كوردستان وڵاتی پێكەوەژیانە
ئەوەی ئێمە وەكو خەڵكی كوردستان شانازی پێوە دەكەین، ئەو پێكەوەژیانەیە كە لە وڵاتانی دەوروبەر جیامان دەكاتەوە بە عێراقیشەوە، ئەم ئاشتەوایی و پێكەوەژیانە هەر لە خۆڕایی بەدەست نەهاتووە، سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی پڕ لە شانازیی گەلەكەمان كە دەوڵەمەندە بە كەلتووری ئاشتەوایی و یەكترقەبووڵكردن و باوك و باپیرانمان ئەو كەلتوورەیان پەیڕەو كردووە، ئێمەشیان وا پەروەردە كردووە كە خەڵكی وڵاتی خۆمان خۆش بوێت، بە جیاوازیی بیروباوەڕ و ئایینەوە و ڕێزیان لێ بگرین و لە كاتی تەنگانەدا هەر كامەیان تووشی كێشە و گرفت بوون، بە هانایانەوە بچین.
هەروەها سیاسەتی حەكیمانەی حكومەت و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان هەر لە دامەزراندنییەوە كاری بەم ئاراستەیە كردووە و ئەنجامی بەرچاوی بەدەست هێناوە لە چەسپاندنی زیاتری ئارامی و یەكتر قەبووڵكردن.
ئێمە وەكو خەڵكی كوردستان زۆر مەینەتی و ئازارمان بینیوە و لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرمان و حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق ستەممان لێ كراوە، تا ئاستی ئەنفال و كیمیاباران و خاپووركردنی هەزاران گوندی كوردستان كە هەزاران مزگەوت لەگەڵ خانووەكان خاپووركران و قورئانی پیرۆز سووتێندران و كەوتنە ژێر دار و بەردی مزگەوتە خاپووركراوەكان، گوندەكانی كریستیان و ئێزدیش بێبەش نەبوون لەو هەڵمەتانە و چەندین گوندیان بە پەرستگاكانیانەوە خاپوور كران، هێرشەكان بە ئامانجی لەناوبردن و جینۆسایدكردنی گەلەكەمان بەردەوام بوون و دوژمنان بێ بەزەییانە هەوڵیان داوە بۆ سڕینەوەمان. دواترینیان هێرشی تیرۆریستانی داعش بوو بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە برا ئێزدییەكانمان قوربانیی سەرەكیی ئەو هێرشە دڕندانەیە بوون و، هێرشی ناڕەوای حكومەتی عێراق بۆ دەست بەسەرداگرتنی كەركووك و پلانیان بۆ سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بوو، سوپاس بۆ خودای گەورە بە خوێنی شەهیدانمان لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و پاڵپشتیی خەڵكی كوردستان بە هەموو ڕەنگەكان ئەو پلانانەیان پووچەڵ كرانەوە.
ئیستا ئەركی هەموومانە ئەو تەبایی و یەكڕیزیە بپارێزین و هەموو بەرپرسانی وەزارەتمان لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی ئەوقافەكان بە ماهەنگی لەگەڵ یەكێتیی زانایان گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی ئەنجام بدەن و كاری جددی بكەن، كە بۆ هەر دیاردەیەك ببن بە هۆكاری تەبایی و یەكڕیزی و دوور بن لە وتاری توند، كە ببێتە هۆی لەیەكترازان، چونكە مامۆستایانی ئایینی هەموو كات پێشەنگ بوون لە چەسپاندنی ئارامی و تەبایی دەبێت ئێستا و لە داهاتووش بە هەمان شێوە كار بكەن و، هەموو وتار و ئامۆژگارییەكانیان بەو ئاراستەیە بێت، كە لە خزمەت دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و لە ئاست قوربانیدان و خەباتی سەدان ساڵەی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كورد بێت و، وەك هەمیشە هەوێنی ئاشتەوایی و سەقامگیری بن و، پارێزەری ئەو پێكەوەژیانە بن، كە وێنای كورد و كوردستانی بە ڕووی جیهانی دەرەوە جوان و سەنگین كردووە.
گرنگە كار بكرێت بۆ ئەوەی وتاری دژی تەبایی و پێكەوە ژیان جێی نەبێتەوە و دوور بێت لە بیر و هزری مامۆستایانی ئایینی، لە جیاتی ئەوە هەموو وتارەكان بە بەردەوامی بۆ ئاراستەی یەكترقەبووڵكردن و تەبایی و پاراستنی ئەو دەستكەوتانە بێت كە بە خوێن و خەباتی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان بەرهەم هاتوون.