كڕینی كاڵا بە شێوەی ئۆنڵاین لە سەرانسەری جیهان لە پەرەسەندندایە

كڕینی كاڵا بە شێوەی ئۆنڵاین  لە سەرانسەری جیهان لە پەرەسەندندایە

 

 

بە هۆی ئەو پێشكەوتنە بەرفراوانەی سەردەمی تەكنەلۆژیا، كڕین و فرۆشتنی كاڵا لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە لە پەرەسەندندایە و لە ڕێگەی ڕێكلامەوە كاڵا و شتومەكی جۆراوجۆر خراونەتەڕوو و بە شێوەی ئۆنڵاین ئۆردەر دەكرێن، كەلوپەلی جوانكاری و چارەسەركردنی پێست و تەنانەت دەرمانی خۆلاوازكردنەوە پانتاییەكی زۆری لەو بوارەی سۆشیال میدیا داگیر كردووە و، داخوازیی خانمان لەسەر ئەو كاڵایانە زۆرە. بەڵام پزیشكێكی بواری نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕێككاری، جەخت لەوە دەكاتەوە كە كڕینی دەرمان لە ڕێگای ئۆنڵاینەوە هەرگیز گونجاو نییە، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ئەو دەرمانانە دەبێت ئەو كۆمپانیانە بن، كە لە كوالێتیی كۆنتڕۆل تێدەپەڕن و لە لایەن پزیشك دەنووسرێت و لە دەرمانخانەكان دەفرۆشرێن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

د. لانە ڕەفیق پزیشكی شارەزا لە بواری نەشتەرگەری جوانكاری و ڕێككاری، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە ئێستادا بەكارهێنانی ئامرازەكانی ڕێكلامكردن لە سۆشیال میدیا زۆر ئاسان بووە و هەموو جۆرە كاڵایەك نمایشی بۆ دەكرێت، بەڵام كڕینی دەرمان بە مەبەستی چارەسەركردنی پێست، یان دابەزینی كێش لە ڕێگای ئۆنلاین هەرگیز گونجاو نییە، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ئەو دەرمانانە دەبێت ئەو كۆمپانیایانە بن كە بە كوالێتیی كۆنتڕۆل تێدەپەڕن و لەلایەن پزیشك دەنووسرێت و لە دەرمانخانەكان دەفرۆشرێن». هاوكات دەڵێت: «كوالێتیی كۆنتڕۆل لەلایەن حكومەت تەرخان كراوە بۆ پشكنینی هەر دەرمانێك كە دێنە ناو هەرێم، ئەویش بۆ دڵنیابوون لە دروستیی هەڵگیرانی و دڵنیابوون لە چۆنیەتیی گواستنەوەی لەگەڵ بەرواری بەسەرچوون، بۆیەش لە كاتی ڕوودانی هەر كۆمپلیكەیشنەك (موزاعەفات) هیچ وەزارەتێك بەرپرسیارەتی ئەو دەرمانانە هەڵناگرێ.

واتە پێویستە سەردانی پزیشك بكەن، بۆ هەر كێشەیەك لە پێست، یان بۆ دابەزینی كێش، تەنیا ئەو دەرمانانە بەكار بێنن كە لەلایەن پزیشكەوە بۆیان دە نووسرێت، چونكە لەوانەیە ئەو دەرمانانەی لە ڕێگای ئۆنڵاینەوە دەفرۆشرێن، زیانبەخش بن و ئەنجامی باشیان نەبێت، هەروەها گەورە و بچووككردنەوەی سینگ و سمت لە ڕێگەی دەرمانە بازرگانیەكان بەبێ ڕێنمایی پزیشك دوورە لە زانست و كاریگەریی خراپی لەسەر هۆرمۆنی لەش هەیە، واتە سمت، یان سینگ ڕەنگە بە شێوەیەكی نەشیاو گەورە دەبێت، یان بە نایەكسانی، یانیش جەستەكە شێواو دەبێت».

شیلان ئاستەیی شارەزای بواری جوانكاری لە لەندەن، ڕای وایە: «ڕیكلام، یان نمایشكردنی (كوسمێتیك) دەرمانەكانی جوانكاری لە ڕێی ئینتەرنێت كارێكی سەردەم و گلۆباڵە لە جیهاندا بەگشتی، واتە نمایشكردن، ڕیكلام و ئوردەر، باڵیان بە سەر جیهاندا كێشاوە و بوونەتە جێگرەوەی بازاڕی كلاسیك بۆ كڕینی هەموو پێداویستییەك كە مرۆڤ پێویستی پێیە، سەرەڕای ڕەچاونەكردنی كوالێتی و ڕیكلامی بێ بنەما، بەتایبەت نیگەرانیی پزیشك و پسپوڕی شارەزا لە كوردستان بەرەو هەڵكشانە، لەبەر ئەوەی كە زۆرێك لە بەكارهێنەری كوسمێتیك دەرمانەكانیان لە ڕێگەی وێبسایتە ئینتەرنێتییەكانەوە دەكڕن، بێ ئەوەی بزانن ئایا ئەوە ئۆڕژیناڵە، ستانداردی جیهانییە، یان ساختەیە، بەڵام ئەو كۆمپانییانەی كوسمێتیك كە كوالێتیی بەرزیان هەیە، دیارن و ناوبانگیان هەیە و دیارە لە كام وڵات بەرهەم هاتوون و، نرخیشیان بە پێی كوالێتییە، بەڵام زۆر بە ئاسانی كوسمێتیكی نرخ بەرز بە ساختە دروست دەكرێت و، بە شێوەی ئۆنڵاین دەفروشرێت، بۆیە دەبێت كڕیار زۆر ئاگادار بێت». گوتیشی: «من چەند وڵات كە خاوەنی بەرهەمهێنانی كوسمێتیكی بەرزن، پێم باشە بە هاووڵاتیان بناسێنم، بۆ ئەوەی ئاشنایی زیاتریان هەبێت. لەوانە: فەرەنسی، ئەڵمانی، ئەمریكی، كۆریای باشوور، پۆلەندی، ئیتاڵی و ئیسپانیاش بەرهەمی باشیان هەیە، خانمان و پیاوانی كوردستان ئەگەر بیانەوێت كوسمێتیك بە ڕێگای ئۆنڵاین بەدەست بێنن، با هەمیشە سەیری بەكارهێنانی ئەو مەوادە بكەن، كە بە دوو زمانی جیهانی نووسراون، كە زیاتر ئینگلیزی و عەرەبین، زۆرجاریش فەرەنسی و ئەڵمانیش هەن. بەتایبەتی كرێمەكان، دژەخۆر، یان شامپۆی دەموچاوشوشتن دەبێت بە زمانێك لەو زمانانە نووسرابێت، چۆن بەكاری بێنی و دەبێت مەوادەكانی شی كرابێتەوە كە چی تێدایە، هەروەها بەكارهێنانی كرێمەكانی جوان ڕاگرتنی پێست زۆر گرنگە و دەبێت دوور بێت لە مەوادی ساختە و سپیكەرەوە، بۆ ئەوەی پێست تووشی لاواز بوونی خانەكان و گۆڕینی ڕەنگ نەبێت. من وەكو پسپوڕێكی كوسمێتیك داواكارم لە بەكارهێنەرەكانی كرێمات خۆیان بپارێزن لەو هەموو ساختەكارییانەوە كە لە ڕێگای ڕیكلامەوە دەكرێن، دەبێت گرنگی بە ئۆرجیناڵبوونی و كوالێتییەكەی بدەن».

سارا حسێن خۆراكناس و ڕاهێنەری وەرزشی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە ڕاستیدا هەڵەیەكی زۆر گەورەیە كە بە بێ بینینی پزیشكی پسپۆڕ و پشكنین، حەب و دەرمان ئەویش لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە وەربگرن، لەبەر ئەوەی كەس نازانێت لە چی دروست كراون، بەتایبەتی حەبی خۆلاوازكردن، كە ئەگر كێشیش پێی دابەزێت، ئەوا ئاوی لەشە نەك چەوری، زۆر جاریش بۆ خانمان دەبیتە هۆی تێكچوونی هۆرمۆنات و لە كاتی وازهێنان لەو حەبە دووبارە كێشیان زیاد دەكاتەوە، بۆ كێش سەرخستنیش بە هەمان شێوە زیانی زۆری هەیە، ئەویش كە وازی لێ هێنا، دووبارە كێشی دادەبەزێتەوە، بۆیە بە ڕێگەی تەندروست و گۆڕینی شێوازی خواردن و خەو و وەرزشكردن كێش دادەبەزێت، نەك بە حەب، ئەگەر خۆتت خۆش دەوێت، حەب مەخۆ، ئاگات لە تەندروستیی خۆت بێت، زۆر جار قەڵەوی، یان بە بۆنەی تێكچوونی هۆرمۆناتەوەیە، یان زۆرخۆرییە، یان ویراسی و بۆماوەییە، هەمووشی بە گۆڕینی شێوازی ژیانكردن چارەسەر دەبن.

ئامۆژگاریم بۆ خانمان ئەوەیە خواردن و خەویان چاك بكەن، زۆر گرنگە لە سەعات 10 و 11ی شەو بخەون و بەیانی زوو هەستن، لە شەودا growth hormon زیاد دەكات كە گەورەترین فاكتەری چەوری توانەوەیە، هەروەها وەرزشكردن هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دابەزینی كێش، ئەوانەش كە خوازیاری كێش سەرخستنن، بە خواردنی سووركراوە و شیرینی نا، بەڵكو بە خواردنی تەندروست و ورزشكردن و خەوی باش دەكرێت كێشیان زیاد بكەن».

Top