ئاڤان ئاوات:   كۆمەڵێك ئافرەتی بەتوانا و لێهاتوو لەسەر دەستی من تێكەڵ بە بازاڕی كار بوون

ئاڤان ئاوات:     كۆمەڵێك ئافرەتی بەتوانا و لێهاتوو لەسەر دەستی من تێكەڵ بە بازاڕی كار بوون

 

 

 ئاڤان ئاوات، دەرچووی كۆلێژی زانستە پراكتییكییەكانی زانكۆی هەڵەبجە بەشی پیشەسازی خۆراكە، یەكێكە لەو خانمە دەستڕەنگینانە كە بە پێداگری لەسەر كارەكەی و متمانە بەخۆبوون و ئیرادەی، نەك توانیویەتی ببێتە خاوەن كار، بەڵكو چەندین ئافرەتی دیكەشی فێری پیشەی دروومان كردووە، لە ئێستاشدا بە بەردەوامی خولی فێربوون بۆ فێرخوازان دەكاتەوە. ئەو خاتوونە لە وتووێژێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بەم جۆرە باسی لەمپەرەكانی بەردەمی و ڕێكارەكانی سەركەوتنی خۆی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

ئاڤان ئاوات خانمێكی دانیشتووی هەڵەبجەیە و دەرچووی كۆلێژی زانستە پراكتییكییەكانی زانكۆی هەڵەبجە بەشی پیشەسازی خۆراكە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، دوای وەرگرتنی بڕوانامە نەیتوانیوە لە كەرتی حكوومی دابمەزرێت، بەم جۆرەش باسی چۆنیەتیی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەكات:

«دوای تەواوكردنی خوێندن لە ساڵی 2017 خواستی ئەوەم هەبوو، كارێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت و، بتوانم لەسەر پێی خۆم بوەستم، بە حوكمی ئەوەی كە دایكم بەرگدوور بوو، منیش هەر لە منداڵییەوە حەزم بۆ كاری خەیاتی زۆر بوو و بەردەوام هەوڵی ئەوەم داوە، فێری بم و لە كارەكەدا سەركەوتوو بم. كاتێك قوتابی پۆلی هەشت و نۆ بووم، جلەكانی خۆمم دەدووری و ئەگەر شتێكم نەزانیبا، پرسیارم لە دایكم دەكرد، تەنانەت كە لە زانكۆ بووم، جلم بۆ هاوڕێ و ناسیاوەكانم دەدووری، بە تایبەت بۆ هاوڕێ قوتابییەكانم لە بەشی ناوخۆیی، سوپاس بۆ خوا توانیم بە شێوەیەكی باش كارەكە فێر بم و بە هاندان و پاڵپشتیی كەسوكار و هاوڕێكانم بوومە خاوەن پیشەی خۆم، لە سلێمانی خولێكم بینی و بڕوانامەم وەرگرت و پلەی یەكەمم بە دەستهێنا، ئەوان داوایان لێ كردم، لەوێ‌ بمێنمەوە و وەكو مامۆستا خولەكان بڵێمەوە، بەڵام من پێم باش بوو، بگەڕێمەوە بۆ هەڵەبجە و لەوێ خزمەت بكەم، شانبەشانی كارەكەم چەندین خولی فێركاریم بۆ خانمانی دەڤەرەكەم كردووەتەوە، واتا لە ساڵی 2019 تاوەكو ئێستا لە كردنەوەی خولەكان بەردەوامم، خۆشبەختانە كۆمەڵێك ئافرەتی بە توانا و لێهاتوو لەسەر دەستی من فێری كارەكە بوون، ئەوەش بۆ من مایەی شانازییە، من بەش بە حاڵی خۆم لە ڕاپەڕاندنی كارەكەم كەمتەرخەم نیم، بەڵكو زۆر بە دەستوبردم و قەت نەبووە جلێك بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك لام مابێتەوە، بە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەك جلەكانم دووریوە و دایتمەوە دەست خاوەنەكانیان».

ئاڤان ئاوات سەبارەت بە ئاوات و ئامانجەكانی بۆ داهاتوو دەڵێت: «حەز و خولیای ئەوەم هەیە، كارەكەم فراوانتر بكەم و بتوانم كەسانی دیكەش بێنمە ناو پڕۆژەكەم و ئەوانیش سوودمەند بن، بەتایبەت ئەوانەی كە خوێندنیان تەواو كردووە و دانەمەزراون، سەرەتای دەستپێكردن ئاسان نییە، بەربەستی زۆر دێنە سەر ڕێگەت، بەڵام هەڵەبجە هەر لە سەرەتاوە ئافرت تێیدا حوكمی كردووە و پێشەنگ بووە لە كاركردن، لە ئێستاشدا كاركردنی ئافرەت زۆر بەرفراوانە، بەڵام پێویستە خانمان بڕوایان بە خۆیان و تواناكانیان هەبێت».

 سەبارەت بە كار و ئەركی خێزانداریشی گوتی: «سوپاس بۆ خوا بە شێوەیەكی زۆر باش كاتەكانم دابەش كردووە، بۆ كاری ناوماڵ و خێزانەكەم و بۆ كارەكەم، بە خۆشحاڵییەوە توانیومە هاوسەنگی لە نێوان كاری ماڵەوە و كاری دووكانەكەم ڕابگرم، بەیانیان كە لە خەو هەستام، ئیشەكانی ماڵەوە دەكەم و دەچم بۆ دووكان تا ئێوارە، دوای گەڕانەوەم بۆ ماڵ، لەگەڵ دایكم كارەكانی ماڵەوە دەكەین و شەوان دوای نوێژی عیشا دەچمەوە بۆ دووكان و تا سەعات 11ی شەو كار دەكەم، لە بۆنە و جەژنەكان كارەكانم زیاتر دەبن و لەو حالەتەدا زیاتر لە دووكان دەمێنمەوە.

سەرەتای كاركردنم بەربەست و ڕێگری زۆر هاتنە ڕێگەم، خێزانەكەم هانیان دەدام كار بكەم، بەڵام كارەكە لە چوارچێوەی ماڵ بێت، بەڵام حەزم بۆ كاركردن وای كرد هەموو ئەو بەربەستانە تێپەڕێنم، یەكێك لە ڕێگرەكانی بەردەم كاركردنم بە شانازییەوە دەڵێم باوكم بوو، باوكم بە هیچ شێوەیەك حەزی نەدەكرد، بچمە دەرەوە كار بكەم، من بە پێداگری و لەسەرخۆیی وام كرد، باوكم متمانەم پێ بكات، دوای كەمتر لە مانگێك باوكم بیرۆكەی بەرانبەر كاركردنم زۆر گۆڕا، دوای ئەوە باوكم بووە یەكەم پاڵپشت و هاندەر و ڕێ نیشاندەرم، لێرەوە سوپاسی دەكەم بۆ ئەو متمانە زۆرەی كە بە منی بەخشی.

من لە سفرەوە دەستم بە كارەكەم كرد و لایەنی ماددیم هەر نەبوو، بەڵام قەناعەتم هەبوو و بەردەوام بووم، لە ئێستادا سوپاس بۆ خودا خاوەنكار و دووكانی خۆمم موشتەری خۆمم هەیە، جگە لەوەی بە بەردەوامی خولی فێربوون بۆ فێرخوازان دەكەمەوە.

 

Top