یادێك بۆ ساڵیادی لەدایكبوونی مستەفای بارزانی جيا لە سیاسەت و بەرخودان زانایەكی بە توانا و زانستدۆستی سەردەمی خۆی بووە
پێش باس: مەلا مستەفای بارزانی، جیا لە سیاسەت و بەرخۆدان، زانا و مەلایەكی بەتوانا و زانستدۆستی سەردەمی خۆی بووە، هەرچەندە گێژەڵووكەی ڕۆژگار نەیهێشتووە بە تەواوەتی لەو مەیدانەدا ئەسپی خۆی تاو بدات، بەڵام هەرگیز لێیشی دوورەپەرێز نەبووە، تەنانەت دوای ئاوارەبوونیشی بۆ سلێمانی، لە حوجرەكانی ئەو شارەدا درێژەی بە خوێندنی ئایینی داوە.
مەلا مستەفا، وەك نەریتی ڕەسەنی بنەماڵەكەی. هەمیشە دۆستایەتی مەلایان و زانایانی ئایینی پێ خۆش بووە، پەیوەندییە لەمێژینەكانی لەگەڵ هەموو مەلا دیارەكانی كوردستاندا شایەتی ئەم قسەیەمانە، بۆیە پەیوەندییەكانی ئەو لەگەڵ مەلاكانی سلێمانی، تا پەیوەندی لەگەڵ (مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز)، تا باشترین مەلاكانی هەڵەبجە و پاشان (مەلا ئەحمەدی، ئەحمەدئاوا) لە هەورامان، و(مەلا محەمەدی دەڵگەیی) لە ناوچەی پشدەر و بتوێن، (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) لە ناوچەی گەڵاڵەی شینكایەتی، تا بنەماڵەی (گرتكییەكان)، و دەیان بنەماڵەی دیكەی ئایینی و سەدان مەلای دیكەی دیاری وڵاتی كوردەواری. شایەتی ئەو قسەیەمانە، بۆیە هەردەم پەیوەندییەكی زۆر دۆستانە و پتەوی لەگەڵ ئەو چینەدا هەبووە، كە بە ڕاستی ئەم بابەتە بە تەنیا خۆی پێویستی بە پەرتووكێكی شیكاری و كارناسانەی ئەم بوارە هەیە.
وانەوتنەوەی مامۆستای چرۆستانی بە مەلا مستەفای بارزانی:
دوای ئەوەی مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی (1935ز) لە زێدی خۆی لەسەر شۆڕش و كوردایەتی دوور دەخرێتەوە بۆ شاری سلێمانی، بیر لەوە دەكاتەوە كە درێژە بە خوێندنی ئایینی بدات، بۆیە دەچێتە مزگەوتی شێخ سەلام كە لەو كاتەدا (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانی) مەلا و وانەبێژی دەبێت و لە خزمەتیدا دەست دەكات بە خوێندن و تەنانەت كە مامۆستا چرۆستانی دەچێتە خانەقای مەولانا، ئەویش لەگەڵی دەڕوات، هەرچەندە بارزانی لەژێر چاودێرییەكی وردی دەسەڵاتدا دەبێت، بەڵام مامۆستای چرۆستانی زۆر بوێرانە گوێ بەوە نادات و وەری دەگرێت و وانەی پێ دەڵێتەوە، و لە خزمەتی ئەودا سەرجەمی پڕۆگرامی ئەو كاتەی حوجرە بە پەرتووكی (شەرح عەقائید)یشەوە، دەخوێنێت.
(عەللامە مامۆستا نووری فارس حەمەخان) كە خۆیشی قوتابی مامۆستای چرۆستانی بووە، لەم بارەیەوە دەفەرموێت: ئای دنیا! زۆر جار من و مەلا غەفووری كانی سپیكەیی كە لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانیدا دەرسمان دەخوێند، مامۆستا ئاماژەی بۆ هۆدەیەك لە هۆدە زۆرەكانی خانەقا دەكرد، سەیرێكی ئەملاوئەولای خۆی دەكرد و كە دەیزانی كەسی نائەمین لە دەوروبەرمان نییە، دیفەرموو: فەقێ غەفوور! فەقێ نووری! وەك چۆن ئێستا لەم هۆدەیەدا دەرس بە ئێوە دەڵێم، ڕۆژێ لە ڕۆژانیش ئا لەو هۆدەیەدا دەرسم بە (مەلا مستەفای بارزانی) گوتووە، كە ئێستا لە ڕووسیایە و قاچاخە!!
لە دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفای بارزانی لە سۆڤیەت و هەروەها بە بۆنەی بەیاننامەی یانزەی ئازارەوە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانی سەردانی مەلا مستەفای كردووە و ئەویش ئەوەی شیاو بێت بۆ پێشوازی مامۆستا لە لایەن قوتابی خۆیەوە لە ئاستانەی مامۆستای چرۆستانیدا پێشكەشی كردووە و شكۆ و ڕێزێكی بێ پایانی بۆ قەرار داوە.
شیاوی باسە مەلا مستەفای بارزانی هەر لە شاری سلێمانی لە لای مەلا مستەفای سەفوەت پەڕتووكی شەرحی موختەسەری خوێندووە، و لە لای (مامۆستا شێخ نووری شێخ باباعەلی)یش، چەند پەڕاوێكی خوێندووە و لە دوا ماددەدا بووە، وەك زانایانی ئەو كاتەی شاری سلێمانی جەختی لەسەر دەكەنەوە، ناسناوی (مەلا) بۆ مەلا مستەفای بارزانی لە شاری سلێمانی بۆی دانراوە، ولە سەروبەندی ئەوەدا بوون بە كەمتر لە ساڵێكی خوێندن ئاهەنگی ئیجازەی مەلایەتی بۆ ساز بدەن، كە ئەو كاتە باو بووە، بەڵام حكومەت دۆخەكەی زیاتر لەسەر توند دەكاتەوە، ناچار لە ساڵی (1943)دا، بە هاوكاری (شێخ لەتیفی شێخ مەحموودی حەفید) لە ڕێی شارباژێڕەوە شاری سلێمانی جێدەهێڵێت.
هەر لەم پەیوەندییەدا (مامۆستا شێخ موحسینـی موفتی)، لە پەرتووكی (بیارە، قەسری عاریفان و ئەزهەری كوردستان)دا،ل207، ئاماژەی بەوە داوە كە حەزرەتی شێخ عوسمان سیڕاجەدین نەقشبەندی بۆ یەكەمجار لە حوجرەی (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانی)دا، و لە خانەقای مەولانا خالید لە شاری سلێمانی چاوی بە مەلا مستەفای بارزانی كەوتووە و، لە خاكیبوون و هەڵسوكەوتی مەلا مستەفا سەرسام بووە، كە خۆی هەڵساوەتەوە و گسكی حوجرەكەی داوە! ئیتـر لێرەوە پەیوەندییان دەستی پێ كردووە و تا كۆتایی ژیانی هەردووكیان بەردەوام بووە.
هەر لەوێدا باس لەوە دەكات كە حەزرەتی شێخ عوسمان سیڕاجەدین هەموو جارێك بە محەببەتەوە باسی خانەوادەی مەڕحووم شێخ عەبدولسەلامی یەكەمی بارزانی دەكرد، كە ئەوانیش لە مەولانا خالیدی نەقشبەندییەوە تەریقەتیان وەرگرتووە، ئەو پەیوەندییە بەردەوام بووە تا سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی و دواتریش سەرۆك مەسعود بارزانی بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لە گەڵ شێخی سیڕاجەدین و چەندین نامە لە نێوانیاندا گۆڕدراوەتەوە، كە شێخ سیڕاجەدین بە دەقی (بۆ برازای خۆم ...) نامەكانی دەست پێ كردووە و سەرۆك مەسعود بارزانی بە دەقی (بۆ جەنابی مامی بەڕێزم ...) دەروازەی قسە و باسی كردووەتەوە، واتە: یەكتریان بە مام و برازا هەژمار كردووە، وەك لە چەندین نامەدا ئەم دەستەواژانە دووبارە بوونەتەوە، كە لە پەڕتووكی ناوبراودا بڵاو كراونەتەوە.
ئەم پەیوەندییەش زۆر لەمێژینەیە و مامۆستا مەلا عەبدولسەلام محەممەد نەبی بێتواتەیی كە هاوڕێی مەلا مستەفا بووە بۆ كۆچی لەمێژینەی بۆ یەكێتی سۆڤیەت دەگێڕێتەوە و دەڵێت: كە گەیشتینە شاری بوخارا، مەلا مستەفا داوای كرد كە پێكەوە بچینە زیارەتی (حەزرەتی شاهی نەقشبەند)، واتە دامەزرێنەری تەریقەتی نەقشبەندی!
(مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانی): ناوی (عەبدوڵلای كوڕی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحیمی میـراودەلی چرۆستانی، كوڕی مەلا عومەری كوڕی مەلا شەریفی كوڕی شێخ ئیبراهیمی كوڕی شێخ محەممەد ئاغای كوڕی ئەمیر عەبدوڵڵای كوڕی پیر خدری شاهۆ)یە، و بە ناسناوی (چرۆستانی) ناسراوە، مامۆستا لە ساڵی (1897ز) لە گوندی (ئابڵاخ)ـی نزیك شاری سلێمانی، لە بنەماڵەیەكی ئایینپەروەر و ناسراوی ناوچەكە لەدایك بووە.
هەموو قۆناغەكانی خوێندنی ئەو سەردەمەی بڕیوە، دواجاریش لە شاری سلێمانی و لە خزمەت عەللامە (مامۆستا شێخ عومەری ئیبنولقەرەداغی)دا، مۆڵەتی مەلایەتی (ئیجازەی عیلمی) وەرگرتووە، لەو ڕۆژە بە دواوە تا كۆتایی تەمەنی سەرقاڵی خزمەتكردنی ئایین و نیشتمانەكەی بووە، لە مزگەوتدا ڕێنموونی خەڵكی و لە حوجرەیشدا وانەبێژی كردووە، لە تەمەنی خۆیدا وانەی بە سەدان زانای ئەم وڵاتە گوتووەتەوە، كە ژمارەیەكی زۆریان لە مەلا و سەركردە شۆڕشگێڕەكانی كوردستانن، لەوانە: عەللامە مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمانی كۆڵ، مامۆستا مەلا فایەقی ئەڵمانەیی – شارەزووری، مەلای شۆڕشگێڕ مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمانی سیفەتاڵەیی (مەلا ئاوارە) و مامۆستا مەلا سەیید ڕەشید حسێنی، مەلا مستەفای بارزانی، مامۆستا قانیعی شاعیر، مامۆستا مەلا شێخ ئەحمەدی مەردووخی، مامۆستا مەلا محەممەدی ڕەئیس، شێخ محەممەدی خەتیب، مەلا سەعیدی زمناكۆیی، مامۆستا مەلا ئەحمەدی ئەحمەدئاوا و دەیانی دی.
مامۆستای (چرۆستانی) دوای تەمەنێكی پڕ بەرەكەت لە خزمەتی دین و ژینی گەلەكەی سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، لە بەرواری (16 / 6 / 1988) لە تەمەنی 90 ساڵیدا، لە گەڕەكی (دەرگەزێن) كۆچی دوایی دەكات، دواتر لە ڕێوڕەسمێكی پڕشكۆدا و لە ڕۆژێكی باراناوی و خوڕەمدا لە گردی (شێخ عەوڵا)ـی سەیوان، لە شاری سلێمانی بەخاك دەسپێردرێت. شایەنی باسە (حەزرەتی شێخ عوسمان سیڕاجەدینی نەقشبەندی) بەشداری پرسەی مامۆستای كردووە.