سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه

 

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/3/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ديدارى سلێمانيدا كرد كه‌ زانكۆى ئه‌مه‌ريكى له‌ عێراق ـ سلێمانى، ساڵانه‌ ئه‌نجامى ده‌دات.

 

له‌ ديداره‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵى و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى باڵا و كه‌سايه‌تيى سياسى و ئه‌كاديمى و لێكۆڵه‌ر و ڕۆژنامه‌وانان ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وتارێكى ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئاڵنگارى و ده‌رفه‌ته‌كانى به‌رده‌ميان پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له‌ گرنگيى كارى پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزى و ته‌بايى و جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور كرده‌وه‌.

 

ئه‌مه‌ ده‌قى وتاره‌كه‌يه‌:

 

ئامادەبووانی بەڕێز..

بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق..

بەڕێز جەنابی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق..

 

بەیانیتان باش،

 

بەخێرهاتنتان دەکەم، سوپاسی برای بەڕێزم د. بەرهەم ساڵح و سەرۆکایەتيی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی ده‌كه‌م بۆ درێژەدان بە بەستنی ديدارى ساڵانەی سلێمانی.

 

له‌ يادى تاوانى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین. هەموومان قەرزداری قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجەین. ساڵانێک بوو کارێکی زۆرمان کرد بۆ کردنی هەڵەبجە بە پارێزگا، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە و خزمەتی خەڵکه‌كه‌ی بکرێت.

 

بەناوی خەڵکی هەڵەبجە و ته‌واوى هەرێمی کوردستانەوە، سوپاسێکی تایبەتی براى بەڕێزم محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقى فیدراڵی ده‌كه‌م کە زۆر دڵسۆزانە کاری کرد بۆ تەواوکردنی ڕێكاره‌كان، هه‌روه‌ها سوپاسی هەموو ئەوانەی پێشتریش لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەكەم، كە كاریان كردووە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق.

 

داوا له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى ده‌كه‌م بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و برینداران. هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى فيدراڵى و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانی عێراق بۆ بايه‌خدان به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زيانلێكه‌وتووانى، هه‌نگاوی ده‌ستوورى و پاڵپشتيكراون به‌ بڕیارەکانی دادگا به‌رامبه‌ر به‌ تاوانبارانی ڕژێمی پێشووی عێراق. ئه‌وه‌ کارێکی تەواو دەستووری و یاساییيە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت.

 

 

ئامادەبووانی بەڕێز..

 

ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی پشتیوانی لە حکوومەت و هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراقى فیدراڵی دەکەین. لەوکاتەوەی كە دەستی بەکار کردووە، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت بۆ پێكهنانى حكوومه‌ت وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌ك، هەوڵی داوە دۆخێكی ئارامی سیاسی لە عێراق دروست بکات، هەروەها بایەخی بە هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق داوە، هیوادارین ئەو ڕێككەوتن و یاسایانەش جێبەجێ بكات.

 

ئەو ڕێککەوتنەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا كرا، بۆ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌، کارێکی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. چاوه‌ڕێين ئه‌و ئاراسته‌يه‌ به‌رده‌وام بێت و ياساى نه‌وت و غازيش به‌ هه‌مان گيانى هاوكاریی هه‌ردوولا ده‌ربچێت.

 

 

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

 

(20) ساڵ بە سەر “پرۆسەی ئازادیی عێراق”دا تێپەڕی و ئەم ديداره‌ دەرفەتێکی باشه‌ بۆ هەڵسەنگاندنێکی گرنگ کە سوودی هەبێت بۆ داهاتوو. به‌ڵام زۆر گرنگە هەڵسەنگاندن دوور بێت لە تۆمەتبارکردنی یەکتر لەسەر شکستەکان. چونکە ئەمە شێوازێکی بەسوود نییە و هەموومان لە شکستەکاندا بەشدارین، هەمووشمان پێکەوە لە سەرکەوتنەکاندا بەشدارین، زۆر بن ئەو سەركەوتن و شكستانە، یاخود كەم بن.

 

(20) ساڵی ڕابردوو، وێڕاى هه‌موو كه‌موكوڕييه‌كان، جیاواز بوو لە سەردەمی دیکتاتۆری. لانیکەم خه‌ڵكى عێراق ئازادی بەکار‌هێنا بۆ نیشاندانەوەی زیندوویيی خۆی لە ناوچەکەدا. قۆناغی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی هه‌ر لە کۆنگرەی لەندەن و سەڵاحەدینه‌وه‌، تاکو دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم و نووسینەوەی دەستوور سەرکەوتوو بوو. بەڵام دوای ئەوە، لادان و هەڵەکان وردە ـ وردە دەستیان پێکرد و بوونە تەنگژەی گەورە، ئه‌وه‌ش بەهۆی نەمانی گفتوگۆی بنیانتەرى لایەنەکان و جێبەجێنەکردنى دەستووری عێراقييه‌وه‌‌.

 

ئامانجی عێراقییەکان لە دروستکردنی عێراقێکی دیموکراتی، فرەيی، مەدەنی و سەقامگیر، تووشی شکستێكی گەورە بوو. لەبەرئەوە بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی دیموکراسیدا زۆر کەم بووەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر مەترسیداری هەیە بۆ سەر داهاتووى پرۆسەی دیموکراسی، بەتایبەتی کە عێراق له‌ ڕابردوودا ملیۆنان کەس و ملیارەها دۆلاری بەهۆی دیکتاتۆرییەوە لەدەستدا و دەیان ساڵی تەمەنی نەوەکانی خستە ناو توندوتیژی و جەنگەوە.

 

کۆمەڵگەی مەدەنی و مافە مەدەنییەکانی خەڵک و ژنان بەتایبەتی، زیانێکی گەورەیان لێدرا. ئەمە جارێکی دیکە ڕێگرییەکی گەورەی دروست کرد لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی سەردەمیانە لە عێراق. ئەمە زیانێکی زۆری بە توانای دەستپێشخەری و داهێنانی عێراقییەکان گەیاندووە.

 

دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر مافە مەدەنییەکان بە شێوەی چاوەڕوانکراو وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستووردا هه‌يه‌ بۆ خەڵکی عێراق دەستەبەر کرابان، ئێستا کۆمەڵگەیەکی زۆر داهێنەرمان دەبوو. کۆمەڵگەیەکی كامه‌رانمان لە عێراق دەبینی.

 

زۆربوونی ناوەندەکانی بڕیار، بەکارهێنانی چەکی دەوڵەت لە ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆییدا، شکاندنی باوەڕی پێکهاتەکانی عێراق لە یەکسانى و به‌شدارى و هاوبەشى لە بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، زیانێکی یەكجار زۆری بە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی عێراق گەیاندووە.

 

ئەوانەی دەستووریان نووسیەوە، سەر بە باوەڕ و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بوون. ته‌واوى داواى هه‌مووان لە دەستووردا نەنووسراوە و نەچەسپێندراوە، بەڵام هەموویان لەو باوەڕدا بوون دەستوورێکی باشیان نووسیوە کە دەتوانێت عێراق بکات بە وڵاتى هەمووان و بیکاتە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و پێشکەوتوو.

 

بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکراوە. ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی پسپۆڕ (57) مادەی دەستووريی په‌يوه‌ست به‌ سيستمى فيدراڵى و مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى ده‌ستنيشان كرد کە تا ئێستاش جێبەجێ نەکراون! بەو هۆیەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان هەست ناکەن سیستەمی فیدراڵيی عێراق جێبەجێ کرابێت. ئەگەر فيدراڵى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرابا، خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، ئێستا هەستیان بە یەکسانی و هاوبەشییەکی ڕاستەقینە دەکرد.

 

زۆر کەس، هه‌رێمى کوردستان بە جێبەجێنەکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکەن! دوای (20) ساڵ ناڵێین ئێمە لە هەرێمی كوردستان بێ هەڵە بووین. هه‌موومان له‌ عێراق هەڵەمان کردووه‌، بەڵام ده‌بێ سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرين. سەرۆک مەسعوود بارزانی و خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، زۆر هه‌وڵيان دا بۆ جێبەجێکردنی دەستوور.

 

سەرۆک بارزانی چەندین جار هۆشدارى دا کە دەستوور وەلانراوە و ئەمە عێراق تێکدەدات. سه‌ركردايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان هەستیان بە بەرپرسیاريه‌تییەکی زۆر دەکرد بۆ جێبەجێبوونی دەستوور وەک وەفادارییەک بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق. ئێستاش ئاماده‌ى هەموو شتێكين بۆ ڕاسته‌ڕێكردنه‌وه‌ى دەستوور. دواى (20) ساڵ ده‌بێ هه‌موومان به‌ر‌پرسياريه‌تيى هاوبه‌ش هه‌ڵبگرين و چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندى وا بدۆزينه‌وه‌ كه‌ هه‌مووان لەم وڵاتەدا خۆیان بە سەركەوتوو بزانن لە پرۆسەی سیاسیدا.

 

 

بەڕێزان ..

 

گۆڕانی كه‌شوهه‌وا تاکو ساڵی (2050) دەبێتە هۆی ئەوەی ملیارێك و دوو سەت ملیۆن كه‌س ناچار بن لە شوێنەکانیان کۆچ بکەن. بەداخەوە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بانکی جیهانی و نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق یەكێک لەو پێنج وڵاتانه‌يه‌ كه‌ زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت.

 

ئەمە بابه‌تێكى زۆر جددى و ژيارييه‌، دەبێ گفتوگۆی نێوانمان زۆر بکات بۆ  دۆزینەوەی چارەسەر. دەبێ گفتوگۆى زۆر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بکەین، بەتایبەتی تورکیا و ئێران بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئه‌م گۆڕانه‌ و کەمئاوی لەسەر عێراق. كۆنفرانسى هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌ به‌سرا و پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى دۆست له‌ به‌رنامه‌ و هه‌نگاوه‌كانى عێراق، مايه‌ى خۆشحاڵييه‌.

 

مەترسییەکی دیکە لە عێراق، پشتبەستنە بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکيی داهات. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوه‌، هەوڵە خێراکانی گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە و شێوەی ژیان لە جیهان، ژیانی خەڵکی عێراق لە داهاتوودا دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی یەکجار گەورەوە. بەتایبەتیش کە ژمارەی دانیشتووانى زۆر گەورە ده‌بێت و زیاتربوونی بەشی به‌كارخستن لە بودجەدا، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی زۆر قورس کردووە.

 

عێراق پێویستی بە پلانێکی ستراتیژی و پرۆژەی زۆر و جیاوازە. دەبێ پارەیەکی زۆر لە پرۆژەی ستراتیژیدا خەرج بکات بۆ ئه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ به‌ سه‌لامه‌تى بۆ ژیان بمێنێته‌وه‌. بەڵام خەرجکردنی داهات لە مووچە کە ئەویش بەشی هەرە زۆری بۆ کڕینی پێداویستییەکان دەچێتە دەرەوە، وادەکات مەترسییەکە زیاتر ببێت.

 

 

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

 

عێراق خاوه‌ن ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كى گه‌وره‌ى مرۆيى و سروشتييه‌. ده‌كرێ به‌ باشترين شێوه‌ بقۆزرێته‌وه‌ تاكو ببێته‌ يه‌كێك له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان و شوێن و پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ جيهانيش وه‌ربگرێت. ببێته‌ ياريكه‌رێكى ديار كه‌ ڕۆڵى كاريگه‌ر له‌ چه‌سپاندنى ئارامى و سه‌قامگيرى و ئاشتيدا بگێڕێت و ببێته‌ ناوه‌ندێكى به‌رچاوى ناوچه‌كه‌.

 

بۆ عێراقێكى ئاوا كە دەمانەوێت، ده‌بێ عێراقييه‌كان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن، به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش هه‌ڵبگرن. ئامانج و ئه‌جێندايه‌كى كۆكه‌ره‌وه‌ى نيشتمانيى عێراقى كه‌ به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات بپارێزێت، هه‌موومان كۆبكاته‌وه‌.

 

هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئايين و مه‌زهه‌بێك بن، ده‌بێ هه‌ست بكه‌ن عێراق وڵاتى خۆيانه‌. ده‌بێ هه‌موومان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ عێراق ئه‌جێنداى عێراق سه‌ركه‌وێت. ئيراده‌ و بڕيار و سه‌روه‌ريى عێراق و عێراقييه‌كان، پارێزراو بێت.

 

له دۆخى ئێستاى سياسى و ئه‌منى و ئابووريى‌ ناوچه‌كه‌ و جيهاندا، عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه‌. ئێستا كاتى گفتوگۆيه‌كى ڕاشكاوانه‌ و ئازايانه‌يه‌. كاتى ئه‌وه‌يه‌ له‌ عێراق پێكه‌وه‌ هه‌موومان به‌ ڕوانگه‌يه‌كى هاوبه‌شەوە سه‌يرى داهاتووی ئەم وڵاتە بكه‌ين.

 

به‌ پێكه‌وه‌كاركردن و ته‌بايى و يه‌كڕيزى، به‌ هاوكارى و به‌پرسياريه‌تيى هاوبه‌ش، ده‌توانين هه‌موو سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان تێپه‌ڕێنين. ده‌رفه‌ته‌كانيش بۆ ئێستا و بنياتنانى داهاتوويه‌كى باشتر، وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو، بقۆزينه‌وه‌.

 

له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ به‌ گيانى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن، دڵخۆشكه‌رن.

 

ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ كار و هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان. پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردن ديارى بكه‌ين و پرۆسه‌كه‌ له‌ كاتى خۆيدا به‌ڕێوه‌ بچێت.

 

جارێکی دیکە لە سلێمانییەوە بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەکەم.

زۆر سوپاس.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه
Top