیكەوە كە پەرلەمان نامێنێت، پێویستە بە زووترین كات هەوڵ بدرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، تاكو دەسەڵاتی یاسادانان بگەڕێتەوە، یان دروست ببێتەوە.  

* ئەوەی دوای بڕیارەكە گوێبیستی بووین، ئەوەیە كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، بۆیە لەوانەیە نەتوانێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بكات، ئایا لەم حاڵەتەدا چۆن دەستەیەك بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی كوردستان دروست دەكرێت؟ ئایا ئەمە نابێتە ئاستەنگ لە بەردەم هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا؟

- من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە دەوترێت كۆمیسیۆنی باڵای هەرێمی كوردستان كارا نییە، ئەوا ئەمە دوورە لە واقیع، ڕاستە دوای تەواوبوونی ماوەی ئەم كۆمیسیۆنە لە 23/12/2019 دەبوو پەرلەمانی كوردستان شەرعییەتیان دووبارە بە ئەنجومەنەكە بدابایەتەوە، یان كەسانی دیكەیان بۆ ئەنجومەنەكە دەستنیشان بكردایە، كە ئەمە لە هەقیقەتدا كەمتەرخەمییە لەلایەن پەرلەمانەوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت كۆمیسیۆن وەك دەزگایەكی فەرمی بە یاسا دامەزراوە و یاساكەی هەڵنەوەشاوەتەوە و دەزگاكە لە ئارادا ماوە و دەكرێت كاریشی پێ بكرێت. كاتێك كۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنی عێراقیش باس لەوە دەكات كە ناتوانێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردنێكی دیكە بكات، كە نزیك بێت لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، ئەوا بە بۆچوونی من ئەم بڕیارە لەژێر فشاری سیاسیدا دراوە، چونكە هەڵبژاردنەكانی هەرێم سیستەمەكەی جیایە و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان چوار پارێزگایە بە هەڵەبجەوە و هەڵبژاردنی پارێزگاكانیشی تێدا ناكرێت و سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێم جیایە و كارتی بایۆمەتری و ئەلكترۆنی و ئامێرەكان بەكارناهێنرێت. كۆمیسیۆنی عێراق دەیتوانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆفیسەكانی كۆمیسیۆنی هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدەن. هەرچۆنێك بێت، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دابنیشن، یان سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەیەكیان ئاراستە بكات، ئەگەر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بیەوێت، سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، ئەوە دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆفیسەكانی خۆیان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بێت، یان بەپێی وەڵامەكەیان بێت كە بۆ دادگای فیدڕاڵی ناردوویانەتەوە، كە دەبێت لە ڕێگای ئەوان و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆفیسی كۆمیسیۆنەكانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بێت.

* دوای نەمانی پەرلەمان هەموو دەسەڵاتەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئایا لەم قۆناغەدا بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێزی یاسایی دەبێت، بۆ ئەوەی گرفتەكانی بەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكات؟

- لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی خاڵێكی تێدایە كە بەردەوامی دەدات بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوانیش تێدەگەن لەهەموو شوێنێك دەبێت دەسەڵات بەردەوامی هەبێت و نابێت بۆشایی لە دەسەڵات دروست بێت، هەر بۆیەش حكومەتەكەش بەردەوام دەبێت، بەڵام كاربەڕێكەر دەبێت و، سەرۆكی هەرێمیش هەموو دەسەڵاتی خۆی بە كار دەهێنێت، بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ماددەی (10) بڕگەی (5) سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە هەندێ بڕیار و رێنمایی دەربكات، كە هێزی یاسایی هەبێت و بڕیارەكانیش جێبەجێ دەكرێن، بەڵام لە پاش ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام درا و پەرلەمان دانیشتنی خۆی دەست پێ كرد، دەبێت ئەو بڕیارانەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دەرچووە، بدرێنە دەنگدان و دەنگی زۆرینە بە ئەرێنی بێنێت، ئەو كات بڕیارەكان دەبنە یاسا و لە كاتێكدا بڕیارەكان بە نەخێر و نەرێنی بوو، ئەو كاتە بڕیارەكان پووچەڵ دەبنەوە.   

* فوئاد حوسێن سەردانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری كرد، بۆ ئەوەی میكانیزمێكی یاسایی بدۆزنەوە بۆ شێوازی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، هەروەها باس لەوە دەكرێت كە شاندێكی هەرێمی كوردستانیش بۆ هەمان مەبەست سەردانی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات، خۆت پێشتر سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بوویت، لە حاڵەتی پەكخستنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، چۆن ئەم كێشەیە لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی چارەسەر دەكرێت؟

- پێش 2014ش كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان نەبوو، هەڵبژاردنیش بەڕێوەدەچوو، بەڵام كاتێك ئەو كۆمیسیۆنە دامەزرا، ئەوا ئێمە لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەندێ تێبینیمان بەتایبەت لەسەر یاساكە هەبوو، بەتایبەت لەسەر ئەو وشەیە كە دەڵێت (سلطة حصریة)، كە هەندێ برادەری لای خۆمان دەیانویست نامە بنێرن بۆ دادگای فیدڕاڵی، بەڵام ئەو كاتە كە من لەوێ بووم، ڕێگەم نەدا ئەو كارە بكرێت، بەڵكو لە بری ئەوە بە هاریكاریی یوئێن هەوڵمان دا، لێكتێگەیشتنێك لە نێوان كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆكان هەبێت، ئێستاش بە بۆچوونی من دەبێت یاساكە هەمان یاسای هەڵبژاردن بێت، لەبەر ئەوەی گۆڕانكاری لەسەر نەكراوە و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆی نییە لە دانیشتنەكانی خۆیدا گۆڕانكاری لە یاساكانی هەرێمی كوردستان بكات، هەر بۆیە هەڵبژاردن بە هەمان یاسا دەكرێت. لە ڕاستیدا چارەسەرێكی دیكەش هەیە، بەڵام نازانم تا چەند ئەو بارودۆخە سیاسییەی ئێستای كوردستان بۆ ئەوە دەشێت كە سەرۆكایەتیی هەرێم رێنماییەكی یاسایی دەربكات، بە درێژكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێم و ئەنجومەنی كۆمیسیارانی هەرێمیش پابەند بكات و هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت، كە ئەوەی لەم حاڵەتەدا گرنگە ئەوەیە كە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەری رێك بكەون، چونكە دیسان ئەمە دوور نییە سكاڵای لەسەر تۆمار بكرێت. ڕێگاچارەیەكی دیكە ئەوەیە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بكات.

* دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن، ئەمەش واتە هەرێمی كوردستان یەك بازنە دەبێت و كۆتاكانیش هەر وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو كاندیدی خۆیان هەڵدەبژێرن، ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەی ساڵێك زیاترە كێشەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی هەڵبژاردنەكەیە لە یەك بازنەوە بۆ چوار بازنە، ئایا لایەنە باشەكانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە بۆ هەرێمی كوردستان چییە؟

- هەر سیستەمێكی هەڵبژاردن لایەنی باش و خراپی هەیە، ئەو سیستەمەی كە ئێستا هەیە (یەك بازنە) لەو سیستەمەدا هەر كاندید و پەرلەمانتارێك نوێنەرایەتیی هەموو هەرێمی كوردستان دەكات و نوێنەرایەتی یەك شوێن و ناوچەو شار ناكات و، لایەن و حزبە بچووكەكان دەنگەكانیان كۆدەبێتەوە و دەتوانن هەندێك كورسی بێنن و پارێزگاری لە پاراستنی پڕۆسەی حزبابەتی دەكات. بەڵام سیستەمی هەڵبژاردنی یەك بازنەش كێشەی خۆی هەیە، وەك ئەوەی كە پەرلەمانتار ناتوانێت بڵێت من نوێنەری فڵانە شوێن و ناوچە و پارێزگام، جگە لەوەش كاندید لە خەڵكی خۆی نزیك نییە، چونكە حزبەكەی دەنگی بۆ كۆدەكاتەوە، واتە بێمنەتییەك لە بەرانبەر خەڵكدا هەیە، ئەمەش كێشەیە و بێگومان ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنەكە بكرێت، بە یاسا كۆنەكە دەكرێت، ئەگەرچی پەرلەمانی كوردستان لە دوای 2019وە دەیتوانی ئەو خاڵەی لە یاساكە ڕەخنەی لەسەر بوو، چارەسەی بكات. من بەش بە حاڵی خۆم لە ساڵی 2010وە داوا دەكەم، یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە و یاسایەكی نوێ دەربچێت، چونكە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 یاسایەكی تەئسیسییە و حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو یاساییە دامەزراون، دەكرا ئەو بڕگە و خاڵانەی پەیوەستن بە هەڵبژاردن و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە یاساكە جیا بكرێنەوە و لە یاسایەكی تازە و تایبەت بە هەڵبژاردن دەربچووایە. 

Top