ئەلیکساندرا: تەنیا لە نواندن باشم

ئەلیکساندرا: تەنیا لە نواندن باشم

ئەلێكساندرا داداریۆ خانمە ئەكتەری ئەمریكی ددانی بەوەدانا كە جگە لە نواندن لە هیچ شتێكدا باش نییە و، بە خەیاڵیش كار لە پیشەی كەسێكی دیكەدا ناكات، ئاماژەی بەوەشداوە كە لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە ئەم پیشەیەی خۆشدەوێت و خۆی تێدا بینیوەتەوە و هیوادارە جێپەنجەیەكی جیاواز بەجێ بهێڵێت لەودا.
لەم ڕووەشەوە داداریۆ لە بارەی ڕەچەڵەكی خۆی دەڵێت: «بنەچەی خۆم تێكەڵەیەكە لە چەندین نەتەوە لەوانە ئیتاڵی، ئێرلەندی، سلۆڤاكیا، هەنگاری و ئینگلیزی، جگە لەوەی كە پەروەردەكەم لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە، ئەمەش تایبەتمەندی و جیناتی جیاوازی لە چەندین سەرچاوە پێ بەخشیوم»، ئەلیكساندرای بە ڕەچەڵەك ئیتاڵی، لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٦ لە ویلایەتی نیویۆرك لەدایكبووە، هەروەها ڕەچەڵەكی ئێرلەندی و چیكیی هەیە. لە تەمەنی گەنجیەوە حەزی بۆ نواندن پەرەی سەند و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە یەكەم ڕۆڵی نواندندا وەك لۆری لویس لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەكی منداڵان دەركەوت، لە هەمان كاتدا لە قوتابخانەیەكی كچان لە نیویۆرك دەیخوێند.
سەبارەت بە جوانكاری و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانكاری لەلایەن ئەستێرە سینەماییەكانەوە ئەلیكساندرا كە بە جوانییەكەی ناسراوە، دەڵێت: «بێگومان لە داهاتوودا لەسەر دەموچاوی من چەند چرچ و لۆچێك دەبینن، لەوانەیە ئێستاش لەسەر دەموچاوم چەند چرچ و لۆچێك ببینن، بەڵام شتێك هەیە لە ژیاندا كە پەیوەندی بەو لوچانەوە هەیە و ئامادە نیم هیچ كاتێك نەشترگەری ئەنجام بدەم، ئەویش نەشتەرگەریی جوانكارییە، هەرچەندە ڕەنگە بتوانم بە نەشتەرگەری ئەم لوچانە هیچ نەبێت كەمێك دوابخەم، لە جیاتی ئەوەی خانمە ئەكتەرەكان بیر لە جوانكاری و چۆنیەتی دەركەوتنیان بكەنەوە، وا باشترە بیر لەوە بكەن چۆن لە ڕۆڵەكانیاندا سەركەوتوو دەبن و پێگەیەكی باشتر و بەهێزتر لە هۆڵیۆد شان بە شانی ئەكتەرە پیاوەكان بەدەست دەهێنن».

Top