شەعبان خەلیل بەرواری قائیمقامی قەزای ئاكرێ بۆ گوڵان:   سەرۆكی حكومەت  13 ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژەكانی ئاكرێ تەرخان كردووە

شەعبان خەلیل بەرواری  قائیمقامی قەزای ئاكرێ بۆ گوڵان:     سەرۆكی حكومەت  13 ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژەكانی ئاكرێ تەرخان كردووە

 

 

ئاشكرایە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی داوە گرنگی و بایەخ بە دەستەبەركردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەكانی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان بدات، یەكێك لەو ناوچانە بریتییە لە قەزای ئاكرێ، كە چەندین پڕۆژەی بۆ تەرخان كراوە و جێبەجێ كراون و، موژدەی چەندین پڕۆژەی دیكەشی پێ دراوە، ئەم پرسانە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ شەعبان خەلیل بەرواری قائیمقامی قەزای ئاكرێ و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، كاتێك سەردانی ئاكرێی كرد گوتی: «ویستمان كۆمەڵێك پڕۆژە لە ئاكرێ جێبەجێ بكرێت، ئینجا سەردانی خەڵكی ئاكرێی خۆشەویست بكەین، بۆ ئەوەی موژدەی چەند پڕۆژەیەكی دیكەشیان بۆ ڕابگەیەنین»، ئایا لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەو پڕۆژە گرنگانە چین كە لە ئاكرێ جێبەجێ كراون؟ ئەو پڕۆژانەش چی بوون كە سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند؟

- قەزای ئاكرێ وەكو سەرجەم دەڤەرەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بێبەش نەبووە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، ئەوە بوو لە ساڵی 2021 و 2022، گوژمەی (48) ملیار دینار بۆ قەزای ئاكرێ و دەوروبەری تەرخان كرا، كە پتر بۆ پڕۆژەكانی ڕێگەوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و كەرتی پەروەردە و تەندروستی و كارەبا و گەشتیاری و كشتوكاڵ بوون. ئەمە سەرەڕای پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە، كە لە كابینەكانی پێشوو بڕی (89)ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و، لە كابینەی نۆیەمیش (18)ملیار دیناری دیكە بۆ ئەو پڕۆژەیە لەلایەن ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاد كرا. شایەنی ئاماژەیە كە پێش هاتن و سەردانی جەنابی سەرۆكی حكومەت بۆ دەڤەری بەردەڕەش و سەنتەری قەزای ئاكرێ، لێژنەیەكی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەدواداچوون و دیراسەكردنی داواكاریی خەڵك و ئێمە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان سەردانی سەنتەری قەزای ئاكرێیان كرد و، لیژنەكە لەگەڵ ئێمە و هەموو بەڕێوەبەر و یەكە ئیدارییەكان كۆبوونەوە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گوێبیستی كەموكووڕی و داواكاریی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بن، بێگومان ئەو لێژنەیە لە ئەنجامدا ئەو داواكاری و كەموكووڕییانەی لە خزمەتگوزارییەكاندا هەبوو، دەستنیشانیان كرد و كردیانە ڕاسپاردە، پاشان جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی قەزای ئاكرێی كرد و بڕی (10)ملیار دیناری بۆ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرە جیاجیاكان و بڕی (2) ملیار دیناریشی بۆ كڕینی ئامیر و پێداویستییە خزمەتگوزارییەكان تەرخان كرد، هاوكات بڕی (یەك ملیار و دوو سەد ملیۆن) دیناری بەخشییە هەرسێ یانەی وەرزشیی (ئاكرێ و بجیل و دینارتە و گەنج و وەرزشوانانی گردەسێن)، ئەو (13) ملیار و (200)ملیۆنەی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە سەردانەكەیدا بۆ قەزای ئاكرێ تەرخانی كرد، بەشی یەكەمە لەو بودجە و كارانەی بۆ دەڤەرەكە و قەزای ئاكرێ دەكرێت، چونكە بەپێی ئەو داتا و زانیاری و كارانەی لێژنە تایبەتەكەی ئەنجومەنی وەزیران دایڕشتووە، كار و پڕۆژە و تەرخانكردنی پارە بۆ كەموكووڕی و گەشەپێدانی سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریی هەموو سنووری ئاكرێ كراوەتە سێ بەش، ئەوەی ئێستا تەرخان كراوە، بەشی یەكەمە و بەشی دووەم و سێیەمیش بەدوادا دێت.

* كاتێك سەردانی زاخۆ دەكەین، هەست دەكەین پڕۆژەكانی ڕێگەوبان لەو دەڤەرە بەرەوپێشەوەچوونی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، بۆ نموونە ئاكرێ بە ڕێگەی دووسایدەوە گرێ دراوە بە پارێزگای دهۆكەوە، هەروەها بە دوو ڕێگەی دووساید بەستراوەتەوە بە هەولێرەوە، ئایا گرنگترین پڕۆژەكانی ڕێگەوبان چییە كە لە سنووری قەزای ئاكرێ ئەنجام دراون؟

- ئەو ڕێگەیەی هەولێر – دهۆك كەپێی دەگوترێت ڕێگەی گۆپاڵ، ڕێگەیەكی زۆر گرنگ و ستراتیژییە و یەكێكە لەو ڕێگەیانەی كە سوودی بۆ قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش یەكجار زۆرە، هەروەها ڕێگەی دینارتە كە درێژییەكەی 21 كیلۆمەترە و بێخمە بە ناحیەی خەلیفانەوە دەبەستێتەوە بە گوژمەی چوار ملیار دینار دروست كراوە. هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە جەنابی پارێزگاری دهۆك بەدواداچوون بۆ هەموو قەزا و ناحیە و گوندەكان دەكات و، بەپەرۆشە بۆ ئەوەی هەر كەموكووڕییەكی خزمەتگوزاری هەبێت، ئەوا بەپێی توانا و ئەو بودجەیەی لە پارێزگا هەیە، بۆمان چارەسەری بكات، بۆ نموونە بودجەیەكی تەرخان كرد بە گوژمەی زیاتر لە (دوو ملیار و چوار سەد ملیۆن دینار) بۆ پڕۆژەی چاككردنەوەی چەندین ڕێگەوبان و شەقامێك لە سنوورەكە و دروستكردنی شەقامەكانی ناو چەند گەڕەكێكی نوێی سەنتەری قەزای ئاكرێ، چونكە ئاكرێ نەك هەر سەنتەرەكەی، بەڵكو هەموو سنوورەكەی لە ڕووی ئاوەدانی و زیادبوونی گەڕەك و ژمارەی دانیشتووانەكەیەوە بەردەوام لە زیادبوونە، زیادبوونی گەڕەكەكانیش وای كردووە دەبێت بەردەوام كار لەسەر دروستكردنی ڕێگەوبان و شەقامە ناوخۆییەكانی گەڕەكە تازەكان بكرێت.

* سرووشتی ئاكرێ بە شێوەیەكی گشتی وایە خاكێكی بەپیتی بۆ كشتوكاڵ هەیە، بەتایبەتی برنجی ئاكرێ بەناوبانگە، هەروەها بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی دیكەش بە چاندن و پەلەوەر و ئاژەڵداری، ئایا تاچەند لە قەزای ئاكرێ بایەخ بە كشتوكاڵ دراوە و وەبەرهێنانی تێدا كراوە؟

- قەزای ئاكرێ و سنوورەكەی خاك و زەوییەكی بەرفراوانی بەپیت و بەرەكەتی بۆ چاندن و كاری كشتوكاڵی هەیە، بە تایبەت بۆ برنج، كە براندی خۆی وەرگرتووە و هەر لە كۆنەوە برنجی ئاكرێ ناوناوبانگی تایبەتی هەبووە، هاوكات لە قەزای ئاكرێ جۆرەها میوە و سەوزە دەچێندرێت، دیارترینیان هەنجیر و هەناری ئاكرێیە، لە بەرهەمی خیاریش كە زۆرترینی لە ناحیەی بجیل دەچێندرێت، ئەوا دەتوانین بڵێین نیوەی زیاتری بەرهەمی خیار لە پارێزگای دهۆك لە ناحیەی بجیل و دەڤەری سوورچیایەتی سەر بە قەزای ئاكرێیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پارێزگای دهۆكەوە گرنگیی زۆری بەو ناوچەیە داوە لە دروستكردنی جۆگەی ئاودێری و لێدانی بیر و دابینكردنی ئاوی پێویست و پێدانی پەین و پێداویستیی دیكە بە جووتیاران. لەلایەكی دیكە خاكی ئەو سنوورە بۆ گەنم و دانەوێڵەی دیكە زۆر گونجاوە و بەردەوام كار بۆ ئەوە كراوە كە پشتگیری و هانی جووتیاران بدرێت بۆ بەردەوامبوون و گەشەكردنی ئەو كەرتە، بەڵام ئەوەی دەبێت ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە هیچ كۆگایەكی ساردكەرەوە لەو سنوورە دروست نەكراوە، بەڵام لەم سەردانەی ئەمجارەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت زۆر بە جددی و خەمخۆرییەوە گرنگیی تایبەت بە بەرەوپێشچوونی كەرتی كشتوكاڵ بدرێت، كە ئەمەش بووەتە جێگای متمانە و دڵخۆشیی جووتیارانی سنوورەكە و ئەوانەی لەو كەرتە كار دەكەن.

* قەزای ئاكرێ سرووشتێكی جوانی بۆ گەشتیاری هەیە و دەتوانین بڵێن هەموو شوێنێكی ئاكرێ بۆ خۆی ناوچەیەكی گەشتیارییە، هەم بۆ گەشتیاریی تەرفیهی و هەروەها گەشتیاریی شوێنەوار و مێژوویی، ئایا تاچەند لە بواری گەشتیاریدا وەبەرهێنان كراوە و پڕۆژە ئەنجام دراوە؟

- بێگومان ئاكرێ شوێنێكی دیار و بەناوبانگی گەشتیاریی سرووشتی و تەرفیهی و شوێنەوار و مێژووییە، ئاكرێی كۆن خۆی لە خۆیدا لە ڕووی كەلتووری و مێژوو و دیزاینی خانووبەرەوە یەكێكە لەو شوێنە سەرنجڕاكێشانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، مێژووی ئاكرێ و بەقەزابوونی بۆ سەردەمی عوسمانی (ساڵی 1877) دەگەڕێتەوە و خاوەن قشڵەیەكە كە ئەویش مێژووی تایبەتی هەیە، هاوكات سیپەی ئاكرێ یەكێكە لەو شوێنە گەشتیارییانە و تاڤگەی سەرنجڕاكێشانەی كە لە كوردستان هەیە، هەروەها ئاكرێ و دەوروبەری (30تا40)گردی شوێنەواری و دیرۆكی ئایینی لێیە، كە ئەم شوێنە و مێژوو و هەموو ناوچەكانی ئەو سنوورە گەشتیارین و ساڵانە و بە بەردەوامی گشتیاران بەتایبەت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی دەكەن، بەڵام بەداخەوە لە ڕووی گەشتوگوزارەوە تا ئێستا كار و پڕۆژەیەكی وای بۆ نەكراوە شایانی ئاماژەپێكردن بێت و دەستی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی پێ نەگەیشتووە، كە لانی كەم هەقی ئەوەی هەیە چەند هۆتێل و مۆتێلێكی لێ دروست بكرێت بۆ ئەوەی گەشتیاران زیاتر بتوانن لە قەزای ئاكرێ و سنوورەكەی بمێننەوە، لەم سەردانەی جەنابی سەرۆكی حكومەتدا ئەو داواكارییانەمان خستە بەر دیدی جەنابیان و، بەڕێزیان تەئكیدی لەوە كردوە كە دەبێت كار و هەوڵی باش و لەپێشنە بۆ ئەو سێكتەرەش بكرێت.

* ئاكرێ ئێستا بووەتە دووبەش، بەشێكی ئاكرێی كۆنە كە بووەتە شوێنەوارێكی دێرین و تەنانەت گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان هەندێك قورسە، هەروەها بەشێكی دیكەی ئاكرێی نوێییە كە زۆر فراوان بووە، ئایا لەسەر پرسی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك (ئاوی پاك بۆ خواردنەوە، كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، كارەبا، ئاوەڕۆ و.. هتد) تا چەند توانیوتانە ئەم خزمەتگوزارییانە بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن؟

- پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوەی ئاكرێ لە ساڵی 2012 بە گوژمەی (89)ملیار دینار ڕاگەیاندرا و كۆمپانیایەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران پڕۆژەكەی وەرگرت بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام زۆر خەمساردیی تێدا ئەنجام درا، بۆیە دواكەوتووە، بەڵام ڕێزدار سەرۆكی كابینەی نۆیەم لە حكومەتی هەرێم لە سەر هێڵ بوو بۆ جێبەجێكردن و تەواوبوونی ئەو پڕۆژە گەورەیە، ئەوە بوو (18)ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكە زیادكرد و زۆر ئاسانكارییش لەلایەن شەخسی جەنابی سەرۆكی حكومەت بۆ كۆمپانیاكە كراوە، هەروەها بۆ هەموو سێكتەرەكانی دیكەی خزمەتگوزاری لە قەزای ئاكرێ و دەوروبەری بەردەوام بەپێی ئەو گوژمەی لەلایەن حكومەتی هەرێم و پارێزگای دهۆك بۆمان تەرخان دەكرێت، كار لە سێكتەرە جیاكانی خزمەتگوزارییەكانی وەك پاككردنەوەی شار و ئاوەڕۆ و كشتوكاڵ و ئاودێری و كارەبا و ...تاد دەكەین.

* لەسەر ئاستی بەنداو چ پڕۆژەیەكتان بۆ ئەنجام دراوە، یان لە بەرنامە و پلاندایە، ئایا تاچەند دروستكردنی بەنداو‌ خزمەت بە كەرتی كشتوكاڵی و گەشتیاریی قەزای ئاكرێ دەكات؟

- بەرنامە و پلان هەیە لەلایەن حكومەتی هەرێم لە پارێزگای دهۆك لە سنووری قەزای ئاكرێ بەنداوی باكرمان و بەنداوی مەنداویش كە لەسەر زێی گەورەیە و نزیكە لە سنووری پارێزگای هەولێر دروست بكرێن، ئەو دوو بەنداوە ستراتیژین و سوودیان زۆرە، چ بۆ كەرتی كشتوكاڵ چ بۆ گەشتیاری.

* ئایا بیرتان لەوە كردووەتەوە قەزای ئاكرێش بە هاوشێوەی قەزای زاخۆ و سۆران و ڕاپەرین و گەرمیان ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ؟ ئایا لە ڕووی كارگێڕییەوە ئەو ئیمكاناتە هەیە تا حكومەت بڕیارێكی لەو جۆرە بدات؟

- جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشییە لە جەنابی سەرۆكی حكومەت كە لە كابینەی نۆیەمدا سۆران و زاخۆی دەلالی كردە ئیدارەی سەربەخۆ، پیرۆزبایی لە خەڵكی ئەو دوو شوێنە و هەموو هەرێمی كوردستان دەكەین، كە ئەمە نیشانەی پێشكەوتن و ئاوەدانی و خەمخۆریی حكومەت و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانە بو ئەو كارە ستراتیژییانە، هاوكات داواكاریی زۆربەی خەڵكی سنووری قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش ئەوەیە كە هاوشێوەی سۆران و زاخۆ و گەرمیان، ئاكری و بەردەڕەش بكرێتە یەك ئیدارەی سەربەخۆ و ئامادەیی و سرووشتی جوگرافی و هەموو پێداویستییەكی وەك ڕێگەوبان و دوور و نزیكیی لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و، لە ئیدارەداندا قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش زۆر شیاو و گونجاوە بۆ بە ئیدارەبوونی سەربەخۆی و لەو داواكارییەی خەڵك جەنابی سەرۆكی حكومەت ئاگادارە و جەنابی پارێزگاری دهۆكیش زۆر پاڵپشتی لەو پڕۆژە و بڕیارە گرنگە دەكات، هەر لەو سەردانەی ڕێزدار سەرۆكی حكومەت بڕیاری دا بە فەرمی لە قەزای ئاكرێ زانكۆ دابمەزرێت، ئەم بڕیارە حەكیمانەیەش یەكێكی دیكە بوو لە گرنگیدان بە سنوورەكە و نزیكبوونەوە لە بنەمایەكی هزری و زانستی بۆ بەئیدارەبوونی سەربەخۆی ئاكرێ و بەردەڕەش .

 

Top