پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كارەساتبارە بە چاۆپۆشین لەوەی چۆن لێی دەڕوانرێت
پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن، زانایەكی سیاسیی نەرویجییە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری دامەزراوە و تەنگژە ئەمنییەكان لە زانكۆی ئازاد لە ئەمستردام بەدەست هێناوە. پێشتر نیشتەجێی ڕووسیا بووە و لە سكووڵی باڵای ئابووری لە مۆسكۆ كاری كردووە و شارەزا و تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و ئاوێتەبوونی ئەوروپایە. لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە بەشی مێژوو و زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج. بۆ تاوتوێكردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پێشهات و پەرەسەندن و ئاڵۆزییەكانی ئەم شەڕە و ئاقار و ئاراستەكانی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا شەڕێكی كاولكارە و دەرئەنجامی نەهامەتبار و كارەستباری لێ كەوتووەتەوە، دوای زیاتر لە ساڵێكیش هێشتا هیچ لایەك نەیتوانیوە پێشڕەوی و سەركەوتنێكی سەربازیی یەكلاكەرەوە بەدەست بهێنێت و، شەڕەكە سەرەڕای بەردەوامبوون و درێژەكێشانی، بەڵام بە جۆرێك لە بنبەستگەیشتن گەیشتووە، تێڕوانین و خوێندنەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە هۆكاری یەكلانەبوونەوەی ئەم شەڕە، یان نەگەیشتن بە جۆرێك لە ڕێككەوتن ئەوەیە كە هێشتا لای ڕۆژئاوا ئیرادە و ویستێك گەڵاڵە نەبووە بۆ گرتنەبەر و گەیشتن بە ڕێگاچارەیەكی ئاشتی، بۆ نموونە كاتێك وڵاتی چین دەستپێشخەری و پێشنیاری ئاشتی ڕاگەیاند بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە، ئەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو كە ڕایگەیاند ئەمە دەستپێشخەرییەكی قبووڵكراو نییە. لە ڕاستیدا ئەمە ڕیشەی و پاشخانێكی قووڵتری هەیە، چونكە كاتێك ساڵی 2014 ڕۆژئاوا حكومەتەكەی كیێڤی ڕووخاند و ئەو كاتە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا و دواتر ڕووسیا دەستی بەسەر هەرێمی كریمیادا گرت، ئەوا ڕێككەوتنی ئاشتی بە ناوی ڕێككەوتنی مینسك هاتە ئاراوە لە ساڵی 2015، ئەوە بوو ڕۆژئاوا ئەم ڕێككەوتنەی لەبار برد. لە هەموو ئەوانەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ئیرادەیەك لای ڕۆژئاوا بەدی ناكرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی مامناوەند و بە سازشێك لەگەڵ مۆسكۆ. هەروەك دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین كە ڕۆژئاوا نەك هەر ئەم كارەی نەكرد، بەڵكو هەوڵی بەرفراوانكردنی ناتۆی دا بۆ سەر سنوورەكانی ڕووسیا و دەرئەنجامە ئەوەتا گیرۆدەبوونێك هاتووەتە ئاراوە بە هۆی هەڵگیرسانی ئەم شەڕەوە.
* بەڵام هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێ كرد، ئێستا دۆخێكی وا دروست بووە كە جۆرێكە لە گیرۆدەبوون و چەقبەستن، بەو واتایەی هیچ ڕوون نییە، ئایا ئاقار و ئاراستەی شەڕەكە بەرەو كوێ دەچێت، لە هەمان كاتدا ویستێك بۆ سازشكردن و ئاشتییش بەدی ناكرێت، بە دیدی ئێوە پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی دۆخەكە بە ئاراستەیەكی ئەرێنیدا ببردرێت؟
- من لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەم بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە زۆر لەبار و گونجاوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، چونكە ئەگەر ئێمە لەو ڕوانگەیەوە سەیری ئەم مەسەلەیە بكەین، یان با بڵێین ئەگەر لە ڕوانگەی ئامانجی ئەمریكاوە كە بریتیە لە لاوازكردنی ڕووسیا، لە پرسەكە بڕوانین، ئەوا درێژەكێشانی بارودۆخەكە لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبێت، چونكە شەڕەكە ئۆكرانییەكان دەیكەن و تێیدا ڕووسەكان دەكوژرێن و ڕووسیا لاواز دەبێت. دواتر ئەوەی پەیوەست بێت بە بنبەستگەیشتنی شەڕەكەوە، ئەوا ئەگەر لەو ڕووەوە لێی بڕوانین كە ڕووسیا نەیتوانیوە دەست بەسەر خاكی زیاتردا بگرێت، ئەوا ئەم شەڕە تووشی بە بنبەست گەیشتن بووە، بەڵام نابێت ئەوە لە یاد بكەین، كە ڕووسیا شەڕی ئیستنزاف لەگەڵ ئۆكرانیا دەكات، بەو واتایە دەیەوێت تەواوی سوپای ئەو وڵاتە تێك بشكێنێت و لە ناویان ببات. هەر كاتێكیش ڕووسیا توانی لەم ئەركەیدا سەركەوتوو بێت و ئەم ئامانجە بەدی بهێنێت و سوپای ئەو وڵاتە تێك بشكێنێت، ئەوا دەتوانێت دەست بەسەر خاكی زیاتردا بگرێت. كە ڕووسیا پێی وایە پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنی ئەم خاكە هەیە، بۆ ئەوەی هەستی ئاسایش و سەلامەتی بۆ دەستەبەر بێت لە بەرانبەر ناتۆدا. ئەگەر ئێمە لەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (پنتاگۆن) بڕوانین كە دزەیان پێ كراوە، ئەوا ڕێژەكە جێی سەرنجە كە بۆ هەر سەربازێكی ڕووسی كە كوژراوە، حەوت سەربازی ئۆكرانیا گیانیان لەدەست داوە، ئەویش لەبەر ئەوەی ڕووسیا زاڵ و باڵادەستە لە گۆڕەپانی شەڕەكەدا لە ڕووی تۆپ و مووشەكەوە و ئێستاش ئۆكرانیا لە دۆخێكدایە كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەرەو ڕاوەستان بچێت و ئەو كاتە ڕووسیا لە ڕووی ئاسمانیشەوە باڵادەست دەبێت. پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە كە ئۆكرانیا بە خێرایی هێزی سەربازی خۆی لەدەست دەدات. كەواتە ئەگەر بگەینە هەل و مەرجێك كە تێیدا سوپای ئۆكرانیا تووشی داڕووخان و لەبەریەكهەڵوەشان ببێتەوە، ئەوا چیتر ناتوانرێت باسی بە بنبەستگەیشتن بكرێت.
* بەڵام ئێمە دەزانین تا ئێستا ڕووسیا نەیتوانیوە سەركەوتنێكی سەربازیی گەورە تۆمار بكات و بگرە لە ڕووی سەربازییشەوە تووشی زیانێكی زۆر بووەتەوە، لە هەمان كاتدا وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە سەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین سزای ئابووری و داراییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، بە تێڕوانینی ئێوە تا چ ڕاددەیەك ئەم زیانە سەربازی و ئابوورییانە گورزی گەورەیان لە توانا و هێزی ڕووسیا داوە؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە سزا ئابووری و داراییەكانەوە، ئەوا نكۆڵی لێ ناكرێت كە ئەم سزایانە مایەی ئازارپێگەیاندن بوون بۆ ڕووسیا، بەڵام نابێت ئەوەش نادیدە بگرین كە ڕووسیا لە ساڵی 2014وە بە خۆبەدوورگرتن لە ڕۆژئاوا لە ڕووی ئابوورییەوە، وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕێكی بەسەر ئابووریی وڵاتەكەیدا هێناوە. چونكە لەو كاتەوە ئەگەری ئەوە لەبەرچاوگیرا كە ڕووسیا تووشی ناكۆكییەكی درێژخایەن دەبێتەوە لەگەڵ ڕوژئاوا. كەواتە ئامانجی ڕووسیا ئەوە بوو كە دووبارە ئابووریی وڵاتەكە بە ئاراستەی ئاسیا ڕێك بخاتەوە. بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەم سزایانە زیانیان بە ئابووریی ڕووسیا گەیاندووە. ئەگەر لە ڕووی سەربازییشەوە لە پرسەكە بڕوانین، ئەوا بە هەزاران گەنجی ڕووسیا لەم شەڕەدا كوژراون، كە ئاشكرایە ئەوەی هاتووەتە ئاراوە دۆخێكی كارەساتبارە، بە چاوپۆشین لەوەی چۆن لێی دەڕوانیت.
* بەڵام بە تێڕوانینی ئێوە بۆچی ڕووسیا هێندە پێداگرە لەسەر درێژەدان بەم شەڕە و بۆچی ئەگەر نەتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە یەكلای بكاتەوە- سەرباری ئەو گوشار و سزا ئابوورییانەش كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە- بیر لەوە ناكاتەوە كە ڕێگاچارەیەكی دیكە بگرێتەبەر؟
- لە ڕاستیدا ئەم شەڕە لە ڕوانگەی ڕووسیاوە شەڕێكە لە پێناوی مانەوەی خۆیدا، بەو واتایەی ڕووسیا پێی وابوو نزیكبوونەوەی ناتۆ لەسەر سنوورەكانی هەڕەشە و مەترسییەكی وجوودییە كە ناكرێت چاوپۆشی لێ بكرێت و ڕێگە بدرێت بە ئاسانی و ئاسایی تێپەڕێت. واتە ڕووسیا پێی وایە كە دەبێت ئەم باجە بدرێت و ئامادەشە ئەم باجە بدات، بۆ ئەوەی دەستڕۆیشتوویی و بوونی ناتۆ لە سەر سنوورەكانی دوور بخاتەوە.
* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە ئەم شەڕەی هەڵگیرساوە دەرئەنجام و دەرهاویشتەی شكستی سیستمە جیهانییەكەیە، ئەوەی پێی دەوترێت «سیستمی بنیادنراو لەسەر ڕێساكان»، بەو واتایەی ئەم سیستمە نەیتوانیوە كە بەر بە بەرپابوونی شەڕێكی لەم چەشنە بگرێت و لێكدانەوەكە ئەوەیە كە پێویستە دووبارە ئەم سیستمە لەسەر چەند پرەنسیپێكی تەواو جیاواز بنیاد بنرێتەوە، ڕاوبۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من لێرەدا نامەوێت سیستمە جیهانییەكە (سیستمی بنیادنراو لەسەر ڕێساكان) و یاسای نێودەوڵەتی وەك یەك، یان وەك هاوواتا بەكار بهێنم، چونكە كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باس لە برەودان بە سیستمی بنیادنراو لەسەر ڕێساكان دەكات، ئەوا لە بنەڕەتدا هەوڵەكەی بۆ برەودانە بە سیستمێكی جیهانی كە لەسەر بنەمای نایەكسانی لە ڕووی سەروەرییەوە بنیاد نراوە، بەو واتایە سیستمێكە تێیدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆی هەبێت دەستتێوەردان لە كاروبارە ناوخۆییەكانی وڵاتاندا بكات و حكومەتەكان بڕووخێنێت و دەستتێوەردانی سەربازی و داگیركاری لە وڵاتاندا بكات، بە چەشنی ئەوەی لە عێراقدا ئەنجامی دا، و دەستكاری سنوورەكان بكات، هەروەك ئەوەی لە كۆسۆڤۆدا كردی. واتە ئەوەی ئەمریكا دەیكات، ڕێزگرتن نییە لە سەروەری، بەڵكو چەمكی لیبڕاڵیزم بەكار دەهێنێت بۆ شەرعییەتدان بە كردەوەكانی، كە ئەمەش مایەی قبووڵكردن نییە، نەك تەنیا لەلایەن ڕووسیا و چینەوە، بەڵكو لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە مایەی قبووڵكردن نییە.