سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا بە توندی سەركۆنەی هێرشی سەر گوندی پەلكانەی ڕۆژئاوای كەركووك دەكات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر گوندی پەلكانەی ڕۆژئاوای كەركووك دەكات و بە هەوڵێكی نەزۆك وەسفی دەكات بۆ تێكدانی كەشی ئەرێنیی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ.
لە پەیامەكەدا هاتووە: "هێرشی ئەمڕۆی سەر گوندی پەلکانەی ڕۆژئاوای کەرکووک، هەوڵێکی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەری کێشەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری."
سەرۆكی حكوومەت دەشڵێ: "پەلاماردانی کوردانی پەلکانە و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن سەرکۆنە دەکەین و داکۆکی لە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور دەکەینەوە لە پێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و نەهێشتنی ئاڵۆزی لەو ناوچانە و ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق."