لە ساڵیادى دەرچوونى گۆڤارى (گوڵان)دا: سکرتێرى گشتیى YNDK پیرۆزبایى لە سەرنووسەرو دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسانى گۆڤارى (گوڵان) دەکات
میدیا - هەولێر:
سكرتێرى گشتیى YNDK بەبۆنەى (29) ساڵ تێپەڕبوون بەسەى دەرچوونى یەکەم ژمارەى گۆڤارى (گوڵان) لە پەیامێکدا پیرۆزبایى لە سەرنووسەرو دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسانى گۆڤارى (گوڵان) دەکات و هیواى سەرکەوتنى زیاتریان بۆ دەخوازێت.
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە پەیامێکدا بەبۆنەى بيست و نۆیەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەى گۆڤاری (گوڵان) پیرۆزبایى لە بەڕێزان فەرهاد محەممەد سهرنووسهر و ئەندامانى دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسان و کارمەندانى گۆڤارى گوڵان دەکات و، رۆڵى گۆڤارى گوڵان لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکان بەرز دەنرخێنێت و، هیوا دەخوازێت کەوا گۆڤارى گوڵان ببێتە دامەزراوەیەکى نیشتمانى، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
براى بهڕێزمان کاک فەرهاد محەممەد سهرنووسهرى گۆڤاری (گوڵان)ى ئازیز
بەڕێزان ئەندامانى دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسان و کارمەندانى گۆڤارى گوڵان
سڵاو و ڕێز ...
بەبۆنەی (29) بيست و نۆیەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەى گۆڤاری (گوڵان)ى ئازیز، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست دەکەین و، هیوادارین (گوڵان) وەک هەمیشە بوێر و هەقگۆ و پێشەنگ بێت.
بێگومان گۆڤارى گوڵان ؛ لەماوەى (29) ساڵ تەمەنى خۆیدا خزمەتێکى زۆرى بوارى ئازادى بیرو ڕا و قوڵکردنەوەى گیانى پێکەوەژیان و بڵاوکردنەوەى هزر و هۆشیارى نەتەوەیى و نیشتمانى کردووە، بەردەوام هەوڵیداوە بە نووسین و شرۆڤەکانى پیلانى دوژمن و ناحەزانى گەلى کوردستان ئاشکرا بکات و مەترسییەکانى بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بخاتەڕوو و، رووبەڕووى هەڕەشەکان ببێتەوە، دیارە کە چەکى ئەو رووبەڕوونەوەیەى گوڵان پێنووس و وشە بووە، بۆیە دەتوانین بڵێین (گوڵان) هەمیشە سەنگەرێکى قایمى بەرەڤانیکردن لە دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان بووە.
(گوڵان) ؛ بە ئیمکانیاتێکى کەمەوە ئەرکێکى گەورەى راپەڕاندووەو کارى مەزنى ئەنجامداوە، لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین رۆڵى سەنتەرێکى گەورەى لێکۆڵینەوەى سیاسى و هزرى و ئابوورى و کارگێڕى و کۆمەڵایەتى گێڕاوە، بۆیە پێویستە گۆڤارى گوڵان فراوانتر بکرێت و بکرێتە دامزراوەیەکى نەتەوەیى بەناوى (سەنتەرى لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونى سیاسیى گوڵان)، لەبەرئەوەى بەهەق ئەو رۆڵەى گێڕاوە و، توانیویەتى پەیوەندییەکى فراوان لەگەڵ لێکۆڵەر و شرۆڤەکارانى بوارى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى و کلتورى و کۆمەڵایەتى و کارگێڕى و دەوڵەتدارى لەسەر ئاستى ناوخۆ و وڵاتانى عەرەبى و بیانى دروستبکات.
لە کۆتاییدا؛ جارێکى دیکە پڕ بە دڵ دەستخۆشى و پیرۆزباییاتان لێدەکەین و بە گەرمى دەستى ماندووبوونتان دەگوشین و هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەرکەوتنى زیاترتان بۆ دەخوازین.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستى زۆرمان بۆ هەموو لایەکتان.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
22 / 4 / 2023