بەرپرسیاریەتیيەكان لە هۆڵە ئەزموونییەكاندا

بەرپرسیاریەتیيەكان لە هۆڵە ئەزموونییەكاندا

سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا(ونستۆن چەرچەل)دەلێ" شكۆی ووڵات لەو سەربازەوە دەست پێ دەكات كە لە سەر شەقام وەستاوە".
بێ شك لەو ڕۆژانەدا تاقیكردنەوەكانی وەزاری پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەست پێ دەكات، كە خۆی لە خۆیدا هەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە لە سەر ئەستۆی هەموو لایەك بە تایبەت بەرێوەبەر و مامۆستای هۆڵەكانی ئەزموونی و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەكان و دام و دەزگاكانی پەیوەندیدار هەمیش بێ گرفت بەرێوەچوونی پرۆسەكە ئاماژەیەكی سەركەوتووە بۆ پاڕاستن و بەرەوپێشبردنی شكۆ و گرنگی كۆی گشتی پرۆسەكە. لێرەدا گرنگە بەرێوەبەرانی هۆڵی ئەزموونی و مامۆستا چاودێرەكان بەو پەڕی بەرپرسیاریەتی و دادپەروەری ڕەفتار بكەن بۆ سەركەوتنی كارەكان و پاڕاستنی شكۆ و بایەخی پرۆسەكە، كە خۆی لە خۆیدا دەرخەری پاكی و دادپەروەری ناو و ناوبانگی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەردەخات، بۆیە گرنگە سەرجەم كارمەندانی بەرپرسیار لە بەرێوەچوونی ئەزموونەكان زۆر بە وریایی و بەرپرسیاریەتی و ویژدان زیندوویی ڕەفتار و هەڵسوكەوت بكەن و سووربن لە سەر باشترین و پاكترین بەرێوەچوون، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە بەرێوەبەر و مامۆستایانی هۆڵە ئەزموونەكان كەشێكی لە باروگونجاو بڕەخسێنن بۆ قوتابیان، هۆلێكی ئارام وبێ دەنگ و دوور لە ژاوە ژاو تا قوتابی بتوانێ‌ تیایدا بیربكاتەوە و دوو دڵی و ڕاڕایی نەهیلی و هۆلێكی ئامادە كراو بێت، جگە لە ئامادەكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی فێنك كەرەوە و هەبوونی ئاو و پاك و خاوێنی و رێكخراو بێت، پێویستە لەلایەنی دەروونییەوە ئارام و حەساوە بێت بۆ قوتابی، چونكە هۆڵەكان بۆ قوتابی شوێنی دیاری كردنی پاشەڕۆژیانە، دەستنیشان كردنی چارەنووسی قوتابییە، گەر بۆ بەرێوەبەر و مامۆستایانی چاودێر ئەو(3)كاتژمێرە پابەندبوونێكی وەزیفی بێت، بەڵام بۆ قوتابی چنینەوەی بەرهەم و ماندوو بوون و شەونخونی دوازدە ساڵەی ڕابردوویانە ، لە هەمان كاتدا دەستنیشان كردن و دیاری كردنی چارەنووس و پاشە ڕۆژیانە و لەگەڵ ئەوەشدا خانەوادە و كەسوكارییان بە تاسەوە چاوەڕێی وەڵامەكانی منداڵەكانیان دەكەن لەو هۆڵانە بۆیە ئەركێكی ویژدانی و میژووییە لە سەر ئەستۆی بەرێوەبەر و مامۆستایانی چاودێر كە بێ جیاوازی و بەوپەری نەرم و نیانی و پەروەردەیی و بەرپرسیاریەتیەوە هەڵسوكەوت و ڕەفتار بكەن تا قوتابیان ئاسودە بن و بتوانن بەوپەڕی دیقەتەوە وەڵامە ڕاستەكان بنووسن.
ئەوەی لە سەر قوتابیش پێویستە لە هۆڵی تاقیكردنەوە گرنگە ئیدارەی كات بكەن و بە ناوی خودای گەورە دەست پێ بكەن بە وەڵامدانەوە كە خودا ماندووبوون و ڕەنجی هیچ كەس بەفیڕۆ نادات و لە پرسیارە ئاسانەكان دەست بە وەڵامدانەوە بكەن و كە دەبنە مایەی دڵخۆشی و هاندانی زیاتر بۆ خودی قوتابییەكە و ئەو پرسیارەی بزانی سەرەتا ئەوە وەڵام بداتەوە پاڵەپەستۆ و فشاری زیاد لە سەر خۆی دروست نەكات و پارێزگاری لە بیركردنەوە و هزری بكات، پەلەی دەرچوونی نەبێت و كاتی تەرخان كراو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان بە فیرۆ نەدات، ئارام و هێمن بێ و دووربكەوێتەوە لە شلەژانی دەروونی و پەرتەوازەیی، دوایی وەڵامدانەوەیان پێداچوونەوەیەك بە سەرجەم وەڵامەكان بكات. لە هەمووی گرنگتر كە لە هۆڵ دەرچوو نەگەڕێ‌ و بزانێ‌ چی تەواوە لە وەڵامی پرسیارەكان چی هەڵەیە، بەڵكو كۆتایی بەو بابەتە هات و ویژدانی ئاسودە بێت و شتی زیاتر چاوەڕێی قوتابییە، متمانەی بەخودی خۆی و خودای گەورە هەبێت كە هەموو ماندوو بوونێك شوێنی خۆی دەگرێت و سەردەكەوێت.

بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top