“ گرنگیی كردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت “

“ گرنگیی كردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت “

یەكێك لە پڕۆژە و ھەنگاوە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز (مەسرور بارزانی)، گرنگیدانە بە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان، لەم سۆنگەیەوە كردنەوەی دەروازەی "زێت"ی نێودەوڵەتی لە نێوان دەڤەرداری شەمزینانی توركیای دراوسێ و سنووری مێرگەسۆر لە ھەرێمی كوردستان، كە بە ھەوڵ و كۆششی سەرۆكی حكوومەت و بەڕێز (مەلا مستەفا بارزانی) و نووسینگەی بەڕێزیان، ھەروەھا شەونخۆنی بەڕێز (غەفور ئەحمەد ماڵەسوار)ی پێشمەرگەئاسا و قایمقامی قەزای مێرگەسۆر و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بووە، سوپاس بۆ خوا دەروازەكە تەواو بووە، ئەمڕۆ (٢٠٢٣/٥/١٠) بە فەرمیی كرایەوە.

كردنەوەی ئەم دەروازەیە كارێكی گەو‌رە و گرنگییەكی كولتووری و فەرھەنگی ھەیە و دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندییەکی باشی
ڕۆحی و كۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵكی توركیا و ھەرێمی كوردستاندا بووە و هەیە، ئەمەیان هەم بۆ ئێستا و ھەمیش بۆ ئاییندەی ھەردوو وڵات و بە تایبەتی بۆ دەڤەری بارزان و دەڤەرداری شەمزینانی باكووری كوردستان پەیامێكی زۆر بایەخدار، مانادار و پڕ بەھای هەیە، هەروەها بایەخ و گرینگییەكەی لە ڕادەبەدەری ستراتیژی، سیاسی، کولتووری، ئابووری، بازرگانی و كۆمەڵایەتی ھەیە بۆ ھەردوو وڵاتەکە، بەتایبەتی كە بە ناوچەیەكی گرنگی وەكوو دەڤەری مێرگەسۆر و ناحیەی شێروان مەزن دا تێدەپەڕێت و سەرچاوەیەكی بایەخدارە بۆ فەراهەمکردنی سەدان هەڵی كار و دامەزراندنی كارمەند و فەرمانبەر و لایەنی بازرگانی جۆراوجۆر، كە خەڵكی دەڤەرەكە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تایبەت و كوردستان بە گشتی لێی سوودمەند دەبن.

بێگومان كردنەوەی ھەر دەروازەیەك لە زۆر ڕووەوە گرنگی و تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە. كردنەوەی دەروازەی "زێت" ی نێودەوڵەتیش دەبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچەیە، بەتایبەت لەڕووی ئابووری و دارایییەوە دەبێتە سەرچاوەكی داهات بۆ خەڵكی ئەو ناوچانەی کە نزیكن لە دەروازەكە و هەر یەكە و بەجۆرێك، چ لە گواستنەوە، یان دانانی دووكان و چێشتخانە و شوێنی پشوودان و دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژن و ژنخوازی و فەرھەنگی پێکەوە ژیان و زۆر لایەنی دیكە سوودمەند دەبن. هەروەها ئاسانكارییەكی زۆر باشیشە بۆ خەڵكی سنووری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شوێنەكانی دیكە كە دەیانەوێت گەشت بكەن بۆ توركیا بەمەبەستی گەشتوگوزار، یان چارەسەری نەخۆشی و بەشداریکردن لە بۆنە و پرسە كۆمەڵایەتییەکاندا.

هەڵبەت لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا بۆ لایەنی گەشتیاری و گواستنەوەی ھاووڵاتیان بەكاردێت، بەڵام بۆ ساڵانی ئاییندە مەزندە دەكرێت لە ڕووی بازرگانی و ترانزێتیشەوە سوودی ھەمە جۆری لێ ببینرێن، لایەنێكی دیكەی ئەرێنی، بە كردنەوەی ئەو دەروازەیە لودێكی زۆر لەسەر دەروازەكانی ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و سەرزێڕێ و ...ھتد كەم دەكرێتەوە.
پێشنیازیش دەکەم میواندۆستی و مرۆڤدۆستی خەڵکی دەڤەری بارزان لە ڕێگەی ئەم دەروازەیەوە زیاتر پیشانی جیھانی دەرەوە بدرێت.
لە لایەكی دیكەوە، ھێزی لۆجیستی و مرۆیی ئەفسەر و كارمەندانی نشینگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران بەشدار بووە لە خزمەتكردن و گواستنەوەی ئەزموونی چەندین ساڵەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و، لەو ماوەیەدا لە خزمەت كاربەدەستانی دەروازەی زێت و خەڵكی ناوچەكە دەبین و پێشمەرگەئاسا ئامادەین بۆ ھەر جۆرە ھاوكارییەكی ھونەری و ئەزموونی دیجیتاڵی سیستەمی پاسپۆرت و...ھتد.

مەسرور بارزانی لە وتەیەكدا دەڵێت: " پێویستە لە فەرمانگەكانی حکوومەت، بەڕێزەوە پێشوازیی لە هاووڵاتیان بكرێت، هەروەها بە باشترین و شایستەترین شێوە خزمەتیان بكرێت، چونکە خزمەتكردن و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاووڵاتیان، ئامانجی سەرەكیی بەرپرسان و فەرمانبەرانی حکوومەتە."
بەگشتی سیاسەتی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، كە پێویستە ھەموو كاتێک بە ئەتەكێتێكی سەردەمیانە و شارستانی و بە زمانێکی خۆش و شیرین پێشوازییەکی گەرم لە میوانان و گەشتیاران بكرێت و شكۆیان پارێزراو بێت، چونكە خەڵكی سنووری ئەم دەروازەیە لە دەڤەرداری شەمزینانی توركیا،، زۆربەیان بارزانین و لە عەشیرەتەکانی: ھەركی بنەجێ و گەردی و بەشێکی شێروانی و دوڵەمەری و...ھتد پێکهاتوون، کە کەوتوونەتە ئەودیو سنوور و پێشتر لەكاتی ڕاگواستن بە ناچاری و زۆرەمڵێ لەو دیو سنووری توركیادا نیشتەجێبوون.
بێگومان ئەم دەروازەیە ھەنگاوێكی ئەرێنییە بە ئاراستەی بووژانەوەی ئابووری هەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دەوڵەتی توركیا، هەروەها سوودی ھەمەجۆر و پڕ مفا بە هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا دەگەیەنێت.


بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران

Top