خانمە ئەكتیڤیستی سۆشیال میدیا نیشا خان: ئافرەت دەبێ خۆی هەوڵ بۆ ئازادی بدات

خانمە ئەكتیڤیستی سۆشیال میدیا نیشا خان: ئافرەت دەبێ خۆی هەوڵ بۆ ئازادی بدات

نیشان خان خاوەن پێگە و جەماوەرێكی زۆرە لە سۆشیاڵ میدیادا، تەنیا لە تۆڕی ئینستگرامدا خاوەنی 319 هەزار فۆلۆیە، كە زیاتر بە وێنەی قەشەنگ و ڤیدیۆی جوان لەسەر ڕۆژانەی ژیان هەوادارانی بە كۆمێنیت و لایكەكان وەڵامی كارە جوانەكانی دەدەنەوە، نیشا وەك كچە كوردێك توانیویەتی بوێرانە لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا كاری جوان و ئامۆژگاری بە جەماوەرەكەی بدات، لە گفتۆگۆیەكی گوڵاندا وەڵامی چەند پرسێكی دایەوە:

 

* وەك كچە ئەكتیڤیست لە سۆشیال میدیا سەرەتای ناوبانگت چۆن دەركەوت؟

- سەرەتای دەركەوتنم تەنیا بە وێنە و ڤیدیۆكانم لە سناپ بوو، كە توانیم ببمە خاوەنی زۆرترین بینەر و فۆلۆوەر، لە دوای ئەوەی كە كلیپێكم كرد، پاش ئەوەش كلێپێكم دروست كرد لەسەر ئاسایش و پێشمەرگەی كوردستان، كە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو.

* ئەگەر ئافرەتانان خاوەن كار و بیزنسی خۆیان بن تا چەند سەركەوتوو دەبن؟

- سەركەوتن لە كاردا بەپێی قەناعەتە، نەوەك ئیشكردن و ماندوبوونی زۆر بەڵام بەرهەمت نەبێت، یان قەناعەتت نەبێت سوودی نابێت.

* چیت تەواو كردووە و بڕوانامەت لە چیدا هەیە؟

- بڕوانامەم لە بواری نەوتدا هەیە، دەرچووی پەیمانگەی نەفتی هەولێرم، بەڵام كاری دیكەم هەیە و لە بواری كۆمپانیای ماكیاژەوە خەریكی  ژیانی ڕۆژانەم.

* چۆن بوو لە ئەوروپاوە بە یەكجاری گەڕایتەوە بۆ كوردستان؟

-        هەولێر ئارامگەیە و زۆر هۆگرم پێیەوە، شارێكی دڵگیر و خۆشەویستە، چوونە ئەوروپاشم بەهۆی كار بووە نەك بۆ حەزی خۆم.

*بیرۆكەی گۆرانیی شانازیی هەمووان لەگەڵ جەلال پەرێشان چۆن هات؟

- چیرۆكی گۆرانیی شانازیی هەمووان، وەك ڕێز و وەفایەك بۆ سەركردەی خۆشەویست بوو، كە لەكاتی هەڵبژاردن ویستمان پرۆژەیەكی جوان بەرهەم بهێنین، تا بە گۆرانی پەنجە مۆری سەرۆك وەزیران بكەین و وەك ئایندەی گەشی وڵات پیشان بدەین.

* لە چ بوارێكدا كاری بیزنس دەكەیت و ئایا توانیوتە سەركەوتوو بیت؟

- كۆمپانیایەكی خشڵ و كەرەستەكانی میكیاجم هەیە، پێش ئەوەی بێمە ناو سۆشیال میدیا، ئیشم لەسەر دەكرد و توانیم پەرە بە كارەكەم بدەم، لەبەر ئەوە حەز ناكەم ئیشەكەم پیشانی ڕاگەیاندن و سۆشیال بدەم.

* لە ئەدای كاری كچانی مۆدە و چالاكوانانی ناو سۆشیاڵ میدیا ڕازیت؟

- بەڵێ هیوادارم كاری ژن ڕوو لە زیاتر بكات و چاوەكانیان زیاتر بكرێنەوە و، بتوانن لە نێو كۆمەڵگەدا ڕۆڵی خۆیان ببینن، لە كار و پیشەدا بەرچاو بن و خاوەن بیرۆكەی خۆیان بن.

* چۆن بتوانین ئازادیی زیاتر بە ئافرەتان بدەین تا بتوانن داهێنان بكەن؟

- ئافرەتان دەبێ خۆیان هەوڵ بۆ ئازادی بدەن، بە دەستهێنانی ئازادی ئاسان نییە، ئافرەتان پێویستە خاوەن كار و ئازادیی خۆیان بن، چونكە دەتوانن كاری جوان و داهێنان لە ژیان بكەن.

* ئایا ئافرەتان لە كوردستان لە چ ئاستێكی كۆمەڵگەدا دەبینیتەوە؟

- زۆر لێهاتوون، نازدار و تێگەیشتوون، پەرە بە خۆیان دەدەن و توانیویانە چەندین ئاستی پلەدار و بەرز بەدەستبهێنن، داهاتووی گەش بۆ خانمانی كوردستان دەبینم.

* جیاوازیی نێوان ژیانی كوردستان و ئەوروپا چییە؟

جیاوازییەكە بەس لە خۆشەویستیدا دەبینم، خۆشەویستی بۆ كوردستان زۆر زیاترە لە وڵاتانی دیكە، چونكە وڵاتی خۆمم خۆشتر دەوێ، لێرە هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی دەكەم.

 

 

Top