د. كامەران یونس محەمەد ئەمین بۆ گوڵان: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین ڕەزامەندی دەربڕی
زانكۆی سەڵاحەدین وەكو گەورەترین و دێرینترین زانكۆكانی كوردستان هەنگاوەكانی بۆ كاری پێشكەوتن و خوێندنی باڵا چییە؟ ڕۆڵی زانكۆ لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و كۆمەڵایەتییەكاندا لە چ ئاستێكدایە؟ سەبارەت بەم پرسانە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر كامەران یونس محەمەد ئەمین سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ئەنجام دا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* زانكۆی سەڵاحەدین بە زانكۆی دایك و دێرینترین زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و، ژمارەیەكی زۆری كۆلێژ لە خۆ دەگرێت، سەرەتای پرسیارمان بەوە دەست پێ دەكەین ئایا ئەم زانكۆیە لە ئاستی زانكۆكانی جیهاندا لە چ ڕیزبەندێكدایە؟
- زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێری پایتەختی كوردستان بە دێرینترین و گەورەترین زانكۆكانی كوردستان دادەنرێت و خاوەنی 16 كۆلێژ و سەنتەرێكی توێژینەوە و 25 هەزار قوتابییە، سەرۆك بارزانی پاڵپشتی گەشەكردن و پێشكەوتنی زانكۆكەمانە و بەردەوام هاندەر و پاڵپشتی بەردەوامی زانست و زانكۆ بووە لە هەرێمی كوردستان، لە ماوەی دەستبەكاربوونم دوو جار چوومەتە خزمەتی سەرۆك بارزانی، پێی گوتین بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی زانكۆی سەڵاحەدین دەكەم، ئاستی پێشكەوتنی زانكۆكە زۆر چووەتە پێشەوە، دوای ئەوەی پێش ساڵێك لەمەوبەر زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر ئاستی زانكۆكانی جیهان لە ڕووی پێشكەوتنەوە لە ڕیزبەندی 3000 ـەكان بوو، لە ئێستادا 1000 پلە هاتووینەتە پێشەوە، خۆ ئەگەر كەمپی زانكۆمان هەبووایە، لەسەر ئاستی جیهان زۆر زیاتر پێش دەكەوتین، لەگەڵ ئەمەشدا چەندین گۆڕانكاریمان لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی زانكۆ و كۆلێژەكان دەست پێ كردووە و، چەندین ڕاگری نوێ دەستبەكار بوون، چاوەڕوانیش دەكەین ڕاگرە نوێیەكان لەسەر هەردوو ئاستی كارگێڕی و زانستی بەرنامەی نوێ و گڕوتینی زیاتر بخەنە زانكۆی سەڵاحەدین.
* بەو پێیەی زانكۆی سەڵاحەدین لە ئاستێكی باشی پێشكەوتندایە لەسەر ئاستی زانكۆكانی جیهان، كەواتە لە ڕووی توێژینەوە و بەشداریكردن لە كۆنگرە و كۆنفڕانسەكانیشدا پێگەی خۆتان هەیە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكاندا، ئایا لەم ڕووەوە چ هەنگاوێكتان ناوە؟
- لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو گلەییە هەبوو كە زانكۆی سەڵاحەدین لە ڕووی بەشداری لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا ڕۆڵی لاوازە، بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ لە سەرجەم كۆلێژەكاندا لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەكانی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی كار و چالاكی و وۆركشوپ و سیمینارمان ڕێك خستووە، گرنگییەكی زۆرمان بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان داوە و، بۆنە و یادەكانمان بەرز ڕاگرتووە، كۆلێژی یاسا چەندین وۆركشوپی لەم بارەیەوە ڕێك خستووە و كەسایەتییە سیاسییەكانی كوردستانمان بانگهێشت كردووە، لە سیمینار و وۆركشوپەكاندا گرنگیی زۆرمان بە پرسی گەنجان و بێكاری و هۆكاری لاوازیی ئینتمای نیشتمانی داوە، بەردەوامیش هاندەر بووین لە توێژینەوەكانی زانكۆدا بایەخێكی زیاتر بەم پرسانە بدەین و كێرڤی بەشداریی زانكۆ لەم ڕووەوە ڕووی لەهەڵكشانە.
* باسی پاڵپشتیی زانكۆتان كرد، هەڵبەتە پەیوەندیی نێوان زانكۆ و دامەزراوەكانی حكومەت پێكەوە كاریگەریی باشیان دەبێت لەسەر پێشخستنی وڵات، لەم ڕووەوە زانكۆی سەڵاحەدین تا چەند نزیكە لە پاڵپشتی و هاوكاریكردنی حكومەت؟
- ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی و بایەخێكی زۆری بە پرۆسەی خوێندنی باڵا داوە، ئێمەش لە زانكۆی سەڵاحەدین پاڵپشتییەكی باشی كارنامە و بەرنامە وەزارییەكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكەین، لە لایەكی دیكەوە گرنگیدان بە فرەچەشنكردنی ئابووری و دۆزینەوەی بەدیلی نەوت ئاسۆیەكی فراوان بۆ كۆلێژ و بەشەكانمان دەكاتەوە و ئەو بەشانە دەبووژێنێتەوە كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بووژانەوەی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و بوارەكانی دیكەوە هەیە، بۆ نموونە ئێمە لە كۆلێژی ئاداب بەشێكی نوێی گەشتوگوزارمان كردەوە و لەگەڵ بەشی شوێنەوارمان لەیەكتر دا، گەشەكردنی وڵات و حوكمڕانیی باش پێویستی بە پەروەردەكردنی نەوەیەكی نوێ هەیە، كە لەگەڵ گۆڕانكاری و سەردەمەكەدا بگونجێت و، پڕۆگرامەكانی خوێندنیش لەگەڵ بازاڕی كاردا بگونجێنین و، پەیوەندیی تۆكمە لە نێوان زانكۆ و گەورە كۆمپانیاكان دروست بكەین، چونكە دواجار قوتابی مافی خۆیەتی بچێتە بەشێك كە لە دواڕۆژدا هەلی كاری دەست بكەوێت، لە ئێستادا بۆ گونجاندنی پڕۆگرامەكان لەگەڵ بازاڕی كاردا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لێژنەی پێك هێناوە، بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی سەرجەم بەشی كۆلێژەكان لە سەرجەم زانكۆكانی كوردستاندا.
* باسی حكومەتت كرد، وەكو سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین دەمانەوێت، ڕاوبۆچوونت لەسەر حوكمڕانی و بەتایبەتی ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بزانین؟
- سەرەتا با لە ڕێككەوتنەكەوە دەست پێ بكەین، ڕێزدار مەسرور بارزانی لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بوو لەگەڵ بەغدا، دەركردن و ناردنە دەرەوەی نەوت و فرۆشتنی جگە لەوەی كارێكی یاسایی و دەستووری بوو، هاوكات بۆ دابینكردنی مووچە و بودجە و پاراستنی قەوارەكە بوو لە شەڕی داعش و بەردەوامیی دەدا بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، لە ئێستاشدا ئەم ڕێككەوتنە لە لایەن خەڵك و نوخبەی وڵاتەوە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە و خەڵك دڵخۆشە كە زامنی مووچە و دابینكردنی سیولەی نەختینەیی دەكات، ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و جیهانیش پاڵپشتییان لێ كردووە، سەبارەت بە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، لەم كابینەیەدا چاكسازی و گۆڕانكارییەكان دوور بوون لە دەستتێوەردان و ئەجیندەی حزبی، كارەكانی حكومەت بۆ بەرژەوەندیی هەرێم و بەهێزكردنی بووە، ناكرێت وەزیرەكانی حزبێك كە لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاساییان خوارد، بە ڕۆژ لە حكومەت بن و بە شەویش خۆیان و حزبەكەیان ئۆپۆزیسیۆن بن، كاتێك حزبێك لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دروشم و بەرنامەی خۆی بە دەنگدەرانی ڕادەگەیەنیت لە ناو حكومەت ئەو دروشم و ئەجیندەیە تەنیا بۆ خەڵك و بووژانەوە و حوكمڕانی بەكار دەهێنیت، ئومێدەوارم حزبەكانی كوردستان پابەندی ئەم دیسپلین و داواكاری و خواستەی هاووڵاتیان بن.
* بەپێی ڕیزبەندی جیهانیی ئاستی زانكۆی سەڵاحەدین بێت كە لە ڕیزبەندی 2000 ـەكانی زانكۆ جیهانییەكاندا ناوتان هاتووە، دەبێت پەیوەندییەكانتان لەگەڵ زانكۆكانی جیهان لە ئاستێكی باش و بەرزدا بێت، ئایا زانكۆی سەڵاحەدین چۆن دەڕوانێتە ئەم پەیوەندییانە؟
- زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی پەیوەندییەكی زۆری لەگەڵ زانكۆ جیهانییەكاندا هەیە، لە ئێستادا لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتی ئیتاڵیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی كیشوەری ئەوروپا و زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی و توركیا و ئێران پەیوەندیی باشمان هەیە، لەگەڵ زانكۆكانی هەریەك لە وڵاتانی دراوسێی (ئێران و توركیا) ژمارەیەكی زۆری قوتابیانی خوێندنی باڵا هەیە، لەگەڵ وڵاتی ئوردنیش بەشی فڕۆكەوانیمان هەبوو، دوایین بەشداریكردنمان لە كۆنفڕانسی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی لە وڵاتی تونس ئەنجامدرا، كە زیاتر لە 150 زانكۆی عەرەبی بەشدار بوون، ڕێككەوتنی لێكتێگەیشتنمان واژۆ كردووە و ئامادەیی تەواویان نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی زانكۆی سەڵاحەدین، هەروەها لەگەڵ زانكۆیەكی ئوردنی – ئەڵمانی كە هەر قوتابییەك لەو زانكۆیە چوار ساڵ بخوێنێت، دەبێت كۆتا ساڵی لە وڵاتی ئەڵمانیا بخوێنێت، ئامادەییان نیشان دا بەوەی دوو قوتابیی ماستەر بە بێ بەرانبەر بنێرینە ئەو زانكۆیە.
* دەستپێكردنی پرۆسەی پێشكەشكردنی كورسیی خوێندن بۆ دیپلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا ڕاگەیەندرا، چاوەڕوان دەكرێت لە زانكۆكەتان زۆرترین كورسیی بڕوانامەی باڵا بە خۆڕایی و پاراڵێڵ پێشكەش بكرێت، ئایا ئەو پرۆسەیە چۆن بەڕێوە دەڕوات؟
- هیچ زانكۆیەك بێ خوێندنی باڵا سەركەوتوو نابێت، دوای ئەوەی تا ساڵی 2019 خوێندنی باڵا نەكرابووەوە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا ساڵانە خوێندنی باڵا بكرێتەوە، بۆ ئەمساڵ زۆرترین ژمارەی كورسیی خوێندنی باڵا تەنیا لە زانكۆی سەڵاحەدین ڕاگەیەندرا كە نزیكەی 1744 دەرچووی زانكۆ بوو، كورسییەكانیش بەپێی كۆمەڵێك پێوەری زانستییانە و ڕێكوپێك دیپلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا وەردەگیرێت، كە ڕەچاوی شەفافییەت و دادپەروەریی تێدا دەبێت، لە زۆربەی پسپۆڕایەتییەكاندا كورسیمان هەیە و لەسەر ئەم كورسییانەش قوتابیان كێبڕكێ دەكەن و بە پێی كۆمەڵێك مەرج و ڕێنمایی قوتابی و 45% داشكانی نرخی خوێندنیش لە پاراڵێڵ دەكرێت.
* باسی گرنگیی دروستكردنی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدینت كرد، ئەمە بەكوێ گەیشتووە؟
- یەكێك لە كێشە گەورەكانی زانكۆی سەڵاحەدین نەبوونی كەمپی زانكۆیە، بە خۆشحاڵییەوە لە دوا دیداری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی گفتوگۆمان لەسەر گرنگیی ئەم زانكۆیە و چۆنیەتی پێشخستنی ئاستی زانستی و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی كرد، ڕەزامەندیی نیشان دا بۆ جێبەجێكردنی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكی كورتدا بەردی بناغەی بۆ دانرێت و دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت.
* پێش چوار رۆژ وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەگەڵ بەڕێزت سەردانی بەشە ناوخۆییەكانتان كرد، وەكو ئاشكرایە بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین ژمارەیەكی زۆری قوتابی لەخۆگرتووە، ئایا تاچ رادەیەك توانیوتانە پێداویستیەكانی ئەو ژمارە زۆرەی قوتابی دابین بكەن؟
- زیاتر لە 5 هەزار قوتابی لە بەشی ناوخۆیی 18 شوبات و شەهید شەوكەت شێخ یەزدین و حەوت بەشی دیكەی ناوخۆیدان، ئەم ژمارەیەش زۆرە و بەڕێوەبردنی كارێكی ئاسان نییە، بۆ نموونە تەنیا بۆ كڕینی گازوایل بۆ ئیشپێكردنی بۆیلەری ئاو گەرمكردنەوە مانگانە پێویستیمان بە 100 ملیۆن دینار هەیە تاوەكو ئاوی ناو بەشە ناوخۆییەكان بۆ قوتابیان بەگەرمی بمێنێتەوە كە بۆ گەرمكردنەوەش بەكار دەهێنرێت، لەم مانگە پیرۆزەی رەمەزاندا كۆمپانیای كار بۆ هەر 30 رۆژەی مانگی رەمەزان بەشە خۆراكی بۆ بەربانگ بۆ قوتابیان ئامادەكردووە، سەبارەت بەداواكاریی و پێداویستییەكانی قوتابیانیش من خۆم بەردەوام بەدواداچوونی دابینكردنی پێداویستییەكانی قوتابیان دەكەم و بەپێی توانای دارایی گرفتەكانمان بۆ چارەسەر كردوون.