راگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

راگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کرۆکی کێشەی دارایی لە سنووری سلێمانی ئەوەیە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات شەفاف نییە و رێگەش نادرێت چاودێرییەکی مەرکەزی لە سەر ئەو پرۆسەیە هەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پرۆپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێک لە پێناو مافی مووچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە".

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رای گشتی روونیکردووەتەوە "ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانی دەکەن. بەرگری لە مافی مووچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەموو تیمە وەزارییەکانە و ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەلکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێک وەزیرانی پارتی و گۆڕان و سوشیالیستیش قبوڵی ناکەن، بۆیە با موزایدە بەسەر خەلکی سلێمانییەوە نەکرێت".

هەروەها راگەیەندراوەکە جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، "شوێنی چارەسەریی گشت ئەم کێشانەش تەنیا کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بۆیە ئەگەر قوباد تالەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەلک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن".

دەقی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پرۆپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێک لە پێناو مافی مووچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە.

بۆ رای گشتی ڕوونی دەکەینەوە کە، ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانی دەکەن. بەرگری لە مافی مووچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەموو تیمە وەزارییەکانە و ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەلکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێک وەزیرانی پارتی و گۆڕان و سۆشیالیستیش قبوڵی ناکەن، بۆیە با موزایدە بەسەر خەلکی سلێمانییەوە نەکرێت.

کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بوو لە سنووری سلێمانی هەبوو و لێژنەی بەدواداچوونیش پێکهێنرابوو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد و بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لێژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف روویدا و ئەو پرۆسەیەی پەک خست، چونکە یەکسەر دوای داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تالەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کشانەوە.

هەموو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردووە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن.

باشترکردنی ئەو دۆخەش تەنیا بە جێگیرکردنی سیستەمێکی پتەوی دارایی دەکرێت ئەویش بە جۆرێک کە تەنیا حکومەت چاودێرییەکی وردی لە سەر پرۆسەی کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان هەبێت و ئەوجا ئەو داهاتانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخرێتەوە خزمەت هاووڵاتیانمان.

کرۆکی کێشەی دارایی لە سنووری سلێمانی ئەوەیە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات شەفاف نییە و رێگەش نادرێت چاودێرییەکی مەرکەزی لە سەر ئەو پرۆسەیە هەبێت.

شوێنی چارەسەریی گشت ئەم کێشانەش تەنیا کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بۆیە ئەگەر قوباد تالەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەلک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن .

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/4/26

Top