پەروەردەكاران دەخوازن بەخێوكاران منداڵەكانیان بۆ تاقیكردنەوەكان ئامادە بكەن و زەمینەسازییان بۆ بكەن

پەروەردەكاران دەخوازن بەخێوكاران منداڵەكانیان بۆ تاقیكردنەوەكان ئامادە بكەن و زەمینەسازییان بۆ بكەن

بەپێی ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان 1،707،249 قوتابی و 120،658 مامۆستا و 6،429 قوتابخانە هەن. بەپێی ئەو خشتانەش كە دیار كراون، لە 29ی نیسان تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناكۆتاكان و تاقیكردنەوەی نیشتمانی 9ی بنەڕەتی ئەنجام دەدرێت. هەر بەپێی خشتەكە لە 23ی مایس تاقیكردنەوەی وەرزی دووەمی تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان و نیشتمانی 9ی بنەڕەتی بۆ وەرزی دووەم ئەنجام دەدرێت. لە 3ی حوزەیران تاقیكردنەوەی وزاری بۆ خولی یەكەم ئەنجام دەدرێت و لە 6ی ئاب بۆ خولی دووەم ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئەو میكانیزمانە چین كە یارمەتیی قوتابی دەدات بۆ ئەوەی لە‌ تاقیكردنە‌وە‌كان ئاستێكی باش بەدەست بێنێت؟ ئایا پێویستە بەخێوكەری قوتابیان بە چ شێوازێك منداڵەكانیان بۆ تاقیكردنەوەكان ئامادە بكەن و ئەو ئاسانكاری و زەمینەسازییانە چین كە پێویستە بۆیان بكرێت؟ پەروەردەكارانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەرەتا مەعروف حەمەد سەعید بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات هێما بۆ ئەوە دەكات: «تاقیكردنەوە دوا كرداری هەڵسەنگاندنە بۆ كۆی پرۆسەی فێربوون بە درێژایی ساڵی خوێندن، بۆیە قسەكردن لەسەر بابەتی تاقیكردنەوە بەشێوازێكی پەروەردەیی و زانستی و واقیعیی بەرچاومان رۆشن دەكات تاكو لە ئامانجی راستەقینەی پرۆسەی تاقیكردنەوە بگەین. لێرەدا دەبێ بزاندرێ كە تێگەیشتن لە واتا دروستەكەی تەنها ئەركی قوتابی نییە، تەواوی ئەوانەی ژینگەی قوتابی پێكدەهێنن لە قوتابخانە و مامۆستا و دواتر لەوانەی پرسیارەكانی تاقیكردنەوە دادەڕێژنەوە و ئەوانەشی كە هۆڵی ئەزموونەكان بەڕێوەدەبەن و ئەمە سەرباری رۆڵی گرینگی ماڵبات و كۆمەڵگە كە هەمووان ‌بەرپرسیارن لەوەی ئاگاداری مەبەستی تاقیكردنەوە بن و نەچنە ژێرباری وێناكردنی ئەو پرۆسەیە وەكو ئەژدیهاك و دێوەزمە. ئەگەر خوازیاری بەدەستهێنانی ئاستێكی بەرزی دەرچوون و سەركەوتنی قوتابیان بن دەبێ سەرەتا كۆشش و ئامانجیان فێركردنی قوتابی بێت و قوتابی دەرك بەوە بكات كە تاقیكردنەوەكان لە بابەتی پەرتووكەكانەوە دەكرێت و ئەو بابەتانەی پێشوو ئەگەر فێری بووبێت و بەسەریدا كەڵەكە نەبووبن ئەوا لە ڕۆژی تاقیكردنەوەدا ئەگەری نشوستی و دەرنەچوونی بەو شێوەیە نییە كە ترسی هەبێت».

هەروەها گوتی: «سەركەوتنی مامۆستا لە گەیاندنی زانیارییەكانی ناوەڕۆكی میتۆدەكانی خوێندن و شارەزایی و زیرەكی و خۆشەویستی بۆ پیشەكەی و بۆ فێركردن و تێگەیاندنی قوتابی، تا ڕاددەیەكی زۆر سەركەوتن و دەرچوونی قوتابی لە تاقیكردنەوەكانی بەدوادا دێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەمساردی و درێغی كردنی قوتابی لە ئامادەكردنی ئەركەكانی بە درێژایی ساڵی خوێندن، پووچەڵكردنەوەی هەوڵ و ماندوویی مامۆستایە. قوتابی دەبێ پێشتر ئەوە بزانێت كە ئەو ماوە كەمەی تەرخانكراوە بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ تاقیكردنەوەكان مەبەست لێی فێربوون نییە، بەقەدەر ئەوەی دیاریكراوە بۆ پێداچوونەوە بەو بابەتانەی كە لەمیانی وانەكاندا خوێندراون. ئەگەر قوتابی پێشتر زانیارییەكانی میتۆدەكانی خوێندنی هەرس نەكردبێت و بە شێوازێكی زانستییانە وەری نەگرتبێت ئەوا زۆر سەخت دەبێت لەو چەند رۆژەدا فێریان ببێت. لە بەرامبەریشدا تێگەیشتنی پێشوەختە لێیان وادەكات تەنها پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەكی خێرا بەس بێت بۆ ئەوەی تەواوی ناوەڕۆكەكەی وەبیربێتەوە و ئامادە بێت بۆ وڵامدانەوەی هەرچی پرسیارێك لە بارەیانەوە بێت. قوتابی نابێت وا بكات هیچ بابەتێك بەسەریدا تێپەڕێت تا بە تەواوی لێی تێنەگات و داوای دووبارە و سێبارەكردنەوەی لە مامۆستاكەی بكات، دانانی پلان و خشتەی پێداچوونەوە و خۆ ئامادەكردن بۆ تاقیكردنەوە گرنگە و بوونی كەشوهەوایەكی ئارام و بێ ژاوە ژاو كاریگەر و گرنگە بۆ قوتابی، باشترین كات بۆ خوێندنەوە كاتی بەیانی و ئێواران و شەوانە، بەڵام ئەوەندە كاتە تەرخان بكات كە مێشكی وەری بگرێت و گوشارێكی زێدە نەخاتە سەر خۆی و هەر كاتێك هەستی بە ماندوویی كرد پشوویەك بە مێشك و جەستەی بدات و پاشان دووبارە دەست بە خوێندن بكاتەوە، بە مەرجێك هەست بەوە بكات كە ئەوەی دەیخوێنێت لێی تێدەگات و لە هزر و بیریدا دەمێنێتەوە».

مەعروف حەمەد سەعید لە درێژەی قسەكانیدا روونیكردەوە كە:» تاقیكردنەوە خۆی لە پرۆسەیەكدا دەبینێتەوە كە ڕاستەوخۆ پەیوەست و پەیوەندیدارە بە مێشك و بیركردنەوەی مرۆڤ، لەبەر ئەوە مەرجی یەكەم بۆ سەركەوتن لەو پرۆسەیەدا بوونی دۆخێكی ئارام و جێگیرە بۆ دەروون و دوور كەوتنەوەیە لە دڵەڕاوكێ، بۆیە گرنگە قوتابی خۆی بەدوور بگرێت لە هەستكردن بە ترس و بیركردنەوەی نەرێنی و ئەوەندەی مەسەلەی دووبارە بەبیرهێنانەوەی زانیارییەكان و نووسینەوەیان با ئەوەندە هەڵشاخان نەبێت بە چیایەكی ترس و لەرز و خۆ تۆقاندن. كاتێك قوتابی لەو پرۆسەیە دەترسێت ئەوا دەرەنجامەكەی باش نابێت و سەركەوتوو نابێت بە تایبەت لە بابەتێك كە لاواز بووبێت، لاوازیی ئەو لە هەر بابەتێك فێرنەبوون و رانەهاتنیەتی لەكاتی خۆی كە بەسەریدا تێپەڕیووە بێ ئەوەی فێری بووبێت و لێی تێگەیشتبێت، بۆیە دەبێت هەمیشە هەوڵبدا هیچ بابەتێك بەسەریدا تێنەپەڕێت تا بە تەواوی لێی تێنەگات.

جیا لە ڕۆڵ و ئەركی قوتابخانە لە پرۆسەی تاقیكردنەوەدا، زۆر پێویستە ماڵباتیش (دایك و باوك) ڕەچاوی بارودۆخ و دەروونی قوتابی بكەن، كەشوهەوایەكی گونجاوی بۆ بڕەخسێنن و بە ئاگا بن لەوەی لەكاتی ئەنجامدانی هەر هەڵوێستێكی نا پەروەردەییانە تێكچوونی شیرازەی بیركردنەوەی قوتابی لێ دەكەوێتەوە. ئەو پێویستە پشت بەخۆی ببەستێت و ئەگەر لەگەڵ هاوڕێیە زیرەكەكانی گفتوگۆ بكا ئەوا سوودی هەیە بۆ ئەوەی ئەو زانیارییانەی بیری چۆتەوە دیسان وەبیری بێنەوە.»

هاوكات گوتی: پێویستە قوتابی بۆ پەڕینەوە و دەرچوون لە بابەتەكان هیچ كات بیر لە گزیكردن (قۆپیە) نەكاتەوە، هەمیشە ئەوەی لەبیر بێت و لە رۆژانی خوێندنیش مامۆستایان ئەو بابەتە بەشێوازێكی زانستی و ئاقڵمەندانە بۆ قوتابیان شی بكەنەوە، جیا لە هەستی مرۆڤبوون و بەرپرسیاریەتی ویژدان دەرحەق بە خۆمان و دەوروبەرمان، لە ڕووی یاساییشەوە دەبێ ئەوە بزانین كە ئەنجامدانی گزی لێپیچنەوە و سزادانی لەسەرە، چونكە دەبیتە هۆی زیانگەیاندن بە ئەمڕۆ و پاشەڕۆژی نیشتمان و نەتەوە و مرۆڤایەتی بەشێوەیەكی گشتی. بۆیە ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە زۆر بەڕوونی رایگەیاندووە كە لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسیاری تاقیكردنەوەكان ڕێوشوێنی توند دەگیرێنەبەر، بە پشت بەستن بە یاسای پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان ئاگاداری سەرجەم قوتابخانەكان و بەڕێوەبەر و یاریدەدرە و مامۆستایان و قوتابیان كراوەتەوە، ئەویش بەپێی:

ماددەی (83) یەكەم: هەر كەسێك دزە بە پرسیاری تاقیكردنەوەكان بكات یان زانیاری لەبارەیانەوە بدركێنێت یان مامەڵەی پێوە بكات، بە بەندكردن بۆ ماوەی (3) ساڵ كەمتر نەبێت سزا دەدرێت.

دووەم: ئەگەر هاتوو كەسەكە لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە ئەندامی لێژنەی تاقیكردنەوەكان بوو یان تایبەتمەندبوو بە گواستنەوە یان پاراستن یان هەڵگرتنیان، ئەوا سزاكەی دەبێت بە دوو هێندە و بە تاوانی ئابڕووبەر ئەژمار دەكرێت و لە وەزیفەش دەر دەكرێت.

سێیەم: ئەگەر تاوانبار فەرمانبەر یان كارمەندێكی دیكەی حكومەت بوو، هەمان بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیەی لەسەر جێبەجێ دەكرێت.

چوارەم: ئەم تاوانە بە تێپەڕبوونی كات خەسڵەتی تاوانكاری لەدەست نادات.

هەروەها لە نووسراوی گشتاندنی بەڕێز نووسینگەی وەزیر و بەشی كاروباری تەكنیكی ئەزموونەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ئاماژە بەوەش كراوە كە:

لە حاڵەتی روودانی هەر كەیسێكی تاوانكاری لەو جۆرە پێویستە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ لە هەمان رۆژدا نووسراو ئاراستەی دادگەی لێكۆڵینەوەی ئەو سنوورە بكات كە تاوانەكەی تێدا ئەنجام دراوە و تەواوی دۆكیۆمێنتەكانی هاوپێچ بكات بۆ دادگەی لێكۆڵینەوە و وێنەیەكی دۆكیۆمێنتەكان لە بەڕێوەبەرایەتی كاروباری یاسایی پەروەردەی گشتی بپارێزرێت. قوتابی جیا لەوەی ساڵەكەی بۆ بەدەرنەچوون بۆ هەژمار دەكرێ لەڕووی یاساییشەوە تووشی سزا دەبێتەوە، لەبەر ئەوە دەبێ ژیر و هوشیار بن و بەهیچ شێوەیەك بیر لە گزیكردن نەكەنەوە.»

بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: «ئەوەی لەسەر قوتابییە ئەوەیە دوای دابەشكردنی پرسیارەكان وڵامی ئەو پرسیارنە بداتەوە كە لەلای ڕوونن و دەیانزانێت و ئەو پرسیارانەشی كە نایزانێت لێی ورد بێتەوە و پەلەی لێنەكا، وڵامدانەوەی پرسیارە زانراوەكان خاڵی دڵخۆشی و مژدەبەخشە تاكو بە دەروونێكی هێمن و دڵخۆشییەوە بچێتە سەر ئەو پرسیارانەی كە پێویستیان بە لێوردبوونەوە و جەختكردنەوەی زیاترە، بەمە ئەوانی دیكەشی وەبیر دێنەوە و لە دڵەڕاوكێ رزگاری دەبێت.»

سەبارەت بە هەمان پرس مامۆستا فاخیر تۆفیق عەلی مامۆستای قۆناغی ئامادەیی لە ئامادەیی كوردستان لە شاری كەركووك سەرەتا هیوای سەكەوتنی بۆ قوتابیان دەخوازێت و دەڵێت: «هیوای سەكەوتن بۆ سەرجەم قوتابیە ئازیزەكانمان دەخوازین بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانیان، تاقی كردنەوە بۆ قوتابی سەنگی مەحەكە بۆ تیگەیشتن و بڕینی قۆناغەكانی خۆیندن، بەڵام زۆرێك لە قوتابیان هۆشیاری و شارەزایییان لە چۆنیەتی ئەنجامدانی تاقی كرنەوەكان لە ئاستیێكی وادانییە بۆیە، بەڕای زۆریك لە مامۆستایان و دەروونزانان ئەگەر قوتابی ڕەچاوی ئەم چەند رێنمایی و هەنگاوانە بێت ئەتوانێ بە ئەندازەیەكی باش سەركەوتن بەدەست بهێنی بە پلەی بەرز لە تاقی كردنەوەكان.

 پێش ئەنجامدانی تاقی كردنەوە پینج تەكنیك هەیەكە بریتین لە:

١/ئاگاداربوون لە كات و شوێنی تاقی كردنەوە واتا ڕۆژ و كاتژمێر و ناوەندی تاقیكردنەوە و شۆینەكەی٠

٢/ئامادەباشی بەردەوام بۆ تاقی كردنەوە لە رۆژانی ئاسایی خۆیندن ئاسانكاری دەبێت بۆ ئەنجامدانی لەهەر كاتێك بێت.

٣/تەركیزی وورد لە كتێبی خوێندن دیاری كراو بۆ تاقی كردنەوە .

٤/خۆت تاقی كردنەوە بە خۆت بكە پیش تاقی كردنەوەكە بۆ زانینی ئاستی خۆت٠

٥/بە پاك و خاۆینی و پشوودان بە نیو كاتژمێر هەنگاو بنێ بۆ هۆڵی تاقی كردنەوە٠

هەروەها لەكاتی ئەنجام دانی تاقی كردنەوە بەهەمان شێوە پێویستە پێنج هەنگاو ڕەچاو بكرێ٠

*دوور كەوتنەوە لە دڵەڕاوكێ و خۆ تێكدانی دەروونی بەهەڵكێشانی هەناسەی قوڵ بە لەسەرخۆیی لە ١بۆ ٤

*پشت بە خوا بەستن بەوەی گرتنەبەری هۆكارەكانی سەكەوتن و خوێندنت ئەنجام دابێت.

*خۆیندنەوەی پەڕی پرسیارەكان بە وردی و رێكخستنی كاتی دیاریكراو كە دیاركراوە.

*دڵنیا بێتەوە لە پرسیارەكە پێش وەڵام دانەوە. زانینی ژمارەی پرسیارەكان، زانینی نمرەی هەر پرسیارێك، دانانی خشتەیەك بۆ وەڵام دانەوە لەكاتی دیاریكراودا.

*بە خەتی جوان و ڕوون وەڵامەكانت بنووسە و پێداچوونەوەی بەردەوام و دەرنەچوون لە هۆڵی تاقی كردنەوە پێش كاتی تەواوبوونی تاقی كردنەوە.

سێیەم/ دوای ئەنجام دانی تاقی كردنەوە ئەم خاڵانە ڕەچاو بكرێت:

*نە گەڕانەوە و خۆسەرقاڵ نەكردن بە گەڕان بەدوای وەڵامەكان، چونكە نیگەرانی و پەشێویت تووش دەبیت لەكاتی هەڵە بینن لە وەڵامەكانت.

*دەست كردنەوە بە خۆیندنی وانەی داهاتوو.

* بەردەوام ئەوە بزانە كە تاقی كردنەوە مردن و ژیان نییە، بەڵكو هەڵسەنگاندنە لەو بوارە و زۆر بواری تر هەیە تۆ سەكەوتوون تێیدا.

*دووركەوتنەوە لە رێگەی نا یاسایی و ناشەرعی بۆ سەركەوتن لە تاقی كردنەوە(گزی كردن) بە نموونە.

* بڕیاردان بە بەردەوامی لە كاروانی خوێندن و هەوڵدان و ئەنجامەكان غەیبە لای خوای گەورەیە، ئەوەی لەسەر قوتابییە ئەنجامدانی ئەركەكانە.

مامۆستای وانەبێژ محەمەد عوسمان سەبارەت بە گرینگترین میكانیزمەكانی سەركەوتنی قوتابی لە پرۆسەی تاقیكردنەوەكان جەخت لەوە دەكاتەوە كە «دەبێت باری دەروونیی قوتابی پارێزراو بێت و پلان بۆ پشووەكان دابنرێت، بۆ ئەوەی كەش و دوخێكی لەبار بێت. ئەم پڕۆسە گرینگە بۆ قوتابی، بەڵام لەم پلانانەدا بە پێی دۆخ و سیاقی خێزان گۆڕانكاری ڕوودەدات، بۆیەش چەند میكانیزمێك هەیە دەبێت قوتابی پەیڕەوی بكات، بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەكان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدات. لەوانە:

* پێویستە قوتابی لایەنی دەروونیی خۆی ڕێك بخات و دوور بكەوێتەوە لە گشت ئەو كێشە خودی و خێزانیانە كەوا بیر و عەقڵی داگیركردوون، دەبێت تا كاتێكی دوای تاقیكردنەوەكان دوای بخات، هەروەها هەوڵدان و پاڵنەری لەلایەن ئەندامانی خێزان بۆ ئەوەی بە ورەیەكی زۆر پۆڵایین لە تاقیكردنەوەكان بەشدار بێت و ترس ڕێڕەوی ئامانجەكانی نەگۆڕێت. خێزانەكەی دەبێت كەشێكی ئارام و دوور لە ژاوەژاوی بۆ دروست بكەن، بۆیە ئامۆژگاریم وایە لە كاتی تاقیكردنەوەن سەردانییەكان كەم بكرێتەوە، پاداشتكردنی قوتابییش بە شێوازێكی زانستی و پەروەردەیی بكرێت بۆ ئەوەی پاڵنەری زیاتری هەبێت.

* قوتابی پێویستی بە پلانێكی توكمە هەیە بۆ چۆنیەتی خوێندنی بابەتەكان، بۆ ئەوەی بتوانێت بە گشت بابەتەكاندا پێداچوونەوەیەكی سەرتاسەری ئەنجام بدات، جگە لەمانە پێویستە پلانی شێوازی خوێندن لەگەڵ خشتەی تاقیكردنەوەكان ڕێك بخات، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە سەركەوتوو بێت.

* قوتابی لە كاتی تاقیكردنەوەكان دەبێت زیاتر پلانی خەوتن و خواردن و پشووەكانی بە شێوەیەكی تۆكمە ڕێك بخات، بۆ ئەوەی بتوانێت گشت پلانەكانی توكمەتر بێت. شێوازی خەوتن كاریگەرییەكی تەواوی هەیە لەسەر پڕۆسەكە، چونكە پەیوەستە بە عەقڵ، بۆیە قوتابی پێویستە لە ماوەی24كاتژمێر ٨ كاتژمێری تەندروست بخەوێت واتە دوای كاتژمێر10ی شەو نووستبێت، چونكە ئەو كاتە هۆڕمۆناتی خەو دەڕژێ بە سەر مێشكدا، مێشك نوێ دەبێتەوە و ئەگەر ماندووی بكەیت، خوێندن سوودی نابێت. لە بارەی خواردنیش پێویستە زیاتر گرینگی بە سەوزە و مێوە بدرێت، چونكە بڕێكی زۆری ڤیتامینی تێدایە و لە كاتی خوێندنی بابەتەكان بەسوودن، پێویستیشە هەوڵ بدرێت ژەمەكان لە كاتی خۆی بخورێت. لە بارەی پشووەكان پێویستە قوتابی دوای هەر كاتژمێرێك خوێندن پشوویەك بدات بە10خولەك بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت و بێزار نەبێت، چونكە گرینگترین میكانیزمی قوتابیی سەركەوتوو لە تاقیكردنەوەكان ئەوەیە بە حەزەوە وانەكان بخوێنێت».

Top