لە ڕۆژە سەختەكاندا كارامەیی و لێهاتوویی سەرۆكی حكومەتی خەڵك دەركەوت

لە ڕۆژە سەختەكاندا كارامەیی و لێهاتوویی سەرۆكی حكومەتی خەڵك دەركەوت

 

لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە كارنامەی كابینەكەدا، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێك لە خاڵەكانیدا ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی نیشان دا بۆ دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، تاوەكو چارەسەری بنەڕەتیی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق بكات، بۆ ئەمەش دەستپێشخەری كرد و سەردانی بەغدای كرد و، ئامادەیی حكومەتەكەی نیشان دا بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشە و گرفتەكانی كەڵەكەبووی چەند ساڵی ڕابردوو، وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی دانرا لە بەردەم هەردوو حكومەتدا، بەڵام دەستوور كرایە بنەمایەكی سەرەكی بۆ دانوستانەكان و گفتوگۆكان، بەهێزیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خاڵی دانوستان و گفتوگۆكان و نییەتباشی و دەستپێشخەرییەكانی بوو، كە بە پاڵپشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو ڕابەر و مەرجەعی كورد و سەركردەیەكی گەورە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان ڕۆڵی لە هەنگاوەكانی حكومەتی خەڵك هەبوو، كە بەردەوام لەلایەن حزب و لایەنی سیاسیی ناوخۆ و عێراقییەوە كێشە و گرفتیان بۆ دروست دەكرد و، لە ڕۆژانی تەنگانە و بوونی كێشە بۆ بژێوی و ژیان و مووچە و قوتی خەڵك زۆر لەو لایەنانە پشتیان تێ دەكرد.

 دانوستانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای سازش نەكردن بوو لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێم و ڕووبەرووی هەموو ئەو تەحەددییانەش بووەوە كە كەسانێك بە ئیجتیهادی بەرژەوەندیی خۆیان خوێندنەوەیان بۆ ماددە و دەقە دەستوورییەكان دەكرد، هەروەكو لە دۆسێی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵیی عێراقەوە بینرا و دواتریش كۆمەڵێك گرفت و كێشەی دیكەیان دروست كرد، زیرەكی و كارامەیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژە قورس و سەختەكاندا بۆ گەلەكەی دەركەوت، بۆ ئەم مەبەستەش بە كردار هەنگاوی ناوە و لەو ڕۆژە سەختانەدا یەكسەر شاندی دانوستانی ڕەوانەی بەغدا كردووە، لە سەردەمی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی و كازمی لەسەر هەمان ئەو نەهجە نیشتمانی و نەتەوەییە بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان كرد، هەرچەندە زۆر لایەن و گرووپی باڵادەستی عێراق ئامادە نەبوون ڕێككەوتن بكەن و چاوەڕێی سازش بوون لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە بەردەوام گۆشاریان لە سەر هەرێم كردووە و لە مەشدا زۆر لایەنی نێوخۆیش هاوئاوازیان بوون و لە جیاتی پشتگیری لە حكومەتی هەرێم، ڕەخنەیان لێی گرتووە و دژایەتیان كردووە.

لە ماوەی ڕابردووشدا حكومەتی عێراق هەم لە سەر ئاستی نێوخۆیی و هەم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵەكانی چڕ كردەوە بۆ گوشارخستنی زیاتر لە سەر هەرێم، لە مانەش بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و، بەم دواییەش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی (پاریس) لە سەر دۆسیەی نەوتی هەرێم، كە بوو بە هۆی شاگەشكەبوونی نەیار و ناحەزانی نێوخۆیی و دەركی و وەك كاری هەمیشەییان پشتیان لە حكومەتی خۆیان كرد، پێیان وابوو كە تەواو. دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی ڕادەست بكات و بچێتە ژێر باری هەموو مەرجەكانی عێراق، لە بەرانبەردا بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی و بەهێزتر دەركەوت و بووە هۆی ئەوەی كە ئەم پرسە بە تەواوەتی لە بەرژەوەندیی هەرێم و تەواوی خەڵكی عێراق پێچەوانە ببێتەوە و، لە كاتی دەرچوونی بڕیارەكە بە بەردەوامی لەگەڵ بەڕێز شیاع سوودانی لە سەر هێڵ بووە و، نە تەنیا ئامادە نەبوو لە سەر مافە دەستوورییەكانی هەرێم سازش بكات، بەڵكو بە كوڵنەدان و خۆڕاگری دەستكەوت و سەروەرییەكی دیكەی بۆ خۆی و هاووڵاتیانی تۆماركرد، كە ئەم ڕێككەوتنەی لێی بەرهەم هات و حكومەتی عێراق بە فەرمی ددانی بەوەدا نا، كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان یاساییە، كە چەندین ساڵ بوو دژایەتی دەكرد و كۆمپانیاكانیش متمانەی زیاتریان دەبێت بە كەرتی وزەی هەرێم و لە ئەنجامی پێداچوونەوەی گرێبەستەكانی نەوت مافەكانی هەرێم زیاتر دەبن، هەرێمی كوردستان دەبێتە بەشێك لە كۆمپانیای سۆمۆ كە چەندین ساڵە كورد داوای دەكات.

 مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك لە دوای یەك بەڵێنەكانی جێبەجێ دەكات و بە ئیرادەییەكی بەهێز گوشار و دژایەتییەكان دەكاتە دەرفەتێك بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت و سەروەریی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان و، بە هەمووان دەڵێت: دڵنیا بن كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە و پارێزەری مووچە و بژێویی ژیان و خۆشگوزەرانیی ماڵ و منداڵەكانتانم.

 

Top