نیكۆڵ كیدمان لە ئافرەتانی عێراق و ئەفغانستان نزیك دەبێتەوە
بەپێی زانیارییەكان خانمە ئەكتەر (نیكۆڵ كیدمان) ڕۆڵی ئەفسەرێكی پایەبەرزی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا دەبینێت لە زنجیرە درامایەكی نوێی (تایلۆر شێریدان)ی دەرهێنەری زنجیرە تەلەفزیۆنیی بەناوبانگ (یێڵۆستۆن).
زنجیرە نوێیەكە بە ناوی (Lioness)ـە، لە بەرهەمهێنانی كۆمپانیای (Paramount Plus) باس لە بەرنامەیەكی واقیعیی (CIA) دەكات، كە ژمارەیەك ئافرەتی هێزی دەریایی ئەمریكی (مارینز) ئامادە دەكات، كە توانیویانە لە ئافرەتانی عێراق و ئەفغانستان نزیكتربن، زیاتر لەوەی كە پیاوان ڕێگەیان پێ دەدەن.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (IMDB) جگە لە ڕۆڵی پاڵەوانی لە زنجیرەكەدا، هاوكات نیكۆڵ كیدمان شانبەشانی شێریدان بەرهەمهێنەری جێبەجێكاری زنجیرەكەشە، كە باس لە كچێكی گەنجی هێزی دەریایی ئەمریكی دەكات، ئەم كچە لەلایەن (سی ئای ئەی)ـەوە ئامادە دەكرێت، بۆ ئەوەی هاوڕێیەتی كچی نێو گرووپێكی تیرۆریستی بكات، بەمەبەستی كۆتاییهێنان و لەناوبردنی ڕێكخراوەكە لە ناوەوە.
لەلایەن خۆیەوە گۆڤاری (Variety) ڕایگەیاند كیدمان ڕۆڵی سەرپەرشتیارێكی باڵای ئاژانسەكە دەگێڕێت، شانبەشانی كارەكتەری سەرەكی (لیسلا دی ئۆلیڤێرا) كە گەنجێكی نێو ڕیزەكانی هێزی دەریایی ئەمریكییە و بەوە ناسراوە كە بەرگەی سەختییەكان دەگرێت، بەڵام بە پەرۆشە بۆ بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانە ڕووبەڕووی دەبنەوە.
كارەكتەری كیدمان، كایتلین مید كە بە یەكێك لە جەنگاوەرە دێرینەكانی (سی ئای ئەی) وەسف دەكرێت و، خاوەن ئەزموونێكی دوور و درێژی كاركردنی هەواڵگری و سیاسییە، ئەركەكەی وا دەخوازێت كە خۆی لەگەڵ بارودۆخە گۆڕاوەكانی ژیاندا بگونجێنێت، چونكە لە ئاستێكی بەرزی ژیانی هەواڵگریدا دەژی، لە هەمان كاتدا دەیەوێت وەك هاوسەرێك سەركەوتوو بێت لە ژیانی ئاسایی خۆیدا، كە جگە لەم ئەركەی ڕێنماییكاری كەسێكی سەلارە و بە گومانەوە بە هەمان ڕێگەی دڕكاویدا دەڕوات كە خۆی لەسەری دەبینێتەوە.
كاستی فیلمەكە بریتین لە زۆی سالدانا، جیل ڤاگنەر، دەیڤ ئانابڵ و لامۆنیكا گارێت.
نیكۆڵ كیدمانی بە ڕەچەڵەك ئوسترالی، خاوەنی مێژوویەكی پرشنگداری بواری سینەمایە، لە ساڵی ٢٠٠٣ خەڵاتی ئۆسكاری بەدەست هێنا بەهۆی ڕۆڵی لە فیلمی The Hours ی ڤێرجینیا وۆڵف، لەم دواییانەشدا بە بەرنامەكانی وەك (درۆی بچووكی گەورە) ناوبانگی لە تەلەفزیۆندا پەیدا كردووە.