*شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK دەكات*
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 22 / 5 / 2023، شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK كردو، باسیان لە بارودۆخی سیاسی كوردستان و هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و یەکڕیزى نێوانە لایەنە سیاسییەکان و پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار تاهیر سەعید ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم و پاڵە گەردى ئەندامانى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و جەلال سمایل و زوبێر عومەر ئەندامانى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK )، پێشوازیانكرد لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (د. جهعفهر ئیمێنكی ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى بەشى پەیوەندى گشتیى PDK و د. چنار سەعد عەبدوڵڵا و بڵند ئیسماعیل ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى و رەسووڵ رەزگەیى و عیماد تەها ئەندامانى بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان)، لەدیدارێکى برایانەدا باسیان لە بارودۆخی سیاسی كوردستان و دوا ئەگەرو پێشهاتەكان كردو، یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە كوردستانییەكان لەو گۆڕان و پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكەدا دێنەپێشەوە وەك كاریگەرترین چەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیلانى ناحەزان باسی لێوەكرا، هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کەوا پێویستە راوێژى سیاسیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت بۆ دەربازکردنى قەیرانەکان، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان کرا و، هەردوو لا هاوڕابوون کەوا پێویستە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان لەم ساڵدا ئەنجامبدرێت.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پەیوەندی نێوان YNDK و پارتی دیموكراتی كوردستان كراو جەختكرایەوەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
میدیا - هەولێر :