باران بارینی بەخوڕ و لافاو باکوور و ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنی گرتەوە

باران بارینی بەخوڕ و لافاو باکوور و ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنی گرتەوە

 

دوابەدوای بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن، حکومەت فەرمانی بە زیاتر لە 100 هەزار کەس کردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بارانێکی بەخوڕ لە ژاپۆن بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بێ وێنە لە بەشێکی ئەم وڵاتە. 

دەسەڵاتدارانی ژاپۆن فەرمانیان بە دەیان هەزار کەس لەو وڵاتە کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. 

بە گوتەی دەسەڵاتدارانی ژاپۆن، لافاوەکە بووەتە هۆی وێرانبوونی ژمارەیەکی زۆری خانوو. هەروەها لافاوەکە بووەهۆی زەوی لەرزین لەبەشێک لە ژاپۆن.

تۆڕی کارەبای تۆکیۆ ڕایگەیاند: نزیکەی 4 هەزار ماڵ لە ناوچەکانی نزیک پایتەخت كارەبایان بڕاوە.
دەزگای کەشناسی ژاپۆن لە هۆشدارییەکدا بۆ دەسەڵاتدارانی خۆجێیی باکووری تۆکیۆ، جەختی لەوە کردووەتەوە، كە ئەم کەشوهەوا خراپە بێ وێنەیە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دانیشتووان دروست دەکات. 

تیمەكانی فریاگوزاری لە ژاپۆن ناچاربوون بە هێلیکۆپتەر ئەو خەڵكە بگوازنەوە کەلە ناو لافاوەكەدا گیریان خواردبوو.
هەروەها لافاوەکە زیانی بە سەدان ئۆتۆمبێل و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ژاپۆن گەیاندووە. 

ساڵی ڕابردوو لە ژاپۆن بارانی بەخوڕ و لافاو و زەوی لەرزین بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس. 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top