د. جەلال ئەحمەد بەرپرسی بنكەی توێژینەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: حكومەتی هەرێم بە ئاراستەی چارەسەركردنی گرفتەكان و دابینكردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان هەنگاوی ئەرێنی هەڵگرتووە
بەڕێز د.جەلال ئەحمەد بەرپرسی بنكەی توێژینەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و مامۆستایە لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین، هەروەها یەكێكە لە توێژەرە باشەكانی بواری كۆمەڵگە و ڕاپرسی، لەم بوارەشدا جێ دەستی دیارە و زۆر پسپۆڕانە ئامار و داتاكان لەسەر پرسە گرنگەكانی كۆمەڵگە كۆدەكاتەوە، لە گفتوگۆی ئەم جارە «خواست و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان»، بەم جۆرە بۆ چوونەكانی خستە ڕوو.
بە وتەیەكی تەها حسێنی شاعیر دەست پێ دەكەم كە دەڵێت: «سیاسییەكان تا خۆیان لەبیر نەكەن، ناتوانن خزمەتی گەلی خۆیان بكەن»، كەواتە ئەو قسەیەش لە جێی خۆیەتی ئەگەر بڵێین ڕەزامەندیی خەڵك لە ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشیان دەكرێن، بەندە بەوەی سیستمی سیاسی و حكومەت و كاربەدەستان، چەندە لە خەمی بەرزكردنەوەی كوالێتیی ژیانی خەڵكدان، كوالێتیی ژیانیش لە بەرجەستەكردنی كوالێتییەكی گشتگیردا بەرجەستە دەبێت، كە لە ڕۆژگاری ئێستادا پێداگرە لەسەر بەرزیی كوالێتیی بەرهەم و خزمەتگوزارییەكان لە ڕووی ئەدا و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكان بە ڕۆحییەتێكی دەستەجەمعی، لەپێناو كەمكردنەوە و كۆنتڕۆڵكردنی كاتی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەكانی كڕیار و بەكاربەران و دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕ و ژیان بەگشتی، بەو واتایەش بە پەیڕەوكردنی میتۆدێكی كاركردنی گشتگیر دەتوانرێت كاروبارەكان بە بەردەوامی باش هەڵسووڕێندرێن، خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییەكانیش لە ئاست چاوەڕوانی هاووڵاتیاندا بن.
لە هەرێمی كوردستاندا بە هەر هۆكارێك بێت تا ئێستا میتۆدی كاركردن لە پێناو گەیشتن بە كوالێتیی گشتگیر، وەك پێویست كاری پێ نەكراوە، بۆیەش هاووڵاتیان حەقی خۆیانە گلەییان هەبێت، بەتایبەت لە دواكەوتنی مووچە و شایستە داراییەكان و گرانی و خراپیی كوالێتیی سووتەمەنی و كەمی و خراپیی كوالێتی بەشێك لە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان و دابەزینی ئاست و كوالێتیی پەروەردە و پێگەیاندن و خراپیی ڕێگەوبانەكان و كەمیی كاتەكانی پێدانی كارەبا.
بۆ پاڵپشتیی ئەو قسانەم دەمەوێ بڵێم، كە لە ماوەی ڕابردوودا كێشەی كەمیی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دواكەوتنی مووچە، كە هێشتا تا ڕاددەیەك ماوە و كاتی هاتنی مووچە بووە بە مزگێنی و هەواڵێكی مژدەبەخش بۆ فەرمانبەران و خەڵكی ئاساییش، لەبەر ئەوەی مووچە هەر چەندە بەراورد بە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا باشتر بووە و پاشەكەوت نەماوە، بەڵام ساڵانێكی زۆرە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی ڕاگیراوە و ڕوودانی هەر پێشهاتێكی سیاسی و ئابووری، ترسی دواكەوتنی مووچە دەخاتە دڵیانەوە.
لە لایەكیترەوە گرانی و خراپیی كوالێتیی بەنزین لە هەرێم بەراورد بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند، هەڵكشانی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ ٢٨٠ هەزار دینار كە وای كرد زستان خەڵكێكی زۆر لە بەنزینخانەكان بە جلیكان نەوت بكڕن، جار بە جار سەرهەڵدانی قەیرانی كەمیی غاز، چۆن نابنە هۆی ئەوەی خەڵكی گلەییان لە دابینكردنیان هەبێت. نەبوونی بەردەوامی كارەبای نیشتمانی و زۆریی مۆلیدە و گرانیی نرخی ئەمپێرێك كارەبا بەهۆی هەڵكشانی نرخی گازەوە، سەرەڕای ئەوەی سیمایەكی ناشیرینیان بە گەڕەكەكان بەخشیوە، بوونەتە مایەی پیسبوونی هەواو و پیسبوونی بینایی (التلوث البصري) خۆشبەختانە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەڕێز سەرۆكی حكومەت بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبای بە تیشكی خۆر دانا و بەڵێنی دا كە كێشەی كارەبا چارەسەر دەكات و كۆتایی بە تۆڕێ جاڵجاڵووكەیی كێبڵی مۆلیدەكان دەهێنێت. لە بواری سووتەمەنییشدا دۆخەكە تا ڕاددەیەك بەرەو باشییە، بەڵام لە ڕووی تەندروستییەوە دۆخەكە هێشتا باش كۆنتڕۆڵ نەكراوە و لە نەخۆشخانە حكوومییەكاندا بەشێك دەرمانی پێویست دەست ناكەون، خەڵكێكی زۆریش لە ترسی سەرەگرتن بۆ ماوەیەكی زۆر بۆ بینینی دكتۆرێك، بە هۆی ئەوەی ژمارەیان كەمە، یان وەك پێویست دەوام ناكەن، ناچارن ڕوو بكەنەوە نەخۆشخانە تایبەتییەكان، بەو هۆیەشەوە دروستكردنی نەخۆشخانەی تایبەت بووەتە یەكێك لە بوارەكانی وەبەرهێنان لەسەر حیسابی كەرتی گشتی و گیرفانی هاووڵاتیان. بەشێك لە دكتۆر و تەنانەت یاریدەدەرەكانیشیان هێندەی لە نەخۆشخانە تایبەتییەكان دەوام دەكەن، هێندە لەو شوێنە دەوام ناكەن كە مانگانە مووچەیەكی باش لە بەرانبەر تەنیا چەند ڕۆژێك دەوامكردن وەردەگرن، زۆرن ئەو دكتۆرانەی لە ناو نەخۆشخانەی حكوومییەكاندا نەخۆش ڕادەسپێرن تا ئێوارە سەردانی عیادە، یان نەخۆشخانە تایبەتییەكەی خۆی، یا دكتۆرێكی هاوڕێی بكات، هاووڵاتیانیش كەم تا زۆر ئەوەیان بیستووە كە بەشێك لە دكتۆرەكان ماوەیەك بوو ببوون بە ساخكەرەوەی جۆرەها دەرمان بۆ كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی دەرمان. لە كەرتی پەروەردە و پێگەیاندنیشدا، خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست و سەردەمی نین، قوتابخانەكان لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان وەك پێویست نین، ژمارەیەكی زۆریشیان لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە دەوامێكیان تێدا دەكرێت و، بەشێكیان كێشەی گونجان بۆ بەكارهێنانیان هەیە و ژمارەی پێویست لە مامۆستایان نییە، ژمارەی قوتابی لە هەر پۆلێكیشدا لە ستاندارد زۆر زیاترە، بە داخەوە كەرتی پەروەردە و پێگەیاندنیش زیاتر لە قازانجی كەرتی تایبەتدا بووەتە قوربانی لەسەر حیسابی خزمەت و بەرژەوەندیی گشتی، حاڵی بەشێك لە زانكۆكانیش لە قوتابخانەكان باشتر نییە. بەشێك لە ڕێگەوبانەكان بە ڕێگەی مەرگ ناسراون و ساڵانە ژمارەیەك هاووڵاتی دەبنە قوربانیی خراپیی كوالێتیی ڕێگەوبان، سەرەڕای ئەم كەموكووڕییانەش، بەڵام لە هەرێمدا ئاسایش و ئارامییەكی باش هەیە و خەڵكی هەستی پێ دەكەن و حكومەت تا ئەو ڕادەیەیەی لە توانایدایە، لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و پاكوخاوێنی شوێنەكانی گەشتوگوزار و پشوودان و دابینكردنی بەروبووم و خۆراك و گواستنەوە و گەیاندن ڕێگەوبان و بەڕێوەبردنی كاروبارە ئیدارییەكان، خزمەتی خەڵكی كردووە و ڕێژەیەكی باش لێی ڕازین. حكومەتی هەرێمیش بە ئاراستەی چارەسەركردنی گرفتەكان و دابینكردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان هەنگاوی ئەرێنی هەڵگرتووە، ئەگەر حكومەتی عێڕاق لەگەڵیدا هەماهەنگ بێت، دواجار دەڵێم پێویستە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ببنە جێی بایەخی پارتە سیاسییەكان و خەڵك، كارنامەكانی هەڵبژاردنیش لە خزمەت پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا بێت.