پڕۆفیسۆر نەدیم شەهەدی بۆ گوڵان:   ئەمریكا دۆڕاوی سەرەكیی ڕێككەوتنی ئێران و سعودیەیە  

پڕۆفیسۆر نەدیم شەهەدی بۆ گوڵان:     ئەمریكا دۆڕاوی سەرەكیی ڕێككەوتنی ئێران و سعودیەیە   

 

پڕۆفیسۆر نەدیم شەهەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری زانكۆی ئەمریكی لوبنانییە لە نیویۆرك و توێژەری بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیایە لە دامەزراوەی چەتەم هاووس، پێشتر بەڕێوەبەری سەنتەر فارێس بوو بۆ دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی توفتس، هەروەها بەڕێوەبەری دیراساتی لوبنانی بوو لە زانكۆی ئوكسفۆرد. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە ڕێككەوتنی ئەم دواییە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی ڕكابەری هەرێمی (عەرەبستانی سعودیە و ئێران) و دەرئەنجام و لێكەوتەكانی ئەم ڕێككەوتنە و پرسی بارودۆخی ناوخۆیی لوبنان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئێران بە پێشهات و پەرەسەندنێكی گرنگ دادەنرێت و هەندێ پێیان وایە ئەمە دەرئەنجامی ئەوەیە كە هەردوو وڵاتەكە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە چیتر ناتوانن لە ڕێی دژایەتیكردن و ڕكابەرایەتیكردنی یەكترییەوە بەرژەوەندییەكان بەدی بهێنن و پێویستە ڕێگەچارەی ئاشتییانە بگرنەبەر، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

-  بە تێڕوانینی من پاڵنەر و هۆكاری سەرەكیی گەیشتن بە ڕێككەوتن لە نێوان سعودیە و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستدانی متمانە بە سەركردایەتی و توانای ئەمریكا بۆ ئەوەی بتوانێت زامنی ئاسایشی وڵاتە هاوپەیمانەكانی بكات. ئێمە دەزانین پێشتر دۆخی ناوچەكە بە چەشنێك بوو كە لە لێواری ڕووبەڕووبوونەوەیەكی گەورەدا بوو لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەوە بوو، وڵاتی چین بووە ئەو بەدیلەی ڕووی تێ بكرێت، كە ئێمە دەزانین وڵاتی چین چەندین پەیوەندیی بەتینی بازرگانی هەیە هەر دوو لایەنەكەدا.

* بۆچوونێكی دیكە هەیە كە بە گومانەوە لە سەركەوتن و بەردەوامبوونی ئەم ئاشتەوایی و ڕێككەوتنە دەڕوانێت، ئەویش لەو ڕوانگەیەوە كە مێژووی ناكۆكیی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە چەشنێكە، كە زەحمەتە بتوانرێت ئەم ڕێككەوتنە بەردەوام بێت، خوێندنەوەی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- منیش پێم وایە كە متمانەی پێویست لە ئارادا نییە لە نێوان سعودیە و ئێراندا بۆ ئەوەی ببێتە بناغەیەك بۆ بەردەوامبوونی ڕێككەوتنەكە. هەرچۆنێك بێت، هەردوو وڵاتەكە توانیویانە ئەم ڕێككەوتنە وەك سەركەوتن وێنا بكەن و بیخەنە ڕوو، لەم ڕووەوە من دەتوانم ئەوە بڵێم كە ڕەنگە دۆڕاوی سەرەكیی ئەم ڕێككەوتنە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێت، چونكە لە مەودای دووردا ئێران هەست دەكات كە ئەمریكای تووشی شكست كردووە، چونكە توانیویەتی درزێك بخاتە نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەی كەنداودا.

* كەواتە لە ڕوانگەی وەڵامەكانتانەوە دەكرێت بگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەم ڕێككەوتنە بەڵگە و ئاماژەیە بە هەڵكشانی دەستڕۆیشتوویی چین و، ئەمەش مایەی ناڕەحەتی و نیگەرانیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، ئەگەرچی ئەمریكا بە فەرمی باسی لەوە كرد كە پێشوازی لە هەر هەوڵێك دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە؟

- ئێمە دەبێت لەوە بڕوانین كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ورد وردە دەرك بەو ڕاستییە دەكات كە هەر بۆشاییەك جێ بهێڵێت بە هۆی پاشەكشەكردنی لە ناوچەكەوە، ئەوا چین ئەم بۆشاییە پڕ دەكاتەوە، دەتوانم بڵێم هەمان پەرەسەندن لە ئەفریقا ڕوو دەدات، ئەوەتا چین سەرقاڵی كڕینی ئەو كیشوەرەیە و خستوویەتە داوی قەرزەكانیەوە، هەروەها ڕووسیاش گرووپی ڤاگنەری هەیە كە لە زۆربەی ناوچە پڕ لە ناكۆكییەكاندا شەڕ دەكات، لە كاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرقاڵی دەركردنی بەیاننامەیە لەسەر مافەكانی گرووپی پەلكەزێڕینەوە و هاوسەنگیی جێندەری.

* ئێوە لە میانەی وەڵامەكانتدا ئاماژەت بەوە كرد كە ڕەنگە ئێران هەست بكات شكستی بە ئەمریكا هێناوە لەبەر ئەوەی توانیویەتی درز بخاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی كەنداودا، ئایا دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین ئەم ڕێككەوتنە گومانی خستووەتە سەر پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عەرەبستانی سعودیە و، ئایا چۆن لە ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەڕوانیت؟

- لە ڕاستیدا ئێمە لەم ڕووەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە عەرەبستانی سعودیە لە سەروبەندی هێرشێكی گەورەی دیپلۆماسیدایە، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی هاوسەنگییەك بەدی بهێنێت لە نێوان پەیوەندییە ستراتیژییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەم پەیوەندییانەش بە چەشنێكن كە ناتوانرێت جێیان بگیرێتەوە و، دەیەوێت زامنی ئاسایشی خۆی بكات لە ڕێی سەقامگیركردنەوە و ئارامكردنەوەی ناوچە پڕ لە ناكۆكییەكانی وەك یەمەن، سووریا، عێراق و فەلەستین.

* هەر وەك ئێوە باستان لە پرسی پەیوەست بە كشانەوەی یان خۆبەدوورگرتنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، ئایا دەكرێت ئەم ڕێككەوتنەش لەم چوارچێوەیەدا لێك بدرێتەوە و پێت وایە ڕێگەچارەی بنیادنەر چییە كە پێویستە ئەمریكا بیگرێتەبەر لە ئاست ئەم ناوچەیەدا؟

- من پێم وایە هەنگاوی سەرەكی و بنەڕەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بتوانێت لەم ڕووەوە بیگرێتەبەر، بریتییە لە گۆڕینی تێڕوانینەكانی لە ئاست ئەم ناوچەیەدا. من لەم ڕووەوە باوەڕم وایە كە ناكرێت تێوەگلانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە شەڕی ئۆكرانیا جیا بكرێتەوە لە كێشە و قەیرانەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەمان كاتدا ئەمە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ پەرەسەندنەكانی داهاتووی پەیوەست بە پرسی تایوانەوە. لێرەدا من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە شێوازی خۆبەدوورگرتنی لە هەر دوو ووڵاتی عێراق و سووریاوە، پەیامێكی هەڵەی ئاراستەی هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئێران كرد. هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریكاش لەگەڵ وڵاتی چیندا گرێ دراوە بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە شەڕی ئۆكرانیاوە. پوختەی قسەكە ئەوەیە، ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بتوانێت پەرە بە ستراتیژیەتێكی جیهانی بدات بۆ پاڵپشتیكردن لە هاوپەیمانەكانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕكابەرەكانی، ئەوا تێڕوانین و ڕێگاچارەیەكی لەم چەشنە سەردەكێشێت بۆ گرتنەبەر و پیادەكردنی سیاسەتێكی دەرەكیی بنیادنەرتر.

* ئێوە كەسێكن كە لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخی لوبنان دەكەن، شتێكی شاراوە نییە كە هەمیشە پریشكی ئاگری ڕكابەریی عەرەبستانی سعودیە و ئێران چەندین وڵاتی ناوچەكەی گرتووەتەوە، یەكێك لە وڵاتانەی كە تووشی بارودۆخێكی نالەبار و ناهەموار بووەتەوە وڵاتی لوبنانە كە كەوتووەتە بەر بەرداشی ئەم ڕكابەرییە، كەواتە دەكرێت لەم ڕووەوە ئەم ئاشتەواییە دەرگایەكی خێر بە ڕووی ئەم وڵاتەدا بكاتەوە؟

- لە ڕاستیدا زەحمەتە بتوانین ئەمە بڵێین، چونكە هێشتا ئەوەتا ڕكابەری لە ئارادایە لە نێوانیاندا و هێشتا ئێران دەستڕۆیشتوویی و كاریگەری نەرێنیی هەیە لە وڵاتانی لوبنان و سووریا و فەلەستین و عێراق و ئەولەوییەتەكانی عەرەبستانی سعودیەش لە شوێنی دیكەن. هەرچۆنێك بێت ئایندەی تێكڕای ناوچەكە لە مەحەكدایە و پێویستە بە شێوازێكی گشتگیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، ڕووسیا و چین بڕوانین.

* هەر لە پەیوەندی بە لوبنانەوە، ئاشكرایە كە ئەم وڵاتە تووشی تەنگژە و قەیرانێكی قووڵ و ئاڵۆز بووەتەوە و، ئەمەش دۆخێكی پڕ لە هەژاری و بێبەشبوونی خوڵقاندووە و، بارێكی ناهەمواری بۆ خەڵكی ئەو وڵاتە دروست كردووە، ئێوە چۆن لە هۆكار و ئەنجامەكانی ئەم قەیرانانە دەڕوانن كە بەرۆكی ئەم وڵاتەیان گرتووە؟

- بۆچون و لێكدانەوەی من ئەوەیە كە هۆكاری سەرەكیی كێشەكانی لوبنان بریتییە لە تێكشكاندنی بەردەوامی وڵاتەكە لە ساڵی 2004ـەوە كاتێك ئەم وڵاتە هەوڵی دا خۆی لە دەستڕۆیشتوویی سووریا و چنگی حزبوڵا ڕزگار بكات. بۆیە وڵاتەكە تووشی داڕووخان بوو، لەژێر باری قورسی تیرۆركردنەكان و هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە لەگەڵ وڵاتی ئیسڕائیل و داگیركردنی شاری بەیرووت و هێرشكردنە سەر ئەم شارە لە نێوان ساڵانی 2006 و 2009 لەلایەن حزبوڵاوە، ئەمەش سەری كێشا بۆ ئیفلیجبوونی دامەزراوەكان و وڵاتەكەش بۆ ماوەی 29 مانگ بووە بارمتەی میلیشیاكان، لەو ماوەیەشدا بێ پەرلەمان بوو، لە نێوان ساڵانی 2006 و 2008دا نە حكومەت و نە سەرۆك نەبوون، تا ئەو كاتەی خۆیان سەرۆكێكیان هەڵبژارد، ئەمە لە پاڵ تەنگژەیەك لەگەڵ وڵاتە گەورەكانی كەنداو و ناكۆكی و كێشە لەگەڵ هاوبەشە ئابوورییە گەورەكەی لە كەنداو بۆ دروست بوو، بە هۆی حزبوڵا و هاوپەیمانەكانیەوە، ئەمە سەرباری ئاكامەكانی شەڕی سووریا و هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سووریاوە بۆ لوبنان. بە كورتی لوبنان بووە غەززەیەكی نوێ، گۆشەگیر و ئابڵوقە درا و لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی دابڕا.

 

Top