په‌یامی فازڵ میرانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵیادی گۆڤاری گوڵان: گۆڤاری گوڵان بووه‌ته‌ ئۆرگانێكی جێ متمانه‌ بۆ خوێنه‌رانی و. بووه‌ به‌ قوتابخانه‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئایینده‌خوازیی وڵات و نه‌ته‌وه‌كه‌ما

په‌یامی فازڵ میرانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵیادی گۆڤاری گوڵان: گۆڤاری گوڵان بووه‌ته‌ ئۆرگانێكی جێ متمانه‌ بۆ خوێنه‌رانی و. بووه‌ به‌ قوتابخانه‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئایینده‌خوازیی وڵات و نه‌ته‌وه‌كه‌ما


به‌بۆنه‌ی تێپه‌ربوونی 29 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌مین ژماره‌ی گۆڤاری گوڵان ، به‌رێز فازڵ میرانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رنووسه‌ر و ستاف و ته‌واوی كارمه‌ندانی گوڵان كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ڕێز فه‌رهاد محه‌مه‌د سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری گوڵان
به‌ڕێزان ده‌سته‌ی نووسه‌ران، تێكڕای كارمه‌ندانی گۆڤاره‌كه‌
ڕێز و سڵاو
مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ ئێمه‌ ساڵانێكه‌ خاوه‌نی گۆڤارێكی سه‌نگین و په‌یامدارین. له‌ ساڵیادی ده‌رچوونی گوڵاندا، ده‌ستی دڵسۆز و ماندووتان به‌ گه‌رمی ده‌گوشین. گۆڤاری گوڵان دوای تێپه‌ڕ بوونی ٢٩ ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌مین ژماره‌ی، ئێستا بووه‌ به‌ چاوگێكی گرنگی تازه‌ترین زانیاری و ڕوانین و بۆچوونه‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری هزری سیاسی و تیۆرییه‌كانی سیاسه‌ت و گه‌لێك لایه‌نی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان.
ئه‌م گۆڤاره‌ ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ ئۆرگانێكی جێ متمانه‌ بۆ خوێنه‌رانی. بووه‌ به‌ قوتابخانه‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئایینده‌خوازیی وڵات و نه‌ته‌وه‌كه‌مان، گۆڤارێكه‌ به‌ده‌م خواستی چه‌ندین توێژی خوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌چێت. به‌وه‌ی گۆڤاره‌كه‌ هه‌رده‌م پێگیری ڕاستی و هه‌قیقه‌ت بووه‌، دوور بووه‌ له‌ زمانی زبر، له‌ هه‌مان كاتدا په‌نجه‌ره‌یه‌كی واڵا بووه‌ به‌ ڕووی هزری سیاسی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، له‌ پای هه‌موو ئه‌م شتانه‌، گوڵان پێگه‌ و جێیه‌كی شایسته‌ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌وانیی كوردی بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات. خوێنه‌رانی گۆڤاره‌كه‌، له‌ ڕێی وتار و دیمانه‌ و ڕاپۆرته‌كانی گوڵانه‌وه‌، به‌ بیر و ئایدیای گه‌وره‌ بیرمه‌ند و پسپۆرانی بواری ڕامیاری و هزری سیاسی، ئاشنا ده‌بن.
له‌ یادی ( ٣٠ ) ە‌مین ساڵه‌ی ده‌رچوونی گۆڤاری گوڵاندا، هیودارین ئه‌م گۆڤاره‌ ئیدی وه‌رچه‌رخانێك به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ په‌یمانگا یان ناوه‌ندێكی مه‌عریفیی ئه‌وتۆ، كه‌ به‌ده‌م خواسته‌كانی گه‌شه‌ كردنی هزر و دید و ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ بچێت. ئه‌زموونێكی شكۆمه‌ندی ڕۆژنامه‌وانی، كه‌ ئه‌مڕۆ ژماره‌كانی٢٩ ساڵی ڕابردووی گۆڤاره‌كه‌ی كردووه‌ به‌ ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ توێژه‌ران، چاوه‌ڕانی زیاتری لێ ده‌كرێت.
ئێمه‌ دڵنیاین، ئه‌زموونی و شاره‌زایی كارمه‌ندانی گوڵان، له‌و ئاسته‌دایه‌ كه‌ گۆڤاره‌كه‌ بباته‌ قۆناغێكی پێشتر بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی زیاتر و به‌و شێوه‌یه‌ی خزمه‌ت به‌ ئێستا و ئایینده‌ی كوردستان ده‌كات.
سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو بن.
قازڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی
22/4/2023

Top