به بۆنهی ساڵیادی شههیدانی كیمیابارانی ههڵهبجه، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان پهیامێكی بڵاو كردهوه.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 16/3/2023، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێم یكوردستان، به بۆنهی ساڵیادی شههیدانی كیمیابارانی ههڵهبجه، پهیامێكی بڵاو كردهوه كه ئهمه دهقهكهیهتی:
ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شەهیدە ستەملێکراوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە کە لە تاوانێکی هۆڤانەدا، بوونە قوربانی و هەمیشە لە دەروون و ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیدا، بە زیندوویی دەمێننەوە.
لەم یادە خەمگینەدا، هەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵ بۆ بە فەرمی پەسەندکردنی پارێزگای هەڵەبجە بەرز دەنرخێنین، کە چەندین ساڵە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لە سەر دراوە. هەر لەم بۆنە دڵتەزێنەدا، دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، لە ئاست بەرپرسیاریێتی ئەخلاقی خۆیدا بێت و هەروەک لە دەستووردا هاتووە، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەس و کار و بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و هەموو زیانلێکەوتووان و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە و لە دوا سەردانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەختمان لە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیەی دەستوور کردەوە.
ئەگەرچی 35 ساڵ بە سەر ئەم تاوانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بە داخەوە، هێشتاش زام و برینی کەس و کاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە و ئێش و ئازاری قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کۆتایی نەهاتووە. بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە، بە تایبەتی حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتری خەڵکی خۆڕاگر و قوربانیدەری هەڵەبجەی شاری شەهیدان و مەڵبەندی ڕووناکبیران و زانا و دانا و عارفە بەناوبانگەکانی کوردستان بکەین و ئاوەدانتری بکەینەوە.
هەروەها جەخت لە سەر حوکمڕانییەکی پاک و بێگەرد دەکەینەوە کە دوور بێت لە دەست تێوەردانی کەسیی و حزبی و ڕێگری لە دام و دەزگاکانی فەرمی حکوومەت نەکرێت، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵکی ستەملێکراوی هەڵەبجە بکرێت.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان