نەتەوە یەکگرتووەکان: دووسەد هەزار سودانی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە

نەتەوە یەکگرتووەکان: دووسەد هەزار سودانی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە

 

 

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆیشتنی ٢٠٠ هەزار کەسی لە سودان ڕاگەیاند، بەهۆی بەردەوامی نائەمنی لەم وڵاتەدا.

ئۆلگا سارادۆ، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەهۆی بەردەوامی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودان، لە ١٥ی نیسانەوە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس ئەم وڵاتەیان بەجێهێشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: چوار هەفتە بەسەر ململانێکانی سودان تێپەڕیوە و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆرتر ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵن بۆ پەنابردن بۆ شوێنێکی پارێزراو.

 

سارادۆ گوتی: سەدان هەزار کەس لە ناوخۆی سودان ئاوارە بوون، گوتیشی: خەڵکێکی زۆر لەم وڵاتەدا لە ماڵەکانیاندا بەندکراون و ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.

جەختیشی کردەوە: بەردەوامی ئەم باری نائاساییە لە سودان تەحەدایە و تێچووی زۆری دەوێت.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٥ی نیسانەوە دەستیپێکردووە. تا ئێستا ٧ جار ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەڵام لایەنەکان بەردەوام پێشێلی دەکەن.

بەپێی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەندیکای پزیشکانی سودان، ژمارەی قوربانیانی ئەو ململانێیانە گەیشتووەتە ٦٠٤ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٥١٢٧ کەس.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top