بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێنجەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری
ڕۆژی 3ی ئاداری 2023، لێژنەی بازنەی گفتوگۆ بە ئامادەبوونی بەڕێزان «شڤان حەمدی، د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد» پێنجەمین كۆبوونەوەی خۆی ساز دا، بە مەبەستی خۆئامادەكردن بۆ گفتوگۆیەكی تازە لەسەر پرسێكی گرنگ كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە كۆمەڵگە و ژیانی هاووڵاتیانی كوردستانەوە هەیە.
لەم كۆبوونەوەیدا چەندین پرسی گرینگ خرانە ڕوو، بەڵام سەرەنجام كۆبوونەوەكە بڕیاری دا كە پێنجەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بۆ «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» تەرخان بكەین، لە بەر ئەم هۆكارانە:
• كۆمەڵگەی كوردستان بە ئاستێك بە سیاسی كراوە، كە تیایدا خەم و كێشەكانی خەڵك وەك خۆیان نابیندرێن و گرنگە هەوڵێك هەبێت، ئەم بەسیاسیكردنەی كۆمەڵگە كاڵ بكرێتەوە و، خەم و كێشەكانی خەڵك بە مەدەنییانە و دوور لە ئایدیۆلۆژیەتی حزبی گفتوگۆی جددی و ڕاشكاوانەی لەسەر بكرێت.
• هەر لەم كۆبوونەوەیەدا گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە لەناو كۆمەڵگەی بەسیاسیكراودا، خەم و كێشەكانی خەڵك ئەگەر ونیش نەبن، بە شێوەیەكی ڕوون و بێخەوش نابیندرێن و، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتی هەست بەوە بكات، پەراوێز خراوە و كەس خەم و كێشەكانی بە هەند هەڵناگرێت، بۆیە بڕیار درا ڕاپرسییەكی ئۆنڵاین لە سەرتاسەری كوردستان ئەنجام بدرێت و ئاكامی ئەو ڕاپرسییە بە داتا و ئامار بخرێتە سەر شاشە و لە كۆبوونەوەكەدا بخرێتە ڕوو.
• سەبارەت بە بەشداربووانی ئەم گفتوگۆیە، كۆبوونەوە پێی باش بوو كە لەگەڵ ئەو كەسایەتی و لایەنانە ئەم گفتوگۆیە بەڕێوە بچێت، كە ڕاستەوخۆ و ڕۆژانە كۆنتاكتیان لەگەڵ هاووڵاتیان هەیە و، هەروەها كۆی كێشە و ناڕەزاییەكانی خەڵك ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، كە بێگومان ئەو كەسایەتی و لایەنانەش بەڕێزان «پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستانن».
دوای ئەوەی كۆنووسی ئەم كۆبوونەوەیەمان بۆ بەڕێز د.سالار عوسمان بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەرزكردەوە و پەسەندیان كرد، ئەندامانی لێژنەی بازنەی گفتوگۆ پەیوەندییان بە سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كرد و، بە فەرمی بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ نارد، بە سوپاسەوە هەموویان بانگهێشتنامەی بازنەی گفتوگۆیان قبووڵ كرد، بەڵام مەرجی ئەوەشیان بۆ داناین ئەگەر «پابەندبوونی زەروورییان بۆ نەیەتە پێشەوە، كە ببێتە ڕێگر لە ئامادەبوونیان»، بۆیە ڕۆژی 15ی ئایاری 2023 كە ڕۆژی ئەنجامدانی گفتۆگۆی «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بە یەك دوو كاتژمێر پێش ئەنجامدانی گفتوگۆیەكە ئەم بەڕێزانە داوای لێبوردنیان لێ كردین كە ناتوانن ئامادە بن ئەوانیش:
• گۆهدار شێخۆ بەرپرسی ئیدارەی زاخۆ لە جێی خۆی بەڕێز فارس یوحەننای جێگری سەرپەرشتیاری زاخۆی بۆ گفتوگۆكە نارد.
• هیوا قەرەنی بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین داوای لێبوردنی كرد، كە ناتوانێت ئامادە بێت.
• جەلال نووری بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان داوای لێبوردنی كرد، كە ناتوانێت ئامادە بێت.
لەگەڵ ئەوەی وەك لێژنەی بازنەی گفتوگۆ زۆرمان پێ ناخۆش بوو، ئەم بەڕێزانە نەیانتوانی ئامادە بن، كە بێگومان بە ئامادەبوونی ئەوان گفتوگۆكە زیاتر دەوڵەمەندتر دەبوو، خەم و كێشەی هاوڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە خۆشەویستەش (گەرمیان و ڕاپەڕین) لە گفتوگۆكەدا بوونیان دەبوو، بەڵام گومانی تێدا نییە خەم و كێشەی هاووڵاتییەك لە گەرمیان و هەڵەبجە، لەگەڵ دهۆك و زاخۆ، هەروەها خەم و كێشەی هاووڵاتییەك لە سلێمانی و ڕاپەڕین لەگەڵ خەم و كێشەكانی هاووڵاتییانی هەولێر و سۆران هەر وەك یەكە و هیچ جیاوازییەكی نییە.
لە پێنجەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ «خەڵك و ئاستی پێشكەكردنی خزمەت گوزاری» ئەم بەڕێزانە ئامادە بوون:
1- د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان.
2- ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجەی شەهید.
3- ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر.
4- د. هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی.
5- د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك.
6- هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
7- فارس یوحەننا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ.
8- شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ.
9- د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ.
10- د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ.
11- فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ.
ڕاپرسیی بازنەی گفتوگۆ
خەڵك و ئاستی
پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری
ڕاپرسییەكە لە ڕێی سێرڤەرئۆنڵاینی (Kobotoolbox)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دراوە، 1190 هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بەم جۆرە بەشدارییان تێدا كردووە: لە هەولێر بە ڕێژەی ٢٦٪، سلێمانی ١٩٪، دهۆك ١٧٪، ئیدارەی سۆران ١٥٪، ئیدارەی ڕاپەڕین ٩٪، هەڵەبجە ٦٪، ئیدارەی زاخۆ ٤٪ و ئیدارەی گەرمیان تەنیا ٣٪ كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، تیلیگرام، وەتسئەپ و ڤایبەر وەڵامی پرسیارەكانیان داوەتەوە و لە ماوەی 5 تا 2023/5/13 ئەنجام دراوە.
لە ڕاپرسییەكەدا پرسیار لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كراوە، كە:
چەندە لە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان ڕازین؟
داتاكانی ڕاپرسییەكە نیشانیان دا، كە بە ڕێژەی ٧٢٪ لە دابینكردنی سووتەمەنی و وزە، ٦٥٪ لە مووچە و شایستە داراییەكان، ٥٣٪ لە تەندروستی، ٥١٪ لە كارەبا و ٥٠٪ لە پەروەردە و پێگەیاندن لە دیارترین ئەو خزمەتگوزارییانەن كە خەڵكی بە ڕێژەیەكی زۆر لێیان ناڕازین. لە بەرانبەردا هاووڵاتیان بە ڕێژەی ٨٥٪ لە دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری، ٧٦٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٧٠٪ لە پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام شوێنە گشتییەكان، ٦٧٪ لە گەشتوگوزار و شوێنی پشوودان، ٦٣٪ لە گواستنەوە و گەیاندن و دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی، ٦١٪ لە ڕاییكردنی كاروبارەكان لە فەرمانگەكان، ٦٥٪ لە ڕێگەوبانەكان ڕازین.
لەسەر ئاستی پارێزگاش لە هەولێر: خەڵكی بە ڕێژەی ٧١٪ لە سووتەمەنی و وزە، ٦٧٪ لە مووچە و شایستەی دارایی، ٥٤٪ لە تەندروستی، ٥١٪ لە پەروەردە و پێگەیاندن و ٥٠٪ لە كارەبا ناڕازین؛ لە بەرانبەردا نزیكەی ٨٧٪ لە ئاسایش و سەقامگیری، ٨١٪ لە پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام وشوێنە گشتییەكان، ٧٣٪ لە گەشتوگوزار و شوێنەكانی پشوودان، ٧١٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٦٠٪ لە دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی و ڕاییكردنی كاروبارەكان لە فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان، ٥٨٪ لە گواستنەوە و گەیاندن و ڕێگەوبانەكان ڕازین.
دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی بە ڕێژەی ٧٧٪ لە سووتەمەنی و وزە، ٧٤٪ لە مووچە و شایستەی دارایی، ٦١٪ لە ڕێگەوبانەكان، ٥٣٪ لە تەندروستی، ٥٠٪ لە كارەبا و پەروەردە و پێگەیاندن و دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی ناڕازین، لە بەرانبەردا نزیكەی ٧٤٪ لە ئاسایش و سەقامگیری، ٦٩٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٦٢٪ لە گەشتوگوزار و شوێنەكانی پشوودان، ٦٠٪ لە گواستنەوە و گەیاندن و ڕاییكردنی كاروبارەكان لە فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان، ٥٨٪ لە پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان ڕازین.
خەڵكی پارێزگای دهۆك بە ڕێژەی ٨٢٪ لە سووتەمەنی و وزە، ٦٧٪ لە مووچە و شایستەی دارایی،٦٤٪ لە كارەبا، ٦٣٪ لە تەندروستی، ٦٠٪ لە پەروەردە و پێگەیاندن،٥٥٪ لە دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی ناڕازین، لە بەرانبەردا نزیكەی ٩٢٪ لە ئاسایش و سەقامگیری، ٨٢٪ لە پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان، ٧٩٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٦٩٪ لە ڕێگەوبانەكان، ٦٣٪ لە گواستنەوە و گەیاندن،٦٠٪ لە گەشتوگوزار و شوێنەكانی پشوودان، ٥٥٪ لە ڕاییكردنی كاروبار لە فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان ڕازین.
هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە بە ڕێژەی ٦٦٪ لە لە مووچە و شایستەی دارایی، ٦٢٪ لە سووتەمەنی و وزە، ٤٩٪ لە ڕێگەوبانەكان، ٤٧٪ لە پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان ناڕازین، لە بەرانبەردا ٨٨٪ لە ئاسایش و سەقامگیری، ٨٢٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٧٤٪ لە گواستنەوە و گەیاندن، ٧٢٪ لە گەشتوگوزار و شوێنەكانی پشوودان، ٦٩٪ لە دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی، ٦٨٪ لە پەروەردە و پێگەیاندن، ٦٢٪ لە ڕاییكردنی كاروبارەكان لە فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان، ٥٧٪ لە تەندروستی، ٥٦٪ لە دابینكردنی كارەبا ڕازین.
هاووڵاتیانی ئیدارەی گەرمیان بە ڕێژەی ٧٤٪ لە سووتەمەنی و وزە، ٧٢٪ لە تەندروستی،٦٢٪ لە مووچە و شایستەی دارایی، ٥٦٪ لە پەروەردە و پێگەیاندن، ٥٤٪ لە ڕێگەوبانەكان ناڕازین، لە بەرانبەردا بە ڕێژەی ٨٢٪ لە پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان، ٨٠٪ لە ئاسایش و سەقامگیری، ٧٧٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٧٤٪ لە ڕاییكردنی كاروبار لە فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان، ٦٤٪ لە گەشتوگوزار و شوێنەكانی پشوودان، ٥٦٪ لە كارەبا، ٥٦٪ لە دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی، ٥٤٪ لە گواستنەوە و گەیاندن ڕازین.
نیشتەجێیانی ئیدارەی ڕاپەڕین بە ڕێژەی ٧٦٪ لە سووتەمەنی و وزە،٧٠٪ لە ڕێگەوبانەكان، ٦٢٪ لە مووچە و شایستەی دارایی، ٥٨٪ لە تەندروستی، ٥٢٪ لە كارەبا و ٤٨٪ لە پەروەردە و پێگەیاندن ناڕازین، لە بەرانبەردا نزیكەی ٨٨٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٨٢٪ لە ئاسایش و سەقامگیری، ٦٦٪ لە ڕاییكردنی كاروبار لە فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان و دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی، ٦٥٪ لە گواستنەوە و گەیاندن، ٦٢٪ لە گەشتوگوزار و شوێنەكانی پشوودان، ٥٤٪ لە پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان ڕازین.
خەڵكی ئیدارەی زاخۆ بە ڕێژەی ٧٩٪ لە سووتەمەنی و وزە، ٦٤٪ لە تەندروستی، ٥٨٪ لە پەروەردە و پێگەیاندن، ٥٦٪ لە كارەبا، ٥٤٪ لە مووچە و شایستەی دارایی ناڕازین، لە بەرانبەردا نزیكەی ٩٢٪ لە ئاسایش و سەقامگیری، ٨٥٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٧٩٪ لە پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان، ٦٧٪ لە ڕێگەوبانەكان، ٦٤٪ گواستنەوە و گەیاندن، ٦٣٪ لە دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی، ٦٢٪ لە گەشتوگوزار و شوێنەكانی پشوودان و ڕاییكردنی كاروبار لە فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان ڕازین.
دانیشتووانی ئیدارەی سۆران بە ڕێژەی ٥٨٪ لە مووچە و شایستەی دارایی، ٥٤٪ لە سووتەمەنی و وزە، ٤٥٪ لە ڕێگەوبانەكان ناڕازین، لە بەرانبەردا بە ڕێژەی ٩٠٪ لە ئاسایش و سەقامگیری، ٧٩٪ لە ئاو و ئاوەڕۆ، ٧٥٪ لە گەشتوگوزار و شوێنەكانی پشوودان و گواستنەوە و گەیاندن، ٧٤٪ لە دابینكردنی خۆراك و بەروبوومی كشتوكاڵی،٧٠٪ لە ڕاییكردنی كاروبارەكان لە فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان، ٦٤٪ لە تەندروستی و پاكوخاوێنی و ڕازاندنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان، ٦٣٪ لە كارەبا و ٥٩٪ لە پەروەردە و پێگەیاندن ڕازین.
هاووڵاتیان لە بەرچی لە خزمەتگوزارییەكان ناڕازین؟
٧٤٪یان لە بەر نەشیاویی كاربەدەستان، ٧١.٥٪ گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی، ٥٩٪ ناكۆكی و ململانێی حزبی، ٥٧٪ دەستتێوەردانی كەسانی دەستڕۆیشتوو لە كاروبارەی ئیداری، ٣٦٪ قۆرخكاری، ٣٣٪ قەیرانی دارایی، ٣١٪ بەشبەشێنەی عەشایەری، ٣٠٪ ناوچەگەرێتی، ٢٩٪ كێشەكانی هەرێم و بەغدا، ٢٠٪ ڕێگری و دەستتێوەردانی دەرەكی بە هۆكاری ناڕازیبوونیان لە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان دەزانن.
هۆكاری ناڕازیبوون لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان:
ناكۆكی و ململانێی حزبی: هەولێر بە ڕێژەی ٥٤٪، سلێمانی ٦٨٪، دهۆك ٦٥٪، هەڵەبجە ٦٦٪، زاخۆ ٦٧٪، ڕاپەڕین ٦٣٪، گەرمیان ٥٤٪، سۆران ٤٦٪.
نەشیاویی بەرپرسانی خزمەتگوزار و ئیداری: هەولێر بە ڕێژەی ٧٦٪، سلێمانی ٧٤٪، دهۆك ٧٨٪، هەڵەبجە ٧٠٪، زاخۆ و ڕاپەڕین ٧٥٪، گەرمیان ٥٦٪، سۆران ٧١٪.
قەیرانی دارایی، هەولێر و سلێمانی: ٣٧٪، دهۆك ٣٣٪، هەڵەبجە ٣٢٪، زاخۆ ١٩٪، ڕاپەڕین و سۆران ٢٩٪، گەرمیان ٢٣٪.
گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی: هەولێر بە ڕێژەی ٦٩٪، سلێمانی ٧٧٪، دهۆك ٧٦٪، هەڵەبجە ٧٢٪، زاخۆ و سۆران ٦٧٪، ڕاپەڕین ٧٨٪، گەرمیان ٥٩٪.
قۆرخكاری: هەولێر بە ڕێژەی ٣٤٪، سلێمانی ٤٧٪، دهۆك ٣٠٪، هەڵەبجە ٤٠٪، زاخۆ ٣٩٪، ڕاپەڕین ٤١٪، گەرمیان ٢٣٪، سۆران ٣١٪.
كێشەكانی هەولێر و بەغدا: هەولێر بە ڕێژەی ٣٢٪، سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە٢٨٪، زاخۆ و سۆران٢٣٪، ڕاپەڕین و گەرمیان ٣١٪.
دەستتێوەردانی دەرەكی: هەولێر بە ڕێژەی ١٨٪، سلێمانی و ڕاپەڕین ٢٣٪، دهۆك ١٤٪، هەڵەبجە ٢٥٪، زاخۆ ٢١٪، گەرمیان ٨٪، سۆران ٢٤٪.
ناوچەگەرێتی: هەولێر بە ڕێژەی ٢٦٪، سلێمانی ٤٢٪، دهۆك ٢٠٪، هەڵەبجە ٣٢٪، زاخۆ ١٧٪، ڕاپەڕین ٣٠٪، گەرمیان ٢٧٪، سۆران ٣٣٪.
بەشبەشێنەی عەشایەری: هەولێر بە ڕێژەی ٢٨٪، سلێمانی ٢٧٪، دهۆك ٥٠٪، هەڵەبجە ١٥٪، زاخۆ ٣٧٪، ڕاپەڕین ٢٢٪، گەرمیان ٢٣٪، سۆران ٣٠٪.
دەستتێوەردانی دەستڕۆیشتووان لە كاروباری ئیداری: هەولێر بە ڕێژەی ٥٣٪، سلێمانی و ڕاپەڕین ٦٠٪، دهۆك و زاخۆ ٥٨٪، هەڵەبجە ٦٣٪، گەرمیان ٤٩٪، سۆران ٥٤٪.
هاووڵاتیانی هەرێم تا چەند گەشبینن بە داهاتووی خزمەتگوزارییەكان؟
بە ڕێژەی ٤٦٪ دڵنیا نین لەوەی ئاخۆ چی بەسەر ڕەوشی خزمەتگوزارییەكاندا دێت، لە كاتێكدا ٢٩٪یان پێیانوایە خزمەتگوزارییەكان لە داهاتوودا باشتر دەبن؛ لە بەرانبەردا ٢٥٪یان لەم بارەیەوە گەشبین نین.
لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، لە هەولێر دڵنیا نین ٤٤٪، باشتر دەبن ٣٤٪، باشتر نابن ٢١٪، لە سلێمانی دڵنیا نین٤٥٪، باشتر دەبن ٢٣٪، باشتر نابن ٣٢٪، لە دهۆك دڵنیا نین٤٣٪، باشتر دەبن ٣٥٪، باشتر نابن ٢٢٪، لە هەڵەبجە دڵنیا نین٤٧٪، باشتر دەبن ٢٧٪، باشتر نابن ٢٨٪، لە زاخۆ دڵنیا نین ٤٦٪، باشتر دەبن ٣٣٪، باشتر نابن ٢١٪، لە ڕاپەڕین دڵنیا نین ٤٩٪، باشتر دەبن ١٥٪، باشتر نابن ٣٦٪، لە گەرمیان دڵنیا نین ٥١٪، باشتر دەبن ٢٦٪، باشتر نابن ٢٣٪، لە سۆران دڵنیا نین ٥٢٪، باشتر دەبن ٢٦٪، باشتر نابن ٢٢٪.
سەبارەت بە پێشنیازی هاووڵاتیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، ڕێژەی ٦٤٪یان لێپێچینەوە و ڕێكاری یاسایی لە بەرانبەر گەندەڵكاراندا بە پێویست دەزانن لەگەڵ دانانی كەسانی تەكنۆكراتی لێزان لە پۆستە ئیدارییەكاندا، ٥٨٪یان لەگەڵ ئەوەدان دەستی حزب لەناو دامەزراوە و فەرمانگە حكوومییەكاندا دوور بخرێتەوە، ٤٦٪یان هاووڵاتیان بە كەمتەرخەم دەزانن لە دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی، ٤٠٪یان پێیان باشە بەرپرسانی ئیداری بە هەڵبژاردن دابنرێن، ٣٦٪یان داوای هێڵێكی كارا بۆ سكاڵاكردن دەكەن.
ئەنجامگیری:
نەبوونی سووتەمەنی و دواكەوتنی مووچە و شایستە داراییەكان و تەندروستی و پێگەیاندن و پەروەردە و كەمیی كارەبا، دیارترینی ئەو خزمەتگوزارییانەن كە ڕێژەیەكی زۆری هاووڵاتیان لێیان بە گلەیین، سەرەڕای ئەم كەموكووڕییانەش، بەڵام پێشیان وایە لە هەرێمدا ئاسایش و ئارامییەكی باش هەیە و حكومەت تا ئەو ڕاددەیەی لە توانایدایە لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و پاكوخاوێنی و شوێنەكانی گەشتوگوزار و پشودان و دابینكردنی بەروبووم و خۆراك و گواستنەوە و گەیاندن و ڕێگەوبان و بەڕێوەبردنی كاروبارە ئیدارییەكان خزمەتی خەڵكی كردووە و بە ڕێژەیەكی باش لێی ڕازین.
د.سالار عوسمان
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:
دەبێت پێكەوە بیر لەوە بكەینەوە چۆن لەگەڵ سایكۆلۆژیەتیی ناڕەزایی خەڵك دیالۆگ دروست بكەین
بەڕێز د.سالار عوسمان ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و یەكێكە لە ڕۆژنامەنووس و قەڵەمە دیارەكانی هەرێمی كوردستان و، لە بواری كاری ڕۆژنامەنووسی و میدیادا زۆر بایەخی بە كرانەوە و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و خواست و داواكارییەكانی خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان داوە، لەسەر پرسە نیشتمانییەكانیش هەموو كات جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەم نیشتمانە نیشتمانی هەموومانە و ئەم حكومەتە حكومەتی هەموومانە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان و تێكڕای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، كاتێك دێینە سەر باسی نیشتمان و چارەنووس و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان، دەبێت جیاوازییە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییەكانمان بكەینە سۆنگەی فرەدیدگا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمە چەشن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان. لە بازنەی گفتۆگۆی ئەمجارەدا «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان» دوای بەخێرهێنانی بەشداربووانی ئەم بازنەیە و ڕوونكردنەوەی ئامانجی «بازنەی گفتوگۆ»، جارێكی دیكە جەختی لەوە كردەوە كە ئێمە دەبێت جیاوازییەكانمان خاڵی بەهێزمان بێت، هەروەك فرەیی نەتەوەیی و ئایینیی خەڵكی كوردستان بووەتە جێگەی شانازی و شكۆی هەرێمی كوردستان لە جیهاندا و، بەمجۆرەش سەبارەت بە خواستی خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو:
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزان پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر پرسێكی زۆر ژیاری و گرنگ دەكەین، كە ئەویش پرسی «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان»ـە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بەم بۆنەیەوە جارێكی دیكە بە ناوی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە تایبەتیش بە ناوی لێژنەی بازنەی گفتوگۆ زۆر سوپاستان دەكەین كە ڕێگەی دوورتان بڕی و لەم گفتوگۆیە ئامادە بوون.
بە ڕاستی لەم گفتوگۆیە هەموو بەڕێزان زۆر بە جوانی توانییان وێنە و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بگوازنەوە، ئەمەش زەمینەی ئەوەی دروست كرد، گفتوگۆیەكی دروست بە ئاراستەیەكی ڕاست بێتە ئاراوە. ئەم جۆرە گفتوگۆیە كە یەكێكە لە ئامانجەكانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، لەو ڕوانگەیەوە هاتووەتە ئاراوە كە هەستمان كردووە ئەوەی پێی دەگوترێت گفتوگۆ و ڕۆشنبیری، لێكتێگەیشتن بووە بە بەشێك لە ململانێی نادروستی سیاسی و یەكتری شكاندن، هەر بۆیە ئەم هەوڵەی ئێمە بۆ ئەوە بووە سەكۆیەك دروست بكەین، بۆ ئەوەی جیاوازییەك بكەینە دیدگای فرە ڕەهەند بۆ دیوە جوانەكانی ڕاستی و پێكەوە بیر لە خەمەكانی نیشتمان و خەڵكی خۆمان بكەینەوە، لەم پێناوەشدا باجەكەی چەند قورس و تاڵیش بێت، دەبێت ڕاستییەكان وەك خۆی بخەینە ڕوو، لەبەر ئەوەی كوردستان و هەقیقەتی ژیان و گوزەرانی ژیانی خەڵك لە هەموو شتێكی دیكە گەورەترن.
ئەوەی لەم ڕاپرسییەی بازنەی گفتوگۆ دڵخۆشی كردم، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە كە خەڵك زۆر بە ئەرێنی باسی كردووە، ئەمەش لایەنێكی زۆر ئەرێنییە كە خەڵكی كوردستان بەو جۆرە باس لە ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان بكات و، دەبێت میدیا و ڕاگەیاندن زۆر بە بەیاخەوە لەسەر ئەم پرسە كار بكەن و، زیاتر جەخت لەسەر ئەم لایەنە بكەنەوە.
لایەنێكی دیكەی ڕاپرسییەكە كە بەڕێزان بەگشتی و د.عەلی تەتەر و كاك ئومێد خۆشناویش ئاماژەیان پێ كرد، منیش هاوڕام كە ئاكامی ڕاپرسیی خەڵك هەر چۆنێك بێت «ئەرێنی یان نەرێنی» دەبێت بە بایەخ و گرنگییەوە وەربگیرێت، هەتا ئەگەر ئەو ڕاپرسییە ڕەنگدانەوەیەكی تەواوی واقیعەكەش نەبێت، بۆیە لەو خاڵەوە دەچمە ناو ئەم پرسە كە بە هۆی كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی و میدیایی، جۆرێك لە سایكۆلۆژیەتی ناڕەزایی لای خەڵك دروست بووە و، ئەم سایكۆلۆژیەتەش بووەتە واقیع، بۆیە دەبێت هەموومان پێكەوە بیر لەوە بكەینەوە چۆن دیالۆگ لەگەڵ ئەم سایكۆلۆژیەتی ناڕەزاییە دروست دەكەین، ئەمەش بەرەنجامی ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنەیە كە بێجگە لە كورسی و دەنگ، نیشتمانی لا مەبەست نییە، هەروەها ئەو میدیایانەی كە بێجگە لە لایك و كۆمێنت، هیچ بەهایەكی دیكەیان لا پیرۆز نییە، ئەم ئاراستەیە زۆر كەسی بەتاڵی پڕ كرد، زۆر كاری لە كوردستاندا بەلاڕێدا برد.
پرسی گرنگ ئەوەیە چۆن كار لەسەر ئەم پرسە هەستیارە بكەین، پێموایە دەبێت كار لەسەر گۆڕینی ئەم سایكۆلۆژیەتەی ناڕەزایی بكەین كە ئێستا لای خەڵكی كوردستان دروست بووە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا كاری ئێمە بۆ ئەوە بێت، ناڕەزاییەكان بگۆڕین بۆ پشتگیریی ڕەهای حكومەت؟ نەخێر، دەبێت بیگۆڕین بۆ سایكۆلۆژیەتێكی ڕاست، كە بێگومان لە سایكۆلۆژیەتی ڕاستدا هەم ڕەخنە و ناڕەزایی هەیە، هەمیش دەستخۆشی و پشتگیری لە كارە باشەكانی حكومەت هەیە، یەكێك لەو نێوەندانەشی ئەم كارەی پێ دەكرێت، میدیایە كە بەداخەوە تا ئێستا میدیا ئەم ڕۆڵەی نەگێڕاوە.
لەم چوارچێوەیەدا هەست دەكەین حكومەتی خۆشمان خەمساردی هەبووە و، نەیتوانیوە جگە لە هەواڵ و ڕووماڵ پەیوەندییەكی دیكە لەگەڵ میدیا دروست بكات، بۆیە كاتێك سەرنج دەدەین، دەبینین حكومەتی خۆمان (وەزیرەكان، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان) بێجگە لە لێدوان و دیمانە و ڕووماڵ پەیوەندییەكی دیكەیان لەگەڵ میدیا نییە، ئەمەش واتە تەنیا پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە پیشەییەكەی میدیا هەیە، بەڵام لەگەڵ بەشە نیشتمانییەكەی میدیا هیچ پەیوەندییەكیان نییە، بۆیە لێرەوە پێشنیار دەكەم، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی وەزیرەكان و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان لینكێكی نزیك لەگەڵ میدیاكاران بكەنەوە و دیالۆگێكی ڕاشكاویان لەگەڵ دروست بكەن و، پێیان بڵێن ئەم نیشتمانە بەر لەوەی هی ئێمە بێت، هی ئێوەیە، هەستێك بۆ میدیاكاران دروست بكەن، كە ئەم وڵاتە وڵاتی ئەوانە و ئەم حكومەتە حكومەتی ئەوانیشە.
ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە :
هەڵەبجە لە بەر قورسایی سیاسی و نەتەوەیی كراوەتە پارێزگا، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە لەبەرچاو نەگیراوە
بەڕێز ئازاد تۆفیق جیا لەوەی ئێستا پارێزگاری هەڵەبجەیە، یەكێكە لە تێكۆشەرە دێرینەكان و ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنكارێكی دیاری كوردستانە و، هەموو كات لەسەر پرسە نیشتمانییەكان و داكۆكیكردن لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی جوامێرانەی هەبووە، لەو كاتەوەش كە ئەركی پارێزگاری هەڵەبجەی پێ سپێردراوە، هەموو كات هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بایەخ بە پێداویستییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بدات و هەموو كات ئەوەی بیر خستوونەتەوە كە هەڵەبجەی شەهید بۆیە بووەتە پارێزگا، لەبەر ئەوەیە كە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە كیماباران كراوە، بۆیە دەبێت لە ئاوەدانكردنەوەشدا بایەخی زیاتری پێ بدرێت. لە گفتوگۆی ئەمجارەدا «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان» بەم ڕاشكاوییە پێداویستی و ئاستی نزمیی خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای هەڵەبجەی خستە ڕوو.
سەرەتا دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەكەم بۆ سازكردنی ئەم گفتوگۆیە، پێشەكی دەمەوێت وەسفێكی جوگرافیی هەڵەبجەتان بۆ بكەم، بۆ ئەوەی بزانین ئایا لە ناو جوگرافیای پارێزگای هەڵەبجەدا ئیمكانییەت هەیە بۆ ئەوەی حكومەت وەبەرهێنانی تێدا بكات و پارێزگاكە ئاوەدان بكاتەوە و زیاتر پەرەی پێ بدات، یان پارێزگاكە هەر خۆی هەژارە و بواری پەرەپێدان و وەبەرهێنانی تیدا نییە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەم زانیارییانە بۆ ئێوە دەخەمە ڕوو:
پارێزگای هەڵەبجە پێكهاتووە لە یەك قەزاو چوار ناحیە و ژمارەی دانیشتووانی 130 هەزار كەسە و، ڕاشكاوانە دەیڵێم هەڵەبجە لەبەر ئەو قورساییەی لە ناو كایەی سیاسی و نەتەوەییدا هەیەتی، بووەتە پارێزگا و حاڵەتێكی تایبەتە، بەڵام ئەم حاڵەتە تایبەتەی هەڵەبجە لە هیچ كام لە كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر چاو نەگیراوە، ڕاستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە لەبەر تایبەتمەندییەكەی بیكاتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە هیچ پلانێكی نەبووە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ئاوەدان بكاتەوە، یان وەبەرهێنانی پێویستی تێدا بكات. ئەمە لە كاتێكدا چەندین سێكتەری گرنگ لە هەڵەبجە هەن كە حكومەت دەتوانێت لە ڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە پلانی بۆ دابنێت و پڕۆژەی گەوەری تێدا جێبەجێ بكات و وەبەرهێنانی گەورەی تێدا بكات، بۆ نموونە:
1- پارێزگای هەڵەبجە خاوەنی دەشتی شارەزوورە كە چوارەمین فراوانترین دەشتە لەسەر ئاستی جیهان كە ڕووبەرەكەی 110 هەزار دۆنم زەوی هەیە و 48 هەزاری بەراوە و 62 هەزاری دێمە و، ئەگەر پلان هەبێت دەتوانرێت وەبەرهێنانی گەورە لەم دەشتەدا بكرێت، لەوانە:
- ئەم دەشتە باشترین خاكە بۆ چاندنی تووتن و لۆكە، كە دەتوانرێت چەندین كارگەی پۆشاك دروستكردن و كارگەی جگەرەی تێدا دروست بكرێت.
- ئەم دەشتە باشترین خاكە بۆ چاندنی گەنم و جۆ كە سەرچاوەی خۆراكی سەرەكییە لەجیهاندا. كە ساڵانە 300 تەن گەنم و جۆ بەرهەم دەهێنرێت.
2- لە هەڵەبجە باخی گەورەی هەنارمان هەیە كە ساڵانە 35 هەزار تەن هەنار بەرهەم دەهێنێت، بۆ ئەمەش دەتوانرێت چەندین كۆگای ساردكەرەوە دروست بكرێت، بۆ ئەوەی لە وەرزی بەرهەمهێناندا، بەرهەمەكەی بە هەرزان ساخ نەكرێتەوە، هەروەها دەكرێت چەندین كارگەی دروستكردنی «ڕوبە هەنار و سركەی هەنار»ی تێدا دابمەزرێت.
3- لە هەڵەبجە 92 هەزار دار گوێز هەیە كە ساڵانە 270 تەن گوێز بەرهەم دەهێنرێت. كە دەتوانرێت گوێزی هەورامان بكرێتە براندێكی نیشتمانی.
4- لە هەڵەبجە 394 دۆنم زەویی زەیتوونمان هەیە كە ساڵانە 330 تەن زەیتوون بەرهەم دەهێنێت. كە دەكرێت كارگەی زەیتی زەیتوونی بۆ دابمەزرێت.
5- لە هەڵەبجە و شاخی هەورامان هەموو جۆرە میوەیەكی وەك قەیسی و هەڵوژە هەیە كە دەكرێت چەندین كارگەی قوتووبەندیی میوەی تێدا دابمەزرێت.
6- لە بواری گەشتیاری، لەناو جوگرافیای هەڵەبجەدا چەندین سێكتەری جیاوازی گەشتیاری هەن كە لای لێ نەكراوەتەوە لەوانە:
- گەشتیاری ئایینی:
گەشتیاران دێن سەردانی هاوار و هاواری كۆن دەكەن، دێن سەردانی خانەقای تەوێڵە و بیارە دەكەن.
- گەشتیاری مێژوویی:
گەشتیار دێن سەردانی «بەكراوە، قەڵای سازان، ڕێشیین» دەكەن.
- گەشتیاری تەندروستی:
گەشتیاران سەردانی «گەڕاوی خورماڵ» دەكەن كە ئەو گەراوە ماددەی كبریتی تێدایە بۆ چارەسەری حەساسیەتی پێست.
- گەشتیاری كات بەسەربردن و ئاسایی:
لە هەڵەبجە چەندین هاوینەهەواری جوان هەن وەك «سەرچاوەی زەڵم، ئەحمەدئاوا، ئاوێسەر و چەندین هاوینە هەواری دیكە.
هەموو ئەم سێكتەرانەی گەشتیاری ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە پلانی بۆ دابنێت و ڕێگاوبانی ڕێكوپێكی بۆ دروست بكات و وەبەرهێنانی تێدا بكات، دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ داهاتی هەڵەبجە و سەرچاوەی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی هەڵەبجە.
- لایەنێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە هەڵەبجە لە كاتی ڕاگەیاندنی بە پارێزگار بوونی كە ساڵی 2014 بوو، شانس یاوەری نەبوو، لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ لەو ساڵەدا كێشە لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا دروست بوو «بودجە و مووچە»ی خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە بڕدرا، سەربای ئەمەش تووشی شەڕی تیرۆریستانی داعش بووین، كە هەموو ئیمكانیەتێكی ڕاگرت، بەڵام گوێ لە هەر سیاسەتمەدار و كاربەدەستێكی حكومەت دەگریت، دەڵێن ئێمە قەرزای هەڵەبجەین، بەڵام بە هیچ شێوەیەك تایبەتمەندیی هەڵەبجە لەبەرچاو نەگیراوە، هەر بۆ نموونە بۆ ساڵیادی كیمابارانی ئەمساڵ 16ی ئاداری 2023، تەنیا 25 ملیۆن دینار بۆ ئەم یادكردنەوە گەورەیە تەرخان كراوە، كە دەكاتە كەمتر لە 16 هەزار دۆلار، ئەوە دوو مانگ زیاتری بەسەردا تێدەپەڕێت، تا ئێستا یەك دیناری نەگەیشتووەتە هەڵەبجە، كە هەموو پێداویستیی ئەو یادكرنەوەیەمان بە قەرز كڕیوە، تەنانەت ئەو 200 داری ماسیحەیەشمان بە قەرز كڕیوە كە ئاڵای كوردستان و ئاڵای ڕەشمان بۆ ئەو یادە هەڵواسیوە. زۆر ڕاشكاوانە قسە دەكەم، ئێستا هەموو هیوای خەڵكی هەڵەبجە لەسەر پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی حكومەتی عێراقە، بۆ ئەوەی ئەگەر فریا بكەوین و بە پەلەپەل بە پاشكۆیەك بڕێك پارە بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخان بكرێت، كە ئەمەش لە ڕووی سایكۆلۆژیی خەڵكەكەیەوە كارێكی خراپە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە خەڵك هەر چاوی لە بەغدا بێت. لە یەكێك لە لێدوانەكانمدا گوتبووم: «هەموو پارێزگای هەڵەبجە 3 ملیۆن دینار پارەی تێدا نییە»، لەسەر ئەم قسەیە لە بازاڕ خەڵك لە بەڕێوەبەری ژمێریارییەكەمی پرسیبوو بە ڕاستی 3 ملیۆن دینارتان نییە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتبووی: «بە خوا مامۆستا زۆری گوتووە، لە ناو پارێزگای هەڵەبجە 300 دولاریش بوونی نییە»، ئەوجا سەرباری هەموو ئەمانەش لەسەر پرسی گەڕانەوە بۆ بەغدا پار من قسەیەكم كرد و گوتم «من نانی تاڵ دەخۆم، بەس ناچمەوە بۆ بەغدا»، لەسەر ئەم قسەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەزار قسەی ناشیرینیان پێ گوتم و نووسیبوویان: «خۆی تێرە»، ئێ خوا شاهیدە لە سویدەوە تا سۆماڵ ئازاد توفیق تەنیا پارێزگارە كە خانووی خۆی نییە و كرێچییە، كرێچیشم لە نهۆمی یەكەمی باڵاخانەی Aی لە «دانیا سیتی».
- لایەنێكی دیكە كە دەمەوێت هەڵوەستەی لەسەر بكەم، ئەوەیە كە ڕۆتینیاتێكی زۆر بەرانبەر هەڵەبجە هەیە، ڕێگرییەكی زۆر بۆ هاتنی سەرمایەدار و وەبەرهێنان هەیە كە بێن لە هەڵەبجە سەرمایەكانیان بخەنەگەڕ، یان وەبەرهێنان بكەن، هەر بۆ نموونە سەرمایەدارێك یان وەبەرهێنێك دەیەوێت پڕۆژەیەك لە هەڵەبجە جێ بەجێ بكات و پێویستی بەوەیە 5 دۆنم زەوی بۆ تەرخان بكەم، بۆ تەرخانكردنی ئەم زەوییە ڕۆتیناتەكەی 4 ساڵی پێ دەچپت و سەرمایەدارەكەش ناتوانێت ئەو سەرمایەی هەیەتی لە هەڵەبجە پڕۆژەی پێ جێبەجێ بكات. ئەگەر بڕیار بێت پرۆژەیەكیش لە هەڵەبجە دروست بكرێت، دیسان ئەمیشیان لە ڕێگەی ڕۆتین و ئەوەی پێی دەڵێن تەندەر و كەمكردنەوە، پڕۆژەكە دەدەن بە كەسێك كە ئەسڵەن نە بەڵێندەرە، نە پێشتر هیچ پڕۆژەیەكی دروست كردووە، هەر بۆ نموونە تەندەری پردی «تۆقووت و سازان» لە 21ی 11ی 2021 ئیحالە كراوە بۆ جێبەجێكردن، ئەم پڕۆژەیە دراوە بە دوو كەس كە بەدواداچوونمان بۆ كردووە، نەك كۆمپانیایان نییە و بەڵێندەر نین، یەك خاكەنازیشیان نییە، دەبوو ئەم پردە لە مانگی 6ی 2023 تەواو بكرێت، بەڵام هەتا ئێستا پاچێكی لێ نەدراوە، باشە ئەم پڕۆژەیە كە بایی 27 ملیار دینارە، بۆ نایدەن بە بەڵێندەرێكی وەك ئاسۆی حاجی محەمەد كە تا ئێستا 4 قوتابخانەی لەسەر حیسابی خۆی بۆ هەڵەبجە دروست كردووە و تەسلیمی حكومەتی كردووە و دینارێكیشی وەرنەگرتووە؟ پرسیار لێرەدا ئەوەیە پەكخستنی ئەم پڕۆژەیە و تەواونەكردنی ئەو پرد و ڕێگەیە زیانێكی گەورەی لە هەڵەبجە داوە و ئەگەر ئەم پردە تەواو ببووایە ڕێگەی نێوان هەڵەبجە و دەربەندیخان كەم دەبووەوە بۆ (20-25) خولەك.
- لە هەڵەبجە ئێمە مۆنۆمێنتێكمان هەیە خەڵك سەردانی دەكات، داوامان كردووە كە خەڵك دێن سەردانی دەكەن، پسووڵەیەكی «250دینار»ی ببڕن، بۆ ئەوەی تەنیا بتوانین ئاوی ئەو 5 دۆنمە باخچەیەی پێ بدەین، كە هی مۆنۆمێنتەكەیە، ڕێگەی ئەمەمان پێ نادەن، بەڵام خۆشیان هیچ پارەیەكمان بۆ سەرف ناكەن ئاوی باخچەكەی پێ بدەین.
- لە دوماهیدا تیشك دەخەمە سەر پێداویستییە پێویستەكانی هەڵەبجە كە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێیان بكات و لە دەسەڵاتی پارێزگار گەورەترە و دەبێت ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە پلانی بۆ دابنێت، لەوانە:
1- ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە هەڵەبجە سایلۆ دروست بكات.
2- ئەركی حكومەت ئەوەیە پڕۆژەی ئاو و كۆگای سووتەمەنی دروست بكات.
3- ئەركی حكومەتە تێرمیناڵێكی مودێرن لە هەڵەبجە دروست بكات.
4- كوشتارگەیەكی هاوچەرخ لە هەڵەبجە دروست بكات.
5- عەلوەیەكی فراوان و ڕێكوپێك بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەڵەبجە دروست بكات.
6- ئەركی حكومەتە ڕێگاوبانی باش بۆ هاوینە هەوارەكان دروست بكات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بێن و وەبەرهێنانی تێدا بكەن.
دوا قسەم ئەوەیە، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی و قورسایی سیاسی و نەتەوەیی هەڵەبجە لەبەر چاوبگرێت، هەموو كات ئەوەی لەبەر چاو بێت، كە هەڵەبجە وەك لەبەر حاڵەتیكی تایبەت «كیماباران كراوە» بووەتە پارێزگا و دەبێت ئەم تایبەتمەندییە لە ئاوەدانكردنەوەشیدا ڕەچاو بكرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر:
ئەگەر بودجەی عێراق پەسەند بكرێت، پشكی هەولێر بۆ پەرەپێدان
284 ملیار دینار دەبێت
بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر یەكێكە لە ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارە دیارەكانی كوردستان و، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس و دیپلۆمە لە ڕاگەیاندن و هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە یاسای گشتی هەیە و، ماوەی چەند ساڵێك سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بووە و، ئەندامی خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بووە و تا ئێستا پێنج كتێبی چاپكراوی لە بواری ڕاگەیاندن و ئازادیی ڕادەربڕین و هزری نەتەوەیی لاوانی پێشكەشی كتێبخانەی كوردی كردووە، ئەمە بێجگە لە دەیان وتار و ڕاپۆرتی میدیایی و ستوونی ڕۆژنامەنووسی لە كایەی سیاسەتدا نووسیوە، لە گفتۆگۆی ئەم جارەی «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بەم جۆرە باسی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای هەولێر كرد.
زۆر سوپاس بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، بە ڕاستی ورووژاندنی پرسی خەڵك و ئاستی خزمەتگوزارییەكان بابەتێكی زۆر گرنگە و هێڵی یەكەمی بەركەوتنی خەڵك و حكومەتە، بەتایبەتی كە هێڵی پێشەوەی ئەو بەركەوتنە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەشی زۆری پڕۆژە ستراتیژییەكان لەلایەن وەزارەتەكانەوە جێبەجێ دەكرێن، بەڵام ئەو پڕۆژانەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێدان جێبەجێی دەكەن، ئەمەیان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خەڵكەوە هەیە.
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر لەگەڵ ئەوەی زۆر لە مێژە سەرژمێری نەكراوە، بەڵام بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی پسوولەی خۆراك و نەخۆشخانەی لەدایكبوون، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی هەولێر مەزندە دەكرێت بە 2.007.176 دوو ملیۆن و حەوت هەزار و سەد و حەفتاو شەش كەس كە 52%ی لە ناو سەنتەری شاری هەولێر دەژین و 48%ی لە قەزاو ناحیە و گوندەكانی دەوربەری هەولێر دەژین، هەروەها 374 هەزار ئاوارەش لە ناو هەولێر دەژین كە لە ناو 10 كەمپ نیشتەجێ كراون و بەشێكی دیكەش بەسەر كۆمەڵگەی خانەخوێ دابەش كراون.
سەرەتا سەبارەت بەو ڕاپرسییەی ئەنجامتان داوە، ئاكامەكەی هەر چۆنێك بێت، ڕای خەڵكە و گرنگە و دەبێت جێگەی بایەخی هەموو لایەكمان بێت، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەر چاو بگرین، كە هەندێك شتی نەریتی لە وەڵامەكان دەبینم و وەك ئەوەیە خەڵك قاڵبی وەرگرتووە هەر كە چووە بەردەمی مایك دەبێت ڕەخنە بگرێت و بڵێت هیچ نەكراوە، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دڵنیام خەڵك ناڕازیتریشە و ڕێژەكە بەرزتریشە.
هەر بۆ نموونە: ئەو ڕاپرسیە هەفتەیەك پێش ئێستا كراوە، باشە ماقووڵە مووچە بابەتێك بێت لە یادەوەریی خەڵكدا و ئێستا بەو جۆرە سەیر بكات كە ئەو ساڵانەیە كە پاشەكەوت هەبوو، لە ساڵی 2022 وەوە تا ئێستا ڕاستە لەوانەیە كەمێك دواكەوتن هەبێت، بەڵام مووچە بە تەواوەتی دراوە هەر لە زاخۆ هەتا كفری و كەلار.
خەڵك بە دڵنیایی لەوە ڕاهاتووە كە بڵێت هیچ نەكراوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەراوردی ئێستا بە ساڵانی 2010 دەكات، لە ساڵی 2010 تەنیا بۆ ناحیەیەكی بچووكی وەك كەسنەزان كە لە دەوربەری هەولێرە 64 ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ كراوە، هەمان ساڵ 84 ملیار دینار پڕۆژە بۆ گەڕەكێكی بچووكی هەولێر كە 32ی پاركە جێبەجێ كراوە، بەڵام لە ساڵی 2021 كە دووبارە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەستی پێ كردەوە، هەموو بودجەی پارێزگای هەولێر (كە ئەوكات ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش نەبوو) هەر لە حاجی ئۆمەرانەوە هەتا خەبات و مەخموور تەنیا 28 ملیار دینار بووە و، لە جێبەجێكردنیش تەنیا توانیومانە 17 ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ بكەین، لەبەر ئەوەی لە بانك پارە نەبووە ڕایبكێشین، بۆیە پڕۆژەكان دوا خراون بۆ ساڵی داهاتوو. بۆیە خەڵك كێشەكانی هەرێم و بەغدا بە كێشە نازانێت، ئەوەی لە بیر نییە، ئەگەر بەغدا شایستەكانی پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئاستی پڕۆژەكان وەك ساڵانی 2010ی لێ دێتەوە، لێرەدا نموونەیەك باس دەكەم پار پارێزگای مووسڵ بودجەی 2 ترلیۆن دیناری لەبەر دەست بووە، بەڵام پارێزگای هەولێر كە هاوسنوورە لەگەڵی تەنیا 87 ملیار دیناری لەبەر دەست بووە، خەڵك نایەن بەراوردی ئەوە بكەن، ئێمە بە 87 ملیار دینار چەند پڕۆژەمان جێبەجێ كردووە و پارێزگای موسڵ بە 2 ترلیۆن دینار چەندی جێبەجێ كردووە.
لای خەڵك پڕۆژەی ستراتیژی جێگەی بایەخ نییە، هەر بۆ نموونە ئێستا پڕۆژەیەكی ستراتیژیمان هەیە لە كۆڕێ كە دروستكردنی دوو پردە بە گوژمەی 40 ملیار دینار و گۆڕانكاری تێدا كراوە و بەرز دەبێتەوە بۆ 60 ملیار دینار، بەڵام من ئەگەر 60 ملیار دینار لە پڕۆژەكانی پەرەپێدان لەسەر بنەمای ڕیژەی دانیشتووانی قەزا و ناحیەكان خەرج بكەم، ئەوەندە پڕۆژەی پێ جێبەجێ دەكرێت كە هاووڵاتی پێویستی پێیەتی و هەست دەكات كە خزمەتگوزاری پێشكەش كراوە.
سەبارەت بە پرسی سووتەمەنی، ئەوەیان هەموو گلەییمان لێی هەیە، یەكەم كوالێتەكەی باش نییە، دووەمیش حكومەت لەگەڵ ئەوەی پشتگیرییەكی دەكات بۆ ئەوەی نرخەكەی زۆر بەرز نەبێت، بەڵام حكومەتی خۆمان ناتوانێت بە ئاستی حكومەتی عێراق پشتگیری بكات، بۆ ئەوەی نرخەكەی كەمتر بێت.
- سەبارەت بە پڕۆژەكانی 2022 ئێمە ئەمساڵ 84 ملیار و 644 ملیۆن دینارمان لەبەردەست بووە، بەم بودجەیە 132 پڕۆژەی پەرەپێدان ئەنجام دراون، هەروەها ئەو پڕۆژانەش تەواوكراون كە لەساڵی 2021 بە هۆی نەبوونی پارەوە دواخرابوون بۆ ساڵی 2022.
- تایبەتمەندیەكی دیكە هەولێر ئەوەیە لە هاوین مەترسیی «كەم ئاوی» و لە زستان مەترسیی «لافاو» هەیە، ئەمساڵ تا ڕاددەیەك كۆنتڕۆڵی مەترسیی لافاومان كرد، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بڕە بارانەی باریوە تەنیا 250 ملم و كە لە باری ئاساییدا دەبێت لە سەرووی 400 ملم باران ببارێت، هەر بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەترسیی كەم ئاوی دەبێتە كێشەیەكی گەورە بۆ هەولێر.
بەپێی هەڵسەنگاندێكی زانستییانەی پسپۆڕانی جیولۆجی، لە ناوەڕاستی مانگی حەوت ئاوی هەولێر ڕووبەڕووی دابەزینێكی زۆر دەبێتەوە، بە ڕاستی ئەمەش كارەساتە، ئێستا قووڵیی بیرەكان گەیشتووەتە قۆناغی ستراتیژی، لە دەشتی هەولێر و قوشتەپە بە قووڵیی 700 مەتر بیری ئاوی خواردنەوە لێ دراوە، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ ئاوی ژێر زەوی.
كێشەكە لێرەدا ئەوەیە ئەم مەترسییە دەبێت پارەیەكی زۆری بۆ تەرخان بكەیت، هەتا بە سەریدا زاڵ دەبیت، هەر بۆ نموونە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەم ئاوی پار بڕی 12 ملیار تەرخان كرابوو، ئەم بڕە پارەیەش تەنیا بۆ لێدانی بیری ئاوخواردنەوە و نۆژەنكردنەوەی بیرە كۆنەكان و كێشە تەكنیكییەكانمان پێ چارەسەر كردوون.
- ئەمساڵ بۆ ڕێگرتن لە مەترسیی لافاو بە بڕی 34 ملیار دینار 18 پڕۆژەمان جێبەجێ كردووە، كە هەندێكیان تەواو بوون و ئەوانی دیكەش كاریان تێدا دەكرێت، ئەم پڕۆژانە تا ڕاددەیەكی زۆر باش مەترسیی لافاویان كەم كردووەوتەوە، بەڵام مەترسیی كەم ئاویی هاوین لە هەولێر هێشتا هەر بەردەوامە.
- بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی و كەم ئاوی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ئێستا كاریان تێدا دەكرێت، یەكێك لەوانە پڕۆژەی دروستكردنی بەنداوی گۆمەسپانە، ئەم بەنداوە كاری باشی تێدا كراوە و مەزندە دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا كارەكانی كۆتایی بێت، هەروەها ڕەزامەندیی حكومەتی عێراق وەرگیراوە بۆ دروستكردنی بەنداوی «مەنداوە» لای ئێمەوە دیزاین و دەرخستەی بۆ ئامادە كراوە، بەڵام لەلایەن حكومەتی عێراقەوە داوا دەكرێت دیزاینەكەی دەستكاری بكرێت، ئەمەش بەو حیسابەی فراوانتر بكرێت، ئەگەر لەسەر ئەمە نەگەینە ڕێككەوتن، ئەوا گۆڕینی دیزانەكە دەبێتە هۆی دواكەوتنی پڕۆژەكە لانیكەم بۆ ماوەی ساڵێك، بەڵام ئێستا لە دانوستانداین و لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی «یادگەی نیشتمانی بارزان»یش كە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەی بوون، ئەو دەرفەتەشمان قۆستەوە لەگەڵیان باسمان كرد، بە هیواین لەسەر دیزانەكەی ئێمە ڕەزامەندی بدەن و دەست بە پڕۆژەی دروستكردنی ئەو بەنداوە بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئەم بەنداوە دروست بكرێت، دەبێتە پارێزەرێكی باش بۆ ئاوی ژێر زەوی لە شاری هەولێر، گرنگی و تایبەتمەندیی بەنداوی مەنداوە ئەوەیە سەرچاوەی ئاوی ئەم بەنداوە خاكی خۆمانە و وەك بەنداوەكانی دیكە نییە كە سەرچاوەكەی توركیا و ئێران بێت.
لە دووماهیدا دەمەوێت ڕاشكاوانە لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆمان قسە بكەین و بارودۆخی دارایی و ئیمكانیەتی بەردەستمان چۆنە بەو شێوەیە بیخەینە ڕوو، ئەوەی پەیوەندیدارە بە خزمەتگوزارییەكان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر ئەم پرسە بەڕێوە چوو، بە ڕاستی لەم كۆبوونەوەیە گەشبینییەكی ئەوتۆمان نەبینی كە بتوانین بە داهاتی خۆمان وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی پڕۆژەكانی پەرەپێدان پڕۆژەی زۆر جێبەجێ بكەین، بەڵام لەلایەكی دیكەوە زۆر گەشبینین بەو ڕێككەوتنەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، بەوەی دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە، پشكی پارێزگاكانی هەرێمیش لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان و بەپێی ژمارەی دانیشتووان بنێرن، ئەوا پشكی پارێزگای هەولێر زیاتر لە 280 ملیار دینار دەبێت، بەم بڕە پارەیە دەتوانرێت وەڵامی بەشێكی زۆری خواست و گلەیی و گازندەكان خەڵكی كوردستان بدەینەوە.
جارێكی دیكە جەخت لەوە دەكەمەوە ئیمە هەموو كات لە خزمەتی خەڵكی خۆمانداین و ئەوەی بە ئێمە بكرێت، درێغی ناكەین، لە هەمان كاتدا داوا لە خەڵكی خۆمان دەكەین، كە بارودۆخ و ئیمكانیەتی بەردەستی ئێمەش لەبەر چاوبگرن و بزانن بەو ئیمكانیەتە كەمەی لەبەردەستە چۆن خزمەتی ئەوانی پێ دەكەین.
د.هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی:
لە ماوەی ساڵانی 2009-2013 كۆمەڵێك پڕۆژە ئەنجام دراون و تەواو نەكراون، ئێستا ماڵن بەسەر پارێزگا و
حكومەتەوە، ئەمە لە كاتێكدا بودجەكەیان نەماوە
بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبووبەكر كە ئێستا پارێزگای سلێمانییە، یەكێكە لە قەڵەمە دیار و بوێرەكانی كوردستان و مامۆستای زانكۆی سلێمانی بووە و، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا و بە دەنگی هاووڵاتییانی لە بازنەیەكی فراواندا كە «پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین»ی دەگرتەوە، بە دەنگی هاووڵاتیان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردراوە و ماوەی دوو كابینەشە (هەشت و نۆ) پارێزگاری سلێمانییە، لە گفتوگۆی «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بەشێكی زۆری ئەو هۆكارانەی خستەڕوو كە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەمی پارێزگارەكاندا بەوەی نەتوانن كارەكانیان وەك پێویست ڕاپەڕێنن.
سەرەتا دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە، لەبەر ئەوەی بەردەوام داواكاریی ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران ئەوە بووە، بەوەی گرنگە پارێزگارەكان لەناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا بەشدار بن، ئەمەش نەك بەو مانایەی كە مافی دەنگدانمان هەبێت و بمانەوێت ببین بە وەزیر، بەڵكو لەبەر ئەوەی كێشە سەرەكییەكانی خەڵك و داواكارییەكانیان ڕاستەوخۆ بگەینینە ناوەندی بڕیاردان، چونكە پارێزگاكان پەیوندیی ڕاستەوخۆ و بەردەوام و تەواوكارییانەیان لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆكان و قەزا و ناحیە و گوند و خەڵك و ڕێكخراوەكان و میدیاكاندا هەیە، ئەو دامەزراوە كارگێڕییانەن كە نوێنەرایەتیی حكومەت و دەوڵەتداری دەكەن، لە هەموو پنت و دوند و كێشەیەكی ئەم وڵاتە ئاگادارن.
كێشەكانی خەڵك بە دەر نین لە ململانێ سیاسییەكان، بەڵام یەكە كارگێڕییەكان بە دەرن لەو ململانێیانە، لەبەر ئەوەی ئێمە لە هەر هێزێكی سیاسییەوە هاتبینە ئەم پۆستە لە چوارچێوەیەكی یاسایی و دەوڵەتیدا كار دەكەین و بەشێكین لە سیستمی حوكمڕانی و كەسمان بۆ ئەوە نەهاتووین ئەجیندایەكی سیاسیی تایبەت بە حزبەكەی خۆمان جێبەجێ بكەین، یان بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆمان لە ئیدارەكە بسەپێنین. بۆیە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، ئەو شوێنانەن كە حكومەت دەتوانێت زانیاریی ڕاستی لێوە دەست بكەوێت، هەر بە زانیاریی ڕاستیش بڕیاری ڕاست و دروست، دروست دەبێت.
لە سەرەتاوە داوا لە حكومەت دەكەم، یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 كارا بكاتەوە، كە بە داخەوە لە ساڵی 2014 كاركردن بەم یاسایە ڕاگیراوە و ئێمە بە بەیانی ژمارە 1ی ساڵی 2014 و پاشانیش لە 2018 تازە كرایەوە، كار دەكەین، كە بەپێی ئەم بەیانە پارێزگارێك دەسەڵاتی سەرۆك فەرمانبەرانێكی پێش 2014ی نییە كە ئەوان بە یاسای ژمارە 159ی ساڵی 1969 كاریان دەكرد. بۆیە دەبێت بزانین كە ئەوە «دەسەڵات و داهاتە» كە وادەكات بتوانین وەڵامی خەڵك بدەینەوە و خزمەتگوزارییەكان جێبەجێ بكەین.
سەبارەت بە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، ئاشكرایە خزمەتگوزاریی وابەستەی ئیدارەیە، ئیدارەش وابەستەی باری دارایی و ئابوورییە، ئەمەش واتە تۆ چ دەرخستەیەكت لەبەر دەستە بۆ چ بوارێك و تۆ چۆن دەتوانی ئەمانەی پێ جێبەجێ بكەیت.
بارودۆخی دارایی و ئابووریش وابەستەی سیستمی حوكمڕانیی وڵاتە و، لە بەر نەبوونی لامەركەزیی كارگێڕیی و دارایی، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكەین ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان چی تەرخان دەكەن بۆ یەكە ئیدارییەكان (پارێزگا تا ناحیە) و چەند دەسەڵاتیان بۆ شۆڕ دەكەنەوە، چۆن هاوكارییان دەكەن و بودجەیان بۆ تەرخان دەكەن.
بارودۆخی حكومڕانییش وابەستەی بارودۆخی سیاسییە، ئەمەش ورد دەبێتەوە بۆ بارودۆخی حزبایەتی، بەداخەوە ئێستا لەم بارودۆخەدا كەسێك یان دوو كەس نوێنەرایەتی دەكات، زۆر جار ئەوان زانیارییان زۆر كەمترە لە بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك، بەڵام بڕیارەكان لای ئەوانەوە دەردەچن، ئەمەش لێكەوتەی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە. هەر بۆ نموونە، ئێمە داوای ئەوەمان دەكرد كە لامەركەزیەتی «كارگێڕی و دارایی» هەبێت، ئێستا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دراوە مەسەلەی كۆكردنەوەی داهات زۆر سەنتڕاڵتر بكرێت، ئەمەش واتە ئەو 20%ـەی شارەوانی بەكاری دەهێنا بۆ كاروبار و پڕۆژەكانی، ئەوەش نامێنێت، ئەو 17%ـەش پۆلیسی هاتوچۆ بەكاری دەهێنا، بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی، ئەوەش نامێنێت، ئەمەش جگە لەوەی كە بڕ و قەبارەی داهات و كۆكردنەوەی داهات كەمتر دەكات، لە هەمان كاتدا دەرگایەك واڵا دەكات بۆ كەمتەرخەمی و بۆ زیادبوونی گەندەڵی و بە هەدەردانی داهاتی گشتی.
- سەبارەت بە مەسەلەی خزمەتگوزارییەكانیش، دەبێت بزانین لە ناو یەكە ئیدارییەكاندا چی بە سەر یەكدا كەڵەكە بووە؟ بیگومان هەر سێ پرسی «ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری» كەوتووە بەسەر پارێزگاكاندا، ئەمە لەگەڵ ئەوەی بەپێی بەیانی ژمارەیەكی 2014 كە لە 2018 تازە كراوەتەوە، تەنیا كاری چالاكییە مەدەنییەكان لە ئەستۆی یەكە كارگێڕییەكاندایە، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە ساڵی 2014 دروست بووە، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ «پێداویستییە لۆجستییەكانیان، ڕێكخستن و یەكخستنیان، چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان، دابینكردنی پێداویستییەكانیان» كەوتووەتەوە سەر پارێزگا و دەبێت پارێزگا ببێت بە بەشێك لە چارەسەر بۆ ئەو كێشانە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو دامەزراوانە بەشێكن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بۆ خەڵك، بۆ نموونە: چۆن دەبێت ئۆتۆمبێلی پۆلیسی فریاكەوتن بەنزینی نەبێت، یان چاك نەكرێتەوە، یان ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس كە نەخۆش دەگوازێتەوە،یان ئاگركوژێنەوە، كێشەی هەبێت، یان بەنزینی تیا نەبێت؟ بۆ هەموو ئەمانەش بودجەی بەكاربردن زۆر كەم بووەتەوە و هەموو بودجەی پارێزگای سلێمانی بۆ ئۆتۆمبێل 35 ملیۆن دینارە كە سەدان ئۆتۆمبێلمان هەیە و زۆربەی زۆریشیان لە خوار مۆدێلی 2009ن، واتە دەبێت بەردەوام پارەیان تێدا خەرج بكەین. ئەمە بێجگە لە بودجەی بەكاربردنی دامودەزگاكانی دیكەش كە هەر هاتووەتە سەر پارێزگا و یەخەی پارێزگا دەگرێتەوە، هەر بۆ نمونە:
1- لە ماوەی ساڵانی 2009-2013 كۆمەڵێك پڕۆژە ئەنجام دراون و تەواو نەكراون و ئێستا ماڵن بەسەر پارێزگا و حكومەتەوە، ئەمە لە كاتێكدا بودجەكە نەماوە و دەبوو لە 2014 ڕادەست بكرێن، بەڵام ئێستا ساڵی 2023یە و تەواو نەكراون، پارەكانیشیان بە نەختینە لە بانكەكان نەماوە، تەنانەت بارمتەی كۆمپانیاكانیش لە بانكەكان نەماون، دواتر چەكی بێ ڕەسیدیان داوە بە بەڵێندەر، ئەویش فرۆشتوویەتەوە بە كەسێك بە (سێ یەك) و كەسەكەش چووە هەموو پارەكانی لە بانكەكە وەرگرتووە.
2- مەسەلەی سەرمایەگوزاری هەر یەخەی پارێزگاكان دەگرێتەوە، كە لەمەشدا هەندێك جار دەستكاری دەكرێت، بۆ نموونە: پێش ئەوەی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان بدرێت و دەسەڵاتەكان لای دەستەی وەبەرهێنان بوو، دەستەی وەبەرهێنان بە بێ ئاگاداریی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، هیچ كارێكی نەدەكرد، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییانە لاواز بوون، ئەمەش كاریگەریی خراپی دەبێت.
3- مەسەلەی زانكۆ و پەیمانگاكان و پێداویستیی قوتابیان لە بەشە ناوخۆییەكان، بۆ نموونە: قوتابیان مان دەگرن و خۆپیشاندان دەكەن لەبەر ئەوەی «ئاو نییە»، ئێ باشە، دەكرێت لەبەر ئەوەی یاساكە رێگەی بە من نەداوە، وەڵامی داواكارییەكان نەدەینەوە و كێشەكانیان بۆ چارەسەر نەكەین؟ بێگومان ناكرێت، بۆیە دەبێت كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەین بە بێ ئەوەی دەسەڵاتەكان لای ئێمە بن.
- لایەنێكی دیكە گرنگە تیشكی بخەمە سەر ئەویش پەیوەندیی نێوان حكومەت و پارێزگارەكانە، بۆ نموونە: من وەك خۆم بە هەڵبژاردن بوومە پارێزگار لە ناو بازنەیەكیش بووم كە سنووری شەش پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ دەگرێتەوە، ئێستا تەنیا پارێزگاری سلێمانیم و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆم، ئەمە لە كاتێكدا لە عێراق، پارێزگارەكان سەر بە سەرۆك وەزیرانن، لە ئێران سەر بە سەرۆك كۆمارن، لە توركیا نوێنەری سەرۆك كۆمارن، ئەمانە گرفتی یاسایین بۆ حكومەتمان شی كردوونەتەوە، داواكاریی هەموو ئەو ناوچانەمان لێ دەكرێت كە زۆن و بازنەی دەنگمان بوون، ساڵی پار دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و وەزیری ناوخۆ، ئەم پێشنیارانەمان بۆ سەرۆك وەزیران كرد، ئەویش سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد، تا ماوەیەك ئەو كێشانە چارەسەر بوون، بەڵام كە نێوانی پارتی و یەكێتی لە حكومەتدا تێكچوو، ئەوەش نەما.
- لە كابینەی هەشتەمدا كۆنفڕانسێك كرا بۆ تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان، لەو كۆنفڕانسەدا بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و وەزیری شارەوانی پێش ئەوەی ئەو یاسایە دەربچێت، تێبینییەكانی خۆمان باس كرد و، لەم كابینەیەشدا باسم كردووە و گوتم: ئەوانەی زەوییان بە زیادەڕەو كڕیوە، دوو بەشن، بەشێكیان بە زیدەڕۆیی كردوویانە بە خانوو، تۆ دێیت ئەمەی لەسەر تاپۆ دەكەیت، بەشێكی دیكەیان زەوییەكەیان كڕیوە، بەڵام ڕێزی بڕیاری حكومەتیان گرتووە و نەیانكردووە بە خانوو تا بە یاسا یەكلا ببێتەوە، ئێستا تۆ دێیت دەست بەسەر زەوییەكەیدا دەگریت و بۆی تاپۆ ناكەیت و دەیكەیتە زەویی شارەوانی، ئەمە كارێكی ڕاست نییە.
- حاڵەتێكی دیكە ئەو كۆمپانیایانەن كە گرێبەست لەگەڵ حكومەتدا دەكەن، بەڵام حكومەت بە گرێبەستەكەوە پابەند نابێت، بۆ نموونە: كۆمپانیایەك كە گرێبەستی لەگەڵ كراوە بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، ئەو كۆمپانیایە خۆڵ و خاشاكی شەش مانگ پێشتری كۆكردووەتەوە، بەڵام حكومەت شایستەی دارایی شەش مانگی پێشتریشی نەداوەتێ، لەگەڵ كۆمپانیاكانی گرووپی فاروق، پڕۆژەیەك دروست كراوە بە ملیۆنەها دۆلار بە مەبەستی ئەوەی خۆڵ و خاشاكی شار و پیسیی ئاوی تانجەڕۆ بكات بە وزەی پاك و ئاو و ژینگەی تانجەڕۆ پاك بكاتەوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەكە تەواو بووە و حكومەت پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ ناكات.
لە دوماهیدا وێڕای كەڵەكەبوونی ئەم هەموو كێشانە بەسەر پارێزگا و یەكە ئیدارییەكاندا، كە مشتێكن لە نموونەی خەرمانێك، بێگومان تەرخانكردنی بودجە لە لایەن حكومەتەوە بۆ هەموو سێكتەرەكان گرنگە و ئەركی حكومەتە دابینی بكات، هەروەها پێویستە (لەسەر پرسی دروستكردن، چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوە، بەردەوامیدان بە پڕۆژەكان، پەرەپێدان و هەمەجۆری) حكومەت پشتیوانیی كارگێڕییەكانی (پارێزگا تا ناحیە) بكات، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە 2014وە پارەیان بۆ چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوە بۆ خەرج نەكراوە، ئەوا پارە بۆ دروستكردن هەر خەرج نەكراوە، ئەم بارودۆخەش ڕەنگدانەوەی ئەو ناڕەزاییانەی خەڵكە كە ئەو ڕاپرسییەی بۆ ئەم گفتوگۆیە كردبووتان بە ڕوون و ڕاشكاوی پیشانی داین.
پێویستە، داهات و خەرجی ڕێك بخرێتەوە و یاسای بودجە ببرێتە بەردەمی پەرلەمان، بۆ ئەوەی بزانین چەند لە چی خەرج دەكەین، چۆن ئەرك و بەرپرسیارێتیی خراونەتە سەر پارێزگاكان، داهات و دەسەڵاتیش لەژێر چاودێری و وردبینی و بەدواداچووندا، شەفافانە لەسەر بنەمای لێپرسینەوە، دابین بكرێن.
پێویستە دابینكردن و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، لە پێشەوەی هەر بەرنامە و بایەخپێدانێكی حكومەت و فەزای گشتیدا بێت.
پ.د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك:
تەنیا لە ماوەی 3 ساڵدا 684 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 624 ملیار دینار لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ كراون
بەڕێز پ.د.عەلی تەتەر لە ساڵی 1979وە ئەندامی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە و لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 2010 هەڵبژێردراوە بۆ ئەندامی سەركردایەتی و لە ساڵی 2022ش لە كۆنگرەی چواردەیەمدا جارێكی دیكە بۆ ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی هەڵبژێردراوەتەوە، لە بواری ئەكادیمییش دكتۆرای لە بەشی مێژووی زانكۆی دهۆك وەرگرتووە و لە ساڵی 2018 پلەی پڕۆفیسۆری لە مێژوو وەرگرتووە و، خاوەنی چەندین توێژینەوە ئەكادیمییە لە بواری مێژوویی و سیاسی و خاوەنی 16 كتێبیشە لەم بوارەدا، چەندین بەپرسیاریەتیی دیكەشی وەرگرتووە وەك بەرپرسی لقەكانی (10، 8)ی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماوەی 3 ساڵیشە پارێزگاری دهۆكە و لەم گفتوگۆیە جیا لەوەی كار و پڕۆژەكانی ئەم 3 ساڵەی پارێزگای دهۆك و بەشێكی زاخۆ پێش ئەوەی ببیتە ئیدارەی سەربەخۆ خستە ڕوو لە هەمان كاتدا ئاوڕێكی گرنگی لە ڕابردوو دایەوە و ئاماژەشی بەو پڕۆژانەش كرد كە لەدوای سەرهەڵدانەوە لە پارێزگای دهۆك ئەنجام دراون. سەبارەت بە تەوەری ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆش بەم جۆرە را بۆچوونەكانی خستە ڕوو.
دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەكەین كە دەرفەتی بۆ ئەم گفتۆگۆیە ڕێكخست و، بە دیداری هەموو ئەو برا بەڕێزانە شاد بووین. سەرەتا لەو ڕاپرسییەوە دەست پێ دەكەم كە بۆ ئەم گفتوگۆیە ئامادەتان كردووە، پێش هەموو شت دەبێت گلەیی و گازندەی خەڵك بە هەند وەربگرین و ڕای خەڵك زۆر گرنگە، ئەوجا ئەگەر وەك كاك ئومێد خۆشناویش ئاماژەی پێ كرد، بە تەواوەتی ڕەنگدانەوەی واقیعی حاڵیش نەبێت، من تا ڕاددەیەك لەگەڵ ئەو بۆچوونەشم كە خەڵكی ئێمە دەقی بەوەوە گرتووە كە چووە بەردەمی مایك حەز دەكات ڕەخنە بگرێت، بەڵام من لەم گفتوگۆیە حەزدەكەم، كۆمەڵێك زانیاری و داتا سەبارەت بە كار و پڕۆژەكانی پارێزگای دهۆك بخەمە ڕوو:
- سەبارەت بە ڕێگا و بانەكان:
تەنیا لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی من پارێزگاری دهۆكم (815) كیلۆمەتر ڕێگە و ئۆتۆبان دروست كراون و قیرتاو كراون.
1- ڕێگەی دووسایدی نێوان هەولێر، دهۆك، زاخۆ تەواو بووە.
2- ڕێگەیەكی 46 كیلۆمەتری لە قەزای خەباتەوە بۆ ڕۆڤیا تەواو كراوە.
3- بە تەنیا لە ناو شاری دهۆك 55 كیلۆمەتر شەقام قیرتاو كراوە.
4- زۆربەی گەڕەكانی شاری دهۆك هەموویان قیرتاو كراون
5151000 مەتر ڕێگە لە ناو قەزا و ناحیەكاندا قیرتاو كراون.
- سەبارەت بە پڕۆژەكان:
تەنیا لە ماوەی 3 ساڵدا 684 پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە 624 ملیار دینار لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ كراون، بەمجۆرە:
1- - لە ساڵی 2020 كە پەتای كۆرۆنا بڵاو بووەوە و ئێمە وەك پارێزگای دهۆك زۆر بە سەركەوتوویی بە سەریدا زاڵ بووین، 147 پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە 356 ملیار دینار ئەنجام دراون و هەر لەو ساڵە 143 پڕۆژەیان تەواو بووە و 3 پڕۆژەشیان كاری تێدا دەكرێت.
2- لە ساڵی 2021، ژمارەی پڕۆژەكانمان 129 پڕۆژە بوون، بە بڕی زیاتر لە 90 ملیار دینار ئەنجام دراون و هەر لەو ساڵە 128یان تەواو بوون و یەك پڕۆژە ماوە كە كاری تێدا دەكرێت.
3- لە ساڵی 2022 ژمارەی پڕۆژەكانمان 408 پڕۆژە بوون، بە بڕی زیاتر 181 ملیار دینار هەر لەو ساڵە 44 یان تەواو بوون و 358یش كاریان تێدا دەكرێت.
- سەبارەت بە دابەشكردنی پڕۆژەكان:
ئەو 624 پڕۆژەی لە ماوەی ئەم 3 ساڵە ئەنجام دراون، بەم جۆرە بەسەر قەزاكانی پارێزگای دهۆك دابەش كراون:
1- قەزای دهۆك 147 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 163 ملیار دینار.
- قەزای ئامێدی 192 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 134 ملیار دینار.
3- قەزای شێخان 96 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 26 ملیار دینار.
4- قەزای ئاكرێ 57 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 39 ملیار دینار.
5- قەزای زاخۆ (پێش بوونی بە ئیدارەی سەربەخۆ) 54 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 65 ملیار دینار.
6- قەزای سێمێل 69 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 29 ملیار دینار.
7- قەزای بەردەڕەش 69 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 169 ملیار دینار.
ئەم پڕۆژانە تەواوی ئەو سێكتەرە جیاوازانە دەگرێتەوە كە ڕاستەوخۆ خزمەتگوزاریی هەمەجۆر پێشكەشی هاووڵاتیان دەكەن.
- پڕۆژەكانی بواری گەیاندنی كارەبا:
ئەم پڕۆژانە بەشێكیان وەزارەتی كارەبا و بەشێكی یونیسێف و دەوڵەتی ژاپۆن ئەنجامی داون كە بەم جۆرە بوون:
1- گەیاندنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی بۆ 50 گوند.
2- نۆژەنكردنەوەی سەرجەم تۆڕەكانی سەنتەری قەزا و ناحیەكانی پارێزگای دهۆك.
3- دانانی وێستگەی كارەبای مۆبایل لە شیلادزێ.
4- دروستكردنی وێستگەی سۆلار سیستم 2 میگا لە زانكۆی دهۆك.
5- پڕۆژەی كارەبای هایدرۆ پاوەری بەنداوی دێرە لوك.
- سەبارەت بە پڕۆژەكانی كەرتی پەروەردە:
بایەخێكی تەواو بە كەرتی پەروەردە دراوە و هەر لەم سێ ساڵە 22 قوتابخانەی (12 و 8) پۆلی دروست كراون و هەموو قوتابخانەكانی دیكەش نۆژەن كراونەتەوە.
لە بوارەكانی دیكەش ئێستا نەخۆشخانەیەكی گەورە لە ئامێدی دروست دەكرێت و ڕێژەی 60-70% كارەكانی تەواو بووە، بەشێك لە نەخۆشخانەی دهۆك بە هاوكاریی دەوڵەتی ئەڵمانیا نۆژەن كراوەتەوە و بڕی 50 ملیار دیناری تێچووە و كارەكانی تەواو كراون، سەبارەت بە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شار و قەزا و ناحیەكان، دەتوانم بڵێم ئێستا بە ئاستی ستاندەری جیهانی و زیاتریش (دهۆك، ئامێدی، ئاكرێ، بەردەڕەش، شێخان، زاخۆ، سێمیل) كێشەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیان نییە، تەنانەت لە ناحیە و گوندەكانیش كێشەی ئاوی خواردنەوەیان نییە، تەنانەت ئەگەر گوندێكیش بە هۆی كێشەی وشكە ساڵییەوە كێشەی ئاوی خواردنەوەی هەبێت، بە تانكەر ئاوی خواردنەوەی پاكمان بۆ دابین كردوون.
- لێرەدا دەمەوێت ئەو وەرچەرخان و گۆڕانكارییانە ئاماژە پێ بكەم كە لە دوای سەرهەڵدانەوە هەتا ئێستا لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی پارێزگاری دهۆك هاتوونەتە ئاراوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە كار و پڕۆژەكان هەر ئەم سێ ساڵە نەبوون و پێش ئێمەش كاری و پڕۆژەی زۆر باش كراون:
1- پێش سەرهەڵدان ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆك 293 هەزار كەس و 4 قەزا و 12 ناحیە بووە، ئێستا ژمارەی دانیشتووان 1.638.612 كەسە و 8 قەزا و 24 ناحیەیە.
2- پێش سەرهەڵدان زانكۆ لە دهۆك نەبوو، ئێستا شەش زانكۆمان هەیە.
3- تەنیا 2 پەیمانگا لە دهۆك هەبوو ئێستا 26 پەیمانگامان هەیە.
4- تەنیا 291 گوند ئاوەدان بوون، ئێستا 914 گوند ئاوەدانن.
5- تەنیا 212 قوتابخانە هەبوو ئێستا 1727 قوتابخانەمان هەیە.
6- شوێنی ئایینی 400 بوون ئێستا بوونەتە 1588 شوێن.
7- تەنیا 6 باخچەی ساوایان هەبوو، ئێستا 79.
8- تەنیا 3 نەخۆشخانە هەبوو، ئێستا 15.
9- تەنیا 6621 مامۆستا هەبوو ئێستا 29887.
10- تەنیا 43 بنكەی تەندروستی هەبوو ئێستا 171
11- پێش سەرهەڵدان ویستگەی گۆڕینی كارەبای «KV132»مان نەبوو، ئێستا 27 وێستگەمان هەیە.
12- وێستگەی گۆڕینی كارەبای «KV33» نەبوو، ئێستا 44 وێستگەمان هەیە.
13- ڕێژەی بەرهەمهینانی ئاوی خواردنەوە تەنیا 90.030.000مەتر سێجا بوو لە ساڵێكدا، ئێستا گەیشتووەتە 242.550.000 مەتر سێجا لە ساڵێكدا.
14- پێش سەرهەڵدان هیچ ڕووبەرێكی باخچە و سەوزایی نەبوو، ئێستا ڕووبەری 409.400 هەزار مەتر دووجا باخچە و سەوزاییمان هەیە.
ئەم ئامار و داتایانەم بۆیە خستە ڕوو، بۆ ئەوەی بزانین كە كاری زۆر باش كراون و هەر نابێت بڵێین هیچ نەكراوە. لێرەدا بەسەرهاتێك باس دەكەم. ماوەیەك پێش ئێستا سەردانی بەردەڕەشمان كرد بۆ بەسەركردنەوەی پڕۆژەكان، هاووڵاتیەك هاتە لام و گوتی: هیچ پڕۆژەیەك بۆ بەردەڕەش نەكراوە. منیش بە داتا و ئامار هەموو ئەو پڕۆژانەم بۆ خوێندەوە كە تەنیا لە بەردەڕەش ئەنجام درابوون كە بایی 50 ملیار دینار بوو، بەڵام ڕۆژێكی دیكە بەردی بناغەی قوتابخانەیەكی سەرەتاییمان دادەنا، كچێكی تەمەن 8 ساڵ هاتە لام و پێی گوتم: «زۆر سوپاست دەكەین كە ئەم قوتابخانەیەمان بۆ دروست دەكەن، بەڵام هیودارین ئەم كۆڵانەشمان بۆ قیرتاو بكەن.. خۆزگە هەموو كەس وەك ئەم كچە منداڵە داواكاری دەبوو، هەم دروستكردنی قوتابخانەكە دەبینێت، هەمیش داوای قیرتاوكردنی كۆڵانەكەشی كرد، بە ڕاستی ئەمە داواكارییەكی جوانە و ئەگەر ڕەخنەش بێت، ڕەخنەیەكی بونیادنەر و جوانە. بەڵام وێڕای هەموو سەرنجێك كە لەسەر ڕاپرسییەكە دەبینرێت، بەڵام دووپاتی دەكەمەوە، ڕای خەڵك زۆر گرنگە و دەبێت بە هەند وەربگیرێت، لە هەمان كاتدا دەبێت میدیاش ڕۆڵی خۆی زیاتر بگێڕێت و هەوڵ بدات كەلتووری بینینی هەردوو لایەنی باش و خراپ پیشانی هاووڵاتیان بدات، هەروەها نابێت میدیاش تەنیا لایەنە نەرێنییەكان و كەموكورتییەكان ببینیت، دەبێت بایەخ بەو لایەنە ئەرێنییانەش بدات كە بەشێكە لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەی خۆی، ئەگەر میدیا ئەم هاوسەنگییە ڕابگرێت، ئەوا هاووڵاتی دەبینێت كە هەم كاری باش دەكرێت و هەمیش ئەو كەموكورتییانەی كە ماون، دەبێت هەوڵیان بۆ بدرێت، چارەسەر بكرێن.
لە كوتاییدا سوپاسی جەنابی سەرۆكی حكومەت بەڕێز مەسرور بارزانی دەكەم، كە هەمیشە جەنابیان دەستپێشخەر و هاندەرمان بووە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی ڕۆتین و بێ جیاوازی خزمەتكردنی هەموو ناوچە و چین و توێژەكان.
هەڵگورد شێخ نەجیب
بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:
هەر شەش مانگ جارێك هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین
بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب كە ئێستا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و، پێش بوونی بە سەرپەرشتیاری ئیدارەكەش هەر خۆی قائیمقامی قەزای سۆران بووە، بڕوانامەی ئەندازیاریی زانستی كۆمپیۆتەری لە زانكۆی كوین ماری لە لەندەن وەرگرتووە و ماستەریشی لە بواری ئەندازیاری كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی ئەنتەرنێت لە زانكۆی شاڵمەرشی سویدی وەرگرتووە و لە گفتوگۆی ئەمجارە «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بەمجۆرە باسی لە سەرەتای دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و چۆنیەتیی هەڵسووڕانی كاروبارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد.
ئەوەی لە ڕاپرسییەكە گوێمان لێی بوو و ئەوەی پێش من پارێزگارە بەڕێزەكانیش باسیان كرد، ئەو گلەیی و گازندەیەی هاووڵاتیان لەو ڕاپرسییە هەیانبووە، زیاتر پەیوەستن بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان لە دەسەڵاتی ئەواندایە، لەبەر ئەوەی كێشەی دارایی كێشەیەكی گشتییە، هەموو لایەكیش ئەو ڕاستییە دەزانین كە ئەولەوییەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینكردنی مووچەیە و هەتا پارەی پێویست بۆ مووچە دابین نەكرێت، ناتوانرێت هیچی دیكە بكەین.
هەر بۆیە ئەوەی كە پێویستە هاووڵاتیان گلەیی و گازندەیان لە یەكە ئیدارییەكان هەبێت، كاری ڕۆژانەی ئەو فەرمانگەیانەیە لە سنووری ئەو پارێزگایە، یان ئەو ئیدارە سەربەخۆیە، هەروەها بابەتی ئەو بودجەیە كە بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ تەرخان دەكرێت، چۆن خەرج دەكرێت بۆ پڕۆژەكان و پێشكەشكردنی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و، چۆن بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر قەزا و ناحیە و گوندەكاندا دابەشی دەكەین، بەڵام ڕاستییەكیش هەیە كە جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێ بكەم، ڕۆژێكیان یەكێك لە كەناڵەكانی ئۆپۆزسیۆن لە سۆران كاتێك گەڕەكێكیان قیرتاو دەكرد، پەیامنێرەكە زوومی كامێراكەی خستبووە سەر ڕێگە قوڕەكە، لەو كاتەدا سەرۆكی شارەوانی سۆران بە پەیامنێرەكە دەڵێت: باشە تۆ وێنەی ڕێگە قورەكەت گرت، دە زوومی كامێراكەشت بسووڕێنە بۆ ئەوەی وێنەی ئەو قیرتاوكردنەش بگریت، ئەویش لە وەڵامدا بە سەرۆكی شارەوانی گوتبوو «نانی من لە قوڕەكەدایە، لە قیرەكەدا نییە»، ئەوجا كێشەكە ئەوەیە كە بەرژەوەندیی هەندێك ڕاگەیاندن لە قوڕەكەدایە و نایانەوێت خەڵك ئەو كارانە ببینن كە كراون، یان دەكرێن.
ئێمە خۆمان لەناو ئەو واقیعەین، من لێرەوە پشتگیری لەو پێشنیارەی برای بەڕێزم د. هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی دەكەم كە پێشنیاری كرد «پارێزگارەكان و بەرپرسی ئیدارە سەربەخۆكان» لە هەندێك لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەشدار بن، ئێمە زیاتر لە وەزیرەكان لە ناو واقیعی خەڵكداین و دەتوانین باشتر ڕاستیی وێنەكان بۆ ناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بگوازینەوە، تا بتوانرێت بڕیاری دروست و پڕاكتیزی بۆ بدرێت.
بابەتێكی دیكە كە دەمەوێت تیشكی بخەمە سەر، ئەویش ئەو بڕیارە گرنگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە بڕیاری دا سۆران بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ كە پێنچ قەزای گرنگ دەگرێتەوە و بریتین لە قەزاكانی «سۆران، ڕواندز، چۆمان، مێرگەسوور، سیدەكان» و ڕۆژی 14ی ئەیلوولی 2021 بڕیاری بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ ڕاگەیەندرا.
لە سەرەتای دەستپێكی كارەكانماندا پێشنیارمان كرد لەبەر ئەوەی پێشتر سۆران و قەزاكانی دیكەش (ڕواندز، چۆمان، مێرگەسوور)
سەر بە پارێزگای هەولێر بوون، با ئەو مامەڵە كۆنانەی لەگەڵ پارێزگای هەولێر هەبوون، وەك خۆی بڕۆن و لە ڕێگەی پارێزگای هەولێرەوە كارەكانیان تەواو بكرێت، تا خاڵی سفر، بەڵام بە ڕاستی ئەوە نەكرا بۆیە ئەركی ئێمە زۆر بە قورسی دەستی پێ كرد .
هەر بۆیە بە ستافێكی كەمەوە (ئەو ستافەی پێششتر لە قەزای سۆران هەبووە) ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كارمەندێكمان بە گرێبەست لە ناو ئیدارە بۆ دانەمەزرێنراوە، بەڵام وەك ئیدارەیەكی سەربەخۆ دەستمان بە كارەكان كرد، سوپاس بۆ خوا و پشتگیریی خودی جەنابی سەرۆكی حكومەت و هاووڵاتیان و كارمەندانی تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، توانیمان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئەمساڵ و ساڵی پاریش لە پێش هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەوە بین. هەر بۆیە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بەو ئاستە وای كرد، كە خەڵك زیاتر بە بڕیاری بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ دڵخۆش بن و بە بڕیارێكی ڕاستیان دانا، بەڵام هێشتاش ئاواتی ئێمە ئەوەیە كە زیاتر كار بكەین و زیاتر خۆمان ماندوو بكەین، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بكەین.
لایەنێكی دیكە كە دەبێتە ئاستەنگ و گرفت لە بەردەم كارەكانمان، بە ڕاستی هەندێك كارت بۆ دروست دەبێت، كە بووەتە عورف و دەبێت پێوەی پابەند بیت و هیچ بەرهەمێكیشی نییە، بۆ نموونە من ئەمڕۆ بەیانی پێویست بوو لە دوو بۆنەدا ئامادە بم و لەوێ وتارم هەبێت، پاشانیش هاتووم بۆ ئیدارەی سەربەخۆ و چەندین هاووڵاتیم بینیوە كە زۆربەیان كارەكانیان پەیوەندی بە ئێمەوە نەبووە، كەواتە من ئەمڕۆ تا هاتوومەتە ئێرە هیچ بەرهەمێكی ئەوتۆم بۆ كارەكەی خۆم نەبووە، بۆیە دەبێت ئەمە كاری جددی لەسەر بكرێت و میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانە لە بەردەم كارەكانمان دروست نەكرێت.
هەر بۆ نموونە ئەم پرسە ڕاستە بابەتێكی كۆمەڵایەتیی زۆر گرنگە، بەڵام لە ئەنجامدا لەسەر ئەركی ڕۆژانەی خۆمان دەبێت.
زۆرێك لەو كارانە بوونەتە ڕێگر لە بەردەم كارە ستراتیژییەكانمان، هەر بۆ نموونە من ماوەی چەند مانگێكە دەمەوێت لەگەڵ چەند وەبەرهێن دابنیشم و ئەو پڕۆژانەی هەمانە لەگەڵیان باسی بكەین و دەستی وەبەرهێنان بۆ ناوچەكە لەسەر ئاستی «گەشتیاری و بازرگانی و سەنتەری بازرگانی» ڕابكێشین، بەڵام لەبەر ئەو كارە لابەلا و بێ بەرهەمانە نەمانتوانیوە كارە ستراتیژییەكانی خۆمان بكەین. سەرەڕای ئەمەش زۆر جار هاووڵاتی گلەیی ئەوە دەكەن كە ناتوانن بمانبینن، من حەز دەكەم هەموو كەسێك ببینم، بەڵام ئەمە مومكین نابێت.
ئێمە وەك ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئیدارەیەكی نوێین، ئەو كەسانەی پێشنیار كراون بۆ پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان، ئێمە سەرەتا داوامان كرد كەسی پسپۆڕ و تەكنۆكرات بن، بەڵام دیسان لەوانەیە لێژنەیەكی پڕۆفیشناڵ لە وەزارەتەكان ئەو كارەیان نەكردبێت، كە چاوپێكەوتن لەگەڵ چەندین كاندید كرابێت، ئێمە خۆشمان دەزانین و واقیعی كوردستانیش بەو جۆرەیە بەو پرۆسەیە نەبووە، بۆیە ناچار بووم پەنا بۆ میكانیزمێكی دیكە بەرین، ئەویش هەر لە سەرەتاوە لەگەڵیان دانیشتین و پێمان گوتوون و فۆڕمێكی فەرمیی هەڵسەنگاندمان بۆ دروست كردوون كە دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای كارەكانیان بكرێت لە لایەن لێژنەیەكی پسپۆڕ، پاش ئەوەی ئەم هەڵسەنگاندنەیان بۆ دەكەین و ئەو خاڵانەیان بۆ دەستنیشان دەكەین كە دەبێت كاری لەسەر بكەن، دیسان شەش مانگی دیكە دەرفەتیان دەدەین، دوای ساڵێك ئەگەر زانیمان وەكو پێویست هیچ بەرەوپێشچوونێك بە دی ناكرێت، ئەوا بێگومان زۆر زۆر ئاساییە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت. لەسەر ئەم پرسە سەرنجم داوە، سوپاسنامە گشتگیر كراوە، بە نموونە بۆ هەموو قائیمقامەكانی دەڤەرێك، ئێ باشە كە تۆ سوپاسنامەكەت گشتگیر كرد و بۆ هەموو قائیمقامەكان، یان بەڕێوەبەری ناحیەكان، مانای وایە لە بنەڕەتەوە تۆ لە مانای سوپاسنامەكە نەگەیشتوویت. لەبری ئەوەی سوپاسنامەكەت گیانی هاندان دروست بكات، تۆ ئەو حەماسەشی هەیە لە فەرمانبەری چالاك و دڵسۆز نایهێڵیت.
لە دوماهیدا دەخوازم ئاماژە بەوە بكەم، لە ڕووی ئیداری و كارگێڕییەوە زۆر گرنگە كاری جددی لەسەر بكەین و میكانیزمێك بۆ نەهێشتنی ئەو كارە لابەلایانە پیادە بكەین كە بەڕاستی بوونەتە ڕێگر لەبەردەم كارەكانمان و، دەبێت بە میكانیزمێكی نوێ و لەسەر بنەمای داتا و ئامار كارەكانی خۆمان پیشان بدەین، من ئێستا دەتوانم بە داتا و ئامار ئەو كارانە ئامادە بكەم كە لەوماوەیەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانم كردووە، ئەو كارانەمان كردووە. بۆیە گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان كە منی كاندید كردووە بۆ ئەو پۆستە ماوەیەكی دیكە كە دەبێتە دووساڵ، بانگم بكات و لێم بپرسێت لە ماوەی ئەم دووساڵە چیم كردووە، یان كام گۆڕانكاریم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام داوە، هەر بۆیە ئەگەر بە كردنی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ كارێكی باشتر و گۆڕانكارییەكی ئیجابی دروست نەبووبێت، ئیدی زیادكردنی سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی و قووتكردنەوەی بینایەی تازە چ سوودێكی هەیە؟ ئەوە تەنیا دەبێتە بارگرانی بە سەر حكومەتەوە. ئەو ڕۆژە لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران لە كۆڕێك بووین، لەوێ بە جەنابیم گوت هەقە دوای ساڵێك ئێمە بانگ بكەیت و ئەدای كارەكانمان هەڵسەنگێنن، بە خۆشحاڵییەوە جەنابیان پێشنیارەكەی بە كارێكی باش زانی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر سەرۆكی حكومەت هەڵسەنگاندنی بۆ كارەكانی من كرد و لێپرسینەوەی لەگەڵ كردم، ئەوا منیش ناچار دەبم هەم خۆم باشتر بكەم و هەم هەڵسەنگاندنی زیاتر بۆ ئەدای قایمقامەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان بكەم و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكەم.
دوا قسەم لەم گفتوگۆیەدا ئەوەیە كاری باش بە بەرنامەی باش دەكرێت و مەرج نییە تۆ تیمێكی گەورەت لەبەردەستدا بێت، بەڵكو دەكرێت تۆ تیمێكی بچووكی ڕێكخراوت لەبەردەست بێت و كاری زۆر باشیش ئەنجام بدەیت.
فارس یوحەننا
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ:
لە ماوەی 20 مانگدا 147 پڕۆژە لە زاخۆ جێبەجێ كراون كە تا ئێستا 120یان تەواو بوون
بەڕێز فارس یوحەننا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ كە لەم گفتۆگۆیەدا «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» لە بری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەشداری كرد، ئەو گۆڕانكاری و پێشكەوتنانەی خستە ڕوو كە لە دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەكە لە زاخۆ هاتوونەتە ئاراوە و، ئەمەشی گێڕایەوە بۆ حەماس و پشتگیریی هاووڵاتیانی زاخۆ بۆ بڕیاری كردنی زاخۆ بە ئیدارەی سەربەخۆ، بەم جۆرەش ئەو پڕۆژە گرنگانەی خستە ڕوو كە لە ماوەی 20 مانگی دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجامیان داون.
دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ ئەو ڕاپرسییەی بۆ ئەم گفتۆگۆیە گرنگ و ژیارییە ئامادەتان كردووە، ئەم میتۆدە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای كارەكان پیادە دەكرێت و، ڕای خەڵك زۆر گرنگە، ئیدی ئەو ڕایە ئەرێنی بێت، یان نەرێنی، ڕەنگدانەوەی واقیعی حاڵ بێت، یان وەك برادەران ئاماژەیان پێ كرد، جۆرێك لە دەقگرتنی پێوە دیارە، بە هەر حاڵ ئەمە لەلایەك دادەنێم.
لێرەدا دێمە سەر ئەو بڕیارە گرنگەی كە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز مسرور بارزانی لە ڕۆژی 20ی ئەیلوولی ساڵی 2021 زاخۆ كرا بە ئیدارەی سەربەخۆ و، بەڕێز گۆهدار شێخۆ وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ دەستنیشان كرا و، لە ماوەی ئەم 20 مانگەی كاركردنیدا وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەكە بووەتە خەمخۆری زاخۆ و شەو ڕۆژی خستووەتە سەر یەك، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵكی زاخۆ بكات، لەبەر ئەوەی زاخۆ شارێكی زۆر دێرینە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عەباسی، كە ڕەنگە كۆنتریش بێت، بۆیە تا دەرچوونی ئەو بڕیارە زاخۆ تەنیا وەك گوندێكی گەورە وابوو، بەڵام دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە خەڵكی زاخۆ كە ئێمە شانازییان پێوە دەكەین، زۆر دڵخۆش بوون و بوونە پاڵپشت و هاریكاری ئیدارە سەربەخۆكەی خۆیان.
زاخۆ ژمارەی دانیشتووانی ئێستا زیاتر لە 250 هەزار كەس دەبێت و نزیكەی 40 هەزار ئاوارە و پەنابەریشی تێدایە و، چوار كەمپی سەرەكییشمان هەیە كە زیاتر لە 37 هەزار ئاوارە و پەنابەر تێیدا دەژین، ئەم چوار كەمپە بوونە ناوەندێك بۆ ئاوارەكانی دیكەی كەمپەكانی دەرەوەی زاخۆ كە ئەوانیش هەر ئاوارەی تێدان، ئەوانیش دێن بۆ زاخۆ و سەردانی دۆست و برادەرەكانیان لەو كەمپانە دەكەن، كە ئەمەش زۆر جاران دەبێتە هۆكاری ئەوەی قەرەباڵغی و ترافیك دروست ببێت و، هەروەها ئەگەر سەرنج لە نەخۆشخانەی زاخۆ بدەیت، دەبینیت 30%ی ئەوانەی چارەسەر لە نەخۆشخانەی زاخۆ وەردەگرن ئاوارەن، ئەمەش بارقورسییەكی لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی زاخۆ دروست كردووە.
هەموو ئەو كێشانەی برادەران باسیان كرد، ئێمە لەگەڵیان هاوڕاین و لەوانەیە لای ئێمەش هەبن، بەڵام زاخۆ تایبەتمەندییەكی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە شارێكی سەر سنوورە و، لەم سنوورەشدا كێشەیەك هەیە كە ئەویش كێشەی پەكەكە و سوپای توركیایە، هەر بۆیە ئێمە ئێستا سنوورەكەمان كە 1486 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و، ڕووبەری ئەو گوندانەی زەرەرمەند بوون و بوون بە ناوچەی سەربازی لە نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا زیاترە لە 400 كیلۆمەتری چوار گۆشە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی زاخۆ هەیە و، خەڵكی ئەو گوندانە ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەكانی خۆیان و كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی خۆیان بكەن، لەمەش زیاتر ئەو ناوچانە هەموویان ناوچەی گەشتیارین، بەڵام ناتوانرێت وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت و كەرتی گەشتیاریی تێدا ببووژێنینەوە، چونكە ئەو ناوچانە لە دەستی ئێمەدا نین، لەم لایەنەشەوە ئابووریی زاخۆ زیانی پێ گەیشتووە.
لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەش كە هەیە، بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵ و هەشت مانگەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیەندراوە، شاری زاخۆ لەسەر ئاستی هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە، وەرچەرخانێكی گەورە و هەنگاوێكی جۆری و بەرەوپێشچوونێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەم ئاراستەیە كە پشت بەخوا هەر بەردەوام دەبێت، ئەوا مەزندەی ئەوە دەكەین زاخۆ لە ئایندەدا ببێتە یەكێك لە شارە هەرە جوانەكانی كوردستان و عێراق.
لە ماوەی ئەو 20مانگەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستبەكار بووە 147 پڕۆژە لە زاخۆ ئەنجام دراون، لەوانە 120 پڕۆژەیان جێبەجێ كراون و 27 پڕۆژەكەی دیكە لە ژێر جێبەجێكردندان، ئەم پڕۆژانە هەمووی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژین و لەوانەیە لە هەموو تەمەنی ئەم شارەدا 10 پڕۆژەی ئاوا گەورە و ستراتیژی تێیدا جێبەجێ نەكرابێت.
بێگومان لە زاخۆ گەلێك كێڵگە و پڕۆژەی پەترۆڵی هەن، بەڕاستی ئەمەش بەرهەمێكی گرنگە، هەقە حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی ئەو ناوچانە لەبەرچاو بگرێت كە سامانی سرووشتی تێدایە و پارەیەكی وەك (پترۆ دۆلار)ی بۆ تەرخان بكات، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ ئەوەی زاخۆ باشتر و جوانتر ئاوەدان بكرێتەوە.
ئاشكرایە كە زاخۆ تایبەتمەندییەكی دیكەی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە خەڵكەكەی بەشی زۆری خاوەنی شەهیدە و یان خاوەنی خەباتێكی درێژە و هەژاریش بوون، بۆیە دكتۆڕ عەلی تەتەریش بە حوكمی ئەوەی بەرپرسی لقی 8 بووە لە زاخۆ، ئاگاداری ئەوەیە كە زێدەڕۆییەكی زۆر لەسەر زەوییەكانی زاخۆ كراون، ئێمە لە ماوەی ئەم 20 مانگەدا، هەموو ئەو زێدەڕۆییانەمان هەڵگرتووە و، بەشێكی زۆری ئەو پارانەی بۆمان دێت، دەبێت بیكەینە قەرەبووی ئەو خەڵكانەی كە زێدەڕۆییەكەمان پێ لابردوون، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش زۆر بەوە دڵخۆش و سەربەرزین كە خەڵكی زاخۆ لەگەڵ ئیدارەكەی خۆیان هاریكار و هەماهەنگن و ئامانجیانە كە شارەكەیان بە جوانی ئاوەدان بكرێتەوە.
سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكانی زاخۆ، زۆربەی گوندەكان خزمەتگوزارییان گەیاندراوەتێ، بەڵام هەندێك ماون و دەبێت ئەوانیش خزمەتگوزارییان بگاتێ و پارەیان بۆ تەرخان بكرێت.
ئەگەرچی هەندێك میلاكاتمان لە كەرتی پەروەردە كەمە، بەڵام هەوڵمان داوە بە هەوڵی هەموو لایەك كە هەلێكی دیكە بۆ زاخۆ بێتە پێشەوە و ئەو كەموكورتییانەش پڕ بكەینەوە.
لە كەرتی تەندروستیشدا كەموكورتیمان هەیە، بەڵام لە سێكتەری تەندروستییش گۆڕانكاریی بەرچاو هاتوونە ئاراوە، ئێستا لە زاخۆ 5-6 نەخۆشخانەی مۆدێرین دروست كراون، كە نەخۆشخانەی زۆر پێشكەوتوون و هەروەها تیمی پزیشكیی ئەو نەخۆشخانانەش هەمووی پزیشكی پسپۆڕ و كادری زۆر پێشكەتوون.
داتا و ئاماری پڕۆژەكان
ئەو داتا و ژمارانەی لێرەدا دەیانخەمە ڕوو، تەنیا داتا و ئاماری ئەو پڕۆژانەن كە لە ماوەی دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا ئەنجام دراون كە بەم جۆرەن:
1- 146 كیلۆمەتر شەقام دروست كراوە و قیرتاو كراون.
2- 68 كیلۆمەتر ئاوەڕۆ دروست كراوە.
3- 76 كیلۆمەتر ڕێگە بۆ گوندەكان دروست كراوە.
4- چوار پاركی تازە دروست كراون.
5- 10 پارك نۆژەن كراونەتەوە.
6- لە بواری پەروەردەدا 6 قوتابخانە دروست كراون و 34 قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە.
7- لە بواری گەشتوگوزاردا ئەم پرۆژانە ئەنجام دراون:
- پڕۆژەی گەشتیاریی دەوروبەری خاپووری زاخۆ (قۆناغی یەكەم).
- دروستكردنی پێنج پۆند لە ناو خاپووری زاخۆ.
- نۆژەنكردنەوەی تاڤگەی سووری و سیلاڤا و ئەشكەوتی بیهیری.
- نۆژەنكردنەوەی بازاڕی كۆن بە شێوازی كەلتووری.
8- لە بواری كەرتی تەندروستیدا ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون:
- نۆژەنكردنەوەی نۆ بنكەی تەندروستی لەگەڵ دابینكردنی چوار موەلیدە لە زاخۆ.
- نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ و نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی منداڵ و نەخۆشخانەی فریاكەوتن لەگەڵ كەلوپەلی ئەلیكترۆنی.
- دابینكردنی ئامێری IT بۆ بەڕێوەبەرایەتی و نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی لە زاخۆ، هەروەها نۆژەنكردنەوەی بنكەی تەندروستیی نەخۆشخانەی منداڵان.
9- لە بواری كارەبا ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون:
- ڕووناككردنەوەی پردی دەلال.
- دانانی پلاجكتۆڕی ڕووناكی بۆ تونێلی زاخۆ تاكو دەروازەی زاخۆ.
- گەیاندنی هێڵی كارەبا بۆ خاڵەكانی پێشمەرگە لە چیای گوندی بەهنونێ بۆ گەیاندنی كارەبا بۆ گوندی شیڤێ.
- گەیاندنی كارەبای بەردەوام بۆ چەند شوێنێكی جیاواز لە ناوەندی زاخۆ.
- گەیاندنی كارەبا بۆ گوندی كوركا (قۆناغی یەكەم و دووەم).
- ڕێكخستنی تۆڕ و فیدەری كارەبا لەگەڵ ڕووناككردنەوەی شەقام و دانانی ئۆڤەرلۆد لە سنووری قەزای باتیفا.
- كڕینی ڤەبرین KV11 لە جۆری ABB بۆ ئیزگەی زاخۆ.
10- لە بواری دابینكردنی ئاوی خواردنەوە ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون:
- دروستكردنی تانكیی ئاو لەگەڵ تۆڕی ئاو لە گەڕەكی قسم داخلی لە قەزای باتیفا.
- دروستكردنی كۆگایەك بۆ ئاو بە قەبارەی (52*20*6) بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی زاخۆ.
- دروستكردنی ژووری پەمپ لەگەڵ دابینكردنی پەمپ بۆ پڕۆژەی ئاوی (هێزاوا- دەركار) لەگەڵ دانانی تۆڕی ئاو.
- دروستكردن و چاككردنەوەی تۆڕی ئاوی لە چەند گەڕەكێكی جیاوازی زاخۆ.
- دروستكردنی تۆڕی ئاو بۆ گەڕەكی (دەشتمری نوێ) قۆناغی یەكەم لەگەڵ هەڵكەندنی دوو بیری ئاوی خواردنەوە لە (كانی ڕهال و ڕكاوا نوێ).
- نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەكەكانی نەورۆز و تلكەبەر و مەتین.
- دابینكردنی كەلوپەلی یەدەگ بۆ پڕۆژەی ئاو و تۆڕی ئاو لە زاخۆ.
- دابینكردنی كلۆر و گاز و پاودەر بۆ پاككردنەوەی ئاوی زاخۆ (قۆناغی یەكەم).
11- لە بواری پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ ئەم پرۆژانە ئەنجام دراون:
- دروستكردنی خانووی پلاستیكی بۆ 20 جووتیار.
- دروستكردنی جۆگەی چەمی خاكا لەگەڵ چاككردنەوەی جۆگەی بلدیشا لە گوندی گۆڤكا سەری، جۆگەی گوندی دێمكا و جۆگەی گوندی دێریشكێ، جۆگەی ڕاپالی تەها لە گوندی سیركوتكی، جۆگەی بێزهی بە درێژایی 7.5 كیلۆمەتر.
12- لە بواری دابینكردنی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون:
- هەڵكەندنی دوو بیری ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكی ڕكاوای نوێ و گەڕەكی ئەیاز.
- هەڵكەندنی سێ بیری ئاوی خواردنەوە بۆ كۆمەڵگەكانی بیرسیڤێ و هیزاوا و دەركار.
- هەڵكەندنی دوو بیری ئاوی خواردنەوە بۆ كۆمەڵگەكانی كانی ڕوهالی و سەلكا.
- هەڵكەندنی بیرێكی ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكی دەشتمرا نوێ (قۆناغی یەكەم).
- خاوێنكردنەوەی خاپووری زاخۆ بە درێژایی 1500 مەتر.
لە دوماهیدا دەخوازم بڵێم، هێشتا زاخۆ پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتری حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ئومێدمان ئەوەیە زیاتر پاڵپشتی بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاستی خواست و ئومێدی خەڵكەكەی خۆماندا بین.
شڤان حەمدی
ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:
ڕێژەی بەرزی ناڕەزایی خەڵك لای گەنجەكانی كوردستانە و
زۆربەشیان داواكارییان دۆزینەوەی هەلی كارە
شڤان حەمدی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە و دەرچووی بەشی یاسای زانكۆی جیهانە، پێشتریش ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە و، لە بواری كاری ڕاگەیاندن و میدیا و ڕۆشنبیریدا یەكێكە لەو ڕۆژنامەنووسانەی كە ڕۆژانە كار لەسەر كێشەكانی خەڵك و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان دەكات و لەسەر ئاستی بایەخدان بە بواری ڕۆشنبیری یەكێكە لەو كارەكتەرانەی كە ڕۆڵێكی دیاری هەیە لە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەدا، لە گفتوگۆی ئەم جارە «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بەم جۆرە ڕای خۆی دەربڕی.
دوای ئەوەی لەم گفتوگۆیەدا گوێبیستی ئەو هەموو داتا و ئامارە بەنرخانە بووین كە لەلایەن بەڕێزان (هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ) خرانە ڕوو، هەر ئەو داتا و ئامارانە وێنای خواست و داواكاری و ناڕازیبوونی سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستانی هەر لە زاخۆوە هەتا كفری و كەلار، لە یەك تابلۆدا پیشان داین، هەروەها ئاستی بەرزی گفتوگۆكە كە بە گیانی خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری و پەرۆشی بۆ كێشە و گرفتەكان بەڕێوە چوو، ئەمیشیان وەك خەونێك هاتە پێش چاو، كە دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدان و كارەساتە گەورانە بە سەر گەلەكەمان هاتووە. ئەمڕۆ خۆمان حوكمڕانیی خۆمان دەكەین و خۆمان ئیدارەكانی خۆمان هەڵدەسووڕێنێن و گەنجە لێهاتوو و ئەكادیمیستەكانی خۆمان ڕۆڵێكی كاریگەریان هەیە لە دووبارە بونیادنەوەی وڵاتی خۆمان و، ئەركی سەرشانی هەموو میدیاكانی كوردستانە كە ئەو گیانی تەبایی و برایەتییەی ئەمڕۆ لەم گفتوگۆیەدا بینیمان، جێگەی بایەخی سەرەكی بێت، چونكە خەم و كێشەكانی هاووڵاتیانی كوردستان خەمی هەموو لایەكمانە و بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەكیش دەتوانین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، میللەتی ئێمەش ڕەنجی زۆری كێشاوە و شایستەی ئەوەیە ژیانێكی خۆشگوزەران و كامەرانی هەبێت.
ئەگەر هاریكاری و هەماهەنگی بخەینە سەرووی ئایدیۆلۆژیەتی سیاسی و ڕەنگەكان، ئەوا چارەسەركردنی هیچ كێشە و گرفتێك مەحاڵ نابێت و كلیلی كردنەوەی هەموو كێشەكانمان و ئایندەی قەوارە سیاسییەكەمان لە تەبایی و یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستاندا بەرجەستە دەبێت، لە هەمان كاتیشدا ئەو دەرفەتانەش لە بەردەم خەڵكانی ئینتیهازی و میدیای نابەرپرسدا ناهێڵین كە ئێستا بۆ مەبەستی سیاسی و موزایەدەی سیاسی و خۆدەوڵەمەندكردن، سایكۆلۆژیەتێكی ناڕازیبوونیان لە ناخی هاووڵاتیانی كوردستاندا دروست كردووە، وەك د.سالار زۆر بە جوانی ئاماژەی پێ كرد.
بەپێی ئەو ڕاپرسییەی بازنەی گفتوگۆ لەسەر (گەنج و ڕەخنە سیاسییەكانی) چەند مانگێگ پێش ئێستا بۆ گفتوگۆكردن لەسەری ئەنجامی دابوو، ڕێژەی بەرزی ناڕازیبوون لە گەنجانی تەمەن (18تا35) ساڵاندایە، ئەم توێژەش بەشی هەرە زۆریان دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان و بەشێكی باشیشیان هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دكتۆران لە بواری زانستە جیاوازەكان و، بەشێكی زۆریشیان كاری شایستەی خۆیان دەست نەكەوتووە و وا هەست دەكەن پەراوێز خراون و، لە بری ئەوەی هەوڵێك هەبێت بۆ ئەوەی لە خەمەكانی ئەو توێژە تێبگەین و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوان وا هەست دەكەن بە كرێكار و كارمەندی بیانی و خەڵكی دەرەوەی كوردستان بەدیلیان بۆ دروست كراوە، ئەمەش ئەو هەستەی لا دروست كردوون پەراوێز و ئیهمال كراون و، وەك یەكێك لە بیرمەندەكان دەڵێت: «كرێكار بچەوسێندرێتەوە پێی باشترە وەك لەوەی پەراوێز بخرێت و ئیهمال بكرێت»، دەوڵەتێكی وەك ژاپۆن كە یەكێكە لە حەوت دەوڵەتە گەورە پیشەسازییەكەی جیهان، هەروەها بە یەكێك لە دەوڵەتانی مۆدێلی سیستمی ئەوروپای ڕۆژئاوا دادەنرێت، بەڵام ژاپۆن تەنیا دەوڵەتە كە پێشوازی لە پەنابەران ناكات و نەیهێشتووە بە دیل بۆ توانا و لێهاتوویی گەنجەكانی خۆی دروست بكات، هەوروەها تەنیا دەوڵەتیشە لە ناو مودێلی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتدا كە دیاردەی پۆپۆلیستی تیایدا سەری هەڵنەداوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ئێستادا هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە هەلی كاری (بیر و بازوو) لە كەرتی تایبەتدا بۆ گەنجەكانی كوردستان دابین بكات، بۆ ئەمەش بڕیارێكی دەركردووە بۆ كۆمپانیاكان بەوەی دەبێت بە ڕێژەی 75%ی هەلی كار بۆ گەنجەكانی خۆمان بێت و 25%ی بۆ كارمەندی بیانی و خەڵكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بێت، ئەمە تا ڕاددەیەك بڕیارێكی باشە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە كۆمپانیاكان لەگەڵ ئەوەی وەك خۆی ئەم بڕیارەیان جێبەجێ نەكردووە، لە هەمانكاتدا ئەوە مووچەی كارمەندان (بیر و بازوو) دیاری دەكات، ئەو بەدیلە بیانییەیە كە بۆ گەنجانی ئێمە دروست كراون، بە واتایەكی دیكە لەبەر ئەوەی كرێكار، یان كارمەندێك كە لە وڵاتێكی هەژاری بیانی یان دەورەبەروە دێتە كوردستان و ئامادەیە بە 300-400 دۆلار هەموو كارێك بكات، ئەمە فەرزی كردووە دەبێت گەنجانی ئێمەش هەر بەو بڕە مووچەیە كاریان بۆ پەیدا بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا ئەو بڕە مووچەیە بۆ كارمەندێكی دەوڵەتێكی هەژاری بیانی یان دەوربەر، وەك ساڵانی نەوەدەكانی لای خۆمانە كە 50 دۆلار بەشی دوو ماڵی دەكرد، بەڵام بۆ ئێستای كوردستان ئەو بڕە پارەیە خواستی گەنج پڕناكاتەوە، پێشنیاری من بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە فەرز بكرێت لەسەر هەموو كۆمپانیاكانی كوردستان كە مووچەی كارمەندانیان لە مووچەی ئەو كارمەندانە بەرزتر بێت كە لە كەرتی گشتی (حكومەت) كار دەكەن، هەر بۆ نموونە چۆن دەبێت (ئەندازیارێك، مامۆستایەك، ژمێریاێك و.. هتد) مووچەكەی لە كەرتی تایبەت لە كەرتی گشتی كەمتر بێت؟
خاڵی دووماهی كە دەمەوێت جەختی لەسەر بكەمەوە پرسی ڕۆتینە، بەڕاستی ڕۆتین زۆر سیمای بیرۆكراسییەت ناشیرین دەكات و هاووڵاتی تووڕە و بێزار دەكات، هەر لەم دانیشتنەدا بەڕێز ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە زۆر جوان ئاماژەی پێ كرد، بە هۆی ئەو ڕۆتینەوە دوو مانگ بەسەر یادی كیمیابارانی هەڵەبجە تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئەو پارەیە سەرف نەكراوە كە بۆ یادكردنەوەی ئەو كارەساتە گەورەیە تەرخان كراوە.
پ.د.نەزاكەت حسێن
ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:
دەبێت ڕای خەڵك بە گرنگ بزانین و حكومەت و میدیاش پێكەوە كاری جددی لەسەر بكەن
پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی لێژنەی بازنەی گفتوگۆیە و، یەكێكە لە ئەكادیمیستە دیارەكانی بواری ڕۆژنامەگەری و سەرۆكی (لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسانیشە لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان)، ئەمەش وای كردووە، هەم لە ڕووە ئەكادیمی و زانستییەكە و هەمیش لە ڕووە مەیدانییەكەیەوە ئاگاداری خواستەكانی خەڵك و گرفتی ڕۆژنامەنووسانیش بێت، ئەمە بێجگە لەوەی دەیان توێژینەوەی زانستی و كتێبی لەم بوارەدا لەسەر بنەمای داتا و ئامار نووسیوە، لە گفتوگۆی ئەمجارەشدا «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.
بەڕێزان لەم گفتوگۆیەدا زانیاریی زۆر گرنگیان لەسەر بابەتێكی زۆر گرنگتر كە خواست و داواكاریی خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان خستە ڕوو، سەرەنجامی هەموو بۆچوونە جیاوازەكانیش ئەوەیە كە هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی خەڵك ناڕازییە، ئەوجا هۆكاری ئەم ناڕازیبوونەی خەڵك هەرچییەك بێت، ئەوا دەبێت حكومەتی خۆمان لە بەڕێزان (پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان) بە هەندی وەربگرن و ئێمەش وەك میدیا پێویستە كاری جددی لەسەر بكەین.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە: بە چ میكانیزمێك كار لەسەر ناڕەزایی خەڵك بكەین؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێم: لە هەموو ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی سیستمی دیموكراتی و ئابووریی بازاڕ دەكەن، دوو بنەمای گرنگیان كردووە بە بنەما بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ خواست و ویستی هاووڵاتی كە ئەو دوو بنەمایەش بریتین لە:
1- لەسەر ئاستی سیاسی: لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسی هەڵبژاردن یەكێكە لە پرانسیپە سەرەكییەكانی سیستمی دیموكراتی، ئەم پرانسیپە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی هەموو كاتێك دەنگدەر ڕاست دەكات (voter always right).
2- لەسەر ئاستی ئابووری و بازاڕ: ئابووریی سیستمی دیموكراتی پشتبەستووە بە بازاڕی ئازاد و ساخكردنەوەی بەرهەمەكەی لای كڕیارەكانی، بۆیە ئەم بازاڕە پشتبەستووە بە كڕیارەكانی، ئەمەش وای كردووە ئابووریی بازاڕ لەسەر پرانسیپی بەردەوام كڕیار لەسەر هەقە (customer always right) بێت.
بێگومان سیستمی حوكمڕانیی كوردستانیش، هەم لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسی پشتبەستووە بە هەڵبژاردن و دەنگدانی خەڵك، هەمیش لەسەر ئاستی ئابووری پشتبەستووە بە ئابووریی بازاڕ، بۆیە لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئێمەش دەبێت ڕای خەڵك بە گرنگ بزانین و كاری جددی لەسەر بكەین.
لەم بوارەدا من وەك ئەكادیمیستێك كە لە بواری ڕێكلام و كاری میدیاییدا زۆرتر كارم لەسەر بە بازاڕكردن (Marketing) كردووە، بۆیە هەوڵ دەدەم لەسەر ئەم پرانسیپە بۆچوونەكانی خۆم بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ خواست و داواكاری و ناڕەزایی هاووڵاتی بخەمە ڕوو.
لە پرۆسەی بەبازاڕكردنی هەر بەرهەمێكدا پرانسیپێك هەیە كە دەڵێت: «گرنگ نییە بەرهەمەكەت چییە، گرنگ نییە چۆن ڕێكلامی بۆ دەكەیت، گرنگیش نییە چۆن دابەشی دەكەیت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئایا كڕیارەكەت ڕازی كردووە، یان ڕازیت نەكردووە، بۆ ئەوەی بەرهەمەكەت بكڕێت؟»، لەسەر ئەم بنەمایە حكومەت ئەو كۆمپانیایەیە كە بەرهەمێك دەخاتە بازاڕەوە و هاووڵاتیش ئەو كڕیارەیە كە دەبێت بە بەرهەمی ئەو كۆمپانیایە ڕازی بێت، ئەوجا لەسەر هەق بێت، یان لەسەر هەق نەبێت، سەرەنجام هەر كڕیارەكە لەسەر هەقە و دەبێت كۆمپانیاكە مامەڵە لەگەڵ خواستی كڕیارەكانیدا بكات، ئێستا ئێمەش گەیشتووینەتە ئەو ڕاستییەی كە هاووڵاتی ناڕازاییە، بۆیە دەبێت ئەم ناڕازیبوونەی خەڵك لە رووە بەبازاڕكردنەوەكەیەوە قسەی لەسەر بكەین.
پێش هەموو شتێك گرنگە ئاماژە بەوە بكەین كە كاتێك دەمانەوێت بازاڕكردن بۆ بەرهەمێك بكەین، دەبێت ئەوەمان لە بەرچاو بێت كە (پێداویستی و خواست و حەز - Need،Want،Diser) هەیە، بۆیە ئێمە دەبێت لەسەر ئەم سێ بنەمایە لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان هەڵسەنگاندن بكەین، بەدوای ئەو خاڵە بكەوین كە بووەتە سەرچاوەی دروستبوونی ئەم ناڕەزاییە لای خەڵك، دەبێت بزانین ئەم ناڕازیبوونە دروست كراوە، وەك د.سالار ئاماژەی پێ كرد، بووەتە سایكۆلۆژیەت، یان لایەن و كەسانێك موزایەدەی سیاسی پێوە دەكەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەكەن، یانیش بە كردەیی حكومەت بە دوای هۆكاری ڕاستەقینەی ناڕازیبوونی خەڵكدا بگەڕێت.
ئەوەی لەم گفتوگۆیەدا وەك سەرەنجام پێی گەیشتین، شتێكی زۆر باش بوو، هەموو لایەك كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو ناڕازیبوونە هەیە و هەستی پێ دەكەین، بۆیە گرنگە لەسەر ئاستی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی یەكە ئیدارییەكان، بەتایبەتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، دوای سەرەداوی ئەو ناڕازیبوونەی خەڵك بكەوین و سەرچاوەكەی وەك خۆی دەستنیشان بكەین، لەسەر ئاستی ئەو ناڕازیبوونە هەوڵ بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بدەین، چونكە هەر چییەك بكەین، سەرەنجام ئەگەر خەڵك ڕازی نەبوو، واتە هیچمان نەكردووە.
د. جەلال ئەحمەد
بەرپرسی بنكەی توێژینەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:
حكومەتی هەرێم بە ئاراستەی چارەسەركردنی گرفتەكان و دابینكردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان هەنگاوی ئەرێنی هەڵگرتووە
بەڕێز د.جەلال ئەحمەد بەرپرسی بنكەی توێژینەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و مامۆستایە لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین، هەروەها یەكێكە لە توێژەرە باشەكانی بواری كۆمەڵگە و ڕاپرسی، لەم بوارەشدا جێ دەستی دیارە و زۆر پسپۆڕانە ئامار و داتاكان لەسەر پرسە گرنگەكانی كۆمەڵگە كۆدەكاتەوە، لە گفتوگۆی ئەم جارە «خواست و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان»، بەم جۆرە بۆ چوونەكانی خستە ڕوو.
بە وتەیەكی تەها حسێنی شاعیر دەست پێ دەكەم كە دەڵێت: «سیاسییەكان تا خۆیان لەبیر نەكەن، ناتوانن خزمەتی گەلی خۆیان بكەن»، كەواتە ئەو قسەیەش لە جێی خۆیەتی ئەگەر بڵێین ڕەزامەندیی خەڵك لە ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشیان دەكرێن، بەندە بەوەی سیستمی سیاسی و حكومەت و كاربەدەستان، چەندە لە خەمی بەرزكردنەوەی كوالێتیی ژیانی خەڵكدان، كوالێتیی ژیانیش لە بەرجەستەكردنی كوالێتییەكی گشتگیردا بەرجەستە دەبێت، كە لە ڕۆژگاری ئێستادا پێداگرە لەسەر بەرزیی كوالێتیی بەرهەم و خزمەتگوزارییەكان لە ڕووی ئەدا و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكان بە ڕۆحییەتێكی دەستەجەمعی، لەپێناو كەمكردنەوە و كۆنتڕۆڵكردنی كاتی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەكانی كڕیار و بەكاربەران و دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕ و ژیان بەگشتی، بەو واتایەش بە پەیڕەوكردنی میتۆدێكی كاركردنی گشتگیر دەتوانرێت كاروبارەكان بە بەردەوامی باش هەڵسووڕێندرێن، خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییەكانیش لە ئاست چاوەڕوانی هاووڵاتیاندا بن.
لە هەرێمی كوردستاندا بە هەر هۆكارێك بێت تا ئێستا میتۆدی كاركردن لە پێناو گەیشتن بە كوالێتیی گشتگیر، وەك پێویست كاری پێ نەكراوە، بۆیەش هاووڵاتیان حەقی خۆیانە گلەییان هەبێت، بەتایبەت لە دواكەوتنی مووچە و شایستە داراییەكان و گرانی و خراپیی كوالێتیی سووتەمەنی و كەمی و خراپیی كوالێتی بەشێك لە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان و دابەزینی ئاست و كوالێتیی پەروەردە و پێگەیاندن و خراپیی ڕێگەوبانەكان و كەمیی كاتەكانی پێدانی كارەبا.
بۆ پاڵپشتیی ئەو قسانەم دەمەوێ بڵێم، كە لە ماوەی ڕابردوودا كێشەی كەمیی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دواكەوتنی مووچە، كە هێشتا تا ڕاددەیەك ماوە و كاتی هاتنی مووچە بووە بە مزگێنی و هەواڵێكی مژدەبەخش بۆ فەرمانبەران و خەڵكی ئاساییش، لەبەر ئەوەی مووچە هەر چەندە بەراورد بە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا باشتر بووە و پاشەكەوت نەماوە، بەڵام ساڵانێكی زۆرە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی ڕاگیراوە و ڕوودانی هەر پێشهاتێكی سیاسی و ئابووری، ترسی دواكەوتنی مووچە دەخاتە دڵیانەوە.
لە لایەكیترەوە گرانی و خراپیی كوالێتیی بەنزین لە هەرێم بەراورد بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند، هەڵكشانی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ ٢٨٠ هەزار دینار كە وای كرد زستان خەڵكێكی زۆر لە بەنزینخانەكان بە جلیكان نەوت بكڕن، جار بە جار سەرهەڵدانی قەیرانی كەمیی غاز، چۆن نابنە هۆی ئەوەی خەڵكی گلەییان لە دابینكردنیان هەبێت. نەبوونی بەردەوامی كارەبای نیشتمانی و زۆریی مۆلیدە و گرانیی نرخی ئەمپێرێك كارەبا بەهۆی هەڵكشانی نرخی گازەوە، سەرەڕای ئەوەی سیمایەكی ناشیرینیان بە گەڕەكەكان بەخشیوە، بوونەتە مایەی پیسبوونی هەواو و پیسبوونی بینایی (التلوث البصري) خۆشبەختانە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەڕێز سەرۆكی حكومەت بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبای بە تیشكی خۆر دانا و بەڵێنی دا كە كێشەی كارەبا چارەسەر دەكات و كۆتایی بە تۆڕێ جاڵجاڵووكەیی كێبڵی مۆلیدەكان دەهێنێت. لە بواری سووتەمەنییشدا دۆخەكە تا ڕاددەیەك بەرەو باشییە، بەڵام لە ڕووی تەندروستییەوە دۆخەكە هێشتا باش كۆنتڕۆڵ نەكراوە و لە نەخۆشخانە حكوومییەكاندا بەشێك دەرمانی پێویست دەست ناكەون، خەڵكێكی زۆریش لە ترسی سەرەگرتن بۆ ماوەیەكی زۆر بۆ بینینی دكتۆرێك، بە هۆی ئەوەی ژمارەیان كەمە، یان وەك پێویست دەوام ناكەن، ناچارن ڕوو بكەنەوە نەخۆشخانە تایبەتییەكان، بەو هۆیەشەوە دروستكردنی نەخۆشخانەی تایبەت بووەتە یەكێك لە بوارەكانی وەبەرهێنان لەسەر حیسابی كەرتی گشتی و گیرفانی هاووڵاتیان. بەشێك لە دكتۆر و تەنانەت یاریدەدەرەكانیشیان هێندەی لە نەخۆشخانە تایبەتییەكان دەوام دەكەن، هێندە لەو شوێنە دەوام ناكەن كە مانگانە مووچەیەكی باش لە بەرانبەر تەنیا چەند ڕۆژێك دەوامكردن وەردەگرن، زۆرن ئەو دكتۆرانەی لە ناو نەخۆشخانەی حكوومییەكاندا نەخۆش ڕادەسپێرن تا ئێوارە سەردانی عیادە، یان نەخۆشخانە تایبەتییەكەی خۆی، یا دكتۆرێكی هاوڕێی بكات، هاووڵاتیانیش كەم تا زۆر ئەوەیان بیستووە كە بەشێك لە دكتۆرەكان ماوەیەك بوو ببوون بە ساخكەرەوەی جۆرەها دەرمان بۆ كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی دەرمان. لە كەرتی پەروەردە و پێگەیاندنیشدا، خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست و سەردەمی نین، قوتابخانەكان لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان وەك پێویست نین، ژمارەیەكی زۆریشیان لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە دەوامێكیان تێدا دەكرێت و، بەشێكیان كێشەی گونجان بۆ بەكارهێنانیان هەیە و ژمارەی پێویست لە مامۆستایان نییە، ژمارەی قوتابی لە هەر پۆلێكیشدا لە ستاندارد زۆر زیاترە، بە داخەوە كەرتی پەروەردە و پێگەیاندنیش زیاتر لە قازانجی كەرتی تایبەتدا بووەتە قوربانی لەسەر حیسابی خزمەت و بەرژەوەندیی گشتی، حاڵی بەشێك لە زانكۆكانیش لە قوتابخانەكان باشتر نییە. بەشێك لە ڕێگەوبانەكان بە ڕێگەی مەرگ ناسراون و ساڵانە ژمارەیەك هاووڵاتی دەبنە قوربانیی خراپیی كوالێتیی ڕێگەوبان، سەرەڕای ئەم كەموكووڕییانەش، بەڵام لە هەرێمدا ئاسایش و ئارامییەكی باش هەیە و خەڵكی هەستی پێ دەكەن و حكومەت تا ئەو ڕادەیەیەی لە توانایدایە، لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و پاكوخاوێنی شوێنەكانی گەشتوگوزار و پشوودان و دابینكردنی بەروبووم و خۆراك و گواستنەوە و گەیاندن ڕێگەوبان و بەڕێوەبردنی كاروبارە ئیدارییەكان، خزمەتی خەڵكی كردووە و ڕێژەیەكی باش لێی ڕازین. حكومەتی هەرێمیش بە ئاراستەی چارەسەركردنی گرفتەكان و دابینكردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان هەنگاوی ئەرێنی هەڵگرتووە، ئەگەر حكومەتی عێڕاق لەگەڵیدا هەماهەنگ بێت، دواجار دەڵێم پێویستە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ببنە جێی بایەخی پارتە سیاسییەكان و خەڵك، كارنامەكانی هەڵبژاردنیش لە خزمەت پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا بێت.
فەرهاد محەمەد
ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:
پێویستە لینكی پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان كۆی دامەزراوەكانی حكومەت و خەڵك و میدیاكاراندا هەبێت
فەرهاد محەمەد ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە، كە ئەركی سەرەكیی ئەم گۆڤارە بایەخدانە بە پرۆسەكانی بونیادنانی دەوڵەت و نەتەوە و حوكمڕانیی باش، هەتا ئێستا سەدان توێژینەوە و ڕاپۆرتی زانستی بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕۆشنبیر و ئەكادیمیستانی ناوخۆ و دەرەوە لەسەر ئەم پرسە لەسەر لاپەڕەكانی ئەم گۆڤارە بڵاو كراوەتەوە، لە گفتوگۆی ئەم جارە «خواست و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.
لە گفتوگۆی ئەم جارە «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» كە بەڕێزان پارێزگارەكان و سەرپەرشیارانی ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵمان بەشدار بوون و، پێكەوە لەسەر ئەو ڕاپرسییە گفتوگۆمان كرد، كە ئاستی ناڕازیبوونی خەڵكی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی بۆ خستینە ڕوو، هەموو لایەكیش لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ڕای خەڵك ئەرێنی بێت، یان نەرێنی، گرنگە و دەبێت بە بایەخەوە وەربگیرێت و كاری جددی لەسەر بكرێت، ئەم ئاكامە گەشبینییەكی لا دروست كردین، بەوەی لە ناو پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستاندا ئامادەباشییەك هەیە بۆ ئەوەی ئاستی بەسیاسیكردنی كۆمەڵگە كاڵ بكرێتەوە و ناڕەزایی و كێشەكانی خەڵك لە ئایدیۆلۆژیەتی تەسكی حزبایەتی بێتە دەرەوە و، ببنە خەم و كێشەیەكی مەدەنی و، دامەزراوەكانی دەوڵەت هەوڵی چارەسەركردنی هۆكاری ئەو ناڕەزایی و كێشانە بدەن و، حكومەت ئەم كێشە و ناڕەزاییانەی خەڵك بە ئەركی سەرشانی خۆی بزانێت، بۆ ئەوەی خەڵكیش ئەو حكومەتە بە حكومەتی خۆی بزانێت.
لە میانەی ئەم گفتوگۆیەدا تیشك خرایە سەر ئەو لایەنەی كە بەشێكی ڕاپرسییەكە ڕەنگدانەوەی واقیعی حاڵی پرۆسەی حوكمڕانی نییە لە كوردستاندا، لەبەر ئەوەی ڕاستە كەموكورتی هەیە و هاووڵاتی مافی خۆیەتی و شایستەی ئەوەیە باشترین خزمەتگوزاریی پێشكەش بكرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كاری زۆر باشیش كراوە، بەو مانایە نییە كە هیچ نەكراوە و هیچ گۆڕانكارییەك لە ماوەی چوار ساڵی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نەبووبێت، هۆكاری دروستبوونی ئەم هەستە نەرێنییە لای هاووڵاتی كە لە هەموو شتێك ناڕازییە، گێڕاینەوە بۆ ئەوەی میدیای نابەرپرس و ئۆپۆزسیۆنی نابەرپرس كە لە پێناوی لایك و كۆمێنت و چەند دەنگێكی هەڵبژاردن ئەم واقیعە نەرێنییانەی لای هاووڵاتی دروست كردووە، لێرەوە ئەگەر ئەمە دیوێكی ئەو دیمەنە بێت كە ئێستا دەیبینین، ئەوا دیوێكی دیكەشی هەیە كە ئەوەیە ڕەنگە حكومەت و وەزارەتەكان و تەواوی یەكە ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەم لایەنەیان بە بایەخەوە وەرنەگرتووە و تا ڕاددەیەكی باش فەرامۆشیان كردووە.
بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمدا چەندین جار هەوڵی داوە لینكێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ (گەنجان، قوتابیان، میدیاكاران و...هتد) دروست بكات و ڕووبەڕوو گفتوگۆی لەگەڵدا كردوون، تەنانەت لە دوا دیداری لەگەڵ میدیاكارانی كوردستان تەواوی ئەو گفتوگۆیە پەخش كرا، كە نزیكەی سێ كاتژمێر بوو، ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت هەنگاوە دروستەكەیە بۆ دروستكردنی ئەو ڕایەڵەیەی كە تیایدا پەیوەندییەكی دروست لە نێوان خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەتدا دروست دەكات و، هەوڵێكە بۆ ئەوەی حكومەت بیسەلمێنێت بەڕاستی خزمەتكاری میللەتی خۆیەتی و میللەتیش حكومەت بە حكومەتی خۆی بزانێت و پشتگیری لێ بكات، بەڵام دەكرا ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت، لەسەر ئاستی وەزارەتەكان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تا دەگاتە ناحیەیەكیش بە شێوەیەكی مانگانە، یان وەرزی لەگەڵ خەڵك و میدیاكاران دووبارە بكرایەوە. كەواتە ئەم ئاكامە داوامان لێ دەكات، بەوەی پێویستە لینكی پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان كۆی دامەزراوەكانی حكومەت و خەڵك و میدیاكاراندا هەبێت.
ئەگەر بە ڕاشكاوی خەمخۆرانە بمانەوێت مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئەم واقیعە بكەین، ئەوا من هەڵوەستە لەسەر میدیا و میدیاكارانی هەر سێ حزبی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) دەكەم، كە ئەو سێ لایەنە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەك كابینەی نۆیەمیان پێك هێناوە و دەپرسم: ئایا حكومەت و وەزارەتەكان و یەكە ئیدارییەكان پەیوەندییەكی تەندروستیان لەگەڵ میدیاكارانی خۆیان هەیە، تا ئەوانیش بتوانن داتا و زانیاریی دروست بخەنە بەردەستی هاووڵاتیان و ڕێگە نەدەن میدیای نابەرپرس و ئۆپۆزسیۆنی نابەرپرس واقیعەكە بشێوێنن؟ من وەڵامی ئەم پرسیارەم لە ڕوانگەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، كە گلەیی ئەوەمان لەسەر بوو، نەمانتوانیوە زانیاری و داتای ڕاست و دروستی كارەكانی حكومەت بگەیەنینە هاووڵاتیان، بێگومان وەڵامی ئێمەش بۆیان ئەوە بوو، باشە كوا ئێوە هیچ داتا و زانیارییەكتان بە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن داوە، هەتا ئۆرگانەكانی ئەم بەشە درێغییان كردبێت لە گواستنەوەی ئەو داتا و زانیارییانە بۆ هاووڵاتیان، ئایا ڕایەڵەیەك هەیە ئەندامانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و سەرنووسەر و بەڕێوەبەری دەزگاكانی پارتی لەگەڵ كوتلەی حكوومی پارتی و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پێكەوە كۆبكاتەوە و، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاگاداری داتا و زانیارییەكانی حكومەت و پەرلەمان بن؟ یان ئایا كە پارتی و یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانی دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت، بیریان لەوە كردووەتەوە كە پێویستە ڕایەڵەیەكی هاوبەش لە نیوان ڕاگەیاندنی ئەو سێ حزبە هەبێت، بۆ ئەوەی پێكەوە داتا و زانیارییەكانی حكومەت بۆ هاووڵاتیان بگوازنەوە؟ ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری میدیا و گەیاندنی كارە خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتیان، تەنیا یەك ماڵپەڕی فەرمیی هەیە، كە تەواوی ماڵپەڕی وەزارەتەكانی تێدا كۆ كراوەتەوە، لە بەرانبەردا هەریەك لەوانەی بە خۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن كەناڵێك، یان چەند كەناڵیی ئاسمانییان هەیە، لەمەش زیاتر چەندین (web TV)یشیان هەیە، كە بەردەوام كاریان ئەوەیە كارەكانی حكومەت ناشیرین بكەن.