بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە تاوانی جندرێس بڵاو كردەوە

بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە تاوانی جندرێس بڵاو كردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە تاوانەكەی دوێنێی جندرێس دەرهەق بە هاووڵاتییانی كورد، بڵاو كردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە لەلایەن یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانەوە بە شەهیدکردنی چوار هاووڵاتیی خانەوادەیەکی کورد و بریندارکردنی سێ کەسی دیکە ئەنجام دراوە، کە مومارەسەی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان لە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی خۆیان، نەورۆز، لە ناحیەی جندرێسی (زیانلێکەوتوو بەهۆی بوومەلەرزەوە) دەکرد."

هەروەها دەڵێ: "لە خودای مەزن دەپاڕێینەوە کە ڕۆحی شەهیدان بخاتە ژێر ڕەحمەتی خۆی و، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. ڕاشیدەگەیێنین کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەم تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە بە سزای عادیلانە بگەن."

Top