سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان دەكات


ڕۆژی شەممە 29ی نیسانی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەولێر كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر و بەڕێزان جاكۆ بیرندس كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر و و كلاوس ستریچێر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و تۆكلید بیگ بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و كاتریەن كرۆفت بەرپرسی بەشی سیاسیی كونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕ كرا و شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جەختیان لە بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەها دیموكراتییەكان و پاراستن و بەهێزكردنی بنەماكانی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە فەرهەنگی دیموكراسی و هەڵبژاردن بۆ شاندی میوان خستەڕوو و ئاماژەشی بەوەدا كە گەلی كوردستان قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژیێت و بەهاكانی دیموكراسی پیادە بكرێت و لە دوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە 1991 لە شاری كۆیە بۆ یەكەمجار ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ شاندی میوان دووپاتكردەوە كە کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە و، لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و، سەبارەت بە بابەتی چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكانیش ڕایگەیاند كە پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین.

Top