نەوزاد شێخ كامیل بۆ گوڵان: لە 25ی ئەم مانگەوە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت و هەر تۆنێك گەنم بە 850 هەزار دینار دەكڕدرێتەوە

نەوزاد شێخ كامیل بۆ گوڵان:  لە 25ی ئەم مانگەوە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت و هەر تۆنێك گەنم بە 850 هەزار دینار دەكڕدرێتەوە

 

 

ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران تەواو بووە و، بڕیارە لە 25ی ئەم مانگەوە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بكات، وەزارەتی بازرگانییش هەموو ئامادەكارییەكانی تەواو كردووە، بۆ ئەوەی لە چەندین سایلۆ و بنكەی وەرگرتنی گەنم دەست بەم پرۆسەیە بكرێت، وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵیش نرخی وەرگرتنی تۆنێك گەنمی بە 850 هەزار دینار دیاری كردووە، لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار بە بووژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و دواگۆڕانكارییەكان لەسەر بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیاری ئاراستەی نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كرد.

 

* یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زامنكردنی شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیاران بوو، ئایا بۆ ئەمساڵیش زامنی پێدانی ئەم شایستە داراییانەی جووتیاران بەردەوام دەبێت؟

- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەستكەوتی باش بۆ كەرتی كشتوكاڵ و باشبوونی بەرهەمی جووتیاران بەتایبەتی لە گەنم و جۆ و پێدانەوەی شایستە داراییەكانی جووتیاران بەدەست هاتووە، ئەوە بوو شایستە داراییەكانی ساڵانی 2017 و 2018 و 2019 و 2020 و 2021 و 2022 دراوە، لەمەش گرنگتر توانرا ئەو پارەیەی سێ ساڵی 2014 و 2015 و 2016 لای حكومەتی فیدڕاڵی بوو، لە كابینەی نۆیەمدا درایەوە بە برا جووتیارەكانمان. لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی فیدڕاڵیشدا زۆر جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان و دابینكردنی شایستە داراییەكان كراوەتەوە، بۆ ئەوەی تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیاران زامن بكرێت، بەتایبەتی بۆ ئەمساڵ كە سەرجەم گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت و هەر تۆنێك بە 850 هەزار دینار دەكڕدرێتەوە و لە ماوەیەكی كەمدا پارەی جووتیارانیش خەرج دەكرێت.

حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ئەم پرۆسەیە بڕی 500 ملیار دیناری وەكو قۆناغی یەكەم بۆ كڕینەوەی گەنم خستووەتە سەر هەژماری بانكی بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، هەر كاتێك ئێمەش دەستمان بە پرۆسەكە كرد، پارە بۆ ئێمەش دەنێردرێت، لە 25ی مانگی پێنجیش دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەكرێت. لەلایەن خۆشمانەوە پێشبینیی ئەوەمان كردووە، بە هۆی بارانبارینێكی زۆرەوە بەرهەمی گەنمی جووتیاران لە ئەمساڵدا زیاد بێت، بەپێی هەندێك سەرچاوە كۆی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە سەرانسەری عێراق بە چوار ملیۆن تۆن گەنم دەخەمڵێندرێت، بەمەش پێشبینی دەكرێت، بەرهەمی جووتیاران تەواوی پێداویستیی ناوخۆی ئەمساڵ پڕ بكاتەوە و وەكو پاڵپشتییەكیش تەواوی دەروازەكان بە ڕووی بەرهەمی گەنمی دەرەوە دادەخرێت.

* كەواتە بۆ ئەمساڵ تەواوی پرۆسەكە لەسەر ئاستی هەر دوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵ بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بێ ئاستەنگ و گرفت بەڕێوە دەچێت؟

- بە خۆشحاڵییەوە هەنگاوەكانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت دوای ڕێككەوتنە مێژووییەكەی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، چاوەڕوان دەكرێت نەك تەنیا ئەو گرفت و ئاستەنگانەی هەبوون، بەڵكو تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕوو لە چارەسەركردن بكات، چونكە پێشتر لەلایەن هەندێك كەس و گرووپەوە ئاستەنگ لە بەردەم ناردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خواروو دادەنرا، ئێستا ئەو دیاردەیە ڕووی لە كەمی كردووە و لەسەر ئاستی دارایی و تەكنیكی و ئیداری گفتوگۆكانمان زۆر باش دەچێتە پێشەوە. ئێمە وەكو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی نێوان بەغدا و هەرێم سەردانی وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵمان كرد و چەند تەوەرێكمان باس كرد، لەوانە:

 1- ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە ساڵی 2023.

2- شایستەی فەرمانبەرانی وەزارەت.

3- یەكخستنی مۆڵەتی هاوردە و ناردن.

4- باشتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی بەشە خۆراك.

بە خۆشحاڵییەوە چەندین لێژنە بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵانە دامەزراون و تاكو ئێستا كاروبارەكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێن. هەر سەبارەت بەم بابەتە من خۆم چەندین جار لەگەڵ بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی گشتیی دانەوێڵە لە بەغدا كۆبوومەتەوە و باسی جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان بەتایبەتی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و باشكردنی پرۆسەكە و وەرگرتنی شایستە داراییەكان لە كاتی خۆیدا كراوە.

* پێشتر یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم جووتیاران نەبوون و كۆنیی سایلۆكان بوو كە بۆ ئەمباركردنی گەنمی جوتیاران بەكار دەهات، تەنانەت زۆربەی جار لە گۆڕەپانەكان گەنم ئەمبار دەكرا، ئایا بۆ ئەمساڵ چ ئامادەسازییەك بۆ ئەم پرۆسەیە كراوە؟

- حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ سەرجەم گەنمی جووتیاران وەردەگرێت و بە پاڵپشتی و پشتگیریی ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكومەت توانراوە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان سایلۆ و كۆگای وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادە بكرێت، دروستكردنی ئەم سایلۆیانە و ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ پێكەوە پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەتە بۆ برا جووتیارەكان، لە ئەمساڵدا سێ سایلۆی قوشتەپە و ڕۆڤیا و كەلار تەواو بوون، بەڵام بۆ ئەمساڵ بە هۆی نەبوونی فەرمانبەرانەوە لەم سایلۆیانە گەنم وەرناگیرێت و ئامادەسازی دەكەین بۆ ساڵی ئایندە، لەو سایلۆیانە پەنكەر هەیە، لەوێ گەنم وەردەگیرێت، هاوكات لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی سایلۆكانی كوردستان كۆبووینەوە و ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانمان پێ داون. هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ بە ئاراستەی بەهێزكردنی ژێرخانی كشتوكاڵ و هەناردەكردنی بەرهەمی جووتیاران و ساغكردنەوەی لە ناوخۆی هەرێم و دەرەوەی هەرێم كاریگەریی زۆر باشی هەبووە لەسەر باشكردنی دۆخی دارایی و ئابووریی جووتیاران، لەسەر ئاستی جموجووڵی بازرگانییش بۆ یەكەمین جارە ئەو ژمارە زۆرەی بازرگان و شاندە بیانییەكان بەم شێوەیە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. هەر لەم بارەیەوە سەبارەت بە بازرگانی تاكو مانگی 4ی ئەمساڵ 1267 مۆڵەتی بازرگانیمان داوە و بە بڕی 2ملیار و 150 ملیۆن دۆلار ڕەسید بۆ بازرگانیكردن دانراوە، ئەمەش پێشكەوتنێكی باشە لە بواری بازرگانیدا، لە لایەكی دیكەوە تیمەكانی چاودێریی بازرگانی سەركەوتووانە كۆنتڕۆڵی بازاڕەكانیان كردووە و تەنیا لە مانگی ڕەمەزاندا 5277 سەردانمان كردووە و 207 سەرپێچی تۆمار كراون و 71 داخستن هەبووە، زیاتر لە 19 ملیۆن و 850 هەزار دینار غەرامە كراوە وە زیاتر لە 24 تۆن و 230 كیلۆ ماددەی ماوە بەسەرچوو دەستی بە سەرداگیراوە و لەناو براون.

* سەبارەت بە پسوولەی خۆراك بۆ هاووڵاتیان، ئایا هیچ گۆڕانكارییەك لە هەناردەكردنی خۆراك و ڕێنماییەكان و چۆنیەتی دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان لە ئەمساڵدا ڕووی داوە؟

- بڕیارە لە ئەمساڵدا بەشە خۆراكی تەواوی هاووڵاتیان بگاتە هەرێمی كوردستان و بە شێوەیەكی باشتر لە ساڵانی ڕابردوو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكرێت، بەمەش تا ئەو كاتەی هەژاری بە تەواوەتی لە عێراق نامێنێت، پرۆسەی دابەشكردنی خۆراكی هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت، چونكە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان كاریگەری لەسەر ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی ئەو ماددە و كاڵایانە كردووە تاوەكو نرخەكەیان زیاتر گران نەبێت، هەوڵەكانیش بەردەوامە بۆ زیادكردنی چەندین جۆری بەشە خۆراك و زیادكردنی بڕەكەی، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 225 هەزار و 472 كەس لە بەشە خۆراكی مانگانە سوودمەندن، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش لەسەر هێڵین بۆ بەدیجیتاڵكردنی پرۆسەی پسوولەی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان و لە دهۆك هەنگاوی باشی بڕیوە و لە هەولێر و سلێمانیش كۆبوونەوە كراوە و بە زووترین كات پسوولەی خۆراك بە كارتێكی ئەلەكترۆنی دەبێت و، زانیاریی تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی تێدایە و بە ئەپڵیكەیشنێك هەموو زانیارییەكانی پرۆسەی دابەشكردنی خۆراك و زیادكردن و كەمكردنی ئەندامانی خێزانەكەی ڕێك دەخرێتەوە، لە ئێستادا كار لەسەر ئەوە دەكەین، هەر فەرمانبەرێك مووچەكەی لە دوو ملیۆن زیاتر بێت، لەگەڵ ئەوانەی مردوون، یان لە دەرەوەی وڵاتن لە ناو پسولەی خۆراك نەمێنن، سەبارەت بە منداڵی تازە لەدایكبوو، پێشتر دەبوایە كارتی نیشتمانیی هەبێت، ئەو كات بەشە خۆراكی دەدرایە، ئێستا بڕیارەكان گۆڕاون بە (سوورەت قەید) دەكرێ، واتا ئێستا ئەو كاتەی منداڵ لەدایك دەبێت، دەخرێتە نێو پسوولەی بەشە خۆراك لە هەرێمی كوردستان.

 

Top