سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز بڵاو كردەوە و پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانييان دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە 20/3/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانييان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم، هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، ڕۆژانی جەژن و پشوو بەسەر ببەن، لە هەمانکاتدا، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاک و خاوێنیی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بپارێزن، هەروەها پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن و دوور بن لە تیژڕۆیی."
سەرۆكی حكوومەت هەر لە پەیامەكەیدا دەڵێت: "جەژنی نەورۆز، هێمای یەکگرتن و یەکڕیزی و سەرکەوتن و ئازادی گەلی کوردستانە، لەم بۆنەیەدا، جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانمان، هەر بەم بۆنەیەوە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی ئازیزمان و خوڵقاندنی کەشێکی ئەرێنی، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەمەوە، کە لە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گشت کێشەکان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بەیەکەوە کار بکەین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: "جەژنی نەورۆز لە هەموان پیرۆز بێت و کوردستان هەمیشە لە ئارامی و گەشانەوە و پێشکەوتندا بێت."