بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیان

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیان


لە ساڵیادی لەدایکبوونی سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانی لە 14ی ئاداری 1903 و
یادی 32 ساڵەی ئازادکردنی بادینان - لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991


لەم ڕۆژە شکۆدارەدا پیرۆزبایی ساڵیادی ھاتنەدنیای باوکی ڕۆحیی نەتەوەی و، ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ڕابەری ئازا و بیرمەندی گەورەی خاوەن باوەڕ بوون بەخۆیی وبە دادپەروەریی پرسی کوردستان و دڵنیا لە تواناکانی گەلەکەی، مستەفا بارزانیی نەمر، کە کەرکووکی خستە ناو دڵی پرسی کوردەوە کاتێک ڕایگەیاند "کەرکووک دڵی کوردستانە".


ئەم ڕۆژە مێژووییە، یادی (32) ساڵەی ئازادکردنی دەڤەری بادینانە لە خوشک و برا سەربەرزەکانی بادینان وگشت گەلی کوردستان پیرۆز دەکەین.
بۆ ھەڵمەتی دەستپێک بۆ ڕزگار کردنی بادینان بڕیارمان دا ڕۆژی 14ی ئادار بکەیتە وادەی دەستپێکی داستانەکانی ئازادکردنی دھۆك و زاخۆ و گشت دەڤەری بادینان ، لە سەر بنەمای باوەڕی بەهێزەی ئێمە بەوەی ڕەمزییەتی ئەم ڕێککەوتە، کە ساڵیادی لە دایکبوونی نەمر، مستەفا بارزانییە، لەو ڕۆژە پیرۆزەدا دەس بکەینە ھەڵمەتی تێکشکان وھەڵتەکاندنی دامودەزگاکانی ڕژێمی ستەمکار لەدەڤەرەکەو دەبێتە پاڵنەرێکی گەورەتر و هاندەرێکی قووڵتر بۆ کۆکردنەوەی جەماوەری سەربەرزی بادینان و هەموو دڵسۆزانی ڕێگای ئازادی لە ناوچەکەو واتایەکی گرینگ دەبێت بۆ ھەموو لایەك، بەم شێوەیە گرنگیی واتەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر لە ویژدانی گەلی کورد پاڵنەرێکی گەورە بوو بۆ هەڵمەت و یەکگرتوویی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان لە دەڤەری بادینان ، بەرپرس و کادرو پێشمەرگەکانی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕێکخستنە نھێنیەکانی پارتیمان و ڕۆڵە سەربەرزەکانی گەلەکەمان لە بادینان،زۆر مەردانە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی سەربازی و ئەمنی ڕژێم و سەرکوتینەوەی جۆراوجۆری دیکتاتۆرییەتی بەعس .

هاووڵاتییان لەھەر شوێنێکی بادینان بە ئاهەنگی گەورە لە ناوچەکە پێشوازییان لە هێزی پێشمەرگە کرد لەو ڕۆژانەشدا ڕادیۆی دەنگی کوردستان ڕۆڵی زۆر گرینگی ھەبوو ، بە پەخشکردنی هەواڵی دروست و ڕێنمایی بۆ هێزی بەشداربووی ڕاپەڕین، وبلاو کردنەوەی جوفرەی تایبەت بۆ ڕێکخستنە نھێنییەکان ، هەموو ئەمانە بوونە مایەی ئازادکردنی هەموو ناوچەکانی بادینان و گرتنی ژمارەیەکی زۆری فەرماندەو ئەفسەرو پلەداری سەربازی وئەمنی وخۆ بەدەستەوەدانی بەشێكی زۆری هێزەکانی ڕژێمی لەناوچووی عێراق، بە گشت چەک وئالیات وجبەخانە سەربازییەکانیانەوە.

داستانی ئازادکردنی بادینان ناوازە بوو بەوەی ئامادەکارییە سەربازی وسیاسیی و ڕێکخستنەکانی کە زۆر پێش ڕاپەڕینی بەهاری 1991 دەستیان پێکردبوو . ئەوە بوو بە ڕاسپاردەی برای تێکۆشەر کاك مەسعود بارزانی، بەرپرسی لقی یەک وژمارەیەك کادیری لق و هێزی پێشمەرگە پێشتر چووبووینە ناوچەی بادینان و، دەستمان بە نۆژەنکردنەوەی ڕێکخستنەکانی حیزبی و چەسپاندنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا کردبوو و، پێشتریش ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کرا کە گورزی بەئازاریان گەیاندە هێزەکانی ڕژیمی دیکتاتۆر بەمەش سەرباری دۆخی سەختی ئەو کاتە، کە ڕژێمی سەرکوتکار هەڵمەتی سەربازیی توندی دەست پێکردبوو و، بە چەکی نایاسایی جۆراوجۆرەوە بۆردومانی هاووڵاتیانی مەدەنیی دەکرد و هێزەکانی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەم ناوچە ستراتیجییەدا بڵاو کردبووەوە، بڵێسەی خەباتی سیاسی و سەربازییمان هەڵگیرساندەوە. بەم شێوەیە هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا جێگیر بوو و، ڕێکخستنەکانی لقی یەکی پارتیمان، سەربازی و سیاسی، بە تۆکمەیی جێگیر کران و هەموو ئامادەکاریی پێویست ئامادە کرابوو بۆ ھەر ئەگەرێك . بۆیە، کاتێک سەرۆکی بەرەی کوردستانی، لە ناوخۆی کوردستان تێکۆشەر کاك مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی سەرھەڵدانی ناو کوردستانی دەکردو فەرماندەی فەرماندە مەیدانییەکانی شەڕەکانی دەکرد ، بڕیاری دا هەڵمەتی ئازادکردن دەست پێبکات،لەو کاتانەدا لە بادینان بە ئامادەکارییە پێشوەختەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکان بە سەرکردایەتیی لقی یەکی پارتی لە دژی یەکەکانی ڕژێمی لەناوچوو، بە باشی ئامادە کرابوو پەیوەندی بەھێزیش لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتیمانی ناو شار و جەماوەری دڵسۆزی بادینان دروست بووبوو. جەماوەریش پەرۆشی ئازادی بوون لە چنگی ستەم و سەرکوتکاریی و ئامادەی بەشداریکردن وفیداکردن بوون دژ بە ڕژیمی تاوانکار ، بەهۆی ئەو سیاسەتە سەرکوتکەرانەی لە هەڵمەتەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان وزۆر تاوانی دیکە گەیشتبوونە لوتکە ، لەو کاتەدا بەرپرس وکادرەکانی لقی یەکی پارتیمان پلانی ڕزگار کردنی دەڤەری بادینانمان دانا وڕۆژی 14ی ئادار، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕابەری شۆڕشەکانمان وسەرکردەی ڕوحی نەتەوەکەمان نەمر مستەفا بارزانی بۆ دەس پێکی ھەڵمەت دیاری کرد و سەعات سفر دانرا وجفرەکان بە بروسکە دەدرانە ئیزگەی دەنگی کوردستان بۆ بانگەواز بۆ ڕێکخستنە نھینییەکانی ناوشارەکان بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان بۆ سەرھەڵدان لەکاتی دیاری کراو دەس پێبکەن ، ھەر بۆیە لە ئەو ڕۆژە پیرۆزە بوو هێرشی هێزی پێشمەرگە دەستی پێکرد، ئاسمانی ناوچەکە پڕ بوو لە دەنگی چەکی جۆراو جۆر و ھەڵمەتی پێشمەرگەو وجەماوەر یەکیان گرت ، لەگەڵ بەرزبونەوەی دەنگی تەقەی پێشمەرگەو هوتافی جەماوەری سەربەرز و پشتیوانی گەل لە ڕاپەڕین وزۆربەی ھەرە زۆریان بونە جەنگاوەری ھەڵمەت بەر، بەمەش گشت ناوچەکانی بادینان ئازاد کران.

لە کۆتاییدا، لەم یادە شکۆدارەدا، سڵاو لە ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر و ساڵیادی ئازادکردنی بادینان.. گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلە مەزنەکەمان بە خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی و، سەرۆک مەسعود بارزانی و، هێزی پێشمەرگەی قارەمان و، هەڤاڵانی پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم بەشداربووانی بە ئاراستە و بیری جۆراوجۆریانەوە. ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و کەسوکاریان و هەموو شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی ئەنفال...

 

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
14ی ئاداری 2023

Top