كوردستان له‌ ڕووى له‌شجوانییه‌وه‌ له‌ ئاستێكى زۆر باشدایه‌

كوردستان له‌ ڕووى له‌شجوانییه‌وه‌ له‌ ئاستێكى زۆر باشدایه‌

شه‌هرام سه‌مه‌د یاریزانى له‌شجوانى له‌ ووڵاتى به‌ریتانیا

كوردستان له‌ ڕووى له‌شجوانییه‌وه‌ له‌ ئاستێكى زۆر باشدایه‌
هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ئێستادا له‌ شاره‌كانى كوردستان گه‌نج و لاو به‌رێژه‌یه‌كی زۆر سه‌ردانى هۆڵه‌كانى وه‌رزشی ده‌كه‌ن، به‌شێكیان به‌مه‌به‌ستى جوانبوونى له‌ش و به‌شدارى كردن بۆ پاڵه‌وانیه‌تیه‌ جیهانییه‌كان، ژماره‌یه‌كیان به‌ هۆكارى جیاواز دێنه‌ هۆڵه‌كان، زۆرێك له‌ لاوه‌ كورده‌كان ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ى ووڵات ده‌ژین و درێژه‌یان به‌ یاری له‌شجوانى داوه‌ و ئاست و ئه‌نجامی شایسته‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌ جیهانییه‌كان، یه‌كێك له‌م پاڵه‌وانانه‌ش شه‌هرام سه‌مه‌د-ه‌ له‌ دایك بووى ساڵى ١/١/١٩٩٧ له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵه‌ و ئێستا له‌ وڵاتى به‌ریتانیا نیشته‌جێیه‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوو له‌ دووپاڵه‌وانێتى جیهانى به‌شدارى كردو له‌سه‌ر ئاستى جیهان توانى پله‌ى دووه‌م به‌ده‌ست بهێنێت، ناوبراو جگه‌ له‌ هۆڵه‌كان بۆ هیچ یانه‌یه‌ك یارى نه‌كردوه‌، گۆڤاری گوڵان له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد ئه‌ویش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانى ئێمه‌ى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*ئاستى یارى له‌شجوانى به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی چۆن ده‌بینى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
-كوردستان له‌ ڕووى له‌شجوانییه‌وه‌ له‌ ئاستێكى زۆر باشدایه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ناو چینی گه‌نجان.
*به‌ بۆچوونى تۆ وه‌كو پاڵه‌وانێك چى بكرێت باشه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌م یارییه‌؟
-به‌ بۆچوونى من هه‌ڵ بۆ منداڵانیش بڕه‌خسێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ته‌مه‌نێكى گه‌نجیدا له‌ش و لارێكى رێك و ته‌ندروستیان هه‌بێ، ئه‌مه‌ش هۆكارێكى باش ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر به‌ره‌وو پێش بچێت.
*كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانێتى ساڵانه‌ بۆ یه‌كجار، ئایا ده‌بێته‌ هۆكار بۆ پێشوه‌چوونى ئه‌م یارییه‌؟
-كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانێتى گه‌وره‌ له‌ سالێكدا كارى باشه‌، به‌ڵام باشتره‌ هه‌ر چه‌ند مانگ جارێك پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك بكرێته‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستى شاره‌كانیش بێت یان له‌ سه‌ر ئاستی یه‌ك شاریش بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پشتگوێ نه‌خرێ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر یاریزان پله‌ى باشى به‌ده‌ست هێنا هیواى پاڵه‌وانیه‌تى زیاتر و گه‌وره‌تر بكات، به‌مه‌ش وه‌رزش به‌ره‌وو پێش ده‌چێت.
*گرفتى یارى له‌شجوانى له‌ چى ڕه‌نگده‌داته‌وه‌ زیاتر؟
-گرفتى ئه‌م یارییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك بچێته‌ به‌ ناو مامۆستا به‌ هه‌له‌ رێنمایی بدات به‌ یاریزانان ئه‌وه‌ش گرفتێكى گه‌وره‌یه‌ له‌م یارییه‌.
*كردنه‌وه‌ى ئه‌م هه‌موو هۆڵانه‌ چه‌ند لایه‌نێكى خزمه‌ت و ئه‌وه‌ى تری بازرگانییه‌؟
-ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت لایه‌نى بازرگانیش بێـت هه‌ركارێكى باشه‌، چونكه‌ هه‌ر یاریزان ده‌چێته‌ ئه‌م هۆڵانه‌ و په‌ره‌ به‌ له‌ش و ته‌ندروستى خۆى ده‌دات.
*هه‌ست ناكه‌ى ئێستا ئه‌م یارییه‌ زیاتر په‌ره‌ى سه‌ندبێت له‌ ناو چینی گه‌نجان؟
-به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌ى سه‌ندوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ كوردستان، به‌ڕاستى گه‌نجانى كوردیستان زۆر به‌توانان به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ گه‌نجانی وڵاتانى تردا.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو؟
-له‌ داهاتوودا پلانم هه‌یه‌ به‌ره‌و پاڵه‌وانێتى باشتر و گه‌وره‌تر بچم، وه‌ له‌ داهاتووش دا ده‌مه‌وێت خزمه‌ت به‌ كوردستانى خۆم بكه‌م بتوانم له‌شجوانى به‌ره‌ووپێش ببه‌م خزمه‌تى هاونیشتمانى كورد بكه‌م.
*به‌شدارى كردن له‌ وڵاتى به‌رتانیا له‌م دوو پاڵه‌وانیه‌تیه‌ و به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ چه‌ هه‌ستێكت بۆ دروست ده‌كات؟
-به‌ڕاستى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجام هه‌ستێكى یه‌كجار خۆشه‌ كه‌ هه‌موو ماندوو بوونه‌كانت له‌ بیر ده‌باته‌وه‌.
*تا چه‌ند به‌كارهێنانى ده‌رمانى وزه‌ به‌خش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر یاریزانانى له‌شجوانى، ئایا ئێوه‌ به‌كارى ده‌هێنن وه‌كو یاریزان؟
-به‌ بۆچوونى من ئه‌گه‌ر به‌به‌رنامه‌ به‌كاریان بهێنێت زیاده‌ ڕۆى نه‌كه‌یت هیچ زیانێكى نابێت، هه‌موو یاریزانێكى له‌شجوانى گه‌ر بیه‌وێت له‌شێكى جیاوازی هه‌بێت ده‌كرێ به‌كارى بهێنێت، به‌ڵام به‌ چاودێری كه‌سانى شاره‌زا و به‌ به‌رنامه‌ بێت.
*باشترین ئه‌نجامه‌كانت وه‌كو پاڵه‌وانێك؟
-له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق به‌شدارى پاڵه‌وانیتم كردوه‌ و پله‌ى دووه‌مم به‌ده‌ستهێناوه‌.
*له‌ جیهان به‌ چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامی؟
- له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌ یاریزانى به‌ریتانى ریان تیری سه‌رسامم.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ وڵاتى به‌ریتانیا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كوردستان چۆنه‌ گه‌نجان به‌ڕه‌وو ئه‌م یارییه‌ ده‌چن؟
-گه‌نجانی كوردستان زۆر به‌توانا تر و ئاره‌زووی یارییان زیاتره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بۆ گه‌نجانى به‌ریتانیا ڕه‌خساوه‌ بۆ گه‌نجانى ئێمه‌ نه‌ڕخساوه‌ به‌هۆى كار و بژێوی ژیانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش واى كردوه‌ گه‌نجانى ئێمه‌ كه‌مێك ساردن له‌م یارییه‌.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتووى خۆت؟
-بۆ داهاتوو گرنگی زیاتر به‌خۆم ده‌ده‌م بۆ یارى و ژیانێكى ته‌ندروست هانى كه‌سانى تر بده‌م ببنه‌ نموونه‌یه‌كی به‌رچاو.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-ده‌ست خۆشى له‌ گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ى وه‌رزشكارانی كوردستان.

 

Top