هاواری گەرمیان ئاسمانیشی تێپەڕاند
ئەنفال چیرۆکی قڕکردنی کوردە لە باشوری کوردستان،کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بە ناوی ئەنفال قێزەونترین تاوانی جینۆسایدی ئەنجام دا،ئەنفال واتا تاڵانی ناوی سورەتی هەشتەمی قورئانە،هەروەها ناوێکیشە ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە زنجیرەیەک کردەوەی سەربازی نا ناوە کەلە 23ی شوبات تا6ی ئەیلولی 1988ی خایاندوە،کە ڕژێمی بەعس لە دوای کۆتای هاتنی جەنگی عێراق-ئێران کە هەشت ساڵی خایاند دەرفەتێک بوو پەلاماری گەلی کورد بدات و لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال ئەنجام بدات و قەتڵ و عامی گەلی کورد بکات،لەلایەن عەلی حەسەن مەجید کە دەسەڵاتی ڕەهای پێ درابوو لەلایەن سەدام حسێنی ئامۆزای و سەرۆکی عێراق، کە لەپای ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە تا ئێستاش لە نێو کوردا بە عەلی کیمیاوی دەناسرێت لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جار بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی چەکی قەدەغەکراو بەرامبەر خەڵکی سڤیل بەکار بهێنرێت، ئەوانەی ڕۆڵی کارایان هەبوو لەپرۆسەی ئەنفال کە سەرکردایەتیەکەی عەلی حەسەن مەجید دەیکرد ،فەیلەقی یەک و پێنجی سوپای نیزامی عێراق،بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی،دەزگای هەواڵگری سەربازی، لەگەڵ فەوجە خەفیفەکانی کورد کە بەجاش دەناسران،بە تێکڕای کەرەسەی سەربازی و ئەمنی ومەدەنی لە بەرەی جەنگ دا بەکار هات بە هەموو پێداویستی سەربازی و لۆجستی و دارایی،شاڵاوی ئەنفال بەرامبەر بەگەلی کورد پڕاوپڕ بوون لەپێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئیعدام کردنی خەڵک و بێسەروشوێن کردنی بەکۆمەڵی خەڵکی سیڤل و شەڕنەکەر کە ژمارەیەکی زۆریان ئافرەت و مناڵ بوون کە زۆرجار قڕکردنەکە لە گوندێک یان ناوچەیەک زیندەوەریان تیا نەدەهێشت،لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی،لە گازی خەردەل و دەمارەگاز یان سارین،وە وێرانکردنی نزیکەی 2000 لادێ کە لە بەڵگەنامەکانی خودی بەعس دا هاتوە،کە سوتاوە ،تەخت کراوە،تێکدراوە،پاکسازی کراوە لەگەڵ چەندین قەزاو ناحیەو شاروچکە چارەنوسیان وەک و لادێکانی بەسەر هاتوە،وێرانکردنی نیشانە مەدەنیەکان لەلایەن ئەندازیارانی سەربازیەوە وەک قوتابخانەو مزگەوت و بیرو کانی و سەرچاوە ئاویەکان،تاڵانکردنی سامان و ماڵی هاوڵاتیان لە ئاژەڵ و مەڕوماڵات و گرتنی هەرەمەکی لادێنشینان لەناوچەو زێدی خۆیان کە بە بڕیاری حکومەتی عێراق کرابوو بەناوچەی قەدەغەکراو،گرتن و دەسبەسەرکردنی دەیان هەزار مناڵ و ئافرەت و بەتەمەن،بەزۆرەملێ نیشتەجێکردنی پاشماوەکانی ئەنفال لە ئۆردوگا زۆرەملێکان و چاودێریکردنیان لەلایەن دەزگا سیخوڕیەکانەوە، لەگەڵ تێکوپێک دانی ژێرخانی ئابوری دێهاتەکانی کورد،هەموو ئەمانەو زۆر لەوە زیاتر لە ماوەی قۆناغەکانی ئەنفال دەرهەق بە گەلی کورد کرا کە بە قۆناغی یەکەم دەس پێدەکات لە 23ی شوبات تا 19ی مارسی 1988 ناوچەی سەرگەڵوو بەرگەڵوو دۆڵی جافایەتی بوو،ئیتر ناوچە بە ناوچەو قوناغ بەقۆناغ هەڵمەتەکەیان ئەنجام دەدا لەقڕکردن و کاولکردنی کوردستان هیچ سڵیان نەدەکردەوە،ئەنفالی دوەم ناوچەی قەرەداخی گرتەوە لە 22ی مارت-1ی نیسانی1988.
ئەنفال سێیەم ئەنفالی ناوچەی گەرمیانە کە لێرەدا باسەکەمان هەڵوەستەی دەوێت، گەرمیان واتا ووڵاتی گەرم ناوچەیەکی هەردەو دەشتێکی پان و بەرین و لە بەشی باشوری سۆرانی زمانی باشوری کوردستانەو هاوسنوری ناوچەکانی عەرەب نشینی عێراقە،دوای ئەنفال یەک و دوو خەڵک و پێشمەرگەی دەربازبو ڕوویان کردە ناوچەی گەرمیان،لەگەڵ ئاگاداری ڕژێم لەو جموجۆڵانە لە بەرەبەیانی 7ی نیسان سوپاو فەوجەکانی جاش لە دووزخورماتوەوە کەوتنە پەلاماردانی باشوری ڕۆژئاوای گەرمیان،لە دوو ڕۆژی دواتریش دا هێزەکان لە کەرکوک و لەیلان و چەمچەماڵ و سەنگاوەوە بەرەو شاروچکەی قادرکەرەم پێشڕەویان کرد،ڕەتڵی دوزخورماتوو خێرا بوە سێ هێزی هاوبەش بۆ باشوری ڕۆژهەڵات لە شاروچکەی نەوجول بەرەو چەمی ئاوەسپی،دوەم بەهێزێکی گەورەتر بەرەو ڕۆژهەڵات جوڵەی کرد،هێزی هاوبەشی سێیەم هێرشێکی توندی کردە سەر تازەشار لە کەوانەی چەمی ئاوەسپی.
لەبەر فراوانی ناوچەی گەرمیان ڕژێم پەلامارەکانی دابەشکردبوو دوەم پەلاماری لە شاڵاوی ئەنفالی گەرمیان قادرکەرەم و باکوری گەرمیان بوو بە سەرکردایەتی عەمیدی هێزی تایبەت بارق حاج حنتە،ئەو ڕەتڵانەی لە ڕۆژئاوا پێشڕەویان کرد هیچ تەگەرەیەکیان نەهاتە ڕێگا چونکە ڕێگا سەرەکیەکانی نێوان کەرکوک چەمچەماڵ و ناوچەکانیان لە بەهاری 1987 وێران کرابون و خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوو،بۆیە هەر زوو دوای نیوەڕۆیەکی درەنگ لە 10ی نیسان گەیشتنە قادرکەرەم،لە پلانی پەلاماری سێ دا ناوچەکانی سەنگاو باشوری گەرمیانی کردە ئامانج هەرچی گوندو ئاوەدانی لەو ناوچەیە هەبون وێران کران و خەڵکەکەی دەسبەسەرکران، کەوتنە کۆکردنەوەی خەڵکە گیراوەکە پاش وێرانکردن و تاڵانکردنی دێهاتەکان لەلایەن سوپا و جاشەکانەوە.
ئەنفالی چوارەم دۆڵی زێی بچوک لە 3_8ی مایسی 1988ی خایاند لەم پرۆسەیەدا گەورەترین تاوان ئەنجام درا بە هێڕشی کیمیاوی بۆ سەر هەردو گوندی گۆپتەپەو عەسکەر و دەیان مەدەنی بونە قوربانی چەکی قەدەغەکراو،دوا پەلاماری ئەنفالی چوار ڕۆژهەڵاتی تەقتەقی گرتەوە، ستراتیژیەتی سوپای عێراق ئابلوقەدان و پەلاماردانی ناوچەکە بوو کە دە تا دوانزە ڕەتڵی جیا جیا لە چەند قۆڵێکەوە لە یەک کات دا هێرشیان کرد لە پێناوی سڕینەوەی ژیان لە ناوچەکە،دوای کاولکردنی ناوچەی تەق تەق یەکەکانی سوپای عێراق بەهاوکاری جاشە سوکەکان شاروچەی ناحیەی شوان(ڕێدار) کە 70گوندی لە خۆی گرتبوو ،لە بەهاری 1987دا پاکسازی کرابوو لە گەڵ زەوی تەخت کرابوون و دانیشتوانەکەی لە ئۆردوگای زۆرەملێی دروستکراوی بنەسڵاوەو دارەتووی باشوری شاری هەولێر نیشتەجێی زۆرەملێ کران،قوناغی ئەنفالی پێنجەم و شەشەم وحەوتەم دۆڵی نێو چیاکانی شەقڵاوەو ڕەواندزی گرتەوە لە 15ی مایس تا 26ی ئابی 1988بەردەوام بوو،کۆتا شاڵاوی ئەنفال لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلولی 1988ئەنفالی بادینان بوو،لەسەرەتای شاڵاوە بەدناوەکەی بادینان هێزێکی یەکجار قەبە بەدرێژایی ڕێگا سەرەکیەکانی پارێزگای دهۆک بەدی دەکران کە بەردەوام ناوچەکەیان بە تۆپی قورس تۆپباران دەکرد لەگەڵ بۆردومانی فڕۆکە.