سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژەنەرال ماركفارلن كۆدەبێتەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 4/4/2023 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جەنەراڵ ماتيوو ماركفارلن فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، جەنەرال ماركفارلن سوپاسی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها بۆ ڕێوڕەسمی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆی ڕاگەیاندنی دەستبەكاربوونی هەردوو فیرقەی (1) و (2)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە گرنگیی پتەوكردنی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان كرا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و جەختیان لە بەردەوامیی هاوكاریی هاوبەش كردەوە بۆ تێكشكاندن و لەناوبردنی یەكجارەكی داعش.
تاوتوێ كردنی گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵواسراوەكانی هەولێر ـ بەغدا بەتایبەت كێشەی نەوت و بودجە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.