چارڵسی سێیەم تاجی پادشای لەسەر نا
خانەوادەی شاهانە لە شانشینی یەكگرتوو ماوەی هەزار ساڵە بە سیستمی پادشای مەلەكی (Royal family) لە باپیر و داپیر و باوك و دایكەوە بۆ كوڕ و كچ و نەوەكانیان، بەپێی زنجیرەی خێزانی، دەسەڵات لە ناو خانەوادەی شاهانەدا دەستاودەست دەكات.
شاژنە ئەلیزابێسی دووەم تەمەن درێژترین پادشای شانشینی یەكگرتوو ...
شاژنە ئەلیزابێسی دووەم كە ناوی تەواوی (Elizabeth Alexandra Mary Windsor)ـە، بە ئەلیزابێسی دووەم ناسراوە لە خانەوادەی(Windsor)، لە6ی فیبرەوەری ساڵی 1952 وەك گەنجترین كچە شازدەی جێنشین تاجی شاهانەی لە سەر نرا و، تەمەن درێژترین پادشای وڵات بوو، لە دووەهەمین جەنگی جیهانیدا وەك ئەندازیاری میكانیك و دواتریش وەك شۆفێری ئۆتۆمبێلی سەربازی ڕۆڵێكی كارای هەبووە لە ڕیزی سوپای وڵاتەكەیدا، لە سەردەمی (ئەلیزابێسی دووەم)دا 15 سەرۆك وەزیران دەسەڵاتیان دەستاودەست كردووە، لە ناو سەرۆك وەزیرانەكانیشدا سێ ئافرەت هەبوون، لەوانە (مارگرێت تاچەر، تێریزا مەی، لیز تراس)، شاژن لە تەواوی جیهاندا بە دەسەڵاتدارترین ئافرەت ناسرابوو، هەر وەك دەوترا شانشینەكەی هەرگیز خۆری لێ ئاوا نابێت (المملكة المتحدة لا تغیب عنها الشمس) جگە لە بەریتانیا لە ناو دەوڵەتانی كۆمنوێڵسدا (ئەلیزابێسی دووەم) وەك شاژن و پادشا وێنەی لەسەر دراوەكانیان هەیە.
لە هەشتی سێپتەمبەری ساڵی 2022 لە كۆشكی باڵمۆراڵ لە سكۆتلەندا شاژن لە تەمەنی 96 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، لە تەواوی جیهاندا ماتەمێنی و خەمباری بۆ كۆچی دوایی (ئەلیزابێسی دووەم) ڕاگەیاندرا، لە بەریتانیا و وڵاتانی كۆمنوێڵس و تەواوی جیهانیشدا پرسەی بۆگێڕدرا، هەزار كەسایەتیی كاریگەری جیهان بەشدارییان لە ڕێوەڕەسمی بەخاكسپاردنەكەیدا كرد، لەوانە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە فەرمی بانگهێشتی ماڵئاوایی و ناشتنی تەرمی شاژنی كۆچكردوو كرا.
ڕێوەڕەسمی تاج لەسەر دانان
كاتێ شاژنە (ئەلیزابێسی دووەم) بووە شاژنی بەریتانیا (چارڵس)ی كوڕی تەمەنی تەنیا چوار ساڵان بوو، واتا پادشا (چارڵس) حەفتا ساڵ شازادی جێنشین بوو تا كۆچی دوایی دایكی، ئەو كات بووە پادشای شانشینی یەكگرتوو، ڕۆژی 6/5/2023 تەدارەكێكی شاهانە ڕێك خرا، بۆ ئاهەنگی تاج لەسەر دانانی پادشای نوێ، كە بە (Coronation) ناسراوە، لە تەمەنی 74 ساڵیدا تاجی پادشایی لەسەر (چارڵسی سێییەم) دانرا، تاج لەسەر دانانی پادشا (چارڵسی سێیەم)یش ڕووداێكی مێژوویی گرنگە، بەتایبەتی لە مێژووی نوێی بەریتانیا و وڵاتانی كۆمنوێڵس و بگرە جیهانیش.
تەواوی میوانانی بانگهێشتكراو لە هۆڵی كەنیسەی (Abbey Westminster) لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئامادە بوون. پادشا (چارڵسی سێیەم) بە یاوەریی گاردی شاهانەی بەریتانی بە گالیسكە و ئەسپ و عارەبانەی شاهانە لە كۆشكی پاكینگهامەوە بە ناو ملیۆنان هاووڵاتی بەریتانیدا بەڕێ كەوت و كاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ گەیشتە كەنیسەی(Westminster Abbey)، لە مەراسیمەكەدا پادشا (چاڕلسی سێیەم) دوای سوێندخواردن بە شێوازێكی كۆنی عورفی شاهانە لەشی بەجۆرە ڕۆن و زەیتێك چەور كرا، دواتر جلی پادشای لەبەر كرا و پاشان لەلایەن مەتران جۆستن وێڵبی (Justin Welby) تاجی شاهانەی خرایە سەر (Charles Philip Arthur George) كە بە چارڵسی سێیەم (Charles III) ناسراوە، لە تەدارەكەكەدا جگە لە جلوبەرگ و دەستەوانە و هەر دوو داری دەسەڵاتی شاهانە و تۆپێكی بچووك هاوشێوەی گۆی زەوی كە خاچی مەسیحییەتی پێوەیە و لە ئایینی مەسیحییەتدا گرنگی و پیرۆزیی خۆی هەیە. مەتران (جۆستن وێڵبی) دوای ئەوەی تاجەكەی لەسەر پادشا دانا، لەوە دڵنیا بوو تاجەكە جێگەی تەواوی خۆی گرتووە، چەند هەنگاوێك گەڕایەوە دواوە و بە دەنگێكی بەرز گوتی: (God save the King) خودا پادشامان بپارێزێت، دواتر ئامادەبووان هەمان دروشمیان گوتەوە، دواتر شاژن سوێنددرا و تاجی شاژنی لەسەر (كامیلا) هاوسەری پادشا دانرا، پادشا (چارڵسی سێیەم) بووە پادشای فەرمیی بەریتانیا و وڵاتانی كۆمنوێڵس و شازادەی جێنشین (William Charles) كوڕی پادشا وەك شازادەی جێنشین، بووە یەكەم كەس كە پیرۆزبایی لە پادشا كرد و سوێندی شازادەی جێنشینی خوارد و ماچی باوكی كرد.
لە مەراسیمی تاج لەسەردانانی پادشای نوێی بەریتانیادا تەواوی كەسایەتییە گرنگەكانی جیهان بەشدار بوون، جگە لە حەوت وڵات نەبێت، كە بانگهێشت نەكرابوون، ئەوانیش بریتین لە (ڕووسیا، ئێران، سووریا، ئەفغانستان، میانمار، ڕووسیای سپی، ڤەنزوێلا). لە مەراسیمی تاج لەسەردانانی پادشای نوێی بەریتانیادا ڕێوشوێنێكی توندوتۆڵی ئاسایشی گیرابووە بەر، نزیكەی 11 هەزار ئەفسەری پۆلیس و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان و گاردی شاهانەی بەریتانی ئاسایش و تەناهی لەندەنی پایتەختیان لە زەوی و ئاسمانەوە دەپاراست.
هەر لەگەڵ دانانی تاجی پادشاییدا مەراسیمە سەربازییەكان دەستیان پێ كرد، دەست كرا بە تەقاندنی تۆپی تایبەت بۆ نیشاندانی خۆشحاڵی و ڕێزنواندن لە پادشای نوێ، دواتر زەنگی كاتژمێرەكانی لەندەن بە تایبەتیش دەنگی كاتژمێری بەناوبانگی (بیگ بەن) لە ناوچەی وێست مینیستەر لەگەڵ لێدانی جوقی سەربازیی شاهانە بەدوای یەكدا لێ درا، پادشا و شاژن كەنیسەی (Westminster Abbey)یان بەجێهێشت بەرەو كۆشكی شاهانەی باكینگهام بەڕێ كەوتن، لە نێو میلۆنان هاووڵاتیی خرۆشاوی بەریتانی، وەك عورفی شاهانە پادشا و شاژن چوونە باڵكۆنی كۆشكی پاكینگهام، لەوێوە سڵاویان لە ئامادە بووان كرد و دواتر فڕۆكەكانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانی دەستیان كرد بە چەندین جۆر نمایشی سەربازیی سەرنجڕاكێش.
چەند وێستگەیەكی ژیانی پادشا چارڵسی سێیەم
پادشا چارڵس یەكەم پادشای بەریتانییە كە بەرزترین بڕوانامەی ئەكادیمیی هەیە، پلەو پۆستی باڵای سەربازیی هەبووە و ماوەی حەوت ساڵ لە ڕیزەكانی سوپای بەریتانیادا فەرماندە بووە، لە هێزی ئاسمانیی شاهانەی وڵاتەكەیدا فڕۆكەوانێكی سەركەوتووش بووە، لە هونەری وێنەكێشاندا زۆر شارەزایە، هاوكات كەسێكی خەمخۆری بواری ژینگەیە و بایەخ بە كەشوهەوا دەدات، هەروەها دۆستی ئایینە جیاوازەكانە و دۆستایەتییەكی زۆریشی لەگەڵ كۆمەڵە و ڕێكخراوە موسڵمانە خێرخوازییەكانی بەریتانیادا هەیە و پشتگیرییان دەكات، بەپێی قسەی میدیاكانی بەریتانیا شارەزاییشی لە قورئانی پیرۆزدا هەیە، سەبارەت بە سیاسەتیش چەندین جار قسەی لەسەر سیاسەت كردووە و دەستوەردانی ئاشكرای هەبووە! ئەگەرچی بەپێی یاسای كۆشكی شاهانە پادشا دەست لە سیاسەت وەرنادات، بەڵام ڕەنگە ئەم عورفە پادشای نوێ نەگرێتەوە و لە زۆر پرسدا قسەی خۆی دەكات.
لە كۆڕەوەكەی ساڵی 1991 كۆشكی باكینگهام و حكومەتی بەریتانی و ڕێكخراوە خێرخوازییە بەریتانییەكان ڕۆڵی گەورەیان بینی لە هاوكاریكردنی خەڵكی كوردستاندا، سەدان خێزانی كوردستانیان بە فەرمی لە بەریتانیا داڵدە دا، بە هاوكاریی ئەمریكا ناوچەی دژە فڕینیان بۆ كوردستان دروست كرد و كوردیان لە ڕژێمی بەعس پاراست.
خانەوادەی شاهانەی بەریتانی كورد وەك میللەت دەناسن، لە سەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ پادشا چارڵسی سێیەم پێشوازیی لە پزیشكێكی كورد كرد و بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێ بەخشی لە بەرانبەر ئەو خزمەتانەی پێشكەشی بەریتانیای كردووە.