کاریگەری "میدیا" له‌سه‌ر ده‌روونی تاكی كورد

کاریگەری



لەساڵیادی ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردستان, گرنگه‌ تێبگه‌ین میدیا بەتەنها ئامرازێکی گەیاندن نییە، بەڵکو رەهەندێکی بزوێنەرو کارتێکەرە، بەهۆی جوڵەی بەردەوام و گەیاندنی خێرای هەواڵ و زانیاری و بابەتەکانی، میدیا ئاستێکی پەیوەندیدار لەنێوان خۆی و وەرگر دروستدەکات ، ئاستێکی وەها تابتوانێت رۆڵی سەرەکی ببینێت لەئاراستەکردنی تاکی وەرگر بەمەبەستی دروستکردنی هۆشیاری گشتی و رۆشنبیرکردنی کۆمەڵگاو خستنەوەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و بەخشینی زانیاری بەکەسی وەرگر، بەوەش رەهەندی کارتێکردن دێتە ئاراوە.

ئەرکی ئەخلاقی میدیا یان"ڕاگه‌یاندنكار" ، پێکەوە گرێدانی تاکە لەکۆمەڵگاو وابەستکردنیانە بەکاری پیشەیی خۆی، ئەم پێکەوە گرێدانە دوو بنەمای جیاواز لەخۆیدا دروستدەکات لەیەککاتدا، واتە میدیایەکی دیاریکراو، دەبێت بەبابەتیبونی هەواڵ و زانیاری و بەرنامەکانی، خوێنەر یان بینەر یاخود بیسەری خۆی والێبکات، کە تامەزرۆی وەرگرتن بێت، لەهەمانکاتدا بەو چەناڵەش وابەستەو گرێدراوبێت، کەسی وەرگری بابەتەکانی میدیا لەبەردەم دوو ئەگەردا بابەتی میدیای پێدەدرێت ، یان لەسەرچاوەیەکەوە ( دەگوازرێتەوە ) و بەکەسی وەرگر دەگەیەنرێت ،
یاخود لەئاستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ( ئاراستەی ) دەکرێت و پێی دەگەیەنرێت .

میدیای سەرکەوتو لەو دوو ئەگەرەدا، دەبێت ئاستی ( گواستنەوە)-ی هەواڵ و زانیاری و بابەتی میدیای بەرزتر بێت بۆ وەرگر ، وەک لەوەی کە ئاستی ( ئاراستەکردن ) ی بەرزتر بێت،
بەڵام لەهەرێمی کوردستاندا ، بەداخەوە ئاستی ئاراستەکردن بەرزترە وەک لەئاستی گواستنەوە ، لێرەدا ئاراستەکردنەکەش بەمەرامی کەسی یان حیزبی بەکاردێت، بەوپێیەی زۆربەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان بەهەرسێ میدیای "بینراو بیستراو خوێندراو " گرێدراوی كه‌سی یان حیزبین، یاخود میدیای سێبەرن، بەمیزاجی كه‌سی ئاراستە دەکرێن ، نموونە میدیای یەکێتی و بەناو لایه‌نی سیاسی ئۆپۆزسیۆن، دەبین ھەمیشە خەریکی ئیرهابی فكری و ژەھر رشتن و ناشرکردنی دەسەڵات و کەم نرخاندنی سەرجەم دەستکەوتەکانن لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و ئافەرینێك، ئەگەر شەوێک لەتەسەرۆکێكی حیزب یان به‌رپرسانی بارودۆخی ده‌رونیان ته‌واونه‌بێت و دۆخیان نالەبار بوو، ئەو شەوە میدیای ئەو حیزبە بەکاردەهێنرێت، بۆ تێکدانی دۆخی گشتی هاوڵاتی و هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان!
میدیای ئەم حزبۆکانە بەو جۆرە کاردەکەن بەرامبەر بەهەموان، سەرجەمیان لەدروست بوونی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردیەوە مه‌کینەی ناشیرین كردنی حەرەکەی کوردی و دەسەلاتی خۆمالی بوون لەناوخۆ و دەرەوە!
هەر ئەوەشە وایکردوە کە هەمیشە تاکی کورد له‌دۆخێكی ده‌روونی ناله‌باردابێت و وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی نه‌توانێت بژێت.

میدیا هۆکاری خۆشی و ناخۆشیە لەوڵاتدا،‌ ده‌توانیت هه‌موو جوانه‌كان ناشرین بكات و به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌موو ناشرینه‌كان جوان بكات, هیوادارم میدیای کوردی پیشەیانە کاری خۆیان ئەنجامبدەن و ئه‌م كه‌لتوره ناشرینه‌‌ی ئیرهابی فکری و ئاراستەکردنە بروێتە‌وه‌و, به‌هه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌, شیکاری رووداو پێشھاتەکان بکەن.

ساڵیادی یادی «١٢٥» ساڵەی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردستان، پیرۆزبێت له‌سەرجەم میدیاکارو رۆژنامه‌نوسان.

احــمد گـــلی
نوسەر و چاودێری سیاسی
٢٢ی ٤ی ٢٠٢٣

Top