سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكات

سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكات

 

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 4ی نیسانی 2023 سەرۆك مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆك بارزانی (واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی هەناردەكردنی نەوت)ـی بە هەنگاوێكی مێژوویی وەسف كرد. هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بۆ هەوڵەكانی لەمەڕ چارەسەركردنی كێشەكان و سەرخستنی ئەو ڕێككەوتنە گرنگە.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەگەر نیازپاكی و ئیرادەی چارەسەركردن هەبێت، بە دڵنیاییەوە چارەسەركردنی كێشەكان ئاسان و مومكین دەبێت و هیواشی خواست كە ئەو ڕێككەوتنە ببێتە دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە.

Top