مەلا ئیسلام ئیبراهیم بۆ گوڵان: مەلا مستەفا بارزانی زۆر عادیل و نیشتمانپەروەر بوو، بۆیە زانا و مەلا و مامۆستایانی ئایینی لە دەوری بوون و گوێڕایەڵی بوون
مەلا ئیسلام ئیبراهیم، مامۆستا و مەلایەكی پارێزگای دهۆكە و ڕۆڵێكی باڵای لە ناو مامۆستایان و ئاراستەكردنی پەیامی ئیسلام لە دەڤەری بادینان بینیوە، مامۆستا جگە لە ئەركە خوداپەرستی و ئایینییەكەی، هەستێكی بەرزی نیشتمانی تێدایە و ڕۆڵێكی گەورەی لە شۆڕش و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیشدا هەبووە، لەم دیمانەیەدا كۆمەڵێك پرسیارمان ئاراستەكرد و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* مەلای كورد جگە لە ئەركە ئایینی و خوداپەرستییەكەی، ڕۆڵێكی گەورەشی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا هەبووە، بەو پێیەی تەمەنێكتان لە خوداپەرستی و وانەوتنەوەدا بەسەر بردووە، سەرەتا حەز دەكەین باسێكی ئەو ڕەسەنایەتییەمان بۆ بكەیت، كە مەلا و مامۆستایانی ئایینیی كورد لە ڕووە نەتەوەیی و نیشتمانییەكەدا هەیانبووە؟
- خۆشەویستیی نیشتمان لە ئایینەوە هاتووە، كوردیش یەكێكە لەو میللەتانەی بە درێژایی مێژوو زوڵمێكی زۆری لێ كراوە، ئەویش نیشتمانەكەی خۆش ویستووە و لە پێناویدا قوربانیی زۆری بەخشیوە، خودای گەورەو میهرەبان بە كوردی خەڵقی كردووین و لە ئایەتێكیشدا فەرموویەتی : (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَي وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)، پێغەمبەریشمان (د.خ) كە لە مەككە بەرەو مەدینە دەرچوو، بە مەككەی گوت: «تۆ لە هەموو شتێك لای من خۆشەویستتری»، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك وایە بە زەروورەتی خۆشەویستیی خاك و نیشتمان، تەنانەت زۆربەی سەركردە گەورەكانی كورد لە مێژوودا ئەهلی مزگەوت و خانەقا و حوجرە بوون و لە بنەماڵەی ئایینیدا پەروەردە كراون، هیچ شۆڕشێكیشیان دوور لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەنجام نەداوە، ئەوان بەرگرییان لە مەزڵووم كردووە، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش بۆ خێری بەشەرییەت هاتووە و خودای گەورە و میهرەبان و پێغەمبەر(د.خ) داوای بەرگریی لێ كردووین لە مەزڵووم دژی زاڵم و ستەمكار. زۆرن نموونەی ئەو مامۆستا بەناوبانگە ئایینییانەی كە بەرگرییان لە كورد و خاكەكەی كردووە و لە ناو شۆڕشدا ڕۆڵی گەورەیان بینیوە، بۆ نموونە مەلا عەلی بەرۆشكی و مەلا حوسێن و مەلا ئەحمەد شەرنەخی و مەلا عەبدوڵڵا ڕەشۆیی و چەندین مەلا و بنەماڵەی مەلازادەی دیكەش، كە خۆیان بە بەشێك لە نەتەوەكەیان زانیوە و لە خزمەتی ئیسلام و نەتەوەكەشیاندا بوون و لە دەوری مەرحوومی مەلا مستەفا بارزانی بوون، ئەوان ڕێز و قیمەت و تەقدیرێكی زۆریان لای مەلا مستەفا بارزانی هەبوو.
* مەلا و مامۆستایان و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پاڵپشتیی تەواوی شۆڕشەكەی مەلا مستەفا بارزانییان كرد، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا لەو سەردەمەدا ڕۆڵی مەلا مستەفا بارزانی بۆ پاڵپشتیكردنی مەلای كورد چی بوو؟
- جوانترین سیفاتی مەلا مستەفا بارزانی لە دوای ئایینپەروەرییەكەی، ئەوە بوو كە دادپەروەر و نیشتمانپەروەر بوو، خۆی لە بنەماڵەیەكی ئایینپەروەر و نیشتمانپەروەردا لە دایكبووە و پەروەردەی دینیی هەبووە، دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان و لق و لێژنەكانی بۆ گرنگیی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام دەگەڕایەوە لای مەلا مستەفا بارزانی، هەروەها دادگای شۆڕشی دامەزراند، كە لە كەسانی زانا و بەناوبانگی ئایینی پێك هاتبوون، ئەمانەش هەمووی بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئایینپەروەریی ئەو زاتە بوو. لە سەردەمی شۆڕشدا كەس نەیدەوێرا زوڵم و تەعەددا لە كەسی لاواز بكات و كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆر كەم بوون، خۆ ئەگەر لێرە و لەوێ گرفتێك دروست بووایە، خێرا لەسەر شەریعەتی ئیسلامی چارەسەر دەكرا. سەركەوتنی شۆڕشەكە و پاراستنی یەكپارچەیی میللەتەكەی بۆ گرێدانی لایەنی ئایینی و نەتەوەیی دەگەڕایەوە، مەلا مستەفا بارزانی هیچ هەنگاوێكی نەدەنا بێ ڕاوێژكردن بە زانا و مامۆستایانی ئایینی. زۆر عادیل و خوداپەرست و نیشتمانپەروەر بوو، بەرگری لە نەتەوەكەی بە بەشێك لە ئیمانەكەی دانابوو، بۆیە زانا و مەلا و مامۆستایانی ئایینی لە دەوری بوون بۆ خزمەتی نەتەوەكەیان و گوێڕایەڵی بوون. ئەو ڕێز و خۆشەویستییەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ زانا و مامۆستا و مەلا و فەقێی كورد هەیبوو، هیچ سەركردەیەكی پێش خۆی بەو ڕاددەیە نەیبووە، شۆڕشەكەی مەلا مستەفا بارزانی زۆر فراوان بوو نەك تەنیا لە زاخۆ بۆ خانەقین، بەڵكو لە هەرچوار پارچەی كوردستان كوردەكان پەیوەندییان پێوە دەكرد و ناو و ناوبانگی گەورەی هەبوو، مەلا مستەفا بارزانی بە مەلاكانی دەگوت من پاڵپشتی ئێوەم و ئەگەر كارێكی هەڵەم كرد، وەرن پێم بڵێن ئەو كارەت هەڵەیە، با ڕاستی بكەمەوە، دوژمنەكانی كورد كاتێك ویستیان مەلا مستەفا بارزانی تیرۆر بكەن دەیانزانی زۆر ڕێز لە مەلا و مامۆستا دەنێت و ڕێگەی نەدەدا مەلا بپشكێندرێت، بۆیە چوون لە ناو ژمارەیەك مەلادا بێ ئەوەی خۆشیان بزانن تەقەمەنییان نارد، تاوەكو ئەو پیلانەیان سەربكەوێت، كە سەریش نەكەوت. ئەو سەردەمە زۆر لەو مەلایانەی سەردانی مەرحوومی مەلا مستەفایان كردبوو، نەیاندەزانی بۆمب و تەقەمەنی شاردراوەتەوە و چەند كەسێكیشیان لە ناویاندا بە جلكی مەلا ناردووە، تاوەكو مەلا مستەفا بكوژن. جارێكیان لە ناوچەی سۆران كۆمەڵێك پێشمەرگە كە زۆر برسی بوون بە ناچاری مەڕێكی شوانێكیان سەربڕیبوو، دواتر شوانەكە خۆی گەیاندبووە مەلا مستەفا بارزانی لە ناو خێوەتگاكەی لە ناوپردان و شكاتی لێ كردن، مەلا مستەفا بارزانی زۆر عاجز بوو، پێشمەرگەكانی بانگ كردبوو، پێی گوتبوون ئێوە كەی واتان لێهاتووە مەڕی خەڵك بكوژن و بیخۆن؟ ڕاستەوخۆ مەلا مستەفا بارزانی 10 دیناری دابووە شوانەكە، لە كاتێكدا نرخی مەڕێك دوو دینار بوو، پێی گوتبوو هەر كەسێك تەعەددا بكات، من مافەكەی بۆ دەگێڕمەوە. خێوەتی مەلا مستەفا بارزانی وەكو ماڵێك وابوو، هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزای تێدابوو، هەر لە ئیسلامی سوننە و شیعە تا مەسیحی بە هەموو جۆرەكانیەوە و ئێزدی و كاكەیی و كوردانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باكوور و باشوور.
* لەو سەردەمەی شۆڕشدا بەرگریكردن لە پێناو نەتەوەی كورد مۆركێكی كوردایەتی و ئایینی پێوە دیار بوو، ئایا لەو سەردەمەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی ئایینی و نەتەوەیی دەكرا؟
- كاتێك دەڵێم مەلا مستەفا بارزانی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری پێكەوە گرێ دابوو، واتا بۆ خێری مرۆڤەكان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەش دەجەنگا. بوونی ئەو ژمارە زۆرەی مەلا لە دەوری مەلا مستەفا بە واتای ڕێزگرتن بوو بۆ مرۆڤ و بەرگریكردن لە مەزڵووم بوو، هەر خۆی لە خۆیدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خێری بەشەرییەت هاتووە، ئەی پەروەردگار بە پێغەمبەرەكەی نەفەرمووە تۆم بۆ خێر و بەزەیی مرۆڤ لە جیهاندا ناردووە (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلا رِحْمَةً لِلْعَالَمِينَ).
مەلا مستەفا بارزانی بە جەنابی كاك مەسعود بارزانی گوتبوو: «شەڕی من لەگەڵ عەرەب نییە و ئێمە شەڕ لەگەڵ عەرەب ناكەین، شەڕی ئێمە لەگەڵ ڕژێمە»، ئەو شەڕی لەگەڵ ئەو ڕژێمانە بوو كە مافی كوردیان پێشێل دەكرد و غەدریان لە گەلێكی موسڵمانی وەكو كورد دەكرد، دەزانیت كەلتووری بەفریاكەوتنی هۆزە عەرەبەكان لەكاتی وشكەساڵی بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەكانیان لە چییەوە هاتووە؟ مەلا مستەفا بارزانی لە سەردەمی وشكەساڵی كە هۆزە عەرەبەكان خوازیاری لەوەڕاندنی مەڕەكانیان بوون لە ناو مێرگەكانی كوردستاندا، ڕێگەیانی پێ دەدان، لەو سەردەمەی مەلا مستەفا بارزانی و كورد زۆر ڕێزی لە فریاكەوتنی نەتەوەكانی دیكە و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی دەگرت، عەرەب و نەتەوەكانی دیكەش زۆر ڕێزیان لە مەلا مستەفا بارزانی وەكو سەركردەیەكی كورد دەگرت، مەلا مستەفا بارزانی لە هەر ناوچەیەكدا قازییەكی شەرعی دانابوو بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەی خەڵكی، تەنیا یەك ئامانجیشی هەبوو، دەیگوت ئاواتم ئەوەیە تا لە ژیاندا مابم گەلی كورد ببینم بگاتە ئامانجی خۆی و بە ئازادی و سەربەستی بژی و زوڵم و دەستدرێژی نەكرێتەسەری، لەمەش گرنگتر زۆر دادپەروەر و خاوەن بەڵێنی خۆی بوو، دەزانیت بۆچی حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكە ئەوەندە ڕێز لە مەسعود بارزانی دەگرن؟ چونكە دەزانن كوڕی پیاوێكی وا گەورەیە كە هەرگیز بەڵێنی خۆی نەشكاندووە و دادپەروەر بووە و تەنانەت بەرانبەر دوژمنەكەشی بەزەیی هەبووە، بەڵام زوڵم و ناهەقیشی لەگەس قبووڵ نەكردووە.
* تا چەند گرنگە دەسەڵاتدارانی كوردستان لەسەر ئەو ڕێبازەی مەلا مستەفا بارزانی بەردەوام بن و لە مامۆستایان و مەلای كورد نزیك بن، بۆ ئەوەی ئایین و خوداپەرستی و نیشتمانپەروەری لە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستاندا بێت؟
- ئایین و نیشتمانپەروەری بۆ بەرگریكردنە لە ماف و گەڕانەوەی مافە بۆ زوڵملێكراو، پێویستە مامۆستا و مەلای كورد هەروەكو چۆن ئەركی خوداپەرستی و ئایینپەروەری بەجێ دەهێنن، بەهەمان شێوە ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكەشیان بەجێ بگەیەنن و لەسەر ڕێچكەی زانایان و مامۆستایانی پێش خۆیان بەردەوام بن و سستیی تێدا نەكەن، بە هەمان شێوە ئەركی دەسەڵاتدارانی كوردستانە ڕێگە نەدەن كەسانی نەزان، یان هەلپەرست و ئەڵقە لەگوێی بێگانە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و گەنجەكانمان لە خۆشەویستیی خاك و نیشتمان و خێزان دوور بخەنەوە، كوردستان وەكو باخچە و ڕەزێك وایە لە هەموو پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینی و حزبێكی تێدایە و مەرجەعێك و گەورەیەكمان پێویستە، تاوەكو هەمووان لەسەر ڕێبازی نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی كۆ بكاتەوە و، لە ناكۆكی و فیتنە و ئاشووب گەلەكەمان بپارێزێت. ئێ خۆ ناكرێت گەورە و بچووك و ڕێز نەمێنێت و بێگانەش بەنزین بكاتە سەر ئاگر و فیتنەی گەورەمان بۆ بنێننەوە و ئێمەش بێدەنگ بین. لە دەرەوەی كۆمەڵگەی كوردستان سەدان بیر و بۆچوونی دوور لەم كۆمەڵگەیان هێناوە و ناویان لێ ناوە نوێگەری، لە كاتێكدا هەرگیز لادان لە خوو و نەریتی ئیسلامی و كوردەواری نوێگەری نییە، پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرموێت: (يَدُ اللَّهِ مَعَ الْجَمَاعَةِ)، خودای گەورە و میهرەبانیش دەفەرموێت: (وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا). كورد تا لە دەورەی سەركردەیەكی گەورە كۆنەبێتەوە كە خاوەنی مێژوو و بنەماڵەیەكی ئایینپەروەر و نیشتمانپەروەر بێت، هەرگیز ناتوانێت لەو ئازار و مەینەتییە دەربازی ببێت كە دوژمنەكانی كورد لە ناوخۆ و دەرەوە بۆیان خوڵقاندووین. ڕاستە كورد دین و ئازایەتی هەیە، بەڵام زۆربەی جار كەسانێك پەیدا بوون، هەر نۆكەر و خزمەتكاری بێگانە بوون و تەنانەت كە سەركردەیەكی بەهێزی وەكو مەلا مستەفا بارزانی دەردەكەوێت، كەچی لە دوا ڕۆژەكانی شۆڕشدا فیتنە و ئاشووب دروست كرا، تا ئێمە ئەم هەموو مەلیك و سەركردەیەمان هەبێت و ناكۆك بین لە ناو یەكدا كورد ناگاتە ئامانجی دەوڵەت و سەربەخۆیی، ئێ تا ئێمە لەسەر خاك و نیشتمانێكی سەربەخۆ نەژین و ئازاد نەبین، ئیتر چۆن دینداری و خوداپەرستی دەكرێت؟ بۆیە ئەركی سەرشانی هەموو موسڵمانانە بەرگری لەم خاك و نیشتمانە بكەن و بیپارێزن.