پشتگیری لە وەرزشوانان و ناوبژیوانان ئەم یارییە دەباتە قۆناغێكی باشتر

پشتگیری لە وەرزشوانان و ناوبژیوانان ئەم یارییە دەباتە قۆناغێكی باشتر

مەروە ساجد كچە ناوبژیوانی یاری تۆپی پێی لە شاری كەركووك

پشتگیری لە وەرزشوانان و ناوبژیوانان ئەم یارییە دەباتە قۆناغێكی باشتر
شاری كەركووك هەموو كات بەوە ناوی دەركردوە كە لە یارییە جۆراوجۆرە وەرزشییەكان پێشەنگ بووە لە دروست كردنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بگرە لە عێراقیش، بواری ناوبژیوانی یەكێك لەو بوارانەیە كە لە شارەكە گرنگی زۆر پێدراوە لە هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، مەروە یەكێك لە ناوبژیوانە گەنج و تازە دروست بووەكانە دەیەوێت لە رێگەی بواری ناوبژیوانی پەرەی زیاتر بە ئاستی خۆی بدات و بتوانێ‌ وەكو كچانی جیهان لە داهاتوو خول و پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بەرێوەببات، مەروە ساجد لە دایك بووی ساڵی 2000ی شاری كەركووك-ە ناوبراو قوتابی قۆناغی چوارەكی كۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی و زانستە جەستەییەكانە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێ‌ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:كارزان كانەبی
*چۆن بوو بواری ناوبژیوانیت هەڵبژارد؟
-زۆر حەزم لە وەرزش بوو، پێشووتر یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بووم، هیچ پشتگیرییەك نەبوو بۆیە وازم هێنا، هەر بە مناڵی حەزمن لە تۆپی پێی بوو بینیم خولی ناوبژیوانی هەیە بەژداریم كرد سوپاس بۆ خوا سەركەوتوو بووم.
* هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە كە ئەویش تۆپی پێیە؟
-ڕاستە لای هەندێك كەس ڕەنگە قورس بێت، بەڵام حەزت لێ بێت و خەونی خۆت بێت هەست بە قورسی ناكەیت.
* بیرت لەوە نەكردۆتەوە تیپێكی تۆپی پێی كچان دروست بكەی لە شاری كەركووك؟
-پەنا بەخوای گەورە هەوڵی بۆ دەدەم، خەڵكی كەركووك زۆر وەرزشوانن لە هەموو جۆرە وەرزشێك.
*ئاستی یاری تۆپی پێی كچان چۆن دەبینی؟
- زۆر باشە هەر چەندە لە ئێستادا یاری فوتساڵ خول و پاڵەوانێتی زیاترە بۆ كچان لە یاری تۆپی پێی گەورە مەبەستم یاریگای گەورەیە.
*چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان بچێتە قۆناغێكی باشتر؟
- پشتگیری لە وەرزشوانان و ناوبژیوانان ئەم یارییە دەباتە قۆناغێكی باشتر.
*بەرنامەت چیە بۆ خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-بەردەوام بوون لە وەرزش كردن و زیاتر بەهێز بوون و گرنگی دان بە ئاستی خۆم.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-یەكێك بم لە ناوبژیوانانی پلە یەكی كوردستان و عێراق.
*چی بە كچان دەلێ بۆ بواری ناوبژیوانی؟
- باوەڕتان بەخۆتان بێ و بەهێز بن وەرزش بكەن، هیچ جیاوازییەك لە نێوان كچ و كوڕ نییە، خێزانەكان پاڵپشتیان بن هەمیشە لەگەڵیان بن بۆ هەر هەنگاوێك.
*پێشنیار و داوكاریت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-پشتگیری وەرزش و وەرزشوانان بكەن، هاوكاریان بكەن بۆ بەژداری كردن لە خولەكانی دەرەوەی وڵات و دابین كردنی پێداویستییەكانی ناوبژیوان، چونكە دوای ماوەیەكی زۆر بۆ یەكەمجارە كچان ببن بە ناوبژیوان.
* بۆچی كچان وەكو پێویست ناێینە نێو یارییە وەرزشییەكان لە كوردستان؟
- ترس لە قسەی خەڵك، نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ وەرزش كردن، نەبوونی پشتگیری بۆ وەرزشوانان.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆرسوپاسی خێزانەكەم بە تایبەت باوك و دایكم، سوپاسی مامۆستاكانی كۆلێژ، داواكارم هەمیشە وەرزش بكەن، وەرزش بەشێكی گرنگی ژیانە، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی ئازیز بۆ ئەو هەمووە خزمەتەی وەرزشوانان لە كوردستان.

 

Top