چین و تایوان بۆمبە نەتەقیوەکە
زۆرینەی تایوانییەکان دوورگەکەیان وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە چین دەبینن، کێشەکانی نێوان چین و تایوان مێژووییەکی چڕبووەی ھەیە، دواین گرژییەکان بەهۆی سەردانێکی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە زیادیان کرد، بەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکینی زیاتر ئاڵۆزکرد.
چەقی کێشەکە لەوەوە دەستپێدەکات، کە حکومەتی چین (تایوان) وەک پارێزگایەکی جیابووەوە دەبینێت پێیوایە بە ئاشتی بێت یاخود جەنگ دەبێتە ببێتەوە بەشێک لەو وڵاتە.بەڵام زۆرێک لە خەڵکی تایوان دوورگە خۆبەڕێوەبەرەکەیان بە جیاواز دەزانن نەک بەشێک لە چین یان ھەر وڵاتێکی دیکە.
دانیشتوانی دێرزەمانی تایوان خەڵکی خێڵەکی نەمسایی بوون، کە پێدەچێت لە باشووری چینی مۆدێرن هاتبنە ئەم ناوچەیە،
ئاماژەکان وا نیشانی دەدەن؛ دوورگەکە بۆ یەکەمجار لە تۆمارەکانی چیندا لە ساڵی ٢٣٩ی زایینیدا دەرکەوتبێت، کاتێک ئیمپراتۆرێک هێزێکی گەشتیاری نارد بۆ گەڕان بەدوای ناوچەکەدا، ئەمەش پڕوپاگەندەی بەردەوامی پەکینە بەمەبەستی لکاندنی تاوان بە خۆیەوە، پاشان دوای ماوەیەکی تاڕادەیەک کورت وەک کۆلۆنی هۆڵەندی (١٦٢٤-١٦٦١) ئاماژەی بۆدەکات؛ تایوان لە ساڵی ١٦٨٣ تا ١٨٩٥ لەلایەن شانشینی چینگی چینەوە بەڕێوەبراوە.
لە سەدەی ١٧ەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەران لەنێو گێژاو و ھەڵھاتن و تێپەڕاندنی ئاستەنگیەکانەوە لە چینەوە دەستیان بە ھاتنە ناو تایوان کردووە، ئەم چینە زۆربەیان چینی هۆکلۆ بوون کە خەڵکی پارێزگای فوجیان (فوکین) یان چینی هاکا بوون کە زۆربەیان خەڵکی گوانگدۆنگ بوون.
لە ساڵی ١٨٩٥ ژاپۆن لە یەکەمین جەنگی چین- ژاپۆن سەرکەوتنی بەدەستهێنا و حکومەتی چینگ ناچار بوو تایوان بداتە دەستی ژاپۆن. دوای جەنگی جیهانی دووەم، ژاپۆن تەسلیم بوو و دەستبەرداری ئەو خاکەی بوو کە لە چین وەریگرتبوو.
لەو کاتەدا کۆماری چین، وەک یەکێک لە سەرکەوتووەکانی شەڕەکە بە ڕەزامەندی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەستی بە حوکمڕانی تایوان کرد.
بەڵام لە چەند ساڵی دواتردا شەڕی ناوخۆ لە چین سەریهەڵدا و سەربازەکانی چیانگ کای شێک سەرۆکی ئەوکاتە لەلایەن سوپای کۆمۆنیستی ماو تسی تۆنگەوە شکستیان هێنا، لە دوایدا چیانگ، پاشماوەی حکومەتەکەی کوومینتانگ (KMT) و لایەنگرانی و نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس - لە ساڵی 1949 بەرەو تایوان هەڵهاتن.
ئەم گرووپە کە بە چینی سەرەکی ناودەبرێت، بۆ چەندین ساڵ زاڵ بوون بەسەر سیاسەتی تایواندا هەرچەندە تەنها 14%ی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن. چیانگ بە دەربەدەری لە تایوان حکومەتێکی دامەزراند کە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵی بەردەوام سەرکردایەتی کرد.
چیانگ چینگ کوو کوڕی چیانگ دوای هاتنە سەر دەسەڵات دیموکراسیەتی لە ووڵاتەکەدا فراوان کرد، ئەو ڕووبەڕووی بەرخۆدانی خەڵکی ناوچەکە بووەوە کە ناڕەزاییان لە دەسەڵاتی تاکڕەوانە هەبوو و لە ژێر فشاری بزووتنەوەیەکی دیموکراسیدا بوو کە لە گەشەکردندا بوو.
سەرۆک لی تێنگ هوی کە بە "باوکی دیموکراسی" تایوان ناسراوە، سەرکردایەتی گۆڕانکارییەکانی دەستووری کرد بەرەو، کە لە کۆتاییدا جێگەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی یەکەم سەرۆکی دوورگەی غەیرە KMT، چێن شوی-بیان، لە ساڵی ٢٠٠٠دا کردەوە.
کەواتە کێ دان بە تایواندا دەنێت؟
تایوان دەستووری تایبەتی خۆی هەیە، سەرکردە هەڵبژێردراوەکانی دیموکراسی و نزیکەی ٣٠٠ هەزار سەربازی چالاک لە هێزە چەکدارەکانیدا هەیە.
حکومەتی دەربەدەری ROC ی چیانگ سەرەتا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە نوێنەرایەتی هەموو چین دەکات، کە بەنیازی ئەوە بوو دووبارە داگیری بکاتەوە. کورسی چینی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستەوە بوو و لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەک تاکە حکومەتی چین ناسێندرا.
بەڵام لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەندێک لە ووڵاتان لەبارەی چینەوە ھاتنە دەنگ، لەبارەی ئەوەی کە حکومەتی تایپە چیتر ناتوانرێت بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو سەدان ملیۆن کەسە هەژمار بکرێت کە لە چینی سەرەکیدا دەژین.
پاشان لە ساڵی ١٩٧١ نەتەوە یەکگرتووەکان دانپێدانانی دیپلۆماسی گۆڕی بۆ پەکین و حکومەتی ROC بە زۆر دەرچوو. هەروەها لە ساڵی ١٩٧٨ چین دەستی کرد بە کردنەوەی ئابووری خۆی. ئەمریکا بە داننان بە دەرفەتەکانی بازرگانی و پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، لە ساڵی ١٩٧٩ بە فەرمی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ پەکین دامەزراند.
لەو کاتەوە ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە دان بە حکومەتی ROC دەنێن، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بۆ نزیکەی ١٥ وڵات.
ئێستا سەرەڕای هەبوونی هەموو تایبەتمەندی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سیستەمێکی سیاسی کە جیاوازە لە چین، بەڵام پێگەی یاسایی تایوان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
پەیوەندی نێوان تایوان و چین لە چ ئاستێکدایە ؟
پەیوەندییەکان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەرەو باشتر چوون، چونکە تایوان یاساکانی سەبارەت بە سەردان و وەبەرهێنان لە چین سووک کرد. لە ساڵی ١٩٩١ ڕایگەیاند کە شەڕ لەگەڵ کۆماری گەلی چین کۆتایی ھات.
چین پێشنیاری بژاردەی بەناو "یەک وڵات، دوو سیستەم"ی کرد، کە بە وتەی خۆی ڕێگە بە ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاو دەدات بە تایوان ئەگەر ڕازی بێت بچێتە ژێر کۆنترۆڵی پەکین. ئەم سیستەمە بنەمای گەڕانەوەی هۆنگ کۆنگ بوو بۆ چین لە ساڵی ١٩٩٧ و شێوازی بەڕێوەبردنەکەی تا ئەم دواییانە، کە پەکین هەوڵی زیادکردنی کاریگەرییەکانی داوە.
تایوان پێشنیارەکەی ڕەتکردەوە و پەکین پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە حکومەتی ROC ی تایوان ناشەرعییە بەڵام نوێنەرانی نافەرمی چین و تایوان هێشتا گفتوگۆیەکی سنوورداریان ئەنجامداوە.
پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠ تایوان (چێن شوی بیان) وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژارد، ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری پەکینی لێکەوتەوە. چێن و پارتەکەی، پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکرات (DPP) بە ئاشکرا پشتگیریان لە "سەربەخۆیی" تایوان دەکرد.
دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەوەی چێن لە ساڵی ٢٠٠٤، چین یاسایەکی بەناو دژە جیابوونەوە دەرکرد، کە تێیدا مافی چینی بۆ بەکارهێنانی "رێگای نائاشتیانە" دژی تایوان ئاشکرا کرد ئەگەر هەوڵی "جیابوونەوە" بدات لە چین.
لە دوای چێن لە ساڵی ٢٠٠٨دا ما ینگ جیۆی سەرۆکی KMT ی گرتەوە کە هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە ڕێگەی ڕێککەوتنە ئابوورییەکانەوە دا.
دوای هەشت ساڵ، لە ساڵی ٢٠١٦، سەرۆکی ئێستای تایوان تسای ئینگ وێن هەڵبژێردرا کە ئێستا سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی دەکات کە مەیلی سەربەخۆیی هەیە.
لە سەردەمی تسایدا، پەیوەندییەکانی نێوان گەرووەکان جارێکی دیکە سووربوونەوە
نتسای لە ساڵی ٢٠٢٠دا خولی دووەمی بەدەستهێنا و ٨.٢ ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا کە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک ڕەتکردنەوەی پەکین سەیر دەکرا. تا ئەو کاتە هۆنگ کۆنگ چەند مانگێک نائارامی بەخۆیەوە بینیبوو، لەگەڵ خۆپیشاندەرانی گەورە دژی کاریگەرییە گەشەسەندووەکانی وشکانی و زۆرێک لە تایوان لە نزیکەوە چاودێرییان دەکرد.
لە کۆتایی ئەو ساڵەدا، چین یاسایەکی ئاسایشی نیشتمانی لە هۆنگ کۆنگ جێبەجێ کرد کە بە نیشانەیەکی دیکەی جەختکردنەوەکانی پەکین دادەنرێت.
سەربەخۆیی لە تایوان تا چەند بابەتییە؟
لە کاتێکدا پێشکەوتنی سیاسی خاو بووەتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و تایپە و هەردوو ئابوورییەکە گەشەیان کردووە. ئامارە فەرمییەکانی تایوان دەریدەخەن کە لە نێوان ساڵی ١٩٩١ تا کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢١، وەبەرهێنانی تایوان لە چین کۆی گشتی ١٩٣.٥ ملیار دۆلار بووە کە دەکاتە ١٥٧.٩ ملیار پاوەند.
هەندێک لە خەڵکی تایوان نیگەرانن کە ئێستا ئابوورییان وابەستەی چینە. هەندێکی تر پێیان وایە پەیوەندییە بازرگانییە نزیکەکانی چین وا دەکات ئەگەری هەنگاوە سەربازییەکانی چین کەمتر بێت، ئەمەش بەهۆی تێچووی ئابووری چین خۆیەوە.
ڕێککەوتنێکی بازرگانی مشتومڕاوی لە ساڵی ٢٠١٤دا "بزووتنەوەی گوڵەبەڕۆژە"ی لێکەوتەوە، کە قوتابیان و چالاکوانان پەرلەمانی تایوانیان داگیرکرد و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە زیادبوونی کاریگەریی چین لەسەر تایوانز
بە فەرمی هێشتا پارتی دیموکراتی دەسەڵاتدار لەگەڵ سەربەخۆیی فەرمی تایواندایە.
ڕاپرسییەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن کە زۆرێک لە خەڵکی تایوان پشتگیری لە ڕێبازی حکومەت دەکەن لە "پاراستنی سەروەری نیشتمانی".
بەڵام پێدەچێت زۆربەی خەڵکی تایوان لە شوێنێکی نێوانیاندا بکەون. لە ڕاپرسییەکی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا دەرکەوتووە کە تەنها ٥.٢%ی تایوانییەکان بە زووترین کات پشتگیری سەربەخۆیی دەکەن، لە کاتێکدا ١.٣% لەگەڵ یەکگرتن بوون لەگەڵ چینی سەرزەوی لە زووترین ئەگەردا.
ئەوانی تر پشتگیریان لە جۆرێک لە پاراستنی دۆخی ئێستا کرد، گەورەترین گروپ دەیانویست تا کاتێکی نادیار بیپارێزن بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی و نە یەکگرتن نەبوایە.
ئەمریکا چ پەیوەندییەکی بە دابەشبوونی چین و تایوانەوە هەیە؟
سیاسەتی درێژخایەنی واشنتۆن سیاسەتێکی "ناڕوونی ستراتیژی" بووە تا ئەو ڕادەیەی کە ئەگەر چین تایوان داگیر بکات، دەستوەردانی سەربازی دەکات.
بە فەرمی پابەندە بە سیاسەتی "یەک چین" کە تەنها دان بە یەک حکومەتی چیندا دەنێت، لە پەکین و پەیوەندی فەرمی لەگەڵ پەکین هەیە نەک تایپەی تایوان.
لە ھەمانکاتدا ئەمریا بەڵێنی داوە چەکی بەرگری بۆ تایوان دابین بکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر هێرشێکی چین دەبێتە هۆی "بەرپەرچدانەوەی گەورە".
لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا، جۆ بایدن سەرۆک کۆمار وەڵامی ئیجابی دایەوە کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە بەرگری لە تایوان دەکات؟
هەر زوو دوای ئەوە کۆشکی سپی بە خێرایی ڕوونی کردەوە کە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە تایوان نەگۆڕاوە و پابەندبوونی خۆی بە سیاسەتی "یەک چین" دووپاتکردەوە. بە هەمان شێوە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی بایدن بووە سەبارەت بە پشتیوانی سەربازی لە تایوان لە کاتێکدا پرسی تایوان پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چینی ئاڵۆز کردووە. چین هەر جۆرە پشتگیرییەکی واشنتۆنی بۆ تایوان ئیدانە کردووە.
تایوان بە (نۆزدەیەم) وڵاتی ئابووریی جیهان هەژمار دەكرێت و لە رووی تەكنەلۆجیا و پیشەسازییەوە زۆر پێشكەتووە و لە رووی دیموكراسی و چاودێریی تەندروستی و پەروەردەش پێگەیەكی باڵای هەیە، (گەشە ئابوورییەکانی تایوان لەلایەن چینەوە ھەرس ناکرێت)، بەو پێیەی ئێستا چین لە ململانێی گەورەی ئابووری و سیاسی و ھەتا بابەتی تەکنەلۆجیاشدایە لەگەڵ ئەمریکا، بۆیە خواست و ئارەزووی ئەوەی نییە لە بندەستی خۆیەوە دەوڵەتێکی دیکە گەشە بکات، کە تا ڕاددەیەکی زۆر لەژێر ھەژموون و کاریگەریی ئەمریکادایە.
تایوانی دیموکرات دژایەتیی فشارە سەربازی و سیاسییەکانی چین دەکات بۆ سەر دوورگەکە، چین دەیەوێت لەو ڕێیانەوە تایوان ناچار بکات، فەرمانڕەوایی چین پەسەند بکات.
تسای ئینگ وێن، سەرۆکی تایوان بەڵێنی داوە بەرگری لە دوورگەکە بکات و دەڵێت، تەنیا خەڵکی تایوان دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.