ئۆکرانیا: دوێنێ ڕووسیا یازدە مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکەمان کرد
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوێنێ ڕووسیا ١١ مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی خاکی ئەو وڵاتە کردووە و هەروەها ٥٠ جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو ناوچانە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هێزەکانی ڕووسیا هێرشەکانیان بۆ سەر ڕێگاکانی لیمان، بێهموت، ئاودیوکا، مارینکا و شاهتەرسک چڕتر کردووەتەوە.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە هێرشەکانی ڕووسیا لە کۆپیانسک و لیمان سەرکەوتوو نەبوون، ڕایگەیاند، کە هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر شاری بێهمۆت بەردەوامن. دوێنێ هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ١٧ جار هێرشی کردە سەر ئەو ناوچانەی کە سەرباز و کەرەستەی ڕووسیای تێدا چڕبوونەتەوە. سەربازەکانمان هەلیکۆپتەری Mi-24 و ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنیان خستە خوارەوە.
بەم پێیە یەکینەکانی مووشەکی و تۆپخانەی ئۆکرانیا ٢ بنکەی فەرماندەیی ڕووسیا و ٢ سیستەمی مووشەکیی دژە فڕۆکە و ٢ بنکەی جەنگی ئەلیکترۆنییان تێکشکاندووە.
گوڵان: سەردار خەلیل