ژمارەی مردووانی ڕووداوی شەمەندەفەر لە هیندستان بەرزبووەوە بۆ ٣٠٠ كەس

ژمارەی مردووانی ڕووداوی شەمەندەفەر لە هیندستان بەرزبووەوە بۆ ٣٠٠ كەس

 

 

لە یەکێک لە خراپترین ڕووداوەکانی هێڵی ئاسنین لە مێژووی هیندستان، نزیکەی ٣٠٠ کەس لە ئۆدیشا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارەکانیش ٩٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.

نزیکەی کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی بە کاتی ناوخۆ، شەمەندەفەرێکی نەفەر هەڵگر دوای پێکدادان لەگەڵ شەمەندەفەرێکی دیکە لە ڕێڕەوی خۆی دەرچوو، دواتر نزیکەی دە بۆ دوانزە لە گالیسکەکانی لە ڕێڕەوی شەمەندەفەر دەرچوون و وەرگەڕان.

ئامارە فەرمییەکانی هیندستان سەبارەت بە ژمارەی مردووان تا ئێستا ٢٨٠ کەسە، کە ئەگەری زۆرە ئەو ژمارەیە زیاد بکات.

بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوەی ئۆدیشا گوتی: "هێشتا کاری ڕزگارکردن بەردەوامە و برینداری زۆر هەیە". 

ڕۆژی هەینی زیاتر لە ٢٠٠ ئەمبولانس لە قەزای بالاسۆرە لە ئۆدیشا بانگهێشتی شوێنی ڕووداوەکە کراون و ١٠٠ پزیشکی دیکەش کۆکراونەتەوە، جگە لەو ٨٠ پزیشکەی کە پێشتر لەوێ بوون.

ئەم ڕووداوە کاتێک ڕوویدا کە شەمەندەفەرێک لە بەنگالۆرەوە بەرەو بەنگال دەڕۆیشت، لەگەڵ شەمەندەفەرە خێراکەدا پێکیاندادا کە لە کلکەتەوە بەرەو چنا دەڕۆیشت.

سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕیزێکی درێژ لە خەڵك لەبەردەم نەخۆشخانەکان لە بەشێک لە ویلایەتی ئۆدیشا بۆ بەخشینی خوێن وەستاون. دەوڵەت ڕۆژی شەممەی بە ڕۆژی ماتەمینی گشتی وەک نیشانەی ڕێزگرتن لە قوربانییەکان ناساندووە.

نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان ڕایگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێکی تر دەچێتە شوێنی ڕووداوەکە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کوشندەترین ڕووداوی شەمەندەفەر لە هیندستان لە ساڵی ١٩٨١ ڕوویدا کاتێک شەمەندەفەرێک لە پردێکەوە کەوتە ناو ڕووبارێکەوە لە ویلایەتی بیهار و نزیکەی ٨٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا. سیستەمی گواستنەوەی شەمەندەفەری هیندستان بەرفراوانە بەڵام بە زۆری ماندوون و مەترسیان لەسەرە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top