رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کۆی (19) راسپاردەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان (١٤)یان جێبەجێکراون
ئەمڕۆ 30ی نیسانی 2023 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هاوکاری ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی دیدار، کۆنفرانسێکی ساز کرد بە ناونیشانی پاراستنی کەلتوور و رۆڵی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی 2015 لە پاراستنی کەلتووری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆنفرانسەکەدا کە هەریەکە لە بەڕێزان د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر رەوشی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەرێم و رۆڵی حکومەتی هەرێمی لە پاراستنی مافەکانیان.
لە سەرەتای وتارەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی پاراستن و پتەوکردنی مافی پێکهاتەکان گرنگی بە چەند پرسێک دەدات و لە ئەولەویاتی کارەکانی داناوە ئەوانیش بریتین لە: پاراستنی بوون، پاراستنی ناسنامە، نەبوونی جیاکاری و یەکسانی لە بەشداری کارا لە پرۆسەی سیاسی، ئەمانە بنەمای سەرەکین لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، لەم رووەوە چەندین یاسای دەرچووە لەوانە لائیحەی مافی نەتەوە و ئایین و مەزهەبە ئایينیەکان، ياسای زمانە فەرمیەکان یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، بە رەسمی ناساندنی جەژن و بۆنەی پێکهاتەکان.
سەبارەت بە بەشداری پێکهاتەکان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: جگە لەم یاسایانە حکومەتی هەرێمی هەنگاوی زۆری ناوە لەوانە گۆڕینی ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و گرنگیدان بە لایەنی پەروەردەیی و کەلتووری پێکهاتەکان، لە بارەی بەشداری سیاسیش سیستمی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمان پەیڕەو دەکرێت و نوێنەری خۆیان هەیە، لە حکومەتی هەرێم وەزيرى تایبەت بە پێکهاتەکان هەیە، سکرتێری پەرلەمان لە پێکهاتەی تورکمانە، نوێنەرایەتی کاروباری ئایینەکان و بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف هەیە، هەروەها حکومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە بۆ پێشوازی کردن لە ئاوارەکان و رزگارکردنی رفێندراوە ئێزیدییەکان.
دواتر رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاوکاری نێوان حکومەتی هەرێم و یونیتاد بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش وتی: یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی نێو پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بریتییە لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و لە کۆی (19) راسپاردەی نێودەوڵەتی کە ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان (١٤) راسپاردە جێبەجێکراون و ئەوانی تریش کار لەسەر جێبەجێ کردنیان دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە لایەنە نێودەوڵەتییەکان گرنگییەکی زۆر بە پرسی ناوچە جێناکوکەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لەو ناوچانە دەدەن، تیرۆریستانی داعش تاوانی دوور لە دابونەریتی مرۆڤانەی دژ بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەو ناوچانە ئەنجامداوە بەتایبەتی کوردانی ئێزیدی، حکومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش هەیە بۆ ئەرشیفکردنی تاوانەکان، هەروەها پرۆژە یاسایەک پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام لەلایەن دادگای باڵای ئیتیحادییەوە رەت کرایەوە، سەرەڕای ئەمەش حکومەت هەرێم بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش و بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانیان وەک تاوانی نێودەوڵەتی و قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاریان.